کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یاساكانی په‌رله‌مانی كوردستان پێویستیان به‌ گۆڕانه‌

Saturday, 19/09/2009, 12:00


پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ نێو كڕۆكی باسه‌كه‌مان ‌وته‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ بیڵێم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ئه‌ركی هه‌ر تاكێك له‌كوردستاندا پاراستن‌و پارێزگاری كردنه‌ له‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی كوردستان، ‌وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌و یاسایی له‌ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان‌و ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان‌و خه‌ڵكی قاره‌مانی گوندنشینه‌كانی كوردستانن، بۆیه‌ پێویسته‌ ‌وه‌ك سۆمای چاومان بیپارێزین، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكراون‌و ده‌رچووینه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا نیین، به‌ڵكو زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانن، له‌وانه‌ش یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و یاسای دژه‌ تیرۆر‌و یاسای رۆژنامه‌گه‌ری‌و یاسای باری كه‌سێتی‌و یاسای ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان‌و.....هتد.
لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین یه‌كه‌یه‌كه‌ یاسا ئاماژه‌ پێكراوه‌كانی سه‌ره‌وه‌ له‌ رووی یاساوه‌ شیبكه‌ینه‌وه‌ تاكو خه‌ڵكی كوردستان زانیارییان له‌ مباره‌یه‌وه‌ هه‌بێ‌و بزانن تا چه‌ند یاساكانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌؟!.

یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
له‌رێككه‌وتی 8/6/2005دا په‌رله‌مانی كوردستان یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی (2005)ی په‌سه‌ندكرد، كه‌ ئه‌م یاسایه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق‌و له‌رۆژی 10/7/2005دا به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی جێبه‌جێكرا، لێره‌دا به‌ پێی یه‌كه‌مین به‌ندی یاساكه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ، سه‌رۆكی باڵای راپه‌ڕاندنه‌ له‌هه‌رێمدا، له‌هه‌مانكاتدا له‌ رووی یاسای دبلۆماسییه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی باڵای په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كی‌و دبلۆماسییه‌كانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی هه‌مان یاسا، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستانی عێراق ده‌كات.. هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقیش هه‌مان ئه‌ركی پێسپێردراوه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ چواره‌مین بڕگه‌ی به‌ندی (121)دا، سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رێمییه‌كان هاتووه‌، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:
(له‌باڵیۆزخانه‌و نێردراوه‌ دبلۆماسییه‌كاندا، نووسینگه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رێمییه‌كان داده‌مه‌زرێنرێت، بۆ به‌دواداچوونی كاروباری رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گه‌شه‌كردن...هتد).
به‌ كورتی یاسای سه‌رۆكایه‌تی كوردستان، به‌گشتی له‌ (20) به‌ندی یاسایی پێكهاتووه‌، له‌و به‌ندانه‌دا ‌ویلایه‌ت‌و مه‌رجه‌كانی پاڵێوراوو هه‌ڵبژێردراوو هه‌روه‌ها پاڵاوتن‌و هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌رك‌و فه‌رمان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریكراون.. لێره‌دا جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكردن، یاسای ژماره‌(2)ی ساڵی 1992، كه‌ تایبه‌تبوو به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد‌و یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997ی هه‌مواركراو هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ یاساكه‌ جێی تێبینی‌و سه‌رنجی ئێمه‌یه‌، به‌ندی (10) بڕگه‌ (6)، به‌ندی (13)، بڕگه‌(2)، هه‌روه‌ها به‌ندی (14)‌و (15)ن.
سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی (6) له‌ به‌ندی (10) كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هاتووه‌ :(به‌پێی یاسا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆی هه‌یه‌ لێبوردنی تایبه‌تی بۆ به‌ندكراوان ده‌ربكات..). لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانین هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه‌ بكه‌ین‌و رووی پرسیارمان له‌و برا پێشنیاركه‌رانه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ین‌و بڵێین:
ئایا ئه‌م بڕگه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دژ به‌بنه‌ما دیموكراتییه‌كان نییه‌؟!. یا له‌ڕووی سه‌ربه‌خۆیی‌و جیاكردنه‌وه‌ی نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ناساز نییه‌؟! ئایا ئه‌مه‌ جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا (السلگه‌ القچائیه‌) ناگه‌یه‌نێ؟ به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌و به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ داڕێژراوه‌، هیچ مۆرك‌و سه‌نگێكی یاسایی تێدا نییه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ‌وڵاتانه‌دا كه‌ سیستمی په‌یڕه‌وكراویان دیموكراسی بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا، هه‌روه‌ها ئیفلیجكردنی دیموكراتیه‌ت‌و زیندوكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریه‌ته‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ گله‌ییمان له‌و خوشك‌و برایانه‌ نییه‌ كه‌ دایانڕشتووه‌، چونكه‌ ئه‌وان نوێنه‌ری حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتدارانن، نه‌ك نوێنه‌ری گه‌لی كوردستان!! له‌هه‌مانكاتیشدا جۆره‌ لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی عێراقی سه‌رده‌می سه‌رنگوونكراوی تێدایه‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌ندی سیانزه‌یه‌مینی بڕگه‌ (2)، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هاتووه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێك بۆ فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی عێراق داده‌مه‌زرێنێ، تاكو له‌م رووه‌وه‌، له‌ئه‌رك‌و فرمانه‌كانیدا یارمه‌تییداو له‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونیدا جێیبگرێته‌وه‌...ئێمه‌ش لێره‌دا له‌ خوشك‌و برایانی داڕێژه‌ر ده‌پرسین‌و ده‌ڵێین چ حیكمه‌تێكی تێدایه‌، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا له‌ بواری سه‌ربازیدا جێگری هه‌بێت؟!.
له‌راستیدا گه‌ر سه‌رنجی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بڕگه‌یه‌ بده‌ین، زۆر به‌ روونی‌و به‌ ئاشكرایی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ماكی حیزبایه‌تی به‌رته‌سك به‌كاره‌كه‌وه‌ دیاره‌..جگه‌ له‌وه‌ش به‌ڕاوبۆچوونی ئێمه‌ ئه‌م یاسایه‌ ‌وه‌ك كارگه‌یه‌كی دروستكردنی دیكتاتۆری ‌وایه‌...ده‌بوایه‌ له‌ كاتی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆك، ده‌سه‌ڵاتی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌هه‌موو بواره‌كاندا فراوانتر ده‌بێت‌و شوێنی سه‌رۆك ده‌گرێته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ به‌نده‌كانی چوارده‌هه‌مین‌و پازده‌هه‌میش به‌ راستی گه‌ر سه‌رنجی ناوه‌ڕۆكی هه‌ردووكیان بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ به‌گشتی له‌گه‌ڵ بنچینه‌ یاساییه‌كاندا ناگونجێت.. پێموایه‌ له‌م چه‌شنه‌ یاسایه‌داجگه‌ له‌ كوردستان‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ی، له‌هیچ ‌وڵات‌و شوێنێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینیه‌دا ئه‌مه‌ نییه‌، چونكه‌ چۆن ده‌بێت له‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمدا جا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ له‌ جیاتی ئه‌و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ‌وه‌زیران ئه‌رك‌و فه‌رمانه‌كانی ئه‌و راپه‌ڕێنی؟! كه‌چی به‌ پێی به‌ندی سیانزده‌هه‌مینی بڕگه‌ی (2)، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگری هه‌یه‌!.
به‌ڕای ئێمه‌ له‌كاتی دانان‌و داڕشتنی هه‌ر یاسایه‌كدا پێویسته‌ بنچینه‌ یاساییه‌كان ره‌چاو بكرێن، نه‌ك حیزبایه‌تی به‌رته‌سك.. ئه‌ی باشه‌ بۆچی له‌كاتی دیارنه‌بوونی سه‌رۆكدا جێگره‌كه‌ی شوێنی نه‌گرێته‌وه‌؟!. جگه‌ له‌‌وه‌ش له‌یاساكه‌دا هاتووه‌:
له‌كاتی چۆڵبوونی پله‌وپایه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق، ئه‌رك‌و فرمانه‌كانی هه‌ڵده‌سوڕێنێ ده‌شێ ئه‌م بڕگه‌یه‌ هه‌ر ناوێكی دیكه‌ی بۆ دابنرێت، ته‌نیا یاسا نه‌بێت چونكه‌ ناكرێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ئه‌رك‌و فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن راپه‌ڕێنێ؟! ئه‌ی ئه‌مه‌ جۆره‌ تێكه‌ڵاوكردنێكی ده‌سه‌ڵاته‌كان نییه‌. ئه‌ی خوشك‌و برایانی دیموكراتی خواز؟! له‌وكاته‌دا، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم جێگری تایبه‌تی خۆی هه‌بێ، له‌ رووی یاساوه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ تێكه‌ڵاوكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، نه‌ك جیاكرنه‌وه‌یان، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ‌وه‌ك سه‌رۆك، بواری به‌م جۆره‌ به‌ناو یاسایانه‌ی نه‌ده‌دا كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌ربچن.
پاش ده‌رچوون‌و په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا له‌نێوجه‌ماوه‌ری كوردستاندا، مقۆمقۆیه‌كی زۆری له‌سه‌ر دروستبوو، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق به‌ ناچاری له‌رێككه‌وتی 24/1/2006دا بۆ یه‌كه‌مین جار بڕیایدا هه‌ندێك به‌ندو بڕگه‌ له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق هه‌موار بكات، به‌ڵام هه‌مدیسان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی‌و ناته‌واترو چه‌واشه‌كارانه‌ به‌م چه‌شنه‌ی خواره‌وه‌ داڕێژرا:
1- هه‌رێمی كوردستانی عێراق سه‌رۆكێكی ده‌بێت پێیده‌وترێت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و خۆی سه‌رۆكی باڵای ده‌سه‌ڵات‌و جێبه‌جێكردن‌و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌.
2- سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی ده‌بێت له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا هاوكاریده‌كات‌و له‌ كاتی ئاماده‌نه‌بوونیدا جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌‌و هه‌رخۆیشی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت.
3- سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ندێك له‌ ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌ جێگره‌كه‌ی خۆی ده‌دات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی هه‌ردوو بڕگه‌ی (3،2)ی به‌ندی یه‌كه‌م بده‌ین، زۆر به‌ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ هه‌ردوو بڕگه‌ ناسازو ناكۆك‌و دژ به‌یه‌كترن، بڕگه‌ی دووه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌ها هاتووه‌و ئه‌ركه‌كانی جێگری سه‌رۆكی دیارینه‌كردوون، سه‌باره‌ت به‌ سێیه‌مین بڕگه‌ش ده‌بینین ده‌قه‌كه‌ سنورداركراوه‌‌و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی ‌وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی به‌رده‌ستی سه‌رۆكی هه‌رێمی لێكراوه‌، كه‌ به‌ئاره‌زووی خۆی هه‌ندێ له‌ ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌جێگره‌كه‌ی ده‌سپێرێ، بێئه‌وه‌ی له‌ده‌قه‌كه‌دا هیچ ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاتێكی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم دیاركرابێت.
بۆیه‌ لێره‌دا ئێمه‌ ‌وه‌ك یاساناسێك رووی پرسیارمان له‌ داڕێژه‌رانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌كه‌ین‌و ده‌ڵێن، ئایا ئه‌و هه‌مواركردنه‌ چ گۆڕانكارییه‌كی له‌یاسای سه‌رۆكایه‌تیدا ئه‌نجامداوه‌؟!! به‌ڕای ئێمه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و هه‌مواركردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هیچ جۆره‌ گۆڕانكارییه‌كیان به‌ خۆوه‌ نه‌دیوه‌، ته‌نیا له‌داڕشتندا نه‌بێ، كه‌ هه‌ندێك ‌وشه‌ پاش‌و پێش كراون، به‌كورتی تاكه‌ مه‌به‌ست له‌یاسای ئاماژه‌ پێدراودا نه‌دانی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ جێگری هه‌رێم، پێده‌چێ ئه‌م یاسایه‌ ته‌نیا بۆ تاكه‌ كه‌سێكی كوردستان داڕێژرابێ، كه‌ شاهانه‌ تاكو مردن له‌ سه‌ر كورسی حكومی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌!! به‌ڕاستی ئه‌م یاسایه‌ كه‌ باسمانكرد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشمانیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دووره‌و له‌گه‌ڵ بنچینه‌كانی دادپه‌روه‌ریی‌و یاسای گشتی نێوده‌وڵه‌تی ناگونجێ، كه‌ هه‌موو ‌وڵاتانی دونیا له‌ سه‌ری كۆكن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ بنه‌مادیموكراسییه‌كان‌و پره‌نسیپی جیاكرنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان‌و جێیه‌جێكرنه‌وه‌ دووره‌، كه‌ رۆژانه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانی سه‌رقاڵ كردووه‌، ئێمه‌ لافی سه‌روه‌ری یاسا لێده‌ده‌ین، كه‌چی له‌ناوه‌ڕۆكدا یاساكانمان هه‌موو به‌تاڵن‌و زۆر به‌ڕوونی په‌یڕه‌وی دیكتاتۆریه‌ت ده‌كه‌ین.


یاسای دژه‌ تیرۆر
تیرۆر كارێكی قێزه‌وه‌نی دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌و پێویسته‌ هه‌موومان دژی بوه‌ستین تاكو بنبڕی ده‌كه‌ین، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ خودی یاساكه‌ ئێمه‌ چه‌ند تێبینی‌و سه‌رنجمان له‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌و به‌نده‌كانیدا هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رووی یاساوه‌ تێبڕوانین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌وا یاسای دژه‌ تیرۆر كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق په‌سه‌ندكراوه‌ ته‌نیا دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی یاسای سزادانه‌ له‌گه‌ڵ پاش‌و پێشكردنی ‌وشه‌كاندا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌یاسای دژه‌ تیرۆری كوردستاندا هاتووه‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان له‌ ده‌قه‌كانی (406، 405، 47، 48، 49، 55، تا 58، 135، 136، 137، 141، 342، تا348)..هتد. له‌ یاسای سزادان چاره‌سه‌ری بۆ كراوه‌‌و پێویستی به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ نییه‌ ته‌نیا ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌بێ‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌یبینیین‌و هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئه‌ویش یاسای سزادانه‌ كه‌ نابێ‌ بۆ هیچ كه‌سێك‌و لایه‌نێكی لێكۆڵینه‌وه‌ بێ به‌ڵگه‌ رێكاری یاسایی له‌ دژی هیچ كه‌سێك ئه‌نجامبدرێـت، كه‌چی له‌ یاسای دژه‌ تیرۆردا كارمه‌ندێكی ئاسایش بێ‌ بوونی به‌ڵگه‌ بۆی هه‌یه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تباركردنی بۆ هه‌ركه‌سێك درێژ بكات كه‌ خۆی بیه‌وێ‌، به‌‌واتایه‌كی دیكه‌ به‌ پێی یاسای دژه‌ تیرۆر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێدراوه‌ تا به‌ ئاره‌زووی خۆیان ركابه‌ران‌و نه‌یارانی خۆیان به‌ناوی یاسای دژه‌ تیرۆره‌وه‌ ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌كانی ئاسایش بكه‌ن‌و سزایان بده‌ن.

یاسای رۆژنامه‌گه‌ری:
سه‌باره‌ت به‌ یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ (24) ساڵی 2008 راسته‌ تا راده‌یه‌ك یاساكه‌ خراپ نییه‌، به‌ڵام گه‌ر سه‌رنج ده‌ده‌ینه‌ به‌ندی نۆیه‌مین به‌ هه‌موو بڕگه‌كانیه‌وه‌ ئه‌وا زۆر به‌ روونی‌و ئاشكرایی بۆمان دیار ده‌كه‌وێ‌ كه‌ یاساكه‌ سه‌ر له‌ نوێ‌ بیروڕای ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری زه‌وتده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هۆی پیاده‌كردن‌و دانانی ئه‌و سزا زۆر‌و قورسانه‌ی كه‌ له‌ به‌نده‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ بووه‌ته‌ له‌مپه‌رێك تاكو هیچ تاكێك زاتی ئه‌وه‌ نه‌كات به‌ ئاره‌زووی خۆی بیروڕای خۆی ئازادانه‌ ده‌ربڕێ‌، به‌هۆی ئه‌و غه‌رامه‌ زۆرانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ندێ‌ بڕگه‌دا دانراون كه‌ گوژمه‌كه‌ی ده‌گاته‌ (40.000.000) چل ملیۆن دینار. ئه‌گه‌ر چی له‌ به‌نده‌كانی 433 تا 438 ... له‌ یاسای سزادان ئه‌م لایه‌نه‌ی زۆر به‌ شێوازێكی شارستانی‌و مۆدێرن چاره‌سه‌ری كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌یاسای رۆژنامه‌گه‌ریدا هاتووه‌، چونكه‌ دانان‌و سه‌پاندنی ئه‌و سزا زۆرانه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا هیچ كه‌سێك نه‌توانێ‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ رۆژنامه‌كان بنووسێ‌ یان باسی بكات.

یاسای باری كه‌سێتی:
له‌و كاته‌ی ئه‌و یاسایه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌‌و ده‌ستبه‌ردان (التفریق والگلاق) له‌ نێوان ژن‌و مێردا به‌ پێی سێیه‌مین به‌ندی یاساكه‌ به‌ هه‌موو بڕگه‌كانییه‌وه‌ رووی له‌ زیادبوونێكی بێ‌ ‌وێنه‌ كردووه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمدا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ یاسای پێشوودا.

یاسای ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان:
دانانی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ رای ئێمه‌ كارێكی پێویسته‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ده‌ستووره‌كه‌ یاسایی‌و دیموكراتی بێت نه‌ك ‌وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌ندی 56ی ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ‌وه‌ك كارگه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دروستكردنی دیكتاتۆریه‌تی لێهاتووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی په‌رله‌مانیش ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌ردا چووه‌‌و له‌ سیستمی دیموكراتیشدا نییه‌ په‌رله‌مان ماوه‌ی بۆ خۆی درێژ بكاته‌وه‌. جگه‌ له‌مه‌ش نیوه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌هۆی ماده‌ی 140‌و ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن مافی ده‌نگدانیان نییه‌، بۆیه‌ خرانه‌ ده‌ستوور بۆ راپرسی له‌و كات‌و ساته‌دا به‌كارێكی یاسایی‌و نه‌ته‌وه‌یی ناژمێردرێ‌‌و پێویسته‌ بوار بۆ ئه‌وانیش بڕه‌خسێندرێت تا به‌شداری له‌ راپرسی ده‌ستوور بكه‌ن، جگه‌ له‌مانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكردون، له‌كاتی داڕشتنی هه‌ر یاسایه‌ك به‌ تایبه‌تی یاسای ده‌ستووری، پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكرێت:
1- بنه‌ما دیموكراتییه‌كان.
2- بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ
3- یاسای گشتی نێو ده‌وڵه‌تی، كه‌ هه‌موو ‌وڵاتانی دونیا له‌سه‌ری كۆكن.
4- بنه‌مای دادپه‌روه‌ری.
5- به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ل‌و نیشتمان.
لێره‌دا بۆمان هه‌یه‌ رووی پرسیارمان له‌ برایانی دارێژه‌ر بكه‌ین‌و بڵێن، ئایا ئه‌م خاڵانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كردوون له‌ ده‌ستووره‌كه‌ ره‌چاوكراون؟! ئێمه‌ش له‌‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، نه‌خێر له‌به‌رئه‌و هۆیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كردوون بۆمان هه‌یه‌ بڵێین یاساكانی په‌رله‌مانی كوردستان پێویستیان به‌ گۆڕانه‌.

سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌:
1- ‌وه‌قایعی كوردستان ژماره‌(55) ساڵی پێنجه‌م 10/7/2005.
2- یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆقاندن (تیرۆر).
وه‌قایعی كوردستان ژماره‌(61) له‌ 16/7/2006.
3- قانون العقوبات : یاسای سزادانی ژماره‌(111) ساڵی 1969چ 1982.
4- یاسای باری كه‌سێتی، ‌وه‌قایعی كوردستان ژماره‌(95) له‌ 30/12/2008.
5- یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ژماره‌(35) ساڵی 2007.

* پارێزه‌ری راوێژكار
ئه‌م وتاره‌ له‌ سایتی هاوڵاتی وه‌رگیراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە