باوەڕ بە مفاوەزەچیەكان مەكەن
Sunday, 27/02/2011, 12:00
ئەوا سەرلەنوێ مفاوەزەچیەكان هەروەك سالانی شەستەكان وحەفتاكان وهەشتاكان ونەوەدەكان، دەستیان كردەوە بە مفاوەزە. بۆیە دەبیت هەر لە ئیستاوە ئەو مفاوەزەچیانە بخرێنەوە ژێر پرسیار: ئایا مفاوەزە لەودیو دیوارە نەبیستراوەكانەوە، وە یان تەنانەت لەبەرچاوی كامیرایشدا، هیچمان پیشكەش دەكات جگە لە رەتووشی دەموچاوەكان لە ستودیوی جوانكاریدا؟
هەموومان بینیمان لە نیوان دواین هەلبژاردن وهەلبژاردنەكانی رابووروودا ژیان قورسترو گرانتر بووە، بنكەی كۆمەلایەتیی هەژاری و بیكاری و كەمدەرامەتی بەر فراوانتر بووە. وە دەبینین لە دواین هەلبژاردنیشەوە تا ئیستا دەستەلات، بە گۆڕانیشەوە كە بەشێكی پێكهێنەری پارلەمانن، هیچ شتیكی نوێیان پیشكەش بە كۆمەلانی خەلكی كوردستان نەكردووە. وە ئەو هەولانەی ئیستایشیان هیچ نین دووبارەبوونەوەی هەمان تێزی سیاسی رابووردوو نەبێت.
بۆیە دەبێ بیرسین: ئایا مفاوەزەچیەكان دەتوانن چارەسەرێكی بنەرەتیی نەخۆشیە كۆمەلایەتیەكان بكەن؟ وە بەتایبەتی ڕووی دەممان دەكەینە سەرانی (گۆران) و دەپرسین: كامەیە جیاوازیی نیوان بەرنامەكەی ئەمساڵتان و بەرنامەكەی پارتان؟ كامەیە ئەو بەرنامەیەی گەرەنتی ئەوەمان دەداتێ جاریكی تر ژمارەی بیكارەو كەمدەرامەتەكان زیاد ناكەن؟
ئیمە لە پیشنیارەكانی ئیستادا هیچ نابینین ئەوە نەبیت كە مفاوەزەچیەكان دەیانەویت مزایەدە بە خوێنی خەلكیكی راپەریوەوە بكەن كە هیچ پەیوەندیەكی بەوانەوە نیە، بەلكو لە راستیدا دژی ئەو پەرلەمانە هاتۆتە گۆڕێ كە ئەوان بەشیكی گەورەی پێكدەهێنن. مفاوەزەچیەكان دەیانەوێت ئەو ژمارە زۆرەی لە جەماوەر لە مەیدانی ئازادیی شارو شارۆچكەكاندا گردبوونەتەوە، وە بە شیوازی جەماوەریی خۆیان خواستەكانیان دەخەنەروو، بەكار بهێنن بۆ پێداگریی لە مفاوەزەكانیاندا بە مەبەستی دابەشكردنی كورسیەكانی دەستەلات لەبەرژەوەندیی خۆیان.
لیرەدا دەپرسین: ئایا ئەوان هەلبژیردراوی خەلكن تا بەناوی خەلكەوە مفاوەزە بكەن؟ ئایا لە مفاوەزەكانی سالانی كۆنیان هیچمان دەستكەوت جگە لە نەهامەتی؟
ئیمە لیرەوە بە جەماوەری راپەریوی كوردستانی رادەگەیەنین كە مفاوەزەچیەكان لە هیچ زروف و زەمانیكدا هیچ شتیكی باشیان پیشكەش بە كۆمەلانی خەلكی كوردستان نەكردووە، ئیتر بۆچی ئیستا چاوەرێ بین گوایە لەم مفاوەزەیەیاندا شتیك پیشكەش دەكەن لە بەرژەوەندیی هەموو خەلكی كوردستان! ئیمە -خەلكی هەژارو كەمدەرامەت- هیچ جۆرە چارەسەریك لەبەردەمماندا نیە ئیرادەی یەكگرتووی كۆمەلانی خەلكی كوردستان خۆیان نەبیت. بۆیە نابیت چارەنووسی خۆمان بدەینە دەست مفاوەزەچیەكان. راپەرینی جەماوەری كوردستانیش سەلماندی ئەوان بە هیچ جۆریك نوینەرایەتی خەلكی كوردستان ناكەن، وە هەتا ئیستایش هیچ جۆرە چارەسەریك لە هەگبەكەیەندا نیە بۆ داهاتوو، بەلكو تەنیا خەریكی جووینەوەی چەند قسەیەكی بێمانان لە بەرژەوەندیی خۆیان و بەس. بۆیە ناكریت ئیمە چارەنووسی خۆمان ببەستین بە چارەنووسی ئەوانەوە، ئەوان لە دۆلێكن و جەماوەر لە دۆلێكی تر، ئەوان تا ئیستا هیچیان پێ نەگووتووین تەنها ئەوە نەبیت كە گوایە ئەوان لە دەستەلاتدارانی ئیستا دڵسۆز ترن و لە مەسیح خاوێن تر. بەلام ئایا خەلكی هەژارو نەدارای ئەم كوردستانە پیویستیان بە مەسیحیكی پاك و بێگوناهە یان چارەسەریكی ئابووریی؟ لە مفاوەزەچیەكان دەپرسین: كامەیە ئەو پیشنیارە ئابووریەتان كە گەرەنتی لەناوبردنی بێكاریمان دەداتێ هەركات حكومەت هەلوەشینرایەوەو ئیوە چوونە جیگایان؟ كامەیە ئەو پیشنیارە ئابووریەی ئازادیەكمان بۆ دەرەخسینیت كە لە سایەیدا خۆمان ببینە بریار بەدەست لە دیاری كردنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەماندا؟ كامەیە پیشنیاری ئابووریتان بۆ بنجبەست كردنی ئەو كۆڵەكە بەهیزانەی گوایە ئاشتی كۆمەلایەتی لەسەر دەوەستێت و ئیتر لە شەڕو ناكۆكی دوورمان دەخاتەوە؟ ئایا چارەسەر ئەوەیە كە ئێوە خۆتان دەستەلاتدار بن؟ ئەی هەر ئیوە نەبوون لە هەلبژاردنی رابووردوودا گفتی ئەوەتان بە خەلكیدا كە بەبوونی ئیوە لە پارلەماندا گۆران روودەدات؟ بەچیدا بزانین ئیوە لە داهاتوودا هەمان باری ئابووری بەریوە نابەن كە بیكاری و كەمدەرامەتی بەرهەم دینیت؟ ئیوە چ گەرەنتیەكمان دەدەنێ كە گوایە لە باری ژیانی خەلكی دەگۆڕن لە كاتیكا كە كەم تا زۆر توانای پیشكەش كردنی پرۆگرامیكی سادەی ئابووریتان نیەو هەموو بۆچوونەكانتان لە چەند گووتاریكی بێ بنەمادا بەند بووە؟
نەخێر، هەتا ئەم ساتەوەختەیش مفاوەزەچیەكان تاكە چارەسەریكی ئابوورییان نەخستۆتە بەردەم كە پەیوەندیی بە ژیانی هەژارو نەدارای كوردستانەوە بیت. بۆیە هیچ نیازێك لە پشت مفاوەزەكانیانەوە نیە سەپاندنی دەستەلاتی خۆیان نەبیت بەسەر خەلكیدا. ئەوان تا ئیستا لە ووشەی جوان زیاتر هیچیان نەخستۆتە بەردەم كۆمەلگا، وە بەبێ هیچ شك و گومانێك لە هەگبەیەكی خاڵیدا هیچ نادۆزینەوە ووشەی خاڵی نەبێت، بۆیە رێ بە مفاوەزەچیەكان مەدەن بە ناوی ئیوەوە مفاوەزە بكەن و برینەكانی دەستەلات ساریژ بكەن.
ئیمە لە لای خۆمانەوە دڵنیاتان دەكەینەوە هیچ جۆرە ئامانجیك لە پشت پەردەی مفاوەزە نیە بەرژەوەندی تایبەتی نەبێت. بۆیە نابیت چارەنووسی خۆمان ببەستین بە چارەنووسی مفاوەزەچیەكانەوە. وە دەبیت بەدەستی خۆمان بەرنامەی داهاتووی ژیانمان دابریژین، بەرنامەیەك كە ئامانجی گۆرینی ژیانی ئابووریمان بیت نەك گۆرانگاریەكی سیاسی كە هیچی لێناكەوێتەوە گۆرێنی چەند دەموچاوێك نەبێت بە چەند دەموچاوێكی تر. گرفتی مفاوەزەچیەكان لە كارەباو ئاوو ریگاوبانەوە دەست پیدەكات. بۆیە ئەوان هەرگیز ناگەنە ئاستی خواستە جەماوەریەكان، ئەو خواستانەی لە دواینجاردا جەماوەر ناچار دەكات شیوازی تر بدۆزنەوە بۆ پەرەدان بە بزووتنەوەكەیان، جونكە ئەم شیوازەی مفاوەزەچیەكان بە ئالترناتیڤ نازانن بۆ گەیشتن بە ئامانج، وە هەر ئا لەوێشدا لێك جیابوونەوەی یەكجارەكی روودەدات لە نیوان خەلكی و مفاوەزەچیەكاندا.
وە لەم رۆژگارەیشدا خەلكی كوردستان تەنیا نەماوەتەوە لەم جیهانە پان وبەرینەدا. هەر لە ئیرانەوە تا بە تونس ومیسرو لیبیا دەگات، جەماوەری شۆرشگیر، هەروەك پلنگێكی مەلاس خواردوو، لە ریكخستنی دواین هیرشەكانیاندان بۆ هەلگیرانەوەی سیستمی زولم و زۆرداری. شۆرشگیرانی كوردستانیش هەروەك شۆرشگیرانی سەدەی رابووردوو هاتوونەتەوە مەیدان و دەلین ئیمە ئاژاوەگیر نین، ئیمە:
شیری دەستی لێقەوماوین لەرووی زولما هەلكیشراوین
Email:
[email protected] ئەو بابەتەی سەرەوە كورتەی تیروانینی ژمارەیەكە لە (كۆمەلە) ییەكانی سالانی حەفتاكان و (كارگەران) ی سالانی حەفتاكان و چەند دەستەیەكی تر لەوانە كە هەر بەم زووانە رای خۆیان بۆ جەماوەری راپەریو ئاشكرا دەكەن دەربارەی ئیستاو ئەو داهاتووە چاوەروانكراوەی لە بزووتنەوەی ئەمرۆی جەماوەردا بەدی دەكریت. وە هەر لیرەوە داوا لە هەموو ئەو كۆمەلەیی و كارگەران و دەستانە دەكەین كە لە هیچ زروف و سەردەمیكدا لەكەی دەستەلاتیان بەر نەكەوتووە، بەو ئیمەیلەی سەرەوە پەیوەندیمان پیوە بكەن تا سەرلەنوێ لە ریكخستنێكی نوێدا، ببینەوە بە پشت وپەنای جەماوەری رەنجكیشی كوردستان، جەماوەریك كە لە هەمووكات زیاتر هانمان ئەدات بۆ چوونە ریزەكانیانەوە، جەماوەریك كە پیشرەوی خەباتمانن و هەرخۆشیان بەرنامەی داهاتووی خەباتمان دیاری دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست