ئایا دەستوری ئێستای توركیا چارەسەری كێشەی كورد دەكات؟؟!!!
Monday, 26/11/2012, 12:00
باكورى كوردستانیش وەك بەشێك لە كوردستانى گەورە كە لەڕێكەوتننامە نەفرەتلێكراوەكەى لۆزانى 24/7/1923زاینى بەبێ ویستى كوردو بە ئاگر لكێنرا بەتوركیاوە. لەو ڕۆژەوە تا هەنوكە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانى دەوڵەتى توركیا یاساكان و دەستوورەكانیان وەك ئامرازێكى چەوساندنەوەو جینۆساید كردنى جەستە(فیزیكى) وكلتوورى و بیۆلۆژى و ئابورى كوردان بەكار هێناوە. هەر بەو یاسایانە پایەداران و ڕیبەرانى كوردیان لە خاچى مۆدێرن داوەو وەك قوربانیەكانى ئاڕاناٍٍٍ پێشكەشیان كردوون.
چەسپاندن وجەختكردنەوە لەسەر یەك نەتەوە یەك زمان یەك ئاڵا یەك سروود یەك كلتوور یەك ڕۆشنبیرى نەتەوەى لە دەستوورى توركیادا بەبێ لە خۆگرتنى بون و مافەكانى نەتەوەیەكى بیست ملیۆنى كوردو زمانى كوردو كلتورى كورد لە دەستوورى توركیادا خۆى بۆ خۆى جینۆسایدێكى كلتورى كوردان پێك دەهێنێت دەستوورێكیش بە خوێن نوسرابێتەوە و ویژدانێكى وشك دایڕشتبێت بون و مافەكانى كوردى لەخۆ نەگرتبێ. ئەوا پابەند نەبون بۆ ئەو دەستورەو تێكۆشان و بەرگرى بۆ گۆرینى ئەو دەستوورە تاكڕەو ستەمكارە بۆ دەستوورێكى فرە لایەنو دیموكرات بە پێشێلكارى دەستوور دانانرێت. بەڵكو بەرگرى ڕەوایە كە لە یاساى یەزدانى و یاساى نێودەوڵەتیدا جەختى لەسەركراوەتەوە و پەسەند نەكردنى دەستوورو یاسای ستەمكارە. كاتێكیش كوردان ملكەچى ئەو دەستورە نابن و تێدەكۆشن بۆ سەلماندنى بونى خۆیان پاراستنى زمانیان بە دەستهێنانى ئازادیان ئەوا ڕوبەڕوى چەوساندنەوەو زیندانى تاكەكەسى داخراو و دژوارترین ئەشكەنجەى جەستەى و دەروونى و هزرى بونەتەوە، (لەیلا زانا) ساڵى 1994 لە پەڕلەمانى توركیا تەنها لەبەر ئەوەى بە زمانى كوردى سوێندى دەستوورى خوارد (10) ساڵ زیندانى كرا. چونكە بە لاى توركەكانەوە دەستوورى توركیاى پێشێل كردوەو لە دەستووردا زمانى كوردى نیەو تاكە زمان توركیە. هەروەها (عەبدوڵا ئۆج ئالان) وەك ڕێبەرى شۆڕشى باكورى كوردستان كاتێك بەرگرى لە بونى نەتەوەى كورد دەكات و عەشقى كوژراوى كورد زیندو دەكاتەوە، لە پیلانگێڕییەكى نێودەوڵەتیدا لە 15/2/1999 لە نایرۆبى پایتەختى كینیا دەڕفێنرێتو تەسلیم بە توركیا دەكرێتەوەە لە دورگەى ئیمڕاڵى لە دەریاى مەڕمەڕە لە زیندانیكى تاكەكەسى داخراودا گۆشەگیرى ڕەها دەكرێت و ڕوبەڕوى دژوارترین و جۆراوجورترین ئەشكەنجە دەكریتەوە. سەرەڕاى ئەوەى فڕاندنو گرتنو تەسلیم كردنەوەى بەتوركیا پێشێلكارى یاسا و ویژدان بوو. هەروەها ئەشكەنجەدانى و یەكلاى نەكردنەوەى كێشەكەى پێچەوانەو پێشێلكارى بەندەكانى: (1،2،3،4،5،6،7،8،.....هتد) ى یاساى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپایە كە توركیا ئەندامێكى ئەو دادگایەو (ئۆج ئالان)یش لە دو توێى زیاتر لە سێ هەزار لاپەڕەدا بەرگرینامەى پێشكەش بەو دادگایە كردووە، بەڵام ئەو دادگایە هەڵوێستێَكى یاسایانەى نەبوەو وەك مرۆڤێك مامەڵەیان لەگەڵ نەكردوە. توركیاش وەك ئەندامێكى ئەو دادگایە پابەند نەبوە بەو ئەركە یاسایەى كە لە ئەستۆیەتى و بەردەوام بووە لە لینجى سیاسى(سزادانى سیاسى بێدادگاى). ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ لە یاساكانى توركیادا مافى بون و ژیان بۆ كورد بونى نیەو، ئەوەى بە بنەما دەگیرێت بەرژەوەندى وشكى ئابوورىو سیاسیەو، بەرژەوەندى مادى پرەنسیپى كۆتكردوەو ویژدانیانى بەرەو وشك بونەوە بردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست