رۆڵًى میدیا لە ئاشتەوایى نیشتیمانى*
Tuesday, 03/05/2011, 12:00
هەڵبژاردنى ناونیشانێكى لەم چەشنە لە 113 یەمین ساڵوەگەڕى هاتنە بوونى یەكەم رۆژنامەى كوردى (كوردستان) كە بۆتە رۆژى رۆژنامەگەرى كوردى ، لەم ئان و ساتەدا تێكەهەڵكێش بە بارودۆخى ئەمرۆ لە ناونیشانەكە زیاتر هەڵ دەگرێ .
یەكەم جارە كە لە مێژووى درێژخایەنى نەتەوەى كوردا میدیا توانیویەتى سوود لە ئازادى ڕادەربڕین وەربگرێ بۆ داكۆكى كردن لە خواست و ئامانجى ڕەواى نەتەوایەتى كورد . بەرلەم هەڵ و مەرجە بەردەوام میدیاى كوردى لە حاڵەتى بەرخودان و دژایەتى كردنى حكومەتە نەیارەكان دا بووە . بە پێی جارنامەى مافەكانى مرۆڤ بەندى نۆزدە هەموو مرۆڤێك مافى ئازادى بیرو باوەڕ و ئایدیاى خۆى هەیە . مەبەست لە خاوەنداریەتى ئەم مافە ئەوەیە كە هیچ رێگری و ئەزیەت و ئازارێك نەبێ لە بەردەم ئازادى بیروباوەردا . دیارە ئازادى ڕادەربڕینیش یەكێكە لە مافە بنەڕەتیەكانى مرۆڤ كە بەشى زۆرى ئەم مافە تەنیا لە رێگاى میدیاوە دەستەبەر دەكرێ . هەڵبەت بەكارهێنانى ئازادى رادەربڕین لە میدیادا نابێت بە شێوەى ڕەها و بێ ئامانج بێ . لە وڵاتانى دیموكراسی كە هەوڵ دەدرێت بنەماكانى دیموكراسى پەیرەو بكرێت لە روانگەى مامەلەى تاك وەك هاووڵاتى مافى بەشدارى سیاسى و پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى پاراستنى خاك و تەندروستى هاووڵاتیان لە ڕووى كۆمەڵایەتیشەوە .ڕەنگە هەندێ جار ئازادى رادەربڕین تووشى كەم و كوڕى بێت بەڵام بە گشتى ئازادى رادەڕبرین گرەنتى و حەسانەى كۆمەڵگاى دیموكراسیە . بێگومان لە وڵاتانى دیموكرات ، میدیا بەر لەوەى كە ڕووبەرووى رێنمایى و رێو شوێنە یاساییەكان ببێتەوە پرەنسیب و بنەماكانى ئەخلاقى رۆژنامەوانى پەیرەو دەكەن كە ئەمە وادەكات رۆژنامەوان و میدیا خۆ خۆازانە و خۆ ویستانە بە بێ گوشارى دەرەكى ئەرك و رۆڵى ڕاستەقینەى میدیا بەرێوە بەرێت . یەك لە ئەركە هەرە گرنگە ئەخلاقیەكانى میدیا پاراستنى ئاشتى و ئارامییە لە نێو كۆمەڵگەى دیموكراتدا ئەمەش دەگەرێتەوە سەر كاریگەرى فاكتەرەكانى ترى دیموكراسى كە كەمترین كەڵێن و ناتەبایى نەهێلێت لە نێوان هاووڵاتیاندا، كۆمەڵگاى كوردستان پڕە لە ناكۆكى و ناتەبایى كە ئەمەش بەرهەمى سەدان ساڵ داگیركارى و سیستەمى ناكەرامەى دەسەڵاتداریەتى بووە ، لە م بەشە ی خاكى كوردستان . دواى نەوەدەكان لە بەر هەڵو مەرجى نێوخۆیی و نێودەوڵەتى بارودۆخێكى نیمچە ئازاد هاتە كایەوە بۆ میدیاى كوردى بەڵام بەشێك لە ناكۆكى و ناتەباییەسیاسییەكانى حزبە باڵا دەستەكان بوونە بەربەست لە بەردەم پەرەسەندنى تەندروستى رەوشى میدیاى ئازاد و بێ لایەن و ڕاستگۆ و ئاشتیخواز. لە هەڵ ومەرجى ئێستادا بەردەوامى ناكۆكى و ناتەبایى سیاسى ، كۆمەڵایەتى ، ئایینى ، ئابوورى و كەلتوورى لە میدیادا رەنگى داوەتەوە لە راستیدا هەر كام لە ئامرازەكانى راگەیاندنى ئێمە (تیڤیەكان ، رادیۆكان ، چاپكراوەكان ، رۆژنامە ئەلیكترۆنیەكان) بۆنەتە وتەبێژ و زمانحاڵى بەرژەوەندى و لایەنێكى تایبەت، هەر ئەمە وادەكات كە رۆڵى راستەقینەى میدیا لە شەڕ و ملمڵانێى ئەم بەرژەوەندیانەدا كەم ڕەنگ بێتەوە و هەندێجاریش بە تەواوەتى بزر بێ ، هەروەك لە ماوەى رابردوو و ئێستادا دەیبینین . هاووڵاتى و وەرگرى كورد بە تەواوەتى متمانەى بە هیچ كام لە میدیاكان نەماوە لەبەرئەوەى كە رۆڵى سەرەكى میدیا ڕاستگۆیى و بێ لایەنى و دوور بوونە لە چاندنى تۆى ڕق و كین و دووبەرەكى و توندوتیژى نانەوە ، كارێكى وا كراوە میزاجى گشتى بەرەو زمانى زبر چووە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بكەم بۆ رۆڵى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان كە ئەمیش نەیتوانیوە بە شێوەیەك لە شێوەكان میدیا بێنیتەوە سەر هێلە ڕاستەقینەكانى كارى رۆژنامەنووسى (ئەگەر ئەم رستەیە وەك ڕەخنە لێمان وەربگێرێ) . بۆ چارەسەرى ئەم كێشەیە پێشنیارم وایە كە سەندیكا كاراتر و چالاكانەتر لە تێك هەڵكێش كردنى ئازادى ڕادەربڕین و دیموكراسى و بەكارهێنانى میدیادا هەموو هێز و تواناى خۆى بخاتە گەڕ بۆ پەروەردەكردنى رۆژنامەنووسانى كورد بە شێوەیەكى تەندروست و پرۆفیشناڵ و پشت بەستوو بە ئەخلاقى رۆژنامەوانى وەك پیشەیەكى هەرە گرنگ لە كۆمەڵگادا كە دەتوانێت راى گشتى بەرەو ئاراستەى باش یان خراپ بەرێت . دەتوانێت كۆمەڵگا بەرەو شەڕ یان ئاشتى بەرێت و دەتوانێت كۆمەڵگا بەرەو پێشكەوتن یان دواكەوتن بەرێت . هەڵبەت بێ لایەنى رۆژنامەوانى دەبێت سەندیكاش بگرێتەوە و سەندیكاش بێ لایەنى خۆى بە كردەوە بسەڵمێنێت و تاكو بتوانێت ناوبژیوانێكى بێ لایەن و باوەڕ پێكراو بێت لە نێوان بەرژەوەندیە جیاوازەكانى كۆمەڵگادا. تاكو ئیتر پەنجەى تۆمەتى حیزبى بوونى بۆ ڕانەكێشرى ، بۆیە پێویستى بە كۆششى زیاترە .
سەرەنجام ...
تا ئێستا و لە هەڵو مەرجى ئەمرۆماندا كە كوردستان رووبەرووى هەندێ كێشمەكێش و ئالۆزى سیاسى بۆتەوە ، هیچ كام لە میدیاكانمان نەیانتوانیوە رۆڵى راستەقینە و پیشەیانەى خۆیان كە بریتى یە لە ڕاستگۆیى ، بێ لایەنى ، ئازادیخوازى و ڕەچاوكردنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى و ئامانجە ڕەواكانى نەتەوەى كورد و ئاشتیخوازى و دوور بوون لە توندوتیژى و ..... هتد بگێرن . بۆیە من پڕ بە دڵ داواكارم هەموو میدیاكاران و رۆژنامەنووسان چ ئەندام و چ غیر ئەندام لە سەندیكا بگەرێنەوە سەر جێبەجێ كردنى ئەركى ڕاستەقینەى میدیا و خۆیان دوور بگرن لە شەڕى راگەیاندن و بەرژەوەندیە جیاوازەكان تاكو جێ پەنجەى میدیاكاران لە ئاشتەوایى نیشتیمانى دیار و بەرچاو بێ و بتوانین كێشەكان بە ئاشتییانە چارسەر بكەین نەك شێوەى ئێستا كە میدیا بۆتە ئامرازێكى نابەجێ و نالەبارى ڕەوش لە هەرێمى كوردستاندا ، ئەوەش دەزانم كە هەر دەزگایەك لایەنى پشتگیركار ى دارایى (پارەدەر) سیاسەت و فەلسەفەى میدیایى خۆى بۆ دادەرێژى ، بەڵام كەسایەتى راگەیاندنكار ئەوە دەهێنێت بەرژەوەندى گشتى لە سەرووى بەرژەوەندى تاك و گروپى بچووك بێت.
*ئەم بابەتە لەسمینارێكى لقى هەولێرى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان پێشكەشكراوە لە113ساڵەى رۆژنامەگەرى كوردى هەر بەم ناوونیشانەسمینارەكە رێكخرابوو..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست