"پەتی درۆ كورتە" رێپۆرتاژێكی هەڵبەستراو لە گۆڤاری كۆپرو
Saturday, 09/04/2011, 12:00
لە ژمارە (82)ی گۆڤاری كۆپرو كە بەزمانی عەرەبی لە لایەن دەزگای خەندانەوە دەردەچێت، ریپۆرتاژێكی هەڵبەستراو لە ژێر ناونیشانی (گەنجانی كەركوك جانتاكانیان كۆدەكەنەوەو كۆچ دەكەن) كە لە لاپەڕە (24) بڵاو بۆتەوە، سەرلەبەری درۆیەو جگە لە خۆڵ كردنە ناو چاوی خەڵكو چەواشەكردنیان هیچی تری تیا نیە.
سەرەتا ئەو گەنجانەی كە لە ریپۆرتاژەكەدا وێنەیان گیراوە هیچیان خەڵكی كەركوك نین، تەنانەت بەهیچ شێوەیەكیش قسەیان لەو بابەتە نەكردووە كە ئامادەكاری ریپۆرتاژەكە دایڕشتووەو هۆنیویەتیەوە كە ناوەكانیشیانی گۆڕیوە بۆ ئەوەی ترشو خوێی بابەتەكەی بكات بۆ ئەوەی بە ئاسانی پەردە لەسەر دزیەكەی لانەدرێتو ئابڕووی نەچێت، كە ئەمەش بێگومان دوورە لە هەموو ئیتیكی رۆژنامەنووسیو پێوەرەكانی كار كردن لەو بوارە پیرۆزو موقەدەسەدا كە ئێستا كەسانێك بەویستو ئارەزووی خۆیان ئەم شێوازە كاركردنەیان گۆتۆتە بەر لە پێناو وەرگرتنی بڕە پارەیەك بێ رەچاوكردنی رەنجو هیلاكیو ماندووبوونی كەسانی تر كە خاوەنی رەسەنی بابەتەكەن.
بەبەڵگەشەوە دەیڵێم كە لە ساڵی رابردوودا ئەو گەنجانەی كە لە ریپۆرتاژەكەدا بڵاوبونەتەوە خودی خۆم وێنەیانم گرتووەو چاوپێكەوتنم لەگەڵدا كردوون سەبارەت بە (گۆڕینی سیستەمی پەیوەندی ئاسیاسێل لە دۆلارەوە بۆ دینار)، شوێنەكەش باخی گشتی شاری سلێمانیەو دەنگەكانیش لای خۆم تۆمار كردووەو پاراستومە. نەك وەك ئەوەی لە ناوەڕۆكی ریپۆرتاژەكەی كۆپرو هاتووە كە لە سەرووی لاپەڕەكەدا نوسراوە (مشاكل كركوكیە) واتا گرفتەكانی كەركوك، بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم پێویستە گیروگرفتەكان وەك خۆی بگوازنەوەو بەڕاستی پەنجە بخەنە سەر ئاریشەكان بۆ ئەوی هەموومان پێكەوە رێگەچارەی گونجاوو پێویستی بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی شارەكەمان بگاتە كەناری خۆش گوزەرانیو گەشە سەندنو پێشكەوتن. كە ئەمەش بیگومان بە قسەی باقو بریقە دارو هەڵخەڵەتاندنو تەڵەكە بازیو فرتو فێڵ كردن لە خەڵكیو بازدان بەسەر داواكاریە راستەقینەكانیان نایەتە دی. كە بەداخەوە لە گۆڤاری كۆپرو بەدیم كرد. تكایە چیتر مەمانخەڵەتێنن.
كەركوك
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست