وه‌ڵامێک بۆ "ره‌خنه"‌که‌ی کاک عه‌دنان کۆچه‌ر

Friday, 26/06/2009, 12:00


کاک عه‌دنان کۆچه‌ر له‌ سایتی "کوردستان پۆستدا" چه‌ند دێڕێکی پڕ له‌ ناڕاستی و هه‌ڵبه‌ستراوی له‌ دژی خۆم و حزبه‌که‌م، حزبی شیوعی کوردستان نووسیبوو، که‌ ئه‌گه‌ر له‌ کوڕی شه‌‌هیدێکی هێژاو قاره‌مانی حزب و گه‌له‌که‌مه‌وه‌، که‌ شه‌هید کۆچه‌ره‌، نه‌نووسرایه‌ هه‌ر وه‌ڵامیشم نه‌ده‌دایه‌وه‌.
جارێ ئه‌گه‌ر من سه‌رکرده‌بم یان نا، ئه‌وه‌ ئه‌و نووسه‌ره به‌ڕێزه‌‌ بڕیاری له‌سه‌ر نادات، به‌ڵکو بڕیار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شیوعییه‌کان و رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌م و بۆ مێژوی تێکۆشان که‌ راستییه‌کان ناکه‌ن به‌ژێر خۆڵه‌وه‌.
پاشان با کا‌که‌ عه‌دنان بێ منه‌ت بێ، با مێژوی من هه‌ڵبداته‌وه‌و، ته‌حه‌دای ئه‌وو نمونه‌کانی ده‌که‌م ئه‌گه‌ر جگه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی سپی و پاک و قوربانیدان و تێکۆشانی پتر له‌ نیو سه‌ده‌ی بێ دابڕان و بێ چۆکدادان، له‌ رێزه‌کانی حزبی شیوعیداو، له‌ بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستاندا، شتێکی دیته‌وه‌ که‌ خه‌وش و شه‌رمه‌زاری بێت بۆ خۆم و حزبه‌که‌م با بڵاوی بکاته‌وه‌.
نووسیویه‌تی: " که‌سانێکی وه‌کو ئه‌م زاته‌ی که‌ناوی (جه‌لال ده‌باغ)ه‌ بۆ بیر له‌ ده‌ست کێشانه‌وه‌ له‌ کاری سیاسی و ته‌نانه‌ت نوسینیش ناهێنن"، به‌ڵام روونی نه‌کردۆته‌وه‌ بۆچی و له‌به‌رچی؟
باشه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی چییه‌ له‌وه‌دا که‌ من "بیر له‌ ده‌ست کێشانه‌وه‌ له‌ کاری سیاسی و ته‌نانه‌ت نوسینیش" بکه‌مه‌وه‌؟! ئه‌وه‌ کارێکه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ خودی خۆمه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرو بۆچوونمان له‌م یان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا جیاوازه‌ ده‌بێ داوای وا بخاته‌ روو؟. خۆ ئه‌و خۆی به‌که‌سێکی چه‌پ و دیموکراتخواز ده‌زانێ، ئیتر بۆچی مافی که‌سانیتر ده‌کات به‌ژێره‌وه‌و،رێز له‌ڕای به‌رانبه‌ر ناگرێت؟.
پاشان ده‌ڵێت: " ‌ کاتێک بابه‌ته‌که‌ی ئه‌م زاته‌م خوێنده‌وه" ناوی بابه‌ته‌که‌شی نه‌بردووه- ج. د‌!"‌ به‌راستی به‌ زه‌یم پێیداهات ،وه‌ره‌ گه‌ڵۆ جه‌لاڵ ده‌باغ له‌ ئاخیری عومری زه‌وقی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ڵساوه‌و له‌ بابه‌تێک به‌ رۆژی روناک داوه‌‌ی یارمه‌تی له‌ به‌رێز (مه‌سعود بارزانی) ده‌کات و وا بۆ خوێنه‌ران نیشان ده‌دات که‌ ئه‌گه‌ر به‌رێزی پارچه‌ زه‌ویك یاخود چه‌ند ده‌فته‌رێک پێشکه‌ش کات ئه‌وا واز له‌ خۆپالاوتن ده‌هێنێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم"...!
ئه‌م نووسه‌ره‌ که هیچ پێگه‌یه‌کی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نییه‌، مافی یاسایی و ده‌ستوریم پێ ره‌وا نابینێ که‌ به‌ خواستی خۆم، بۆ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم خۆم کاندید کردو، هه‌ر به‌ خواستی خۆشم ده‌ستم کێشایه‌وه‌، ئاخۆ ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتی هه‌بوایه‌ چی ده‌کرد؟
باشتره کاکه‌ عه‌دنان‌ به‌زه‌یی به‌خۆیدا بێته‌وه‌ که‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی‌ نییه‌ که‌من داوای یارمه‌تیم له‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی کردبێ، ناشزانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک نووسیویه‌تی" که‌ ئه‌گه‌ر به‌رێزی پارچه‌ زه‌ویك یاخود چه‌ند ده‌فته‌رێک پێشکه‌ش کات ئه‌وا واز له‌ خۆپالاوتن ده‌هێنێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم"؟! ده‌بوو نووسه‌ری به‌ڕێز له‌سه‌رۆک یان مه‌کته‌بی سه‌رۆکی بپرسیبایه‌، ئه‌وجا راستیی بۆ ده‌رکه‌وتایه، یان پرسیاری له‌خۆم بکردایه‌، چونکه‌ من هیچ شتێکی شاراوه‌م نییه‌‌. ده‌بوو بیزانیبایه‌ که‌ من به‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ بۆچوونه‌ ناڕاسته‌که‌ی ئاشکراده‌که‌م و به‌هیچ جۆرێک نه‌ داوام له‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی کردووه‌ که‌ یارمه‌تیم بدات، نه‌ تا ئێستا یه‌ک دۆلارم لێ وه‌رگرتووه‌، چ جای ده‌فته‌ر، نه‌ به‌و" مامه‌ڵه‌یه‌ی" کاک عه‌دنان باسی کردووه‌ ده‌ستم له‌ کاندیدکردن کێشاوه‌ته‌وه‌. ئیتر که‌ بابه‌ته‌که‌ی ئه‌م زاته‌م خوێنده‌وه‌ سه‌رم سوڕما که‌ ئه‌گه‌ر وه‌ڵاممدایه‌وه‌‌ چێ ده‌ڵێت؟ ئه‌ێ چۆن شه‌رم له‌ دایکی به‌ڕێزی و کاکی خۆشه‌ویستی و بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌که‌یان ناکات که‌ هه‌موویان زۆر چاک جه‌لال ده‌باغی هاوڕێی شه‌هید کۆچه‌ری سه‌ربه‌رزو قاره‌مان ده‌ناسن و نه‌ده‌بوو نووسینی له‌و چه‌شنه‌ی وا ناڕاستی له‌ دژ بنووسێت.
به‌ڕاستی سه‌یره‌ له‌ سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا، هێرش و په‌لاماری ناڕه‌وا‌و ناوزڕاندن بۆ سه‌رحزبی شیوعی کوردستان و سه‌رکرده‌کانی ده‌ستپێکراوه‌و ئاساییه‌ که‌ ئه‌و درۆو ده‌له‌سانه‌ له‌لایه‌ن دوژمنان و نه‌یارانی حزب و هاوڕێیانه‌وه‌ بڵاوبکرێنه‌وه‌، به‌ڵام هیچ ئاسایی نییه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی سه‌ربه‌ چه‌پ و رۆڵه‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی وه‌ک هاوڕێ کۆچه‌ره‌وه‌ بنووسرێن و، باشتره‌ کاک عه‌دنان کۆچه‌ر هه‌ر زوو داوای لێبووردن بکات و ئه‌گه‌ر وا نه‌کات له‌به‌ر چاوی بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌که‌ی و جه‌ماوه‌ردا هه‌ر خۆی ریسوا ده‌کات.
جه‌ماوه‌ری گه‌ل و بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان و به‌تایبه‌تی شیوعییه‌کان زۆر چاک ده‌زانن که‌ ‌ ئه‌وه‌ی زۆر له‌ "ماستاوو ئینتیهازییه‌ت" دووربێت نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌یه‌ که‌ هه‌رده‌م خاوه‌ن هه‌ڵوێست و قو‌ربانیدان بووه‌و بێ دابڕان له‌ریزی شیوعییه‌کاندا خه‌باتی کردووه‌. ئه‌گه‌ر وانییه‌ ده‌وا من به‌ راشکاوی ته‌حه‌دای هه‌موو دۆژمنان و نه‌یارانی حزب و شیوعییه‌ت ده‌که‌م با بێ منه‌ت بن چییان له‌سه‌رمن هه‌یه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بیخه‌نه‌ روو، یان به‌ روونی نووسینه‌کانم بده‌نه‌ به‌ر ره‌خنه‌و شیکردنه‌وه‌، نه‌ک تفه‌نگ به‌ تاریکییه‌وه‌ بنێن و بۆچوونی ناڕاست هه‌ڵبه‌ستن، وه‌ک کاک عه‌دنان کۆچه‌ر کردوویه‌تی. منیش له‌مه‌ولاش به‌رده‌وام له‌ هه‌موو ئه‌و زاتانه‌‌ بێده‌نگ نابم که‌ مێژوی تێکۆشانی خۆم و حزبه‌که‌م ده‌شێوێنن و،ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه‌ پێشوازیی هه‌موو ره‌خنه‌و سه‌رنجێکی دۆستانه‌و دڵسۆزانه‌ی دروستکار ده‌که‌ین و لێیان سوودمه‌ند ده‌بین، به‌ڵام مه‌حوی گوته‌نی (که‌سێک به‌ردم تێگرێ من به‌رقی تێئه‌گرم..)!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە