له‌نێو خودی حه‌ره‌می زانكۆی سه‌لاحه‌دین كرداری سێكسی له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه له‌گه‌ڵ كچه قوتابی و كارمه‌ندی ئافره‌ت ئه‌نجام
Saturday, 14/08/2010, 12:00
ڕه‌وشی زانكۆ له كوردستاندا له ڕووی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی و مه‌نهه‌جی و سیاسییه‌وه له قه‌یرانێكی سه‌رتاپایی گه‌وره‌دایه.
ڕه‌وشی زانكۆ له كوردستاندا له ڕووی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی و مه‌نهه‌جی و سیاسییه‌وه له قه‌یرانێكی سه‌رتاپایی دایه و هه‌ندێ له مامۆستایانیش له‌نێو خودی حه‌ره‌می زانكۆ كرداری سێكسیان له‌گه‌ڵ كچه قوتابی یان كارمه‌ندی ئافره‌ت ئه‌نجامداوه و بابه‌ته‌كه له حاڵًهت دهربازبووهو بووه‌ته دیارده‌یه‌كی به‌ر چاو و سه‌رۆكی زانكۆش هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه ناكات، 1/3ی قوتابیان، هه‌ستیان كردووه لادانی سێكسی له‌نێو كوڕ‌و كچانی زانكۆدا شتێكه هه‌ستی پێده‌كرێت و لیستێك ناوی ئه‌و مامۆستایانه‌ش له‌به‌رده‌ست دایه كه له‌گه‌ڵ كچه قوتابی خۆیاندا هاوسه‌رگیریان كردووه‌و زۆربه‌ی ئه‌و هاوسهرگیریانهش پێشوه‌خته به په‌یوه‌ندیه‌كی سۆزداری یان سێكسی تێپه‌ربووه و (%45,47)قوتابیان ئه‌وه به‌ڕاست نازانن و (%50,79) بڕوایان به په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ئه‌ویندارانه‌ی نێوان كوڕ‌و كچ نیه و له (%49,20)یان له په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا‌و قوتابی ڕازی نین و له(%61,96) له په‌یوه‌ندی هاوڕیانه‌ی نێوان كوڕ‌و كچانی زانكۆ ڕازی نین و (%51,06)یان ڕاگری كۆلێژه‌كانیان ناناسن و نازانن كێیه، زیاتر له 2/3 ی گه‌نجانی زانكۆ، به‌ڕێژه‌ی (%68,35) له‌و پڕۆگرام و سیسته‌مه‌ی ئێستای خوێندن ناڕازین و (%58,77)یان له شێوازی محازه‌ره وتنهوهكانی مامۆستاكانیان ناڕازین و ڕێژه‌ی(%63,53)ی قوتابیان له ته‌لاری كۆلێژه‌كانیان ناڕازیبوونیان هه‌یه و (%40,12)ی گه‌نجانی زانكۆ بڕوانامه له مه‌عریفه و فێربوون به گرنگتر ده‌زانن.
رێكخراوی بزاڤی ژیان بۆ داكۆكیكردن له گه‌نجان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی ئازاده‌و باره‌گای سه‌ره‌كی له‌شاری هه‌ولێره‌و له ساڵی(2004)مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی پێدراوه،كار له پێناو ماف و داخوازییه‌كانی گه‌نجان و ئافره‌تان ده‌كات، ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستیی گه‌نجانی زانكۆ(زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر وه‌ك نموونه)بڵاوكرده‌وه كهلهمانگی حوزرهیرانی2010كاری له‌سه‌ر كراوه تامانگی هه‌شت، (800)فۆڕم دابه‌شكراوه به‌سه‌ر قوتابیان و(24)ی فه‌وتاوه‌و(776)فۆڕمیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ته‌مه‌نی به‌شداربوان لهنێوانته(19-22-23-26-27-29)بووه، ڕاكان له نێو كوڕ و كچانی كۆلێژه جۆربه‌جۆره‌كاندا به ئه‌نجام گه‌یشتووه‌و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا مه‌به‌ست له‌م كاره‌دا خستنه‌ڕووی واقیعی حاڵه له‌هه‌ردوو ئه‌م بوارانه‌دا كه هه‌وڵدراوه له‌سه‌ربنه‌مای به‌ده‌ست هێنانی داتای زانستی و ڕاست ڕاپۆرته‌كه ئاماده‌بكرێت، دیاركردنی ئه‌م زانكۆیه‌ش بۆ به‌دواداچوون په‌یوه‌ندیداربووه به‌وه‌ی كه جگه‌له‌وه‌ی یه‌كه‌مین و كۆنترین زانكۆیه له هه‌رێمی كوردستاندا، له هه‌مان كاتدا گه‌وره‌ترینی زانكۆی ههرێمهكهشه و له پایته‌ختدایه.
له‌به‌شێكی راپۆرته‌كه باس له‌وه‌كراوه كه‌سانێك له مامۆستایان و فێرخوازان وایداده‌نێن كه زانكۆ شوێنێكه بۆ ده‌رس و فێربوون و به‌س، بهلاَم ئه‌م ناساندنه هیچ كات ڕاست نییه و زانكۆش بریتی نییه له كلاسی خوێندن، به‌ڵكو له پاڵ هۆڵی وانه‌بێژی و تاقیگه‌كان، هه‌روه‌ها كتێبخانه‌كان، باخچه و گۆڕه‌پانی چالاكیهكان، سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كان، گه‌شته زانستییه‌كان، گۆڤار‌و ڕۆژنامه و كۆمه‌ڵه‌كان، سیمینار‌و محازه‌ره رووناكبیرییه جۆربه‌جۆره‌كان، پڕۆژه زانستییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كان به جۆربهجۆرییهوه، هه‌ڵبژاردن و ژیانێكی بێخه‌وشی دیموكراسی، موماره‌سه‌كردنی هه‌موو ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی دروست پێكهێنه‌ری زانكۆیه‌كی پێشكه‌وتووده‌بن.
زانكۆی سه‌لاحه‌دین(20000)هه‌زار قوتابی و(1300)مامۆستا‌و(1600) فه‌رمانبه‌ر و(18)كۆلێژ و(68)به‌شه زانستیی هه‌یه.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌دواداچوونی به ئه‌نجام گه‌یه‌ندراو ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ڕه‌وشی زانكۆ له‌و هه‌رێمه‌دا له قه‌یرانێكی هه‌مه‌لایه‌نه دایه، مامۆستا ریفۆرمخوازه‌كانیش بۆچوونێكی هاوچه‌شنی ئه‌وه ده‌رده‌بڕن.(رێبوار سیوه‌یلی) كه یه‌كێك له‌وانه‌و له‌هه‌ر سێ زانكۆی (سه‌لاحه‌دین، سلێمانی، كوردستان) وه‌زیفه‌ی خۆی به‌جێگه‌یاندووه، ده‌ڵێت كه ڕه‌وشی ئێستای زانكۆ له كوردستاندا له ڕووی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی و مه‌نهه‌جی و سیاسییه‌وه له قه‌یرانێكی سه‌رتاپایی دایه و ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی گرتووه له‌وه‌ی كه ئه‌م دامه‌زراوه‌یه شوێنده‌ست و كاریگه‌ری به‌سه‌ر ڕه‌وتی كۆمه‌ڵگاوه دیار بێت.
راپۆرته‌كه له باره‌ی ئیسغلال و لادانی سێكسی له زانكۆدا نووسیویه‌تی، ئه‌و داتایانه‌ی له هه‌ندێ سه‌رچاوه به‌ده‌ست هاتوون ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه هه‌ندێ له مامۆستایانی پیاوی زانكۆ به خراپ كه‌ڵك له پیشه‌كه‌یان وه‌رده‌گرن بۆ ئاره‌زووه شههواتییهكان و ته‌نانه‌ت له‌نێو خودی حه‌ره‌می زانكۆش كرداری سێكسی له‌لایه‌ن مامۆستاوه له‌گه‌ڵ كچه قوتابی یان كارمه‌ندی ئافره‌ت ئه‌نجامدراوه، ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراویش ئه‌م زانیاریانه پشت ڕاست ده‌كه‌نه‌وه، گه‌نجانی زانكۆ به ڕێژه‌ی (%41,22) هه‌ستیان به‌وه كردووه مامۆستای پیاو قوتابی كچ ئیستغلال ده‌كات، ئه‌م ڕێژه گه‌وره‌یه‌ش له هه‌ست پێكردنی قوتابیان بهئیستغلالی مامۆستای پیاو به‌رامبه‌ر به كچه قوتابیانی خۆی بۆ مه‌به‌ستی سێكسی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه بابه‌ته‌كه له حاڵًهت دهربازبووهو بووه‌ته دیارده‌یه‌كی به‌ر چاو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی تێبینیه كچانی قوربانی ئیستغلال له‌به‌ر ده‌ست گرتن به ئابڕووی خۆیانه‌وه په‌رده‌پۆشی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌و ئاماده‌نین ڕێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر.بهلاَم سه‌رۆكی ئێستای زانكۆكه (د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی) خۆی له‌وه بوارد كه هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بكات.
هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی(بزافی ژیان)ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو، له‌ئێستادا لادانی سێكسی له‌نێو كوڕ و كچانی زانكۆدا شتێكه هه‌ستی پێده‌كرێت و نزیكه‌ی 1/3ی قوتابیان، واته (%26,06) هه‌ستیان كردووه لادانی سێكسی هه‌یه له‌نێو كچ و كوڕانی هاوپیشهیاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌رۆكی ئێستای زانكۆی به نموونه وه‌رگیراو ئاماده‌نه‌بوو هیچ بۆچوونێك سه‌باره‌ت به لادانی سێكسی له‌زانكۆدا ده‌رببڕێت.
سه‌باره‌ت به مامۆستا‌و خواستنی كچه قوتابی، لیستێك ناوی ئه‌و مامۆستایانه‌ی زانكۆ و كۆلێژه جۆربه‌جۆره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌ست دایه كه له‌گه‌ڵ كچه قوتابی خۆیاندا هاوسه‌رگیریان كردووه‌و زۆربه‌ی ئه‌و هاوسهرگیریانهش پێشوه‌خته به په‌یوه‌ندیه‌كی سۆزداری یان سێكسی تێپه‌ربووه، مامۆستاكان به زۆری دوو ئه‌وه‌نده‌ی كچه قوتابیه‌كان ته‌مه‌نیان هه‌یه و له‌نێویاندا هه‌یه جگه‌له‌و كچه‌ی خواستوویه‌تی ژنی تریشی هه‌یه.ئه‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه به ڕاده‌یه‌ك زیادی كردووه كه وه‌كو دیارده‌ی لێهاتووه‌و ته‌نانه‌ت له ئامادهییهكانیشدا ڕوویداوه مامۆستای پیاو كچه قوتابی خۆی بخوازێت. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه له‌هه‌موو ولاَتان و له‌و ولاَتانهشدا كه ئازادییه‌كی ڕه‌ها له ژیانی كۆمهلاَیهتیاندا هه‌یه، به كارێكی یه‌كجار ناشیرین و ناپه‌سه‌ند داده‌ندرێت كه مامۆستا له‌گه‌ڵ قوتابی خۆی په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت یان بیخوازێت و كاتێكیش ئه‌مه ڕووبدات ڕووداوه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان.(د.محه‌مه‌د سدیق خۆشناو)سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی سه‌لاحه‌دین به تووندی ڕه‌تی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كه مامۆستا قوتابی خۆی بخوازێت و وتی:"به شێتێكی زۆر ناشیرین و ناپه‌سه‌ندی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م."ناوبراو له‌درێژه‌دا ئاوه‌ها دوا:"ئه‌گه‌ر مامۆستاكه مامۆستای قوتابیهكهبێت له‌هه‌مان پۆڵدا ئه‌وه ئه‌گه‌ر هیچ ئیستغلالێكیشی تێدا نه‌بێت شێكی تابڵێی ناشیرین و ناپه‌سه‌نده، بهلاَم ئه‌گه‌ر قوتابیه‌كه له به‌شێك و مامۆستاكه له به‌شێكی دیكه بێت، ئه‌وا فه‌رقێكی هه‌یه، یان ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه بهڕێوهبهربێت جا ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره سه‌رۆكی زانكۆ، راگری كۆلێژ بێت، سه‌رۆكی به‌ش بێت زۆرناشیرین و ناپه‌سه‌نده بۆی كه ئه‌وه بخوازێت كه له‌ژێر دهسهلاَتی خۆیدا ئیش ده‌كات. له‌سه‌رهه‌مان بابه‌ت خواستمان بۆچوونی(د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی) سه‌رۆكی ئێستای ئه‌و زانكۆیه وه‌ربگرین، كه‌چی ره‌تی كرده‌وه هیچ وهلاَمێك بداته‌وه،(%45,47)قوتابیان ئه‌وه به‌ڕاست نازانن كه مامۆستا قوتابی خۆی بخوازێ. له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه له‌باره‌ی ره‌وشی په‌یوه‌ندییه‌كان له زانكۆ و په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابی ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه، به‌پێی ستانداردی جیهانی بۆ زانكۆ، پێویسته په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابی به‌شێوه‌یه‌كی هاوڕێیانه‌ی ڕێزدار و له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تێكی پیشه‌یی بگوزه‌رێت و په‌یوه‌ندییه‌كه سنووری خوێندن و زانست و چوارچێوه‌ی مه‌عریفی تێنه‌په‌ڕێنێت، بهلاَم له زانكۆكانی كوردستان و له زانكۆی به نموونه وه‌رگیراوی ئه‌م ڕاپۆرته به ده‌گمه‌ن مامۆستاكان پابه‌ند به‌م هێڵی په‌یوه‌ندیه‌ن، به زۆری هه‌ڵومه‌رجی په‌یوه‌ندیه‌كه یان شێوه‌ی (ئه‌فسه‌رو سه‌رباز) یان (دڵدارو دڵبه‌ر)ی هه‌یه، به‌پێی به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراو له (%49,20) ی كوڕ‌و كچانی زانكۆ له په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا‌و قوتابی ڕازی نین، واته 1/2ی ئه‌وان به‌وشێوه مامه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی ئێستای خۆیان و مامۆستاكانیان ناقایلن و خوازیاری باشكردنی پهیوهندیهكهن.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی كوڕ‌و كچانی زانكۆ، ئه‌وه نوسراوه، گه‌نجانی زانكۆ به درێژایی ماوه‌ی چوار ساڵ یان زیاتر نیوه‌ی كاته‌كانی ڕۆژگاریان پێكه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن و ئه‌مه‌ش واده‌كات له پاڵ هاوپیشهییدا، هاوكات په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیانه له‌نێوانیاندا بئافرێت، ئه‌وه‌ی جێی تێبینیه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا دروست ده‌بێت نه‌ك ئه‌وه‌ی نێوان هاوڕه‌گه‌زه‌كان، به‌گوێری به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراو له(%61,96)ی گه‌نجانی زانكۆ له په‌یوه‌ندی هاوڕیانه‌ی نێوان كوڕ‌و كچانی زانكۆ ڕازی نین و ده‌رئه‌نجامه‌كانیش ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه كوڕان زیاتر له كچان ناڕه‌زایه‌تیان هه‌یه له‌وباره‌وه، ئه‌مه‌ش واتای وایه ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی وه‌ك هاوڕێیه‌تی به‌ناوده‌كرێت شێوه‌یه‌كی سروشتی و جێی په‌سه‌ندكردن نییه.
به گوێره‌ی هه‌مان به‌دواداچوون زیاتر له‌نیوه‌ی گه‌نجانی زانكۆ، واته (%50,79) بڕوایان به په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ئه‌ویندارانه‌ی نێوان كوڕ‌و كچ نییه كه ئه‌م بڕوا پێنه‌بوونه به‌ڕێژه‌ی (%11) له‌نێو كچه‌كاندا زیاتره.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی سه‌رۆك به‌ش و قوتابی، ئه‌وه هاتووه، به گوێره‌ی به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراو زیاتر له 1/2 واته به‌رێژه‌ی (%51,86)ی قوتابیان ڕایده‌گه‌یه‌نن كه سه‌رۆك به‌شه‌كانیان كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن و به‌ده‌م داواكاریه‌كانیانه‌وه ناچن.
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی ڕاگرو قوتابی راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به زانكۆ ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه كاری ڕاگری كۆلێژه‌كان هه‌رئه‌وه نییه له ئۆفیسهكانیاندا بمێننه‌وه‌و ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كاروباره زانستی و ئیدارییه‌كان له‌پشت مێزهكانیانهوه ڕابپه‌ڕێنن، به‌ڵكو ئه‌ركێكی دیكه‌ی ڕاگره‌كان چوونه نێو قوتابیان و له نزیكه‌وه به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌شه جیایجیاكانی كۆلێژیشه له ڕێگه‌ی گوێگرتنی ڕاسته‌وخۆ له قوتابیانه‌وه، كه‌چی له زانكۆكانی كوردستااندا ڕاگره‌كان له‌م ڕووه‌وه كه‌مته‌رخه‌می ده‌نوێنن و ئه‌م ئه‌ركه ده‌خه‌نه پشت گوێوه، به‌پێی بهدواداچهوونی ئه‌نجامدراو (%51,06)ی قوتابیان ڕاگری كۆلێژه‌كانیان ناناسن و ئه‌سڵه‌ن نازانن كێیه ئه‌وه‌ی ڕاگری كۆلێژهكهیانه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی دووره‌په‌رێزی و خۆدوورگرتنی ڕاگری كۆلێژهكانه له قوتابیان.
له‌لایه‌كی تره‌وه سالاَنه ژماره‌یه‌كی گه‌وره له گه‌نجانی زانكۆ خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌رده‌چن، بۆ نموونه به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له سه‌رۆكی زانكۆكه وه‌رگیراوه، سالاَنی ڕابردوو(4000)كچ و كوڕ له زانكۆی سه‌لاحه‌دین دواقۆناخی خوێندنیان بڕی و ده‌رچوون و ئه‌مساڵیش (2988) قوتابی ده‌چوون و (1600)ی تریش بۆ خولی دووه‌م ماونه‌ته‌وه. له زانكۆكانی كوردستاندا په‌یوه‌ندی قوتابی ده‌رچوو به زانكۆوه به ته‌واو بوونی خوێندن كۆتایی دێت.
سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی زانستی له زانكۆدا، زانكۆ پێویسته فه‌لسه‌فه‌ی دیاریكراو‌و ناوی فه‌لسه‌فه‌كه‌شی هه‌بێت، به‌جۆرێك كه قوتابی بزانێت چییه و چۆن له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه ڕێ بكات. بهلاَم له‌هه‌رێمی كوردستاندا زانكۆ حكومیه‌كان كه گه‌وره‌ترین زانكۆی هه‌رێمه‌كه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاریكراویان نییه.
سه‌باره‌ت بهپڕۆگرام و سیسته‌می خوێندن، له به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراو ده‌ركه‌وتووه كه زیاتر له 2/3 ی گه‌نجانی زانكۆ، واته ڕێژه‌ی (%68,35) له‌و پڕۆگرام و سیسته‌مه‌ی ئێستای خوێندنی زانكۆ ناڕازین، به مانای هه‌مان ئه‌م ڕێژه گه‌وره‌یه خوازیاری ڕیفۆرمن له‌م بواره‌دا.
له‌باره‌ی شێوازی محازه‌ره وتنهوهكانیش، ئه‌وه‌هاتووه، به گوێره‌ی ستاندارده جیهانیه‌كانی زانكۆیی قوتابی زانكۆ مافی خۆیه‌تی سه‌ربه‌ستی بیروڕای هه‌بێت و ئه‌مه‌ش شتێكی جه‌وهه‌رییه له ژیانی زانكۆدا، قوتابی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئوستادهكهیدا وتووێژ له‌سه‌ر بابه‌تی محازهرهو پرسیاریشی له‌باره‌وه بكات، ئوستادیش بۆی نییه ڕاوبۆچوونه‌كانی قوتابی سه‌ركوت بكات و چه‌كه‌كانی شه‌ڕی ده‌روونی به‌رامبه‌ر به‌كاربهێنێ. له زانكۆ كوردییه‌كاندا هه‌ندێ هه‌وڵی بچووك هه‌یه بۆ گۆڕانكاری كردن له شێوازی كلاسیكیانهی محازه‌ره‌كان و بڕێك له مامۆستایان وافێربوون ده‌رفه‌تی كه‌م بده‌ن به قوتابیان بیڕوڕاكانیان ده‌رببڕن، بهلاَم له ئاستی گشتیدا هێشتا شێوازی كۆن زاڵه و مامۆستاكان به زۆری له‌گه‌ڵ شێوازی نوێ ناته‌بان، ئه‌مه‌ش جێی په‌سه‌ندی نییه. به گوێره‌ی به دواداچوونی ئه‌نجامدراو ڕێژه‌ی (%58,77) ی گه‌نجانی زانكۆ له شێوازی ئێستای محازه‌ره وتنهوهكانی مامۆستاكانیان ڕازی نین.
زانكۆی كوردی به‌و شێوازه كۆنه‌ی محازهرهو مامهلهكردنیهوه خه‌ون و ڕوئیاكانی قوتابی ده‌كوژێت و مه‌نعی سه‌ربه‌ستی فكر‌و توێژینه‌وه له ڕاستییه‌كان و ته‌حقیقی زاتی لێ ده‌كات.
به‌گشتی ته‌لاری زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان جێی پهسهندكردنێكی ئه‌وتۆ نین و زانكۆی به‌نموونه وه‌رگیراو (زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر) له‌ئێستادا كۆلێژه‌كانی له بیناو باڵاخانه‌ی جیاجیا دان و زۆربه‌ی ئه‌و بینایانه‌ش به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ن، بۆنموونه كۆلێژی په‌رورده‌ی بونیات له بینایه‌ك دایه كه پێشتر قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بووه، به‌پێی به‌دواداچوون ده‌ركه‌وت كه گه‌وره‌ترین ژماره‌ی ناڕه‌زایی قوتابیان له‌باره‌ی بالاخانه‌ی كۆلێژه‌وه له‌م كۆلێژه دایه و كه‌مترین ڕێژه‌ش له ناڕه‌زایی له كۆلێژی ئه‌ندازیاری بووه، ڕێژه‌ی (%63,53)ی قوتابیان له باره‌ی ته‌لاری كۆلێژه‌كانیان ناڕازیبوونیان هه‌یه.
به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی ئه‌نجامدراو ڕێژه‌ی (%40,12)ی گه‌نجانی زانكۆ بڕوانامه له مه‌عریفه و فێربوون به گرنگتر ده‌زانن كه ئه‌مه بۆخۆی به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی زانستی له‌نێو گه‌نجانی زانكۆدا. ئه‌مه‌ش لهكاتكدایه كه رێژه‌یه‌كی گه‌وره له بودجه‌ی ولات بۆ زانكۆ خه‌رج ده‌كرێت و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ش كه له سه‌رۆكی ئێستای زانكۆی سه‌لاحه‌دین وه‌رگیراون، بهدهرماڵهو تێچوونه‌كانی به‌شه‌ناوخۆیی و خه‌رچی وانه‌وتنه‌وه‌و خه‌رجیه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تره‌وه، مانگانه هه‌ر قوتابیه‌ك نیزیكه‌ی (350 دۆلار) خه‌رجیه‌تی.
واته ههرقوتابیهك تا چوارساڵی خوێندن ته‌واو ده‌كات بڕی نزیكه‌ی (17000 دۆلار) خه‌رجیه‌كانی له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت.
فۆتۆ:سه‌رخێڵ هاشم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست