دەنگ بدەم بەكامتان، هەمووتان شایسەن؟
Friday, 05/03/2010, 12:00
ماوەی 20رۆژە من بیر لەوە دەكەمەوە دەنگ بەكام كاندید بدەم لەسلێمانی، جارێ بەو پێیەیی سیستمەكە سیستمی نیمچە كراوەیە، ئەوا بیر لەلیستەكە ناكەمەوە ئەوەندەی بیر لەوە دەكەمەوە دەنگ بەكام كاندیدا بدەم، بۆیە لەنێو لیستی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانیدا هەر دەمهێناو دەمبرد، كامیان باشن، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی لەرێگەی كاندیدەكانی لیستی گۆڕانەوە بڕیار بدەم دەنگ بەلیستی گۆڕان بدەم، ئێستا ماوەی سێ رۆژیشە بیر لەوە دەكەمەوە دەنگ بەكام كاندید بدەم لەلیستی گۆڕان، هەرچەند هەموویان دێنم و دەبەم كەسێكی تێدا نابینم كە شایستەی ئەوە نەبێت كە نەچێتە پەرلەمانی عیراق، هەموویان كەسی لێهاتوون، هەر لەسەرۆكی لیستەكەوە تا دواهەمین كاندید شایستەی ئەوەن، بۆیە تائێستاش بیر لەوە دەكەمەوە كە نیشانە لەهیچ كاندیدێك نەدەم، چونكە لەویژدانەوە ئازارم دەدرێت كە فەزلی هیچیان بدەم بەسەر هیچیاندا بۆیە ئەگەر بەدەست من بوایە هەموویان بچونایەتە پەرلەمانی عیراقەوە، كاتێك لەو دەنگە بوێرەی حاكم شێخ لەتیف-م گوێ لێدەبێت لەساڵی 2003ەوە داوا لەگەندەڵەكانی یەكێتی و پارتی دەكات كە بەخۆیاندا بچنەوە، حەز دەكەم دەنگی پێبدەم كاتێك مێژووی سەردار عەبدوڵڵا دەخوێنمەوە و دەگەڕێمەوە بۆ سەردەمی بوێری لەرۆژنامەی هەرێمدا دەمەوێت دەنگی بدەمێ، كاتێك ئارام شێخ محەمەد-م بیر دەكەوێتەوە دەمەوێت دەنگی بدەمێ، كاتێك پەروا خان دێتەوە بەرچاوم چ خزمەتێك بەراگەیاندنی كوردی كردووە دەمەوێت دەنگی بدەمێ، كاتێك رازاو عەبدول-م بیر دەكەوێتەوە كە چ داكۆكیكارێكی ژنان بوو لەساڵی 1994 لەزانكۆی سەڵاحەددین دەمەوێت دەنگی بدەمێ، كاتێك بابەكر دڕەیم بیر دەكەوێتەوە كە چۆن لەپاڵ هاوەڵەكانیدا چەخماخەی ریفۆرمیان لێدا دەمەوێت دەنگی بدەمێ، ئەی بۆ د.بایەزید هەڵنەبژێرم كە لەكۆلێژی زانست چەند لەسەرخۆ بوو لەنێو هاوڕێكانیدا و چەند رێزی لەخوێندكاران دەگرت، خۆ ئەگەر عومەر حاجی عینایەت وەرگرین یان د.تەهای پیرەمەگروون جیاوازییان نییە، كەواتە لۆمەم مەكەن كە دەڵێم نازانم دەنگ بدەم بەكام لەپاڵێوراوەكانی لیستی گۆڕان، هەموویان هێندە خەڵكی بەتوانا و هەڵبژاردەن كە كەس ناتوانێت نكۆڵییان لێبكات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست