کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، ڕه‌شماڵی یه‌کبوونی کوردانه

Saturday, 04/06/2011, 12:00



هۆ کوردینه، هۆ مه‌ردینه‌، با له‌ ده‌ست ناو ده‌ست که‌ین هه‌موو........ با به‌ جیاوازی بیروڕای سیاسی، ئاین، مه‌زهه‌ب، دیاله‌تیک و شێوازی ئاخاوتنمان، خاڵه هاوبه‌شه‌کانمان له زمان، کلتوور، مێژوو، ستراتیجی خاک و چه‌وسانه‌ و ژێرده‌ستی ساڵه‌های ساڵمان بکه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یمان .
ساڵه‌های ساڵه داگیر که‌رانی کوردستان جگه‌ له‌ دابه‌شکردنی خاکه‌که‌مان ، سه‌رگه‌رمی به‌ش به‌ش کردنی خه‌ڵکه‌که‌شمانن بۆ درێژه‌دان به‌ مانه‌وه‌مان له‌ ژێر ده‌ستیاندا. زۆری بیروڕا ی جیاواز، حزب و رێکخراوی سیاسی له‌ کوردستان چه‌نده‌ زیندوویی بیر و هزری میلله‌ته‌که‌مان وه‌ده‌ر ده‌خه‌ن ، هێنده‌ش بوونه‌ مایه‌یی لێک ترازان و دردۆنگی نێو خه‌ڵکه‌که‌مان.
چه‌نده‌ فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کیه‌کان هۆکار بوون بۆ زیاتر مانه‌وه‌مان له‌ ژێر ده‌ستی داگیر که‌ران هێنده‌ش بگره‌ زیاتریش فاکته‌ره‌ ناوخۆکان هۆکار بوون. هیچ جێگای سه‌ر سوڕمان نیه‌ که نه‌ک هه‌ر ته‌نها ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ده‌ستیان پێ له‌ خێر و بێری خاکه‌که‌مان هه‌ڵناگیرێ، به‌ڵکو ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته‌ ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ڵانسی سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ ناوچه‌که له‌سه‌ر حسابی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کرێت. زۆر گرنگه‌ له‌مڕۆدا سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانی کورد ده‌رک به‌ گرنگی هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی کوردستان بکه‌ن و نرخی ژێرخان و سه‌رخانی ئابووری کوردستان بزانن. ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ جیهانیانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ شنه‌ باکه‌ی به‌سه‌ر کوردستاندا ڕه‌ت ده‌بێت، زۆر گرنگه‌ پێش گوزه‌رکردنی ڕووداوه‌کان به‌سه‌رماندا پێش بینیان بکه‌ین و پلان و به‌رنامه‌مان بۆیان هه‌بێت. یه‌ک ده‌نگی و یه‌ک ره‌نگی خه‌ڵکی کوردستان به‌ دڵنیایه‌وه کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دیزاین کردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژ هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ک بین کاتی ئه‌وه‌ هاتووه که‌ به‌بێ پرسی کورد چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناکامڵ بن. چونکا جگه‌ له ده‌وڵه‌مه‌ندی و به‌ پیتی خاکه‌که‌مان، هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیای کوردستان ئه‌مڕۆ حوکم ده‌کات له‌ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی ناوچه‌که.
به‌ڕای من تا ئه‌مڕۆ هیچ حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی له‌ کوردستان به‌ ته‌نها ناتوانێت ببێته‌ کلیلی هه‌موو هاوکێشه‌کان!!
له‌ باشووری ووڵات زه‌مینه‌یه‌ک خوڵقا‌وه تا ڕاده‌یه‌ک مایه‌یی هیوایه‌ بۆ هه‌موان، به‌ڵام هه‌تا کێشه‌ی باکوور به‌لایه‌کدا نه‌که‌وێت، له‌ ژێر مه‌ترسی ده‌وڵه‌تی تورکیا دا ده‌مێنێته‌وه. ‌ ئه‌مڕۆ تورکیا وه‌ک جه‌مسه‌رێکی جیهانی ئیسلامی و ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی کاریگه‌ر ده‌بینێت له‌ ناوچه‌که‌دا. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت ئه‌مڕۆ توکیا چ وه‌ک خاك وه‌ چ وه‌ک ده‌وڵه‌ت ده‌توانن ببنه‌ جه‌مسه‌ری گرێدانی کوردستان به‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا. ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مێکه‌ کورد چاوه‌ڕێ‌ی ده‌کات زۆری نه‌ماوه‌‌ گه‌ر خۆمان باشی لێ بزانین. ئه‌و کات هێندی ده‌وڵه‌تی ئێران، سوریا وهه‌تا عێراقیش نامێنێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌که‌می ڕۆڵمان له‌ دیزاین کردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ له‌یه‌کیه‌تی نه‌‌ته‌ته‌وه‌یمان ده‌ست پێ بکه‌ین، ئه‌ویش به‌ هیمه‌تی هه‌موان ده‌بێت.
له‌ ساڵی 1999 له‌ ئه‌مسته‌ردام پایته‌ختی هۆڵندا واتا دوانزه‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر نه‌مامه‌که‌ی نێژراوه‌ ، له‌ مانگی گوڵانی ئه‌مساڵ 2011 له‌ برۆکسل پایته‌ختی ئه‌وروپا جوانتر گه‌شه‌ی پێدرا. ده‌تواندرێت کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بکرێت به‌ به‌ردی بناغه‌ی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی که‌ هه‌موومان به‌ پێویستی ده‌زانین. کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که‌وا بڕیاره‌ له‌ پایزی ئاینده له‌ ووڵات ببه‌سترێت، ده‌ست پێکی مه‌یدانی ئه‌و پرۆسه‌ گرنگه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌موو لا به‌ کردار ده‌ستی ده‌ینێ.

هیوادارم کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان ببێته‌ ئه‌و ڕه‌شماڵه‌ی کورده‌واری که‌ هه‌موومان بێ جیاوزی بتوانین له‌ ژێریدا به‌یه‌که‌وه بیر بکه‌ینه‌وه، کار بکه‌ین و بژین.

هه‌ر بژین به‌شادی
سه‌ربه‌ستی و ئازادی

تێبینی:
دوو کۆپله‌ شیعری سه‌ره‌تا و کۆتایی له‌ شیعری دوو شاعیر کورد وه‌رگیراون.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە