کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمارەكەى نەوشێروان مستەفا لەنێوان خەون ومۆتەكەدا

Thursday, 07/05/2009, 12:00


خۆێنەرێ شارەزاى فەلسەفەى یۆنانى بۆبێت , هۆشیارە بەوەى كۆمارەكەى ئەفڵاتۆن لەسەر چەند نهێنى دامەزراوە و بۆچى پێى دەڵێن كۆمارە یۆتۆپییەكەى(خەیاڵیەكەى) ئەفڵاتۆن؟ و هەروەها بۆیدەردەكەوێ تا ئێستا چەند دەوڵەت لەسەر بنەماى ئەو كۆمارە پۆتۆپییە دامەزراوە لە دونیادا, ئەوەشى بۆ دەردەكەوێ ئەو جۆرە كۆمارە بۆچ پێیاندەڵێن یۆتۆپى!
بۆ بەستنەوەى بەرنامەى گۆڕان و بزاوتى ڕیفۆرمخوازانەى نەوشێروان مستەفا و قسەكردن لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەكانى بەكۆمارەكەى ئەفڵاتۆنەوە , پێویستمان بە گەڕانەوەیەكى خێرا هەیە بەنێو كۆمارەكەى ئەفڵاتۆن دا كەلە هەندێ ڕەهەندەوە زۆر لێكەوە نزیكن و پێویستیان بە گرێدانەوە یان بەراورد كردنەوە هەیە,دواتر دەگەڕێنەوە بۆلاى ئەو بەرنامە و ئەجێندایە كە نەوشێروان مستەفا بەسەر واقیعى كوردى دا هێناویەتى كە دواتر دەبێتە دیاردە لەمێژووى كوردا, بۆیەشە دەڵێن نەوشێروان ئەو ئەجێندایەى هێناوەتە سەر واقیعى كوردى دا,چونكە هەمان ئەو واقیعەیە كە خەڵكى یۆنانى تیادا دەژیا و لەلایەن ئیمپراتۆرە گەورەكانەوە حوكمى خەڵك دەكرا و شەڕى خەڵكیش لە ڕێگەى سۆفستایەكانەوە دەكرا, وەك چۆن ئێستا سەر شاشەكانى یەكێتى و پارتى پڕ بوە لە سۆفێستى نامرۆڤ, ئەفڵاتۆنیش بە نەخشەكێشانى كۆمارەكەى توانى دەسەڵاتى وڵات, لە ئیمپراتۆرە گەورەكانەوە بداتە دەست فەیلەسوفەكان, بەڵام ئایا نەوشێروان مستەفا دەتوانێ بەكاركردن بۆ بیناكردنى كۆمارەكەى, دەسەڵات بگۆڕێ لەدەستى ئەوانەوە كە شەڕى باوتۆز و خۆڵ لەگەڵ خەڵكیدا دەكەن, بۆ كەسانێك , گەر فەیلەسۆفیش نەبن لانیكەم ئەو تەكنۆكرات و سیاسەتزانانە بن لەدواى ڕاپەڕینەوە دەیویست ئەوانە حوكمى هەرێمى كوردستان بكەن؟
ئەفڵاتۆن نزیكەى پێنج هەزار ساڵ لەپێش مەسیحەوە, وەكو خۆێندكارێكى سۆكراتى فەیلەسوف دەركەوت, مەزنى ئەفڵاتۆن لەنێو فەلسەفەى یۆنانى و مێژووى مرۆڤایەتیدا, لەو پەیامبەرانە دەچێ كە نێویان لەكتێبە پیرۆزەكان دا هاتوە, ئەفڵاتۆن توانى بە نەخشە كێشانى كۆمارەكەى, تەنگەژەكانى كۆمەڵگە و مرۆڤى ئەوكات لە گەڵ كێشەكانى بون دا بگۆڕێ بۆ كێشەگەلێكى ژیانى و كۆمەڵایەتى و سیاسى, ئەگەر چى پێشتر لە ڕێگە مامۆستاكەیەوە(سۆكرات) فەلسەفە لە ئاسمانەوە هێنرابوە خوارەوە بۆ سەر زەمین, بەڵام ئایا بەهاتنە خوارەوەى فەلسەفە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوى , ئیدى بوە كۆتاییەك بۆ كێشەكانى مرۆڤى یۆنانى و هەمو دونیا؟ مێژووى فەلسەفى یۆنانى پێماندەڵێ نەخێر, هێنانە خوارەوەى فەلسەفە, لە ئیلاهیاتەوە, یا لە لێكۆڵینەوە لە كێشەكانى بونەوە, بۆ قسەكردن لە كێشە كۆمەڵایەتى و دەرونى و سیاسیەكان بوە نەهامەتیەكى تر بۆ مرۆڤایەتى, (چوون ڕاپەڕینەكەى خۆمان لە دواى نەوەد و یەكەوە نەهامەتى زۆرترى هێنا بە سەر زۆر خەڵكى كوردستان دا, تاوانبارە گەورەكان كە پێشتر خەڵكیان ڕەشەكوژ دەكرد, بە ئیمزاى سەرۆكەكان كرانە بێگوناه و ئازاد كران لە زیندانەكان دا), سۆفیستایەكان وەك ڕەوتێ دواى هێنانە خوارەوەى فەلسەفە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوى دەركەوتن بۆ ماكیاژ كردن و بیانو هێنانەوە و پینەو پەڕۆ كردنى ئەو بارودۆخە كە دەسەڵاتى ئیمپراتۆرى ئەوكاتى یونان بەسەر خەڵكى دا دەهێنا, سۆفیستایەكان گروپێ لە خۆێنەوار بون ناوى مامۆستایان لە خۆیان نابوو, تەنها خەڵكیان لەسەر وتنەوەى ئەو وانانە ڕادەهێنا بەرامبەر كۆمەڵێ دەستكەوت لە قوتابیەكانیان وەردەگرت, مەسەلەى بەكارهێنانى زمان و ڕەوانبێژى دوو پرس بون سۆفیستایەكان لەسەرى ڕادەوستان, گرنگ بو بەلایانەوە خەڵكانێ فێرى ڕەوانبێژى قسەكردن بكەن, بەڵام ئەو جۆرە ڕەوانبێژیە نەك هۆشیارى دروستنەدەكرد بەڵكو دەسەڵاتى ئیمپراتۆرەكانى دەپاراست و لەمەترسیانى دوردەخستەوە, ئیعلامییەكانى یەكێتى وپارتى كە لەسەر شاشەكانەوە قسەدەكەن لەم خاڵەیان دا لەگەڵ سۆفیستایەكان دەبنەوە یەك بۆ پێشكەش كردنى ناشیرینترین نمونە لەمێژووى مرۆڤایەتى دا.
كاتێ ئەفڵاتۆن دێ و درێژە بە شەڕى مامۆستاكەى دەدا لەگەڵ سۆفیستایەكان دا, ڕێگە خۆش دەكات سۆفیستایەكان بەیەكجارى چراى بەختیان ئاوابێ(زۆرمان بینى سەرۆك زێڕەى دەكرد و بە پاڵًەوانى عروبەى دەزانى بەڵام بەنابوتى ناویان لە مێژوودا دەمێنیتەوە) دروستكردنى قوتابخانەكەى ئەفڵاتۆن بە ناوى ئەكادیمیا, بوە پەناگەى بەرهەمهێنانى هۆشیارى, گردەكە لە زۆر ڕەهەندەوە لە ئەكادیمیاكەى ئەفڵاتۆن دەچێ, چونكە بەهەمان شێوەى ئەكادیمیاكەى ئەفڵاتۆن وانەكانى مێژوو هەم فەلسەفەى تیا دەخوێندرێ, بەڵام دەبێ گردەكە بە ئاگابێت لە مامۆستاو تەلەبەى تەمەڵ و تەوەزڵ, ئەفڵاتۆن بەنوسینى كۆمارەكەى كە نەخشەى كۆمەڵگە و دەوڵەتێكى تیا داڕێژرابو لەم نوسینە دا بوارى شیتەڵكردنى هەمو لایەنە فەلسەفیەكانیمان نیە, بە قۆناغى پەروەردەیى منداڵ دەستپێكرد هەتا خۆێندنى وانەى فەلسەفە و پێگەیاندنى فەیلەسوف بۆ بەڕێوەبردنى كۆمارەكەى, تاقیكردنەوەكانى ئەفڵاتۆن بۆ بەشدارى لە كۆمارەكەى دا, ئەمەندە تاقیكردنەوەیەكى قورسە تەنانەت پێى دەوترێ یۆتۆپیا, كەم كەس هەیە بتوانێ قۆناغەكان ببڕێ و ببێتە فەیلەسوف و كۆمارەكەى بەڕێوە ببات, بەڵام هەر كەسانێ پەیدا دەبن و قۆناغەكان دەبڕن و دەبنە فەیلەسوف و وڵات بەڕێوە دەبەن, بەمەش دوو سەردەم كۆتاییان دێت, سەردەمى زێڕینى سۆفیستایەكان و سەردەمى ئیمپراتۆرە گەورەكان, لەوێوە ئیدى مرۆڤایەتى تێدەگات سەرەڕاى ئەوەى كۆمارەكەى ئەفڵاتۆن بێ عەیب و عار نیە بەڵام ئەگەر بەخەیاڵیش بێت بینینى خۆشە.
دەبێ چى بێت وا لە ئێمە بكات ئەجێندا و بەرنامەكانى نەوشێروان مستەفا بكەینە كۆمارێ و بەكۆمارەكەى ئەفڵاتۆنى بشوبهێنین؟ لەو خاڵانەى سەرەوە بۆماندەركەوت بۆ بە كۆمارەكەى ئەفڵاتۆن وتراوە یۆتۆپیا , دەبێ هەمان ئەو نهێنانە بێت كۆمارەكەى نەوشێروان مستەفا بكاتە یۆتۆپیا؟ بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە دەڵێن نەخێر, كۆمارەكەى نەوشێروان مستەفا بۆیە دەكرێ وەكو یۆتۆپیایەك سەیرى بكەین چونكە, مەرگى ئیمپراتۆرەكانى تیادا شتێكى حەتمیە و مۆتەكەى نەهێنانەدى و تەنها هێشتنەوەى لە خەون دا زۆرە, هەروەها بەهاتنەدى, چراى سۆفیستایەكانى تیادا ئاوادەبێ و بەیەكجارى دەچن بۆ نێو زبڵدانى مێژوو,بەڵام ئایا با بپرسین كۆمارە یۆتۆپیاكەى نەوشێروان لەسەر ئەم واقیعە بینا دەبێ, یان دەبێتە ڕیالیتى؟ ئەمەشیان وەڵامەكەى زۆر قورسە, بەقەد قورسى و زەحمەتى لەدەستدانى كورسى ئەو بەرپرسانەى كە بەهەل بونەتە مۆتەكە بەسەر خەڵكییەوە!
قسەكردن لە پیرۆزیەكانى دەسەڵات و نهێنی پاییەكانى, مێژوو و نهێنیەكانى, لەلایەن بیرمەندێكەوە كە نەوشیروان مستەفاى پێى دەڵێن و پێشتر كەسى تر ئەم جۆرە داهێنانەى نەكردبێ(ئەگەر چى خودى خۆشى لەهەندێ خاڵدا ئەستۆى قورس بێت بەرامبەر بە مێژوو, و ئیستاشى لەگەڵدا بێت) ئایا بینا كردنى كۆمارێك نیە تەنانەت لە خەونیشدا بێت؟
كۆمپانیاى و شە, لە گەوهەردا هەمان قوتابخانەى ئەكادیمیاى ئەفڵاتۆن نیە؟ ئەگەر وانیە بۆچى سۆفیستایەكانى دەسەڵات لەسەر شاشەكانەوە هێرشى بۆ دەكەن, بەشێوازێ مەگەر سۆفیستایەكان توانیبێتان بەو شێوەیە مێشكى خەڵكى پڕ بكەن لە شتى پڕو پوچ؟
ئەو وانانەى لە كۆمارەكەى نەوشێروان دا گرنگە بۆ دەرچون, هەمان ئە وانانەیە كە مامۆستاكانى سۆفیستایەكان مەبەستیانە؟
تاقیكردنەوە لە كۆمارەكەى نەوشێروان مستەفادا قورسترە تەنانەت لە كۆمارەكەى ئەفڵاتۆنیشدا, كەم هەیە بتوانێ بە پەیژەى تاقیكردنەوەكانى دا سەربكەوێ, بۆیە ناچار قەبوڵ خاسى بۆ هەندێكیانى كردوە یان پرسیارگەلێ سوكترى خستۆتە پێشی هەندێكیانەوە, لەمەشیاندا ناحەقى نەكردوە , چونكە ئەو كۆمارەى كەنەخشەى بۆ كێشاوە و خواستى هەمو كۆمەڵگەیە, دەمێكە لە خەون دا دەژێ, مۆتەكەكان ناهێڵن بێتە دی, لە ئێستا بەدواوە كاتى هاتوە هەرچۆن بێت پێویستە ئەو كۆمارە بێتە دی!! , ئەوەى ماوەتەوە بیلێین, قورسى پرسیارى تاقیكردنەوەكانى نەوشێروان نیە كۆمارەكەى بكاتە یۆتۆپیا, بەڵكو بۆچون و قسەى ئەوانەیە كە كەوتونەتە سەر سامان و داهاتى ئەم وڵاتەدا بەتەڕى لێیدەخۆن, و بەنەوشێروان دەڵێن گۆڕانى یان یۆتۆپیا.
ئەو پرسیارانەش كە هەیە لە دواى هاتنە دی كۆمارەكەى نەوشیروان, هەڵدەگرم بۆ ئەوانەى كە خۆیان حەز دەكەن پرسیارەكان ئاڕاستە بكەن!

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە