حکومەتێک لێوان لێو لەحزبایەتی
Saturday, 03/10/2015, 20:47
کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم بەنمونە.....
لەبەرواری 18/6/2014دا کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە پەڕلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و متمانەیان وەرگرت و ئیدی بەڕەسمی بونە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم و دەست بەکار بوون
لە پوختەی کارنامەی کابینەی هەشت هاتبوو: "کاردەکەین بۆ بەدامەزراوەکردنی حکومەتێکی کارا و شەفاف، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون، جیاکردنەوەی دەسەڵات، ئاشتی و دادوەریی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ئافرەت و منداڵ، سەروەریی یاسا و یەکسانی لە بەردەمیدا،جیاکردنەوەی حزب لە حکومەت و دابینکردنی خۆشگوزەرانی، چاکسازیی هەمەلایەنە و راستەقینە، پاراستنی ژینگەی کوردستان، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ بەرنگاربونەوەی هەمو جۆرە گەندەڵییەک لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی هەرێمدا".
دوای تێپەربوونی یەک ساڵ ونیو دەرکەوت کە ئەو کابینەی هەشتەمە کابینەیەکی سەرلەبەر حزبیە بەپلە یەک، هەر لە دیاریکردنی راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکان و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان، تاکو کار گەیشتە بەحزبی کردنی کۆمسیۆنی باڵای "سەربەخۆ"ی هەڵبژاردنەکان. ئەوە ئەگەر دوو حزبەکەی دەسەڵات وەکو پیشەی هەمیشەییان ئەو پرۆسەی بەحزبیکردنی دامودەزگاکانی هەرێمیان لێنەگیرێ، ئاخۆ دەبێت سێ حزبەکەی ئۆپۆزسیۆن کێ لێیان قبوڵ بکات کە شەو و رۆژ دروشمی "دەرهێنانی حکومەت لەچەپۆکی حیزبیان بەگوێی "دەنگدەر" دەدا. ئەوە لەکاتێکدا دەبوا حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن مۆدێلێکی نوێی سەرکەوتویان بهێنابایە ناو حکومەت، کاریان بۆ جوداکردنەوەی حیزب لەحکومەت بکردبا هەر لە پاکردنەوەی زانکۆکان لەسەرۆک و راگری حزبی و پاکردنەوەی پەروەردە لە بەڕێوەبەرو یاریدەدەری قوتابخانەی حزبی و...هتد. بەڵام بەداخەوە سێ حیزبەکە هاتن حزبایەتیان لە ناخ و جومگەکانی هەرێم تۆختر کردەوەو لەجیاتی ئەوەی لایەن و حزبەکانی دەسەڵاتی دوێنێ و شەریکەکانی ئەمڕۆیان بەرەو شەفافیەت و چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی و دەرهێنانی دەست و ئەجێندای حیزبی لەدامودەزگاکانی هەرێم وهتد... ببەن و کاری لەسەربکەن و تاکە مەرجیشیان بێت بۆ بەشداری کردن لە حکومەت، کەچی بەپێچەوانەوە دەبینین
ئەوەی جێی داخە ئەوەیە لەماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیو تەمەنی ئەم کابینەیەدا ئەوەی خەونمان پێوە دەبینی نەهاتە دی و بەڵکو زۆرێک لەوەی کە هەشمان بوو لەدەستماندا ،ئەوەتا لە ئێستادا نزیکەی 4 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە
زۆربەی پڕۆژە ئاوەدانیەکان لەکار ڕاوەستاون و بێکاری ڕووی کردۆتە وڵات و خزمەتگوزرایەکان لە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و ڕێگاوبان و پرد وتەندروستی و پەروەردە و ..هتد. هەموانیان پەکیان کەوتوە و زۆر خراپتر بون لە ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕین ، حکومەت بۆتە قەرزاربار و وڵاتی تووشی قەیرانێکی دارایی قوڵ کردۆتەوە و ئاسۆکانی چارەسەریش دیار نین،
بەم شێوەیە حکومەتی هەرێم و کابینەی هەشتی بونەتە هێما و سومبولی قەیرانەکان و قەیران دوای قەیران سەرهەڵدەدات و زۆرێک پێیان وایە بەنیەتی پێشوەختە ئەم قەیرانانە دروست دەکرێن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست