گەندەڵییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەخرێنە سەر بەڕە
Tuesday, 17/01/2012, 12:00
سایتی (كركوك ناو) لهبهداواداوچونێكدا چهندین گهندهڵی ئهندامانی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوكی خستۆتهرو، لهوانه بهشێك له ئهندامهكان كاری تریان ههیهو تهنانهت ئهندامێكی ئهنجومهنهكه لهههمانكاتدا بهرێوهبهری فهرمانگهیهكی حكومییه.
راپۆرتهكه ئاشكرایدهكات، ژمارهیهك ئهندامی ئهنجومهن كهمترین ئامادهییان ههیه له كۆبونهوهكانی ئهنجومهن و ههندێكیشیان تهنها بۆ وهرگرتنی موچه دهچنه ئهنجومهنهكه.
دهقی راپۆرتهكه
ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەیەک کاتدا دوو پۆست بەنایاسایی بەڕێوەدەبەن و ژمارەی ئەو ئەندامانەش کە ئامادەی کۆبونەوەکان نابن لەزیادبوندان. ئەندامێکی ئەنجومەن پێشنیازدەکات لەبەرئەوەی یاسایەک نییە بۆ لێپرسینەوە، سیستمی سزاو پاداشت پەیڕەو بکرێت.
(کەرکوک ناو) لەراپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا گەندەڵی دەکەن و تەنیا بۆ وەرگرتنی موچەکانیان دەچنە ئەنجومەنی پارێزگا، هەندێکی تریان لەیەککاتدا جگە لەئەندامێتی ئەنجومەن پۆستێکی تریان لەفەرمانگەکانی دەوڵەتدا هەیە، کە ئەوەش پێچەوانەى دەستوورەو ئەو دوو هۆکارەش بوونەتە هۆی لاوازبوونی کاری ئەنجومەنەکە.
تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتەکان
بەپێی زانیارییەکانى (کەرکوک ناو) بەشێک لەو ئەو ئەندامانەى ئەنجومەنی پارێزگا کە لەیەککاتدا دوو پۆستى (یاسادانان و جێبەجێکردن)یان هەیە، ئامادەنین دەستبەرداری هیچ کام لەپۆستەکانیان بن، لەکاتێکدا ئەو ئەنجومەنە پێدەنێتە هەشتەم ساڵی تەمەنییەوە.
قاسم بەیاتى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى رێگاوبانی کەرکوک، ئەلمَاس فازڵ دادوەر لەدادگای چەمچەماڵ، سلفانا بویا بەڕێوەبەرى خوێندنگا، عەلی مەهدى ئەندازیار لەکۆمپانیای نەوتى باکور، جوان حەسەن مامۆستا، ئەمەى دواییان لەکۆتایی 2009 وازی لەپیشەى مامۆستایی هێناوە، بەشێکن لەناوی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کەجگە لەئەندامی ئەنجومەن پیشەی تریان هەیە.
ئەو ئەندامانە موچەى هەردوو کارەکانیان وەردەگرن، ئەوەش بەگەندەڵی ئەندامانی ئەنجومەن ئەژماردەکرێت. لەکاتێکدایە کەرکوک سێیەم گەندەڵترین پارێزگایە لەسەرتاسەری عیراقدا.
هەر ئەندامێکی ئەنجومەن مانگانە سێ ملیۆن و (200) هەزار دینار وەردەگرن، جگە لەو پیشەیەى لەدەرەوەى کاری ئەنجومەندا دەیکەن، لەکاتێکدا 12 هەزارو 500 بێوەژن و ئەو ئافرەتانەى هیچ سەرچاوەکی تری داراییان نییە و چاوەڕوانن لەڕێگەى تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی پارێزگاکەوە مانگانە موچەى 50 هەزار دینار وەربگرن.
بەو پێیە موچەى یەک مانگی ئەندامێکی ئەنجومەن موچەى 64 بێوەژن و ئافرەتی کەمدەرامەت دەکات لەمانگێکدا
لەپەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی دژە گەندەڵی نێودەوڵەتییەوە (٢٠١١/١٢/٩)، بان کی مون سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند گەندەڵی هەموو وڵاتانی گرتۆتەوەو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لەبن دێنێت و نایەکسانی و نادادپەروەری بەرهەم دەهێنێت.
بەگوێرەی دەستوورى هەمیشەیی عیراقیش، هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن، پەرلەمانتار، یان هەر کەسێک لەپۆستێکی باڵا بێت بۆی نییە دوو ئەرکی یاسادانان و جێبەجێکردن پێکەوە کۆبکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، نابێت لەیەککاتدا لەدوو شوێنێ جیاواز فەرمانبەری دەوڵەت بێت.
ئەحمەد عەسکەرى ئەندامی لیژنەى ئاسایش لەئەنجومەنی پارێزگاکە بە(کەرکوک ناو) وتى: کاری ئەنجومەنی پارێزگا چاودێرییە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتدا، خۆ ناکرێت تۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک بیت و چاودێری فەرمانگەکەى خۆت بکەیت.
هەروەها وتى: بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ لێپرسینەوە لەو ئەندامانەى دوو پۆستیان هەیە، بەڵام تائێستا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. دادگاى ئیدارى پارێزگاکە لێکۆڵینەوە لەو مەسەلەیە دەکات و لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ لێپرسینەوە لەو ئەندامانەى ئەنجومەن.
جوان حەسەن کە یەکێکە لەو ئەندامانەى ئەنجومەن کە لەدەرەوەى ئەنجومەن فەرمانبەری حکومەت بووە، وتى: دەستبەرداریی فەرمانبەریی بووم و ئێستا تەنیا وەکو ئەندامی ئەنجومەن کاردەکەم.
جوان زیاتر قسەى کرد: بەداخەوە تا ئێستا ئەو بۆشاییە نایاساییە پڕنەکراوەتەوە کە نابێت ئەندامی ئەنجومەن کاری تر بکات، لەکەرکوک ئەنداممان هەیە بەڕێوەبەری فەرمانگەیە.
کەرکوک تاکە پارێزگایە کەڕێگە لەئەندامانی ئەنجومەن ناگرێت کاری تر بکەن، بەپێچەوانەوە لەتەواوی پارێزگاکانی تری عیراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەساڵی 2009 ئەو بڕگەیەى دەستوور جێبەجێدەکرێت.
ئاوات محەمەد ئەمین ئەندامی لیژنەى یاسایی لەئەنجومەن بە (کەرکوک ناو)ی راگەیاند ئەو ئەنجومەنە بەپێی فەرمانی 71ی پۆڵ بریمەر پێکهێنراوەو لەو فەرمانەشدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە نابێت ئەندامی ئەنجومەن دوو کاری هەبێت.
هاوکات وتی: دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەساڵی 2009دا، هەموو پارێزگاکان ئەو بڕگەیەى دەستووریان جێبەجێکرد، کە نابێت ئەندامانی ئەنجومەن لەیەککاتدا دوو پیشە لەدەوڵەتدا پێکەوە کۆبکەنەوە ، بەڵام بەهۆی ئەوەى ئەو هەڵبژاردنە لەکەرکوک نەکرا، ئەوەش جێبەجێنەکرا.
ئاوات پێیوایە دەتوانرێت لەکەرکوک بەپشتبەستن بەیاسا دوو وەزیفەیی قەدەغەبکرێت وتى: چونکە نایاساییە، بەڵام نەکراوە.
ئەندام ئەنجومەن هەیە نۆ مانگە دەوامی نەکردووە
چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا تەنیا بۆ موچەکانیان سەردانی ئەنجومەن دەکەن و بەشێکیشیان ئامادەنین بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن، ئەندامێکیش دەڵێت بەهۆى نەبوونى سزاو پاداشت ئەندامەکان لەڕووى کارکردنەوە لاوازن.
ئەحمەد عەسکەرى وتى: دەستى پاداشت و سزا لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک نییەو دەوامکردن و دەوامنەکردنى ئەندامانى ئەنجومەنیش هیچ جۆرە چاودێرییەکی لەسەر نییە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى (کەرکوک ناو) لەدواى دەستلەکارکێشانەوەی، رزگار عەلی سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگا، بەشداری کۆبوونەوەکانی نەکردووە، محەمەد کەمال بەرپرسى لقى سێ پارتیش کە هاوکات ئەندامى ئەنجومەنە بەشداری کۆبونەوە ناکات. عەلى ساڵەیش سەرۆکى لیژنەى نەوت و غاز لەئەنجومەنى پارێزگاکە زۆر بەکەمی بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەن دەکات.
محەمەد کەمال سەرەڕاى پشتڕاستکردنەوەى زانیارییەکان بە(کەرکوک ناو)ى وت: لەماوەى رابردوودا ئەگەر لەئەنجومەنى پارێزگاش دووربم بەڵام لەئاست چەند پرسێکى گرنگى شارەکە کە پێویستیان پێمبووە ئامادەیم هەبووە.
رێبوار تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پێیوایە نەبوونى یاسایەک بۆ چاودێریکردن بۆتە هۆکارى دەوامنەکردنى ئەندامانى ئەنجومەن. وتیشى: رزگار عەلی دواى دەستلەکارکێشانەوەى لەسەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا دەوامی نەکردووە، ئەندامانی ترمان کەمتر لەجاران پەیوەستن بەدەوامەوە.
عەسکەرى رەخنەى گرت: جێگەى سەرسوڕمانە وڵاتێک پەرلەمان و دەستوورو یاساى هەبێت بەڵام بناغەیەکى نەبێت بۆ لێپرسینەوە لەئەندامانی ئەنجومەن. عەسکەری پێیوایە لەبۆشایی نەبوونی یاسایەک بۆ لێپرسینەوە جۆرێک لەبەڕەڵایی دروستبووە، ئەندام ئەنجومەن هەیە شەش بۆ نۆ مانگە دەوامى نەکردووە.
شاڵاو محەمەد ـ کەرکوک ناو
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست