با لە خەڵكى مەریوان فێر بین و بە تەنیایان نەهێڵینەوە
Wednesday, 18/03/2009, 12:00
چەند رۆژە خەڵكى شارى مەریوان شانۆیەك لە تێكۆشان، وشیاری و نافەرمانى مەدەنیان خوڵقاندوە. ئیعتیرازى جەماوەرى خەڵكى ئەو شارە لە شێوازى كۆبوونەوەى جەماوەرى لە بەر درگاى فەرماندارى، داخستنى دووكان و بازار بە تەواوى، نوسین و بڵاوكردنەوەى راگەیاندن و، چەشنى داخوازى و دروشمەكانیان، نیشانەیەكى بەرچاوى خەباتى مەدەنى و یەكگرتوویى خەڵك بوو.
ماوەیەكە كاربەدەستانى كۆمارى ئیسلامى دەستیان داوەتە گوشار هێنان لە سنورەكان و تەنانەت داخستنى ئەو سنورانە لە سەر كاروانچى و ئاڵووێرى شتومەك و كاڵا. لە سنورى مەریوان، سەردەشت و پیرانشار، بە دەیان میلیارد تمەن كاڵا و شتومەكى خەڵكیان ئاور تێبەرداوە، دەیان ئێستر و ئەسپى كاروانچیانیان داوەتە بە گولەو لە ناویان بردوون و، چەندین كاروانچیشیان كوشتووە. ئەوانە كردەوەگەلێكن كە هەر لە زوەوە بیندراون و دووپات بونەتەوە، بەڵام لە چەند مانگى رابردودا نە تەنیا زیادیان كردووە، بەڵكوو راستەوخۆ كاریگەرى لەسەر گوزەران و بەرێچونى خەڵكى ناوچە سنورییەكان و هەموو ئەو كاسبكارانەى ناوچەكانى دیكەش داناوە كە كاسبیان بە جۆرێك بەوانەوە گرێدراوە. تا ئێستا بە هۆى تەقەكردنى هێزەكانى كۆمارى ئیسلامى، كەسانێكى بەرچاو گیانیان لە دەست داوە. پرسیار ئەوەیە كە رێژیم بۆ ئاوا دڕندانە كەوتۆتە گیانى خەڵك و مەبەستە سەرەكیەكانى چین؟ چۆن دەبێ بەربەركانێى لەگەڵ بكرێ؟ لە وەڵامى ئەو پرسیارانەدا ئاماژە بە چەند خالچ پێویستن:
1. كۆمارى ئیسلامى زۆر لە مێژە بە پێوەندى نێوان رۆژهەڵات و باشورى كوردستان وەڕەز و نیگەرانە و بە هەموو شێوەیەك تێكۆشاوە تا ئەو پێوەندییە كز و لاواز بكات. ناوچە سنورییەكان یەكێك لەو پردى پێوەندیانەیە كە نە تەنیا هاتوچوێى كاڵاى پێدا دەكرێ، بەڵكوو خەڵكەكەى پێكەوە ئاڵوگۆڕى بیرو راش دەكەن. لێكتر فێر دەبن و تەئسیر لەسەر یەكترین دادەنێن. بۆ رێژیم پێویستە ئەو پردى پێوەندییە بپسێندرێ.
2. ئەگەر ناوچە سنورییەكان بۆ پێوەندى خەڵكى كوردستانى باشور و رۆژهەڵات گرینگن، بۆ رێژیمە داگیركەرەكانى كوردستانیش گرینگن. بۆیە لە نەزەر كاربەدەستانى كۆمارى ئیسلامییەوە دەبێ كارێك بكرێ تا خەڵكى ئەو ناوچانە لە بارى ئابورییەوە نەتوانن لەسەر پێى خۆیان بن. داخستنى سنورەكان دەبێتە بێكارى ژمارەیەكى زۆرى خەڵك و بژیویان بەرێوە ناچێ و بارى گوزەرانیان تووشى ئاڵۆزى دەبێت. كار بە دەستانى حكومەت لایانوایە لە ئاكامدا ئەم هەموو بێكارەى كە گوزەرانیان بەرێوە ناچێ مەجبور دەبن تەسلیمى داخوازیەكانى رێژیم بن و ببن بە بەسیجى یان سیخوڕى حكومەت و بەمجۆرە پێگەى دەوڵەت لەو ناوچانە بەهێز بكرێ.
3. بە خەیاڵى خاوى خۆیان دەتوانن لەم رێگایەوە پێوەندى حیزبە سیاسیەكان لەگەڵ ناوەوە لاواز بكەن. لە حاڵێكدا لە دنیاى ئەورۆ و لە دەورەى ئینترنێتدا و لە حاڵێكدا چەندین كاناڵى ئاسمانى روو بە رۆژهەڵاتى كوردستان بەرنامە بڵاو دەكەنەوە، ئیتر هاتوچوێى سنورەكان بۆ ئەو مەبەستە كاریگەرى جارانى نەماوە. ئەگەر ئیسراییل بەو هەموو ئیمكاناتە توانى بە دورستكردنى دیوار و پۆستى كۆنترۆڵ، بەر بە دزەى فەلەستینیەكان بگرێ، ئەوە جمهورى ئیسلامیش دەتوانێ بەر بە پێوەندى هێزە سیاسیەكان و خەڵك بگرێ.
4. هەموو خاڵەكانى پێشوتر باسیان لێوەكرا، سەلمێنەرى ئەو راستییەن كە ئەو پلانەى رێژیم تەنیا رووى لە ناوچە سنوریەكان نییە، بەڵكوو راستەوخۆ هەموو شۆڕشى كوردستان و خەڵكى رۆژهەڵاتى كوردستانى كردۆتە ئامانجى خۆى. بۆیەش دەبێ ئەو پیلانە لە لایەن هەموو خەڵكى كوردستانەوە بەرپەرچ بدرێتەوە و هەموومان بە ئەركى خۆمانى بزانین بۆ پوچەڵ كردنەوەى وەگەڕ بكەوین.
5. خەڵكى شارى مەریوان بە خەباتى ئەو چەند رۆژەیان دەریانخست كە ئیعتیراز بە شێوەى نافەرمانى مەدەنى هەر لە كۆچى ئەو شارەوە لە ساڵى 79 زایینى، بە رێبەرى كاك فوادى مستەفا سوڵتانى، بۆتە شێوازێكى جێكەوتوى خەبات. بە برواى ئێمە لەو هەلومەرجەدا جێگاى خۆیەتى خەڵكى هەموو ناوچەكانى دیكە نەك هەر لەسەر مەریوان وەجواب و پشتیوانیان لێبكەن، ئەو خەباتە مەدەنى و نافەرمانییەش وەك دەسكەوتێكى خەبات رەچاو بكەن و پەرەى پێبدەن تا هەموو پانتایى كوردستان دابگرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست