کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەندێك لە گەندەڵیەكانى بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیان

Sunday, 18/03/2012, 12:00



  دیارە دیاردەىگەندەڵى یەكێكە لە نەخۆشیە ترسناكەكان كە تووشى حكومەتى هەرێمى كوردستان بووەو تا ئێستا چارەسەرى كونجاوى بۆ نەدۆزراوەتەوە. بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیانی وبەرێوەبەرایەتیەكانى هاوشێوەى ئەو دام ودەزگایانەى سەر بە حكومەتى هەرێمە كە پشكێكى زۆر گەورەى ئەكەوێ لە قەیرانى گەندەڵیى وناعەدالەتیدا. هەندێ لە گەندەڵیەكانى ئەو بەرێوەبەرایەتیە گشتیە لەم خاڵانەى لای خوارەوە خۆیان ئەبیننەوە:
1- دانانى كەسانى ناشیاوو كوڕە جاش ومستشار وتەوارى لە هەموو پۆستەكانى ئەو بەرێوەبەرایەتیە. بۆ نموونە دانانى (هەژار ابراهیم محمود) بە جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەنها لە بەر ئەوەى ئەو بەرێزە باوكى برادەرى رۆح بە رۆحى (حەمە چاوجوان)ى جێگرى برپرسى مەڵبەندى 11ى گەرمیانى یەكێتى نیشتیمانى كوردستانە. وبرادەریشیان بۆ ئەوە ئەگەرێتەوە كە باوكى (هەژار) جاش بووە لە گەڵ حەمە چاوجوان لە ساڵانى 1984-1990 وخەریكى دەستگیركردن وڕاوە پێشمەرگەبوون. دیارە بەرێوەبەرى گشتى (رحیم حمید) پشتگیرى تەواوى (هەژار)ى دەكرد بۆ ئەوەى ببێتە جێگرى چونكە كەسایەتى هەژار كەسایەتیەكى لاوازە ورحیم ئەتوانێ بە هەموو جۆرێك لە دەستى خۆیدا باى بدات.
2- دانانى هەر ئەو بەرێزە (هەژار ابراهیم) بە بەرێوەبەرى پلان دانان لە بەرێوەبەرایەتى گشتى سەرە ڕاى ئیشى خۆى وەكو جێگرى بەرێوەبەرى گشتى. لە كاتێكدا زیاتر لە 20 ئەندازیارى كشتوكاڵى و2 هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر كە لە دەرەوەى وڵات تەواویان كردووەو شیاوى ئەو پۆستەن, بەڵام تەنها لە بەر ئەوەى بێ لایەنن رێگەیان پێ نادرێت هیچ پۆستێك وەرگرن.
3- پێدانى سوپاس وپێزانین بۆ كەسانێك كە شایەنى نین وبە شێوەیەكى لە رادەبەدەر. بۆ نموونە هەژار ئیبراهیم محمود 12 سوپاس وپێزانینى پێدراوە تەنها لە ساڵى 2008. هەروەها لە ساڵى 2008 تا وەكو ئێستا ئەو بەرێزە 21 سوپاس وپێزانینى پێدراوە بە پێى فەرمانە كارگێریەكان كە لە بەرێوەبەرایەتى گشتیەوە دەرچوون. هەروەها (رحیم حمید)ى بەرێوەبەرى گشتى چەندین جار سوپاس وپێزانینى بۆ خۆى وبەرێوەبەرى ئیدارەو خۆیەتى داوە بە بێ ئەوەى هیچ كارێك ئەنجام بدەن.
4- دانانى (محمد عمر بابا رەسوڵ) "كە كورە تەوارى ناسراوى شارى كەلارە لە كاتى حكومەتى گۆربەگۆرى بەعسدا", وەكو بەرێوەبەرى كشتوكاڵى كەلار كە بە هیچ شێوەیەك شیاوى ئەو پۆستە نییە بەڵام چونكە كورە كۆنە تەواریەو خوشكەزاى (شێخ عبداللە)ى جێگرى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیانە ئەو پۆستەیان پێى بەخشیوە. هەروەها ئەو بەرێزە (محمد عمر بابا رەسوڵ) مۆڵەتى 2 ساڵى خوێندنى وەرگرتووە بەڵام تا ئێستا لەو پۆستە ماوە سەرەراى ئەوەى جەنابى لە ئێران دەخوێنێ.
5- دانانى (غریب مولود) وەكو بەرێوەبەرى كشتوكاڵى كەلار بە وەكالەت بۆ ماوەى 2 ساڵ تا ئەو كاتەى (محمد عمر) لە ئێران ئەگەرێتەوە. بەرێز (غریب مولود) وەكو پوولى شەترەنەج وایە چونكە هیچ شتێك بە دەستى نییە, تەنانەت بریارەكانیش لاى جێگرەكەیەوە دەردەچێت كە یەكێكە لە دەستەڕاستەكانى (رحیم حمید)ى بەرێوەبەرى گشتى ویەكێتى نیشتمانى.
6- پشتگوێ خستنى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر ودوورخستەنەوەیان لە چوارچێوەى بەرێوەبەرایەتى گشتى. بۆ نموونە (عبدلموتەلیب رەفعەت) كە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە وڵاتى استرالیا لە بوارى ئەندازیارى سەرچاوەكانى ئاو, وەكو فەرمانبەرێكى بێ بڕوانامە لە بەشى سامانى ئاژەڵ دانراوە!!!! بە پێى فەرمانى كارگێریى بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلار ژمارە (24) لە بەروارى (3/1/2012) كە ئیمزاى (محمد عمر)ى پێوەیە. هەروەها دانانى (سلمان على) كە هەڵگرى بڕوانامەى ماسترە لە زانكۆى سلێمانى وەكو فەرمانبەرێكى ئاسایى لە بەشى رێنمایى كشتوكاڵى. ئەو دوو بەرێزە تا ئێستا هیچ كارێكى دیاریكراویان پێ نەسپێردراوەو تەنانەت وەكو فەرمانبەرى بێ بڕوانامە مامەڵەیان لە گەڵ دەكرێت وشوێنیشیان نییە لە هیچ ژوورێكدا لەو بەرێوەبەرایەتیە. سەرەڕاى ئەوەى هەردووكیان دوورخراونەتەوە لە لایەن بەرێوەبەرى گشتیەوە بۆ ئەوەى لە بەرچاو نەبن جونكە بوونى ئەو دوو بەرێزە وەكو هەڕەشەیەكە بۆ سەر پۆستى بەرێوەبەرى گشتى.
7- دانانى كەسانى ناشیاو بۆ ئەندامیەتى ئەو لیژنانەى كە بریارى خەرج كردنى پارە ئەدەن وەكو لیژنەى كڕین و(لیژنەى كیلۆمەتر) بۆ خەرج كردنى بانزین بۆ ئۆتۆمبیلەكانى بەرێوەبەرایەتیەكانى سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیان. بۆ نموونە بۆ لیژنەى كیلۆمەتر پارەى بانزین لە بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلار كە ئەبێت بە شێوەى خۆێندنەوەى عەدادى كیلۆمەتر خەرج بكرێت, وە بە پێى فەرمانى كارگێرى ژمارە (23) لە بەروارى (3/1/2012) كە لە بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلارەوە دەرچووە, دوو ئافرەت دانراون بۆ ئەو لیژنەیە چونكە ئافرەتان سەریان لە عەدادى كیلۆمەترو بانزینى ئۆتۆمبێڵ دەرناچێ تاوەكو بە كەیفى خۆیان پارەى بانزین حەپەلووش بكەن.
8- بەكارهێنانى ئۆتۆمبیلەكانى ئەو بەرێوەبەرایەتیە بۆ ڕپەراندنى ئیش وكارى بەرێوەبەرەكان وەكو باركردن وبارهەڵكردن. بۆ نموونە جێگرى بەرێوەبەرى كشتوكاڵى كەلار كە هیچ سیفەتێكى فەرمى نییە وەكو جێگر هاتووچۆ بە ئۆتۆمبیڵى ئەو فەرمانگەیە ئەكات لە كاتێكدا پارەى شوێنى جوگرافیشى بۆ سەرف ئەكرێت.
9- بە شێوەیەكى فەرمى فەرمانبەر بۆى هەیە لە مانگێكدا 3 رۆژ مۆڵەت وەرگرێ بێ ئەوەى هیچ لە مووچەكەى ببڕدرێت, بەڵام ئەكەر رۆژێك زیادەى وەرگرت وەكو مۆڵەت ئەوە ئەبێت پارە رۆژێكى لێ ببڕدرێت. بەڵام ئەمە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە بە تایبەتى ئەو فەرمانبەرانەى كە نزیكن لە بەرێوەبەرو جێگرەوە. بۆ نموونە فەرمانبەر (ج.أ) 16 رۆژ لەم مانگەدا ئامەدە نەبوو لە دەوامى فەرمیدا كە بە پێى یاسا ئەبێت پارەى 16 رۆژى لێ ببردرێت, بەڵام لە بەر ئەوەى جێگر پشتكیرى دەكات یەك دینارى لێ نەبڕاوە بە پێى لیستى مووچەى مانگى 3 كە لە بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلارەوە دەرچووە. لە كاتێكدا ژنە فەرمانبەرێك كە كێشەى كۆمەڵایەتى هەیەو تواناى ئامەدەبوونى نییە لە فەرمانگە بۆیە چەند رۆژێك مۆڵەتى وەرگرتووە وپارەى هەموو ئەو ڕوژانەى لێ بڕاوە!!!!. سەڕاى ئەو كارانە هەندێك لە فەرمانبەرانى بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلار كە لە جلولا وسعدیەوە دێن تا ئێستا شوێنى جوگرافیان بۆ خەرج ناكرێت وئۆتۆمبیلیشیان بۆ نەگیراوە لە كاتێكدا هەفتەى 4 رۆژ ئەبێ ئامادەبن لە دەوامى فەرمى دا.
10- دانانى كلیلەكانى فەرمانگەى بەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلار لاى خزمەتگوزارێك بۆ ئەوەى ژوورى فەرمانبەران بە شەوانە پشكنێت بۆ زانیارى دەربارەى هەموو فەرمانبەران. بۆ نموونە ئەو خزمەتگوزارە چەندین جار دەستكارى ژوورى ژمێریارى ومووچەى كردووەو سكاڵاى لە سەر تۆماركراوە لاى بەرێوەبەر بەڵام هیچ لێپیچینەوەیەكى لە گەڵدا نەكراوە.
11- بە پێى فەرمانى وەزارى وەزارەتى دارایى هەموو فەرمانگەیەك بۆى هەیە ئۆتۆمبێڵ بە كرێى ساڵانە بگرێت بۆ ڕاپەراندنى ئیشوكارەكانى. ئەو كارە لە لایەن لیژنەیەكەو سرپرشتی ئەكرێت كە ئەبێت بە شێوەى موناقەێە بكرێت, بە ماناى ئەوە چ خاوەن ئۆتۆمبیلێك پارەى كەمتر بنووسێت لە داواكاریەكەیدا ئەوە ئەو براوەیەو ئۆتۆمبیلەكەى بەكرێ ئەگیرێت بۆ یەكێك لە فەرمانگەكانى سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتى گەرمیان. بەڵام لە بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیان وبەرێوەبەرایەتى كشتوكاڵى كەلار ئەو بریارە بە شێوەیەكى تر بە كارهێنراوەو ئەو لیژنەیە كە پێكدەهێنرێت دەستكارى تەواوى داواكاریەكانى خاوەن ئۆتۆمبیلەكان ئەكات. بۆ نموونە بەرێوەبەرى ژمێریارى لە بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیان (فاروق محمد) ئەوە بۆ ماوەى زیاتر لە 3 ساڵە ئۆتۆمبیلى خۆى بە كرێ داوە بە بەرێوەبەرایەتى گشتى تەنها بۆ ئەوەى خوودى خۆى لە سلێمانیەوە بهێنێت بۆ كەلار لە كاتێكدا تەنانەت 2 رۆژ دەوام دەكات لە هەفتەیەكداو مانگانە جگە لە مووچەى خۆى زیاتر لە ملیۆن ونێوێك وەردەگرێت بۆ ئۆتۆمبیلەكەى. ئەمەو سەرەڕاى ئەوەى كە هەندێ بەرێوەبەرى ئەو بەرێوەبەرایەتیە گشتیە بە شەریكى وبە شێوەى اتفاق ئۆتۆمبیلى برادەرەكانیان یا ناسیارەكانیان بەكرێ ئەدەن بە فەرمانگەیەك لەو فەرمانگانە. ئەم دیاردەیە دیاردەیەكى نەشاردراوەیە لە بەرێوەبەرایەتى گشتى كشتوكاڵى گەرمیان وهەموو فەرمانبەران لیێ ئاگادارن.
ئەمەو شتى تریش بە رێوەیە. چاوەروانى هەواڵى گەندەڵى زیاتر بن.

گروپى بەگژاجوونەوەى گەندەڵى لە بەرێوەبەرایەتیەكانى كشتوكاڵى گەرمیان
15/3/2012


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە