گوتەی کاکەمین نەجاڕی لێپرسراوی لقی 16ەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیه ...(سەگ لە سەگ بەردەدەین!)
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
ئاهەنگی تۆڵەو عەرزی عەزەڵات بۆ ڕۆژی ئاگر کردنەوەی نەورۆز لە هاوینە هەواری هەنارە!!
لە ڕێکەوتی 13/3، سەعات (1) یەکی دوای نیوەڕۆ لە شاوەیش بەسەرپەرشتی لێپرسراوی لقی 16ەو، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی (کاکەمین نەجار) کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە سەرجەم کادیرو لێپرسراوانی ناوچەکانی سنوری لقی شازدە کراوە، بەمەبەستی ئامادە سازیکردن بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگێکی گەورەی تایبەت بەئەندامانی پارتی لە تۆڵەی ئەو لاوازیی و بێهێزی یەی کە پارتی لەهەولێر هەستی پێکردوە بەتایبەت لەئاهەنگی ڕۆژی هەینی ڕابردوی یازدەی سێ بەحزوری مەسعود بارزانی کە ئامادەی ئاهەنگەکەبوو، دیارە خۆی هەستی بە لاوازی و کەمی جەماوەری پارتی کردبوو وەک نەرمی مەسەلەی ئاوەکەی لێهاتبوو!!.. کاکەمین ئاوای درکاند کە کاک مەسعود دڵگران و نیگەران بووە لەو ڕۆژە کە چۆن پارتی کەسی پێوە نەماوە لە شاری هەولێر.. جا وەک ئینتیقامێک بۆ ئەو بێ جەماوەریەی پارتی و لاوازیەی کە پێی وەدیاربوو لە 11/3 بەتایبەت ئەو هەموو ئاڵا سەوزەی یەکێتی کە لە کۆبوونەوەکان باس دەکرێت! دیارە پارتی سەرو دڵیان پێ گیراوە. ئەم زانینی حەجم و لاوازیەی خۆیان پێ هەرس ناکرێت بۆیە لەو کۆبوونەوە مەسول ناوچەکانی سنوری لقی 16ەی پارتی پێیان ڕاگەیەنرا کە بۆ 14/3 ڕۆژی لەدایکبوونی مەلا مستەفا واتە بۆ بەیانیەکەی بکەنە ئاهەنگێکی گەورە لەهاوینە هەواری (هەنارە) کە تایبەت بە پارتی بێت تاکو ئەمجارە عەرزی عەزەڵاتیان پێشانی هەموو خەڵکی کوردستان بدەن کە حەجمی پارتی چەندە؟؟ بۆیە بەو مەسول ناوچانەیان ڕاگەیاند کە هەریەکەو لەسنوری خۆی دەبێ 1000 هەزار کەس ئامادە بکات بۆ ئەو ڕۆژە بە ئیجباریش بێت دەبێ ئەو هەزار کەسە ئامادە بکرێت بۆ ڕۆژی ئاهەنگەکە کە دەکاتە ڕۆژی لە دایکبوونی مەلا واتە 14/3.. بەڵام لەبەر ئەوەی ماوەکە کەم بووە، دەیانزانی ئەو جەماوەرە کۆ نابێتەوە بە یەک ڕۆژ هەروەها مەسول ناوچەکان ڕەنگە نەتوانن هەر یەکەو لەلای خۆی ئەو هەزار کەسە بە ئیجباریش بێت ئامادە بکات بۆیە بروسکەیەک لەدوای یەک سەعات بۆ ئاگادارکردنەوە کە ئاهەنگەکە دوابخرێت بۆ ڕۆژی ئاگرکردنەوە واتە 20/3 یان 21/3 یان بۆ یەکێک لە ڕۆژەکانی نەورۆز دوا بکەوێت.. لە کۆبوونەوەکەدا زۆر شت باسکراو جێگەی سەرسوڕمان بوو! کە بۆنی هەمان بیرکردنەوەکانی قادر دوبزی لێوە دهات کە بە (کەمال کەرکوکی) ناسراوە. ئەو زاتە کە لە ناو پەرلەمان بێ سێ و دوو گوتی (....خەریک بوو ببێتە شەست و شەش!!) وەک بێ ڕێزی و ئیهانەیەک بە یەکێتی و خودی تاڵەبانی ئەم قسەی کرد.. یەعنی جەلال و یەکێتی هەر بە جاش لەلایەن ئێمەوە لەقەڵەم دراون ئەگەر هەزاران جاریش تەنازول و خۆفرۆشیمان بۆ بکەن..
بەڕێزان
جەلال تاڵەبانی لەلایەن پارتی کۆتایی پێ هاتووە جا خۆشی دەیەوێت کۆتایی بەیەکێتی بێنێت هەروەک کۆتایی پێهێناوە بەڵام بەداخەوە هەندێ لەکادیرە باش و لایەنگرە بەزەمیرەکانی یەکێتی هێشتا هەستیان بەو وەزعە سوک و خۆفرۆشەی تاڵەبانی نەکردوە، چونکە زۆربەی لایەنگرو کادیرانی یەکێتی هێشتا جموجۆڵەکانی بە فەلسەفە و حیکمەت و عەبقەریەتی مامەی لێک دەدەنەوە گوایە لێی تێدەگەن!! بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ هەقیقەتەکان ڕوون دەبنەوە کە جەلال لە چ ڕەگەزو توخم و سنفێکی ئەهریمەنی یە؟؟!! بەکورتی تەنها تەرکیز لەسەر دوو شت دەکەمەوە لەو کۆبوونەوەیەدا: یەک/ باسی دڵ گرانی و تەنگەتاوی مەسعود بارزانی کرا لەو ئاهەنگەی پارتی بەردەم قەڵای هەولێر کە سازیان کرد بە بۆنەی 11/3 چەندە لاوازو بێ هێز هاتبوە پێش چاوی سەرۆک، بۆیە بڕیار درا ئاهەنگێکی گەورە لە هاوینە هەواری (هەنارە) سازبکرێت بۆ ڕۆژانی نەورۆز وەک تۆڵە کردنەوەیەک چونکە ئەوان زیاتر لە زۆرو بۆری ئاڵا سەوزەکانی یەکێتی پەست بووبوون و دلڕ گران بوون!! دوو: کاکەمین نەجار، لە یەکێ لە قسەکانیدا گوتی: (ئێمە سەگ لە سەگ بەر دەدەین) مەبەستی یەکێتی و گۆڕان بوو کە چۆن تێکیان بەردەدەین. بەوەی کە تاڵەبانی چیمان بۆ دەکات و چۆن چۆنی لە خزمەت بڕیارو فەرمانەکانی سەرۆک بارزانی دایە بۆ لێدانی خەڵکی سلێمانی و گۆڕان بەتایبەتی.. وەک چۆن کاتی خۆی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ شیعەکانی ئێرانی بەشیعەکانی عێراق بە کوشت دەدا لە بەربەرەکانی جەنگدا ئاواش شەڕی ڕەت ئیعتیبارو تۆڵە سەندنەوە بۆ پارتی لە خەڵکی سلێمانی و، بزوتنەوەی گۆڕان، دەبێ بە جەلالی شاگردو خوڵام بۆمان بکرێتەوە.. هیوادارم لەم شتانە ئاگادار بن و هەست بەو مشەوەشی و تەنگەتاویەی پارتیش بکەن بەتایبەت لە شاری هەولێر، ئەو هەولێرەی کە چەندە بێ نازو خنکاو خەفەتبارو بێکەس کەوتووە.. کێ بەهانای ئەو خەڵکە بێنازو پەنگخواردووەی شاری هەولێر دێت؟ ئەو پرسیارە بۆ سایتە بوێرەکەی (کوردستانپۆست)یش ئاراستە کراوە؟
هەموومان چاوی خۆزگەمان لە دکتۆر کەمالی سەید قادرو، سەرسپی یە بوێرە سیما گەنجەکەی بێرکۆت (عبدالله پەشێو)ە. نازانین ئەو ئاخ و سۆزەی دووریتان بۆ هەولێر لەدوورەوە چ سودێک دەگەیەنێت گەر ئەو نرکەو ناڵەی ڕۆلەی لە دایک بزربوو نەگاتەوە باوەش؟! گوێتان لە هاواری هەولێرو بێرکۆتی ئەسیرو دەگیرکراو نیە؟؟ ئاخر هەولێر لە یادیەتی چیتان گوت: بە بیرتە بێرکۆتی زەردو سیس و سەرسپی، چیت بە خەڵکی هەولێر فەرموو: (یەک پرەنسیپم هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە پشتم لە دەستەڵات بێت و ڕووم لە جەماوەر بێ).. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر گەنج و پیرو ژن و کچ و لاوی ئەم شارە پێویستی بە عەمەلی کردنی ئەم ڕێچکەو پرەنسیپەتان هەیە. دڵنیابن دڵنیا بەس بگەڕێنەوە هەزاران هەاز کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکانی شاری هەولێرو باوەشی گەورەی بێناز، یەکجار بێ ناز، دەکەنەوە بۆتان.. هەولێر لەناو ئەو هەموو شوانانە بێ شوان و بێ دکتۆرە، بێرکۆت؟؟؟!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست