ئیراق لەچاوەروانی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریدا
Thursday, 12/08/2010, 12:00
پاش تێپەربونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی ئێراقدا ئەوەی چاوەروان دەكرێت و لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەكاندا چاودێران بیروبۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی ئیراق هەیە. چەند لایەنێك رایانگەیاندوە، كە حكومەتی تازە حكومەتێكی ئیئتیلافی دەبێت، بەشێكی تریشیان پێیانوایە بە شێوەی تەوافوق لە نێوان لایەنە براوەكاندا پێك دەهێنرێت. بۆچوونێكی تریش بە دووری نازانێت ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقی بە سەرۆكایەتی "عەمار ئەلحەكیم" و هاوپەیمانی كوردستان و بەشێك لە لیستی ئەلعێراقیەدا حكومەت پێك بهێنێت،بەڵام وەك ئاگادارین ئەمجارە بە گوێرەی دەستووری عێراقی سەرۆكایەتی كۆماری ئیراق لە ئەنجومەنێكی سێ كەسی پێك نایەت، سەرۆكی حكومەتیش لە یەك جێگر زیاتری نابێت. لە ماوەكانی رابردوودا ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای تایەفی دابەش كرابوون، سەرۆك كۆمار بۆ كورد بوو، لەگەڵ دوو جێگری سوونە و شیعە، هەروەها سەرۆك حكومەت بۆ شیعە بوو، لەگەڵ دوو جێگر، یەكێكیان بۆ عەرەبی سوننە و ئەوی تریان بۆ كورد بوو. لەگەڵ سەرۆك پەرلەمانێك لە عەرەبی سوننە، بە دوو جێگری كورد و شیعەوە.ئەوەی بەدی كرا لەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەدا، بە پێچەوانەی ساڵی 2005 عەرەبە سوننەكانی ئیراق بە شێوەیەكی بەرفرەوان بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد و بە توندی پشتگیری لیستە عەلمانیەكانیان كرد. لەوە دەچێت خەڵكی پارێزگا سوننیەكان لە حكومەتی ئێستا نازاڕی بن و ئومێدیان بەو هەڵبژاردنە بێت قەرەبووی ساڵانی رابردوویان بۆ بكاتەوە.
لە ناوچە سوننەنشینەكاندا دەنگدەران مەیلێكی زۆریان بۆ لیستە عەلمانیەكان و لە سەروشیانەوە لیستی ئەلعێراقیەی ئەیاد عەللاوی نیشان داوە،ئەم هۆكارانەوایان كردوە كەپێك هێنانی حكومەتی ئایندەی ئیراق ئاسان نەبێت، ڕێگا چارەش گۆڕینی شێوەی لێك نزیك بوونەوە و گۆڕینی پڕۆسەكەیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە كێ ئەم پڕۆسەیە دەگۆڕێت، ئایا ئێراقیەكان خۆیان بەم ئەركە هەڵدەستن یان پێویستیان بە هاوكاری دەرەكی هەیە و نەتەوەیەكگرتووەكان یان ویلایەتە یەكگرتووەكان،یان ئێران، پێموایە یەكەم شت دەبێت ئێراقیەكان هەڵسن بەگۆرانكاری.لەشێوازی بیركردنەوە لەجۆری ئەوسیستەمەی كەلەپێشتر لەئێراقدا پەیرەو كرا ئەویش دابەش كردنی پۆستەكانە لەسەر بنەمای تائیفی.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ كێشەی ڕاستە قینە، ئەوە نییە كام لە نوری مالیكی یان عەللاوی دەبێ بە سەرۆك وەزیران. كێشەی ئێراق فراوانتر و قووڵترو گەورەترە لەمە، پێویستە بزانین چ جۆرە ئێراقیكمان دەوێت، ئایا سیستەمی دیموكراتیمان دەوێت ئەگەر وایە كارمان بۆ سیستەمی دیموكراتی كردووە؟ ئایا كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێراق،یان دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری تازە دەخولقێ،؟ ئایا دەستوور جێبەجێكراوە ئەوانە پرسیاری سەرەكی ئێمەن.،
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست