I HAVE A DREAM
Thursday, 30/10/2014, 12:00
خۆڕاگری و لەخۆبردوویی بێ وێنەو حەماسی رۆڵەکانی کورد لە کۆبانێ ویژدانی مرۆفایەتی وەخەبەر هێنا. لە چوار پەلی دونیا خەلک تامەزرۆی بیستنی هەوالێ خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردە و زۆربەی هەواڵدەری و رۆژنامە ناو بەدەرەوەکان، کێ بەر کێیانە لە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی تازەو بارودۆخی کۆبانێ. ئێستا کە ئەم چەند دێڕە دەنوسم بەشێک لە شاری کۆبانێ لە گەمارۆی چەکدارانی دڵڕەش و نەزانی داعش دایە. زۆر فارس، تورک و عەڕەب کە بە دەگمەن باسی کوردیان دەکردو زانیارێکی ئەوتۆیان لە سەر کوردی بەشەکانی تر نەبوو، ئێستا بە ڕێزەوە لە کورد و خەباتی کورد بەتایبەتی لەو بەشەی نیشتمان دەروانن. سیاسەتوانە ئەمریکێکانیش لە سەر ئەم باوەڕەن تەنیا هێزێک لە ناوچەدا کە دەتوانێ بەرگری بکات و پێش بە سەرکەوتنەکەنی داعش بگریت، کوردە. ئەوەش لە کاتێک دایە کە بە دەیان هەزار عەسکەری عیراقی خاوەن چەکی مۆدێرن لەبەر داعش رادەکەن.
بڵاو بوونەوەی ویرۆسی داعش لە ناوچەو بە تایبەتی لە کوردستان خەسارێکی گەورەی گیانی و ماڵی و رەوانی لێکەوتەوە. واش ویێناچێت کە بەم زووانە کۆتایی پێ بێت. بەڵام لە لایەکی تریشەوە ئەم دەردو ئازارە گەلێک دەرفەتی بۆ کورد ڕەخساندووە کێشەی کورد خوێندنەوەیەکی تر دەخوازێت. ئێلیتی سیاسی کورد دەبێ بۆ تاوتۆی بەرژەوەندیە دریژخایەنەکان ، بە هەڵسەنگاندن و روانینێکی قوڵترەوە سات و سەودا لەگەڵ روداوەکان و ئەکتەرە کاریگەرەکەنی ناوچەو دەرەوە بکات واتە کێشەی کورد ئەم جارە زۆر لەوە گەورەترە کە بە دوو دانیشتنی ئێران و تورکیەو عێراق کۆتایی پێ بێت و بەهەموان ڕاوی بکەن. بەڵکو بە پێچەوانە ئێستا کورد خۆی لە ڕاوەو ئەم ژان وئازارەش بە دوور نییە ژان و ئازاری لە دایکبوونی کوردستان بێت.
ورووژانی هەستی نەتەوایەتی کورد بە وێنەیەکی چاوەڕوانکراو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کاردانەوەی ئەم وەزعە لە مێدیاکانی جیهانیداو زەق کردنەوەی کێشەی کوردو وڵاتی پارچەپارچە کراوی وەک سەرەکیترین کێشەی رۆژهەڵاتی ناوین، سەرەتاییترین ئاکامی بەرخۆدانی کۆبانێ بوو. هەر لەو کاتەشدا ئارایش وهەڵوێستی سیاسی وڵاتانی ناوچە لەم پێوەندیەدا پێشانی دا کە بەرژەوەندی کورد و بەرژەوەندی ئەوان گەلێک لێک دوورن. تورکیە کە وا وێدەوچو رێگەی دیالۆگ و عقڵانیەتی گرتبێتە بەر بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتە، رووی دزێوی ئاشکرا کرد و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەری داعش بوو لە دژی کورد. لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەرکەوت کە بۆ ئەم وڵاتە ئەوە گرینگ نییە کێ دەسەڵاتدارە بەڵکو گرینگتر نەوتی هەرزانەو بازارێکی بەرفراوانیش بۆ فرۆشتنی ماست و پەنییر.
ئەوە کە داعش چۆن دروست بووەو بۆچی، زۆر قسەی لەسەرکراوە. ئەوەی گرینگە سرنجدانە بە کەڵک وەرگرتنی داعش لە ئایین و بەو هۆیەوە پتەو کردنی بناخەی فکری و فەلسەفی خەلافەتی ئیسلامی و ڕاکێشانی گەلێک میش و مەگەسە بو دەوری ئەم حەنتیکەیە. هەموو شارەزان کە ئەمە نە یەکەم جارەو نە ئاخر جاریش دەبێت کە کەڵک وەرگرتن لە ئایدۆلۆژی چ هی ئاسمانی و چ هی زەوی بۆتە خوڵقێنەری کارەسات. خالێ هاوبەش کەڵک وەرگرتنە لە سەرچاوەی فکری نەگۆڕو لێڵ و قوڕاو. مرۆفەکان بێ عەیب نین، عەیبی گەورە لەشوێنێکی ترە.
سەرهەڵدانی بەرخۆدانی کۆبانێ هاوکات بو لەگەڵ رێوڕەسمی جێژنی قربان. لەزۆر مەڵبەندی کوردستان بۆ رێزگرتن لەم خەبات و بەربەرەکانیە بێ وێنەیە زۆر بە ساردی بە پێشوازی ئەم جیژنەوە چوون و لە جیاتی سەربڕینی ئاژەڵ هەرکەسە نەمامێک، دارێک درەختێت دەنێژێت.
هیوادارم ئەم کردارە پڕ نێوەرۆکە سەرتاسەری کوردستان بگرێتەوەو سەرەتایەک بێت بۆ دروستکردنی ئالترناتیوی مەعقول و کەم خەرجو گرینگ بۆ ژینگەو بۆ مرۆف لە هەموو بوارەکانی کولتوری ئاسمانی و زەمینی. دەبێ وابکەین ئەم کردەوەیە سەرەتایەک بێت، تەورێک بێت بۆ بڕین و لەرزۆککردنی کۆڵەکەی دڵڕەشی و نەفامی.
با تێبکۆشین خەڵاتی ئاشتی نۆبێل ٢٠١٥ بدرێ بە خەڵکی خۆڕاگری کۆبانێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی بچووک لە شارەکەیان و دروستکردنی مۆنۆمێنتی خۆڕاگری و بەرخۆدان لە بەرانبەر دڵڕەشترین و خوێنرێژترین وەحشیگەری ئیسلامی. کۆبانێ ناروخێ، ئەگەر برۆخێ بە سەر داعش دا دەرۆخێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست