کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تونس سەرهەڵدان و شۆڕشی نان..!

Tuesday, 18/01/2011, 12:00



رووداوەكانی تونس ئاماژە گەلێكمان نیشان دەدەن و هەڵوەستە كردنیش لەسەر ئاماژەكان فرە ڕەهەندین، دەكرێ بە هەموو لایەنەكانیەوە باسیان لێوە بكرێت و شیتەڵێكی بابەتیانەی بۆ بكرێ، وەلێ وەرگرتنی هەموو لایەنەكان لەم چەند دێرەدا ناچێتە ناو بازنەی پێكانی مەبەستە سەرەكیەكە. ئەوەی زۆر گرینگە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ ئەو هەڵچوونە پڕ لە جوانیەیە كە مرۆڤ دەخاتە نێو چوار چێوەی ئەندێشەی ژیانەوە، ئەویش ترۆپكی قوربانیدانە لە پێناو ژیان. بێكاری و برسیەتی وا تەنگی بە هاوڵاتیانی تونس هەڵچنیوە تا ئەو ئاستەی قوربانی ژیانی لە پێناو ژیان لێبكەوێتەوە،تەنانەت ئەو شۆرشەی كە لە تونس روویدا هێندە پشت ئەستوور بوو بە متمانە بە خۆبوون دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری لە شێوەی (زەین العابدین بن علی) بەو دەسەڵاتە دیكتاتۆریەی23ساڵە حكومرانی دەكات نەیتوانی بەرگەی چەند رۆژێكی كرێكاران و پێشكەوتنخوازان بگرێت.ناچمە سەرئەوەی ململانێ چینایەتیەكان لەسەر ئاستی جیهان گەیشتۆتە چ ئاستێك، بەڵام نموونە برسیەتی و بێكاری گەلی تونس بەسە بۆ وێناكردنی سیستەمی مرۆڤ كوژی سەرمایەداری. شاعیرێكی عەرەب دەڵێت (ئەگەر میللەت ئیرادەی ژیانی ببێ دەتوانێ دڕ بەشەوە زەنگ بدات و كۆت و بەندەكان چەندەش بن دەیشكێنێ) ئەوەیە ئیرادەی گەل گەر بیەوێ گۆڕانكاری بنەرەتی و بنچینەیی لە سیستەمە سەپێنراوەكان بكات (بێ گومان نموونەی تونس) هیچ بەربەستێك نابێتە روخاندنی قەڵای خواستی مرۆڤ. لە لایەكی دیكەوە ئەو شێوازە حكومڕانیەی كە لە ناوچەكەدا بەزۆری سەپێنراوە ئەگەر پێرەوەكەى تا ئاستى نیو سەدەیەكیش بخایەنێ دەبینین كەچارەنووسیان چ چەشنێكە، وێرای ئەوەی تا دێ دەرفەتی ژیان لەم دەوڵەتانەی كە چەوسانەوە وەك ئامرازێك بۆ چەسپاندنی سیستەمی دەسەلاتیان پەیڕەو دەكەن ئایندەیان باش نابێ و ئەو خۆسەپێنی و گوشینی هێزو بازووی میللەت زۆر ناخەیەنێ،ئەوەی مایەی خۆشحاڵیەشێوازی شۆرشی ڕووبەڕووبونەوەوسەرهەڵدانیش جیهانبینییەكى دیكەی بەخۆیەوە بینیووە لە شێوەی خەباتی مەدەنی وەك ئەوەی كە دەبینین تێكۆشانی سەندیكاكان بەچ ئاراستەیەك كاریگەری خۆی دەچەسپێنی لە گۆڕانی شێوەی بەرێوەبردنی وڵات. برسیەتی و بێكاری و گەندەڵی و دیكتاتۆریەت چەند شێوازێكی ئەم دەوڵەتە چەوسێنەرانەن كەوا لە گەلەكانیان دەكەن بەدوای جێگرەوەی دیكەدا بگەرێن، هەڵبەت باشترین جێگرەوەی دەسەڵاتى خۆسەپێنەریش دەسەڵاتی گەل و كارگەرانە. گەرانەوە بۆ گەل پتەوكردنی پێگەی هەر دەسەڵاتێكە بیەوێت لە نێو برك و ژانەكانی گەلەكەیدا گوزەر بكات ، گوێنەدان بە خواست و ویستی گەل و چەوساوەكانی وڵات هۆكاری سەرەكی هەڵتەكاندنی رۆحی دەسەڵاتی سەرمایەدار و خۆسەپێنیە لە رێگەی خەباتی چینایەتی و كرێكاری و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە