کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورده‌کانی کوێت یان بۆره‌که‌یی؟!

Sunday, 10/10/2010, 12:00


له‌م ڕۆژانه‌ شه‌ڕێکی سه‌ختی سه‌لماندنی نفوزی کورده‌ به‌ڕێگای یاسایی یان دیالۆگ و دانوستان له‌سه ر ناوچه کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان و له‌سه‌ر ئه‌و تیره و تایفه‌ کورده‌ ڕه‌سه‌نا‌نه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می دیکتاتۆریدا بۆیان نه‌کران به‌عه‌ره‌ب. ده‌مارگیره‌ عه‌ره‌به‌کان که‌ هێشتا خوێنی حزبی به‌عس له‌ده‌ماره‌کانیان جۆش ده‌خوات ئه‌مڕۆ که‌وتوونه خۆ بۆ ئه‌وه‌ی به‌فرتوو فێڵ به‌ناوی یه‌زیدی، گه‌ر گه‌ری یان فه‌یلی له‌سه‌رژمێری ئاینده‌دا تۆماریان بکه‌ن، بۆ لێ که‌م کردنه‌وه یان لێک دا بڕاندنی کورد به‌ناوی دین و مه‌زهه‌بی جیا جیا وا. ئه‌وه‌ی جێگا خۆشحاڵیه دین و مه‌زهه‌ب کێشه‌ی میلله‌تی ئێمه‌ نه‌بووه هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌یان تێدا زاڵتره‌ بووه. یان به‌واتایه‌کی تر هێنده‌یان جه‌ور و سته‌م دیوه له‌سه‌ر کورد بوونیان، ئه‌مڕۆ هێنده‌ ئاسان نیه‌ ئه‌و هه‌سته‌یان وا به‌ سانایی لی دابندڕێ به‌ هۆکاری جیاوازی دینی یان مه‌زهه‌به‌وه.

ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ زۆر به‌دره‌نگه‌وه ناوه‌نده‌ بڕیار به‌ده‌سته‌کانی کورد که‌م تا کورتێک به‌ده‌نگ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌وه چوون و خستویانه‌ته‌ ئه‌جێنده‌ی کاره‌کانیان. به‌ڵام هێشتا به‌ پێ‌ی پێویست نیه!

له‌ هه‌موانمان ئاشکرایه که له‌ ئه‌نجامی به‌ڕه‌وا نه‌زانینی ئارامی بۆ مرۆڤه‌ کورده‌کان جا خاوه‌نی هه‌رچی دین، مه‌زهه‌ب، کلتوور و دیالۆگێکی قسه‌ پێکرد بووبن، ‌ تا ئه‌مڕۆش له‌ په‌رته‌وازه‌ بوون و ئاواره‌ بووندایه. هه‌ر کون قوژبنێکی ئه‌م دنیایه‌ بگه‌ڕێ‌ی چه‌ند کوردێکی تێدا ده‌ژێت. به‌هۆی به‌رزی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و کلتوری له‌ناو ئه‌و گه‌لانه‌‌ی که‌ کورد له‌گه‌ڵیاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، وای له کورده‌کان کردووه که زیاتر شانازی به‌ کلتور و زمانه‌که‌ی خۆیان بکه‌ن و هه‌ستی کوردایه‌تیان تێدا به‌هێزتر چرۆ بکات.

بۆره‌که‌یه‌کان یان کورده‌کانی کوێت وه‌ک نموونه‌ ده‌توانین بهێنیه‌نه‌وه، که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ له‌ به‌غداد و کوێت په‌رش و بڵابووون، ئه‌مڕۆش به‌سه‌دان خێزانیان له‌ له‌نده‌ن، ئه‌ڵمانیا، هۆڵندا، دانیمارک و سوئێد و ئه‌مریکا ده‌ژین زۆر به‌یان به ده‌فته‌ر نفوس و به جنسیه‌ ده‌یسه‌لمێنن که که‌رکوکین. زۆر شانازیش به‌ کورد بوونی خۆیان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌شیان له‌ خۆنشاندانه‌کانی کوێت دڵنایی له‌سه‌ر کردۆته‌وه. ‌به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌پێ‌ی پێویست کاریان له‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و کۆی نه‌کراونه‌وه!!

زۆر که‌س له‌وانه‌‌یه‌ بۆره‌که‌یه‌کان له‌گه‌ڵ کورده‌ فه‌یلیه‌کانی به‌غداد تێکه‌ڵ بکات، چونکا ژماره‌یه‌کی زۆریان له‌ شارع سه‌عدونی به‌غداد کاریان ده‌کرد و له‌ به‌یاع، مه‌نسور و حی الخچراو ده‌ژیان. به‌ڵام ئه‌وان خۆیان به‌ جیا ده‌زانن له‌ برا فه‌یلیه‌کانیان. چونکا ئه‌وانه خۆیان به‌ که‌رکوکی ده‌زانن و زۆر به‌یان جنسیه‌ و نفوسیان که‌رکوکه، به‌شێکیشیان له‌ ده‌ربه‌ندی خان و سنه‌ ده‌ژین. (وه‌کو مه‌زهه‌بیش خۆیان به‌ سونه‌ ده‌زانن هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وه‌یان کاریگه‌ری که‌متره‌ له‌سه‌ر کورد بوونیان یان که‌رکوکی بوونیان). ‌

ئه‌مڕۆ کاتی خۆیه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌‌م کوردانه‌ پشت گوێ نه‌خات و کاری له‌سه‌ر بکات. چونکا به‌دڵنیایه‌وه‌ ئاوڕلێدانه‌‌وه‌یان کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رز کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی کورد له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ که‌رکوک دا.

‌پێشنیاریش ده‌که‌م بۆ هاوزمانه‌کانم که‌ له‌ هه‌ر کون و که‌له‌به‌رێکی دنیا دا ده‌ژین کلتور و زمانی خۆیان بزر نه‌که‌ن و ناوه‌ند و ڕێکخراوی سه‌رده‌می و شارستانی به‌ گوێره‌ی یاسای ئه‌و ووڵاته‌ی لێ‌ی ده‌ژین دروست بکه‌ن بۆ لێک گردبوونه‌وه‌ په‌ره‌ به‌زمان و کلتووری ڕه‌سه‌نیان بده‌ن خۆیان به‌خاوه‌نی کێشه‌ی کورد بزانن نه‌ک هه‌ر له‌کوردستان به‌ڵکو له‌دنیادا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە