حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان له‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاری مێژویدا

Wednesday, 03/11/2010, 12:00



بۆ کۆمۆنیسته‌کان هه‌میشه‌ پرسیاری گرنگ له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات، ئاخۆ حیزبێکی کۆمۆنیستی ده‌بێت به‌ چ پره‌نسیپێکی کۆمۆنیستیانه‌وه‌ خۆی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌حزابگه‌لێکی بۆرژوازی جیا بکاته‌وه‌، که‌ هه‌رده‌م سۆسیالزم و مارکسیزمیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان به‌کارهێناوه‌ و هه‌میشه‌ (چینی کرێکار) که‌ ئه‌سڵی بابه‌ته‌که‌یه‌ له‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ی مارکس و ڕابه‌رانی دیکه‌ی کۆمۆنیستیدا، به‌ لاڕێدا بردوه‌ ته‌نها له‌ پێناو تاریککردنی ئه‌و ئاسۆ مه‌زنه‌ی که‌ مرۆڤایه‌تی ده‌توانێت له‌ ئاینده‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و چینه‌دا هه‌رچی خه‌ونی ئاسوده‌یی هه‌یه‌، به‌ده‌ست بهێنێت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وا دیاره‌ ئه‌ویش به‌ ناڕاسته‌وخۆ خۆی خزاندۆته‌ نێو ئه‌و کایه‌ ناکرێکاریانه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌حزابگه‌لی بۆرژوازی و حیزبه‌ خێڵه‌کیه‌کان که‌ بۆده‌ورانێک چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش په‌یام و شیعاره‌کانیان بوو. ده‌مه‌وێت بۆ سه‌رجه‌م خوێنه‌ران و خه‌ڵکی ئازادی خواز ئه‌وه‌ ڕوون بکه‌مه‌وه‌، که‌ حیزبی کۆمۆنیست به‌و مانا ڕاستیه‌ی خۆی که‌ ته‌نها ئامرازی ده‌ستی چینی کرێکاره‌ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی هه‌ڵکردنی ئاڵای شۆڕشی یه‌کجاری دژی سیستمی سه‌رمایه‌داری و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت، که‌ ناوه‌ڕۆکی چینایه‌تی و سه‌رجه‌م چینه‌ چه‌وسێنه‌رکان پێک دێنی، تا ئێستا به‌ فیعلی نه‌توانراوه‌ حیزبێکی وا له‌ مه‌یداندا ببینرێت.(ئه‌گه‌ر چی شۆڕشی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی ڕوسیای ساڵی 1917 ی به‌ ڕابه‌رایه‌تی لینین و بۆلشه‌فیکه‌کان توانیان داروپه‌ردووی نیزامی دڕندانه‌ و سه‌رمایه‌داری ڕوسیا له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ نه‌توانرا وه‌ک دوا ئامانج که‌ له‌ به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ته‌ جێبه‌جێ بکرێت و له‌ جێیدا خاوندارێتی گشتی بسه‌پێنریت، ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ بۆ دروست بونی حیزبێکی به‌ فیعلی کۆمۆنیستی، دیاره‌ ئه‌وه‌ش هۆکاری زۆره‌ و له‌م نوسینه‌دا ناتوانرێت ده‌ستنیشان بکرێت).
به‌هه‌رحاڵ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان دڵی به‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک خۆش بوو، به‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌ ده‌توانێت ببێت به‌و ئامرازه‌ی که‌ چینی کرێکار و خه‌ڵکی هه‌ژار له‌ ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سبه‌ینێی شۆڕشدا پێکه‌وه‌ به‌ دوای ئه‌و ئاسۆ مه‌زنه‌دا بێنه‌ مه‌یدان، بۆ حیزبێکی کۆمۆنیستی ته‌نها ده‌توانێت خه‌ته‌ چینایه‌تیه‌که‌ی خۆی بناسێت، نه‌ک بکرێت به‌ حیزبێک له‌ خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ و خێڵ و که‌سانێکدا بێت که‌ به‌ هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ک نزیکایه‌تیه‌کی له‌ گه‌ڵ خه‌م و ده‌ردی چینی کرێکاردا نیه‌.
له‌م ڕۆژانه‌دا که‌سێک به‌ناوی(به‌رزانی شێخ موحه‌مه‌د) کوژراوه‌ له‌ سلێمانی، دیاره‌ ئه‌م حزبه‌ش هاتوه‌ په‌یامی خۆی و خه‌مباری خۆی بۆئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌ربڕیه‌وه‌. ده‌کرێت بڵێین ئایا سه‌رکردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ هیچ خه‌به‌رێکی له‌م که‌سه‌ هه‌یه‌ که‌ ڕابردوه‌که‌ی چی بووه‌ و چۆن ژیاوه‌؟ به‌ ڕێزان من ته‌نها ده‌مه‌وێت هه‌ڵوێستێک له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ دڕندانه‌یه‌ بکه‌م که‌ ئه‌م که‌سه‌ ده‌ستی هه‌بوو له‌ تیرۆر کردنی (گۆرانی شێخ سه‌لام سۆڵه‌یدا) ئه‌م خێزانه‌ واته‌ ماڵی شێخ سه‌لام چونکه‌ بیرکردنه‌وه‌یان جیاواز تر بوو له‌وانی دیکه‌و شێخ سه‌لام خۆی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی شیوعی عێراقی بوو، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه‌ به‌ڕێزه‌ شه‌هید ده‌کرێت له‌ ساڵی 1974دا، منداڵه‌کانی که‌ دوو کچ و دوو کوڕن، لای نه‌نکیان به‌ هه‌زار و یه‌ک کوێره‌وه‌ری گه‌وره‌ ده‌کرێن و به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێک ئاماده‌ بن ده‌ست له‌ که‌سێک پان بکه‌نه‌وه‌، خوێندنی خۆیان ته‌واو ده‌که‌ن. دواتر خوشکی گه‌وره‌یان ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری بکات له‌ گه‌ڵ کوڕێکی سه‌ر به‌هه‌مان چینی هه‌ژار له‌ ده‌ربه‌ندیخان، لێره‌دا ئه‌م بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌ ڕازی نابن به‌وه‌ی که‌سێکی له‌ وه‌جاخزاده‌ی شێخ بێت شوبکات به‌ که‌سێکی مسکێن، به‌پێی ته‌عریفه‌ی خۆیان، چونکه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن مسکێن له‌ پژمه‌ی به‌رازه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕیه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌م خێزانه‌ به‌ڕێزه‌ هیچ ئاماده‌ نین بچنه‌ ژێر ڕکێفی ئه‌و داخوازیه‌ شێخ گه‌رایه‌تیه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک مافێکی ئینسانی خۆیان ده‌یانه‌وێت خۆیان سه‌ربه‌ستانه‌ بڕیاری ئاینده‌ی خۆیان بده‌ن، ئه‌وه‌ بوو ئه‌م بنه‌ماڵه‌ شێخه‌ له‌ ساڵه‌کانی نه‌وه‌ده‌کاندا به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌که‌وه‌ دێنه‌ ده‌ربه‌ندیخان و زۆر به‌ناهه‌قانه‌ و ته‌واو نامرۆڤانه‌ گۆرانی زه‌حمه‌تکێش و ژیان په‌ڕ له‌ قورسای تیرۆر ده‌که‌ن، ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ئه‌م ئینسانه‌ شه‌ریفه‌ی تیرۆر کرد ئه‌م (به‌رزانه‌) بووه‌. ئیتر من نازانم ئه‌م که‌سه‌ ده‌ستی هه‌بوه‌ له‌کاری خیانه‌ت کردنی دیکه‌دا، چونکه‌ من وه‌ک ده‌ربه‌ندیه‌ک ئاگاداری ئه‌م کاره‌ساته‌ هه‌م به‌ده‌ستی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ شێخه‌.
لێره‌دا ده‌بێت بپرسین ئه‌رێ هاوڕێیانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، به‌ڕاست ئێوه‌ سه‌ر به‌کام چین و توێژن له‌ کۆمه‌ڵگادا؟ ئێوه‌ له‌ خزمه‌ت شێخ و بنه‌ماڵه‌دان یان له‌ خزمه‌ت به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش له‌ به‌رانبه‌ر مه‌ینه‌تیه‌کانی ژیانیاندا؟ ئاوا ده‌توانن په‌یامی ڕابه‌رانی کۆمۆنیستی تا ده‌گات به‌ تێگه‌یشتنه‌کانی مه‌نسور حیکمه‌ت له‌ مه‌ڕ شۆڕشی چینایه‌تی چینی کرێکار لێکبده‌نه‌وه‌ و کاری له‌سه‌ر بکه‌ن؟ تۆ بڵێی دوای ئه‌م هه‌ڵوێستگیریه‌ی ئه‌م حیزبه‌ له‌ که‌سی دوه‌می کوژراو، که‌سێک که‌ خۆی به‌ کۆمۆنیست و هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ مه‌زنه‌ بزانێت، بتوانێت له‌ نێو ئه‌و حیزبه‌دا درێژه‌ به‌خه‌باتی چینایه‌تی خۆیبدات؟ یان ده‌بێت جه‌خت بکه‌ن له‌ کۆمیته‌ ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌ و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌یان تا هه‌ڵوێستی جیدی و ڕونکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ ڕابگه‌یه‌نن. که‌ چ هۆکارێک وای لێکردون وه‌ک حیزب ئه‌و په‌یامه‌ ڕابگه‌یه‌نن؟ به‌هیوام خوێنه‌ر خۆی بتوانێت ئه‌م ڕاستیانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنێت. دوای ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بکرێت ڕاپرسیه‌ک بکرێت له‌ ده‌ربه‌ندیخاندا بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت خێزانی شێخ سه‌لام له‌ چ ئاستێکی به‌ڕێزی و حورمه‌تداریدان له‌ نێو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و توێژه‌ ڕۆشنبیره‌کاندا، ئه‌وجار هه‌موو ڕاستیه‌ک ده‌رده‌که‌وێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە