من ئەگەر مسعود بارزانى یا جەلال تاڵەبانى بومایە
Wednesday, 10/08/2011, 12:00
من ئەگەر یەكێك لەو دوو بەڕێزە بومایە! ئەم كارانەى خوارەوەم ئەكرد:
- بودجەى كوردستان یا عێراقم بە یەكسانى بە پێى ژمارەى دانیشتوان دابەش ئەكرد.
- پارەو هەرچییەك كە بەهۆى گەلەوە دەستم كەوتوە ئەمدایەوە بە حكومەتێكى دەست پاك و ئەویش هەر هەمووى بۆ خەڵك خەرجبكردایە چونكە من پێش راپەڕینى 1991 پارەیەكى خۆمم نەبوەو ئەوەى كە ئێستاش هەمە هەمووى هەر هى خەڵكە.
- هەر زەوى، خانویەك و پارەیەك لە ناو كوردستان یا دەرەوەى كوردستان بە ناوى كوڕ، كچ، بارزانییەكان یا تاڵەبانییەكان هەبێت ئەمگەڕانەوە بۆ حكومەتێكى دەست پاك و ئیتر خزم خزمێنەم نەئەكردو هەموو كوردێكم خۆشئەویست.
- دوو پاسەوانم بۆ خۆم دائەناو ئەو هەزاران پاسەوانەى خۆمم ئەدایەوە بە حكومەتێكى نیشتمانپەروەر تا لە خزمەتى گەلدا بن و سنورەكان بپارێزن نەك تەنها لە خزمەتى خۆمدا بن.
- سەرى رەش و قەڵاچوالانم چۆڵ ئەكردو لە خانویەكى ئاسایى بێ فیزو هەوادا ئەژیام.
- هەرچى بارەگا، لق و كۆمیتەیەكم هەبێت ئەیگەڕێنمەوە بۆ حكومەتە دەست پاكەكە.
- هەرچى گەندەڵ یا ئەوانەى یەك دینارى گەلى خواردوە دەرمئەكردن و ئەمدان بە دادگا.
- دەستم نەئەخستە كارەكانى پەرلەمان و حكومەت و دادگاوە.
- هەموو جۆرە بكوژەكانم دەستگیر ئەكردو ئەمدان بە دادگایەكى پاك و بێ لایەن و دادپەروەر.
- تەنها بیرم لە نەتەوە ئەكردەوەو كوردستانى گەورەم بە خەون نەئەزانى و سۆزى كوردایەتیم نیشانى كوردەكانى سێ پارچەكەى تر ئەدا.
- وازم لە حیزبەكەم ئەهێناو ئەمدا بە گەنج و دەستپاكەكان و بە بڕێك پارە كە یەكسان بێت بە موچەى خانەنشینى مامۆستایەكى زانكۆ خۆم خانەنشیین ئەكردو لە بەرئەوەى نزیكەى 50- 70 ساڵە لە سیاسەت دام و لاى خەڵكى بێزراوم ئەڕۆیشتم لە دەرەوەى كوردستان ئەژیام و تەنها هەڵەكانى خۆم ئەنوسییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست