حكومەتێك لە خوار 30 پلەى سەدیەوە
Sunday, 17/06/2012, 12:00
ساڵانێكى زۆر بوو خەڵكى ئەم وڵاتە خێر لە خۆ نەدیوە چاوەڕیی ئەو رۆژە بوون كە ببنە خاوەنى حكومەت و فەرمانڕەواى خۆیان.. چەندین ساڵ بوو خزمەتى پێشمەرگە و هەموو كە سێكیان دەكرد بە جلی خاكى و جۆتێ ئەدیداسەوە رووى لە گوندەكان دەكرد، هەرچەند هەندێك لەوانەش راكردوو بوون لە كەسوكار یان لە بابەتێكى یاسایی، بەڵام خەڵكى گوند هەموویانی وەك یەك سەیر دەكرد و لاى ئەوان هەموو پێشمەرگە بوون..
شوكر بۆ خوا ئەو رۆژە هاتە دى و بووینە خاوەنى حكومەتێك كە بە كوردى قسە دەكات، هەرچەند تا ئێستاش لە زۆر شوێن بەكوردى نانووسێت.. بەڵام هەرچۆنێك بێت حكومەتێكى كوردییە..
ئەمەى تا ئێرە هەر پێشەكى بوو.. بەڵام ئەوەى مەبەستمە ئەو شتەیە كە تا ئێستا لێی تێنەگەیشتووم و نازانم سەبەبەكەى چییە.. ئەویش ئەوەیە نازانم بۆچی ئەم حكومەتەى ئێمە تەنها لەخوار 30 پلەى سەدیەوە دەتوانێت خزمەتگوزارییەكانى پێشەكەش بە هاوڵاتیانى بكات.. حكومەتێك لەسەروو 30 پەلى سەدیەوە تەواوى جومگەكانى لە كار دەكەون و ناتوانێ هیچ كارێ بكات..
ئەوەتا هەر ئەوەندەى پلەى گەرما لە كوردستان گەیشتە 30 پلەى سەدى و بەرەو سەر، ئیتر سەرۆكى حكومەت و لایەك لە وەزیرەكانى بەرەو هەندەران و جێگا فێنكەكان جێمان دەهێڵن.. لەولاوەش دوو وەزارەتە گرنگەكە كە بەرپرسن لە دابینكردنى دوو خزمەتگوزارى پەیوەست بە ژیان و گوزارەنى خەڵكەوە پەكیان دەكەوێت..
بەڵێ هەر ئەوەندەى پلەى گەرما لە 30 پلە تێپەڕى بوونى كارەبا لە 20 سەعاتەوە دادەبەزێت بۆ 14 سەعات و دواتریش لەگەلأ هەر دەرەجەیەك بەرزبوونەوە سەعاتێك بوونى كارەبا كەم دەكات و لەو لاوەش سەعاتێك بوونى موەلیدە زیاد دەكات و بەمەش خاوەن موەلیدەكان و بەرپرسەكانى پشتیان قازانجێكى باش دەكەن!
هەر لەگەلأ ئەمەشدا كە پلەى گەرما لەم وڵاتەدا لە 30 پلە بەرەو سەرەوە بوو، لەم شارە حەیاتەى كە پێی دەڵێن پایتەختى هەرێم یان وەك كابرا وتى دوبەى!! ئاو لە بۆریەكاندا نامێنێ و عەیب نەبێت دەبێت بۆ مەسینەیەك ئاو یەك دانە سەعات ئەو بۆریە ناسكە بمژی.. بەمەش بازاڕى تەنكەرەكانى ئاو دەبوژێتەوە و یەك تەنكەر ئاوت بە تەنها 50 هەزار و سەد منەت بۆ دەگەیەننە سەربانى ماڵەكەت..
كەواتە ئەم حكومەتەى خۆمان لە كەتەلۆكەكەى نوسراوە (تكایە تەنها لە نێوان 14 بۆ 30 پلەى سەدى بەكارى بهێنن ئەگینا جام دەكات و دواتریش بەهیچ كارخانە و وەستایەك ناكەوێتەوە ئیش چونكە عەقڵەكەى تێك دەچێت)..
منیش پێش ئەوەی بچمەوە بۆ مژینى بۆری ئاوەكە دەڵێم دەك خوایە یان چاكى كەى یان پاكى كەی و لە كۆڵمانى كەیتەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست