کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەلالیزم وەك دیاردە یەكى سیاسى لەكۆنەوە تا ئەمڕۆ, بەرەو كوێ؟ (شیكردنەوەى چەند ڕەهەندێكى سۆسێۆسیاسى )

Thursday, 01/07/2010, 12:00


دەكرێ لە پۆلێنى تێۆرى سیاسی دا, جەلالیزم وەك دیاردەیەكى سیاسى سەیر بكەین كە لە ساڵانى شەستەكانەوە سەریهەڵدا و درێژەى هەیە تاوەكو ئەم دواییانە, بەهەمان شێوە لەسەر ئاستى كۆمەڵایەتیش دەتوانین وەك دیاردەیەك بیبینین, لە جۆرى یەكەمیان دا توانى ڕوداوێكى سیاسى نۆى لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردى دا لەساڵانى شەستەكانەوە دروست بكات, لەسەر ئاستى كۆمەڵایەتیش تا ئەم دواییانە خەڵكانێك هەبوون لەچاوى ستراتیژییەتى جەلالیزم و ڕێبەرەكەیەوە سەیرى ئایندەى سیاسى ئەم وڵاتە و بارودۆخى سیاسى كوردستانیان دەكرد, ئەگەر نكۆڵى لێنەكرێت جەلالیزم وەك قوتابخانەیەكى لێهات لەسەر چەند ڕەهەندێكى جیاواز ئیشى دەكرد و چەندەها قوتابى پێگەیاند كە هەندێكیان بژاردەى سیاسى كوردى بوون و لەپێناو ئەو ئامانجانەدا كە جەلالیزمى لەسەر دروست بوو پشتیوانیان لێدەكرد تا ئەو كاتەى هەندێكیان ئێستا دانى پێادا دەنێن و دەلێن لە زووەوە بڕوامان بە مام جەلال و بەرنامەكەى نەماوە, چاودێران و شارەزایانى بوارى سیاسى كوردى پێیانوایە تەنیا ئەوە بەس نیە تاڵەبانى لە یادى دامەزراندنى قوتابخانەكەى دا بڵێت من هەڵە بووم جیابومەوە لە پارتى دیموكرات , بۆ ئەو هەموو مەدو جەزرە كە جەلالیزم لە كوردستان دا دروستى كرد و وەك قوتبێكى گەورە و بەرەنگارى یەكەمین پارتى گەورەى كوردى گرت و دواتر گەیشت بەم قۆناغەى كە ئێستا دەبینین, لەدواى شۆڕشى شێخ مەحمودەوە دروست بوبێت, ئەویش پارتى دیموكراتى كوردستانە, ئەم قوتابخانە نوێ یە لەهەناوى خۆشیەوە دروست بێت و تا ئاستێك شەڕى نەمانى دایكەكەى خۆى بكات.
جەلالیزم بۆ دروست بوو؟
ئەوانەى مێژوونوسن و بێ لایەنانە ویستویانە مێژووى كوردى لەدواى ساڵانى چلەكانەوە بنوسن, تا ئێستا دەستیان بۆ باسكردنى ئەوخاڵانە نەبردووە, لەبەر ئەوەى یا نایانەوێ دەست بۆ ئەو مێژووە ببەن و خۆیان لە كۆمەڵێك پنت بدەن كە ڕەنگە كارەسات دروست بكات, یان وەك د. كەمال مەزهەر پەشیمان دەبنەوە كاتێك ووتى موشیرى حەمەى سلێمان خیانەتى لە شێخ مەحمود كرد و دەستى ئینگلیزەكانى ڕاكێشا بۆ بەردە قارەمان و ئینگلیزەكانیش شێخیان دەستگیر كرد و بزوتنەوەكەیان كپ كردەوە, بەڵام ئایا كێ هەیە وەڵامى مەزهەر بداتەوە و پێى بڵێت لەژێر چ كاریگەریەكدا پەشیمان بویتەوە؟ ئایا كەس وەڵامى دایەوە؟ كاتێك خوێندكارى كۆلێژبووم لە مامۆستاكەم پرسى كە پسپۆڕى مێژوو بوو لە زانكۆى سلێمانى, بۆچى و لەژێر چ كاریگەریەك دا دكتۆر كەمال پاشگەزبویەوە لەو بابەتە؟ ووتى وەڵامم داوەتەوە و منیش پێم سەیربووە كاتێك بیستومە داواى لێبوردنى لە هەمەوەندیەكان كردوە, دەبێت كێ بێت بتوانێ ئەومێژووە بنوسێت؟ ئەمە پرسێارێكە جیێدەهیڵین بۆ ئەو كەسەى پەیدا دەبێت و وەڵامى ئەو پرسیارە دەداتەوە, ئەوەى كە هەیە و نوسراوە جگە لە كۆمەڵێك حیكایەت و بیرەوەرى تێكەڵ بە عاتیفە و زۆرجار حەزى شەخسى و غەریزەى خودپەرستى نەبوەتە ئەو مێژووەى بێ لایەنانە سەیربكرێت, هەرچەندە لەو میانەیەدا كەسانى توێژەر دەتوانن هەندێك جار گەوهەرەكە لەبنى گۆمەكە دەربێنن, بەڵام گەوهەرەكان هەندێكیان نەماون دواى دركاندنى ڕاستیەكان و هەندێكیان تاقەتى ووتنى چیتریان نەماوە و بۆ خۆیان دانیشتون و سەیرى شانۆكە دەكەن.
جەلالیزم دواى ئەوەى وەك دەستەیەكى ڕوناكبیر و خاوەن گوتار لە مەلا مستەفاى سەرۆكى ئەوكاتى پارتى جیابوونەوە, لەژێر كاریگەرى خیتابێكى كۆمۆنیزمى و دژ بە ئیمپریالیزم دا خۆیان دەناساند, دروشمى ئەوان بە خێرایى بڵاوەى دەكرد لەناو كۆمەڵگەى كوردى دا, بەمەش توانیان كۆمەڵى شتى باو و دروستكراو لە واقیعى سیاسى و كۆمەڵایەتى كوردى بسڕنەوە و كۆمەڵێ شتى ناباویش دابهێنن و سود بگەیەنن بەو واقیعەى ئەوكاتە, دواى ئەوەى ڕێبەرى بزوتنەوەكە(جەلال تاڵەبانى) زۆرترین دروشمى گەورەى بەرزكردەوە و لەهەموو بۆنەكاندا دەیوتەوە و توانى بەهۆى جوڵەى خۆیەوە خۆى هەم بەناوە و دەرەوە بناسێنێت, بەبَى ئەوەى سیفاتەكانى كارێزماى تێادا بێت بووە كارێزما و سەرجەم حزبەكەى پڕ بوو لە دروشمە زارەكى و وتە و ڕستە ئەدەبى و سیاسیەكانى, تا ساڵى دوو هەزاریش كاتێك كادیرێكى حزبى قسەى بۆ جەماوەر دەكرد و دەیویست خەڵك قەناعەت پێبكات یەكێتى بۆ كوردو كێشە ڕەواكەى هەوڵدەات و خاوەن بەرنامەى نەتەوەییە, دەیگوت " سەروەریمان, گەشە كردنمان مانەوەمان بەندە بە یەكێتى نیشتیمانى كوردستانەوە" یان دەیانگوت یان كەركوك و خانەقین یان تاماوین ئەجەنگین, و كەركوك قودسى كوردستانە باشترین دروشمى قوتابخانەى جەلالیزمە و ئێستا خەریكە كەركوك دەكرێتە قوربانى كورسى سەرۆك كۆمارى و كورسیەكانى ترى پارتى و یەكێتى و ئەمەش بە گەورەترین خاڵى كۆتایهاتنى جەلالیزم دادەنرێ, لاى كەسێكدا بڵێیت كەركوك قودسى كوردستانە كە خۆى گەورەترین شەڕى لەسەر كردوە و قوربانیشى بۆ داوە بۆى هەیە وەها لێت توڕەبێت شەرم بكەى جارێكى تر بە سودفەش بەزارتدا بێت ئەو دروشمە سواو كۆن و ماكیافیلیاییە دووبارەبكەیتەوە چونكە ئەمەندە بەكارهات بۆ مەبەستەتایبەتى و بەرژەوەندییە شاراوەكان خەڵكى ئامادە نیە لەهەمان دەموچاوە كۆنەوەكانەوە ئەو دروشمانە ببیسێ, لەهەڵمەتى تەمموزى ئەمساڵیش دا لەقوتابیەكانى جەلالیزمەوە دەبیسترا" لەكورسى سەرۆك كۆماریشەوە سورین لەسەر گەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەكان, كەركوك و خانەقین و........."تد لەكاتى موناقەشە و بڕیارلێدان لەیاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا دەركەوت سەرۆك كۆمار سوورە لەسەرچى و بۆ ناتوانێ یان بۆ دەسەڵاتەكانى خۆى بەكارناهێنێ وەكچۆن هاشمى بەكاریهێنا , ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لاى ئەو پرسیارەى بۆ جەلالیزم دروست بوو؟ وەڵامەكەى زۆر ڕون نیە تا ئەوكاتەى كۆمەڵێك تابۆ هەیە ئەو قوتابخانەیە دروستى كردوە تێكدەشێ. دروست بوونى جەلالیزم وەك كاردانەوەیەكى تا ڕادەیەك سایكۆلۆژى بەڵام بەدەعمی چەند ئەفكارێكى مەوزوعى و فیكرى یەكێتى نیشتیمانى لێى دروست بوو, تا ئەوكاتەى تاڵەبانى خۆى نەیگوت پەشیمانم لە جیابونەوەم لەپارتى و ئێستا بوایە وامنەدەكرد, هەندێك كادیرى ئەو حزبە نەیاندەزانى لەپشت یەكێتى بونى ئەوەوە جەلالیزم وەستاوە وەك شەبەحێك و خۆى یەكساننكردوە بە مێژوو و تەواوى حیزبەكەى هەر كاتێ ئەو پەشیمانبویەوە ئیدى ئەو حزبە بۆى هەیە لەئایندەیەكى نەزانرا و ناڕۆشن دا بێت, چونكە عەقڵى ئەو حزبە بیرى چووە بەدەریایە خوێنى كورد پێگەیشتوە, كاتێك تاڵەبانى لەكاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى(پەرلەمانى كوردستان) دا هات بۆ شارۆچكەى كفرى بۆ ڕیكلام ى لیستەكەیان و پاڵێوراوەكەیان بۆ سەرۆكى هەرێم باوكى شەهێدێكى حزبەكەى پێگوت دەنگتان پێنادەم ناڕازیم لێتان دواتر بەفەرمانى خۆى دووریانخستەوە و نەیهێشت زیاتر غەمى دڵى خۆى هەڵڕێژێت, كەچى ئەنفالچیەك كە داوا كراوە لە دادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراق لەبەر ئەوەى دەنگى بۆ كۆدەكردەوە بزەى سمێڵى دەهات و تاڵەبانى شیرین كەلام بوو لەگەڵى دا, تا ئەوكاتەش هەندێك كەس هەبوون نەیاندەزانى یەكێتى واتا بەجەلالیكردنى خەبات و قوربانیدانى خەڵكى و بەڵێن دان لەحزوورى ئەودا بەڵام ئێستا كە ماوەی نزیكەى ساڵێكە بەسەر هەڵبژاردن دا تێپەڕیوە و بەتایبەتى تریش دواى كۆتایهاتنى كۆنگرەى سێیەمى یەكێتى , بەتەواوى دەركەوتوە بۆ زۆرێك لەخەڵكى و كادیرانى ئەو حزبە ,جەلالیزم سێبەرێكە بەسەر حزبەكەیانەوە و هەموو دڵسۆزییەكە بۆ حزب و نیشتیمان و كوردستان, كاتێك ژمارەیەك لە دامەزرێنەران و كەسانى هەرەمى ئەو حیزبە دواى شكستى هەوڵى ڕیفۆرمكردنیان دەرچون لەو حیزبە بەتەواوى بە كادیرانى خوارەوە و خەڵكانى لایەنگری دەركەوت یەكێتى تەنیا بەجەستە لەسەردەمى كرانەوە و گۆڕان و نوێبونەوە و جیهانگەرایى و سەردەمى پوكانەوەى دروشمە زلەكاندایە بە عەقڵ لەسەردەمى شاخ دا دەژیت و تەنیا كەسێك دەسەڵاتى بەسەریدا هەیە و مەرجەعێكە كەس ناتوانێ لەبەردەمیدا پرسیاربكا ,گومان بكات لەپیادەكردنى كۆمەڵێك سیاسەت و حیكمەت كە چارەنوسازە بە نیسبەت كوردەوە و لەهەمان كاتیشدا دژى خواستەكانى تاكى كوردیشە, كۆنگرەى سێیەمى یەكێتى ئەو ئەو گۆمانانەى ڕەواندەوە و بەوانەشى گوت كە تائێستا بێئاگان لەوەى تاڵەبانى هەناسەى ئەو حزبەیە ئەگەر ئەو نەبێت دەخنكێت یا بیەوێ كەسێك بخنكێنیت زۆر ئاسانە.
جەلالیزم دروست بوو بۆ ئەوەى دروست بێت و تەنیا ڕێبەرەكەى هۆكارى دروست بوونى نەبوو بەڵكو زۆر هۆكار هەبون بۆ دروست بونى.

جەلالیزمى نوێ ئیش لەسەر چى دەكاو ئاماژەكانى ئاوابوونى چین؟
جاران دروشمگەلێك بەناو ڕێكخستن و كادیرەكان و بەشێك لە كۆمەڵگەى كوردى دا باوبون و دەوترانەوە, مامجەلال خاوەنى بوون و ئەو دەیكردن كە دواتر وەك دەق و پرەنسیپپى یەكێتى لێهات, و تا ڕادەیەكى زۆریش ئومێدى لەسەر هەڵدەچێنرا, تەنانەت دواى ئەزمەى كۆمەڵگەى كوردى لەدواى شەڕەكانى ناوخۆەوە جەلالیزم وەك ڕێبازێكى پیرۆزى كوردایەتى سەیردەكرا لاى ئەوانەى كە یەكێتى بوون, لەبەر ئەوەى ئەوان پێیانوابوو لەڕێگەى ئەم كارێزمایەوە وەڵامى سەرجەم كێشەكان دەدرێتەوە و چارەسەرە و كلیلێكى سیحرى یە بۆ قفڵكردنى دەرگاى نەهامەتیەكان كە بەردەوام لەلایەن ڕژیمە زۆردارەكانى عێراقەوە بۆ كورد خرابوە سەرپشت, كەچى دواى بوونى ئەم كارێزما بەڕێزە بە سەرۆك كۆمار بۆ زۆرێك لە لایەنگرانى تەریقەتى جەلالى ڕونبویەوە ئەمە هیچ نەبوو جگە لە دروستكرردنى پاڵەوانێكى خەیاڵى و ئەفسانەیەكى گەورە, بەتایبەت بەم دواییانە نەیتوانى لەبەرامبەر ستەمى یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا بێدەنگى كرد و ڤیتۆى بەكار نەهێنا, كاتێك كورد بینى هاشمى دەسەڵاتەكەى خۆى وەگەڕخست لەپێناو لایەنگر و هاوزمان و هاودینەكەى خۆى دا, كورد بێئومیدیەكى زۆرى حاسڵ كرد لەتاڵەبانى, بەمەش بەتەواوەتى دەركەوت تاڵەبانى لە كورسى سەرۆك كۆمارەوە خەونەكانى كورد دەكوژێت و ئیش لەسەر كاڵبونەوەى خەونى تاكى كوردى دەكات, ئەوەندە تاڵەبانى دەرونى تاكى كوردى خستۆتە بەردەم نیگەرانى و قەلەقیەكى قوڵەوە هەرگیز چەك و ئاگرەكانى بەعس نەیانتوانیوە بیكەن, كاتى خۆى جەلالیەكان مێشكى خەڵكیان لەسەر فەلسەفەى دژایەتیكردنى بەعس و سڕینەوەى ئاسەوارى بەعسیزم و هەوڵدان بۆ بەدادگایكردنى تاوانبارانى ئەنفال و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەى ناوچە دابڕاوەكان و.....تد قانگ دەدات كەچى پێچەوانەكەى دەرچوو, تاڵەبانى و قوتابخانەكەى نەك كاریان نەكرد لەسەر دروشمەكانى خۆیان بەڵكە ناتوانن و كەسێك نەیبیستووەئێستا بڵێن كەركوك قودسى كوردستانە تەنیا دەڵێن ئەوە نیە كوردێك سەرۆك كۆمارە!! جەلالیزمى نوێ كار لەسەر ڕابردووى دروشم و بەرنامەكانى ناكات, بەڵكو بەرنامەى دژەكەى تەواو دەكات كە لەپێناوى دا دروست بوو و خەباتى لەدژى دەكرد,چ سەركردەیەكى كارێزما هەیە لە دونیادا كاتێك دەسەڵات دەگرێتە دەست , تاوانبارەكان دەبەخشێ و ئازادیان دەكات لە زیندان؟ چ سەركردەیەكى كارێزما و ڕاستەقینەى خەڵكى هەیە , وڵاتەكەى خۆى بكاتە جێگاى تاوانباران و حەوانەوەیەكى خۆش و دەستو سمێڵیان بە داهاتى ئەو خەڵكەى كە خوێنیان ڕشت چەور بكا؟ چ سەركردەیەكى كارێزما هەیە لە دونیادا بە خەبات و قوربانیدانى میللەتەكەى بۆ سەربەخۆى و بەدەوڵەتبوون بڵێت خەونى شاعیرانە؟ ئەمانە مەگەر لە ڕۆمانى (مەزراى حەیوانەكان)دا بوبێتن و خەڵك باوەڕ نەكات كە ڕاستین و وابزانێت تەنیا لەو ڕۆمانەدا هەیە و تەنیا دەیانخوێنیتەوە!!
جەلالیزمى نوێ لەشاخ نیە, موعارەزە نیە و لاواز نیە لەڕووى سامانى مادیەوە, لەگەورەترین كورسى وڵاتەوە دانیشتوە و خۆى دەڵێت دەسەڵاتى دیكەم نیە یاساكە ڤیتۆ بكەم یان هەموارىبكەم, ئیدى ئەو خەڵكەى كە باوەڕیان پێى بوو تا هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانیش هەموو ناخۆشیەكیان بیربردوەوە و دەیانگوت ئێمە جەلالین و دەنگ بۆ ئەو دەدەین, ئایا ئێستا ئەوانە وا دەڵێن كاتێك دەبینن ئەم بەڕێزە وێنەیەكى خەون و ئیرادەى میللەت پێشكەش ناكات و تەنیا بۆ ئەوانە ئازا و سەرۆكە كە نایانەوێ وەك خۆى بیربكەنەوە و ڕەخنە لەو سیاسەتانەى دەگرن كەمەترسى زیاتر دەكات بۆ ئەمنى فیكرى تاكى كوردى. بۆیە لێرەوە ئاوابونى قۆناغێك دەستپێدەكات.

جەلالیەكان ئەزانن كە نازانن

كەس ئەوەندەى ئەو كەسانەى لەدەورى مامجەلال كۆبونەتەوە و بە شان و شەوكەتیدا هەڵدەدەن و جارێ دەیكەن بە كارێزما و جارێكى تر بە سەركردە بەناوبانگەكانى دونیا, لێزان و واقیعى نین بۆ خۆیان, كاتێك لە پلنیۆمى یەكێتیدا پەیمانى ئاكار لەبەردەم تاڵەبانیدا ئیمزا كرا, تاڵەبانى دڵیخۆشبوو و پێدەكەنى و وەك بە خەڵك بڵێت ئیدى دەوروبەر و دەروێشەكانم لێم جیانابنەوە و لەڕوم ناوەستن و ڕەخنەم لێناگرن و ئیدى متمانەم هەیە پێیان و ڕوداوى وەك ئەوەى نەوشێروان و هاوڕێكانى دووبارە نابنەوە, بەڵام تاڵەبانى نەیپرسێ ئەوان كێن كە ماون و قورسایى و توانا و ئاستى جەماوەرى و ڕابردو و مەهامیان چییە؟ خاوەن چ جۆرە دەستكەوتێكن و چۆن بونەتە بەرپرس لە حیزبكەى ئەودا و لەڕیگەى چییەوە دڵسۆز و دەروێشى ئەون و كەى دژى دەوەستن و جیێدەهێڵن؟ ئەم پرسیارانە پێویست نین لاى و خۆى دەزانێت ئەوانە چین و بۆچى بەكاریان دێنیت و قورسایان چیە؟
هەڵسوڕاوێكى ئێستاى گۆڕان و كادیرێكى جارانى یەكێتى بۆى باسكردم, ووتى كاتێك پلنێۆمى دواى چونە دەرەوەى نەوشێروان مستەفا مان بەست, لەو باوەڕەدا نەبوم مام جەلال تا ئەوڕادەیە دژى ئەو كادیرانە بێت كە لە كوتلەكەى ئەودا نین, وتیشى ئەگەر كادیرێك بیویستایە موناقشە و پرسیارى لێبكا ئەگەر لەلایەن هەردوو ئەستێرە شان و چەپییەوە گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵبكرایە و بچپێنرایەتە بنگوێیەوە ئەو كات ئەو كادیرەى توشى شەرمەزارى دەكرد و دەیشكادندەوە زۆرجار گاڵتەشى پێدەكرد و نەیدەهێشت مەبەستەكانى خۆى بگەیەنێت.
جەلالیە نوێیەكان باكیان نیە حزبەكەیان چى بەسەر هاتوە و خەریكى پیادەكردنى چ جۆرە سیاسەتیكە و چەندە بچوك بۆتەوە و چەندە جەماوەرى لەدەور ماوەتەوە؟ ئەوان وەردەرگرن و دەوڵەمەند دەبن و ئیدى دەست بەرزدەكەنەوە و چەپڵە لێدەدەن و ئافەرین بۆ هەموو شتەكانى تاڵەبانى دەكەن, ئەوان هۆشیارن دەزانن ئەمە حزبایەتى نیە ئەوان دەیكەن ,تەنیا وەفایەكە بەرامبەر بە لیبۆردەى سەرۆكەكەیان و دڵفراوانى و چاوپۆشى لەكارە خراپ و ناڕەوا و داپۆشینى گەندەڵیەكانیانە بۆیە بژى بۆ سەرۆك دەكەن و بەردەوامیش ژمارە و داتاى هەڵەو شێواندنى فاكتەكان بە سەرۆك دەگەیەنن, بەمەش جەلالیەكان دەزانن ئەوان دوورن لە واقیعى خەڵك و هیچ شارەزاییەكیان نیە لەدەوروبەر و حكومەت و خەڵك و دونیا بەڵام دڵسۆزى سەرۆكن و هەموشتكێن تا ئەوكاتەى سەرۆك دەمێنێ لەسەر كورسیەكەى.

كامیان نەخۆشن, ڕێبەر یان حزبەكەى؟
جەلالیزم چۆن دروستبوبێت و بەپشتیوانى كێ و چۆن؟ دەتوانین بڵین بەچاوپۆشین لەو پرسیارانە دەستكەوتێكى باشى لەگەڵ خۆى دا هێنا, ئەوەبوو دروستبونى حزبێكى پێشكەوتنخوازى وەك یەكێتى لێكەوتەوە بەرامبەر بە پارتى دیموكرات كە تەقلیدى بوو لەهەموو ڕوویەكەوە,واقیعى كوردى و كێشە سیاسیەكەى بەشێوازێكى تر گۆڕى تا ئەوكاتەى نەچوبوە شارو دەسەڵاتى بەدەستەوە نەگرتبوو, كاتێك چووە شار هەمان تێۆرەكەى ئیبن خەلدون بەسەرى دا چەسپا, دەسەڵات وڕەفاهیەت لەخۆى بای دەكا و دروشمەكانى خۆى بیردەچێ, كاتێك تاڵەبانى وەك كوردێك دەچێتە سەر كورسى سەرۆك كۆمار, خەڵكى قەناعەت بەوە ناكات جارێكى تر تاڵەبانى شار بەشار و كۆڵان بە كۆڵان بۆ كۆكردنەوەى دەنگ بۆ بارزانى و لیستەكەى بگەڕێ, چونكە خەڵكى بەهۆش وبە ئاگا هات ئەم سەرۆكە خەڵك گەیاندویەتى بەو شوێنە و تەنیا لەو كاتەدا بیریان دەكەوێتە و خۆیشى دەزانێت چۆن ئیشى كردوە بۆیە وا خۆى تینەتاو كردەوە,لەجیاتى ئەوەى كارنامەى خۆى پیشانى میلەتەكەى بدایە و داتاو دیكۆمێنتەكانى خۆى پیشكەش بكردایە كەچۆن ئیشى كردوە لەپێناو ئینسانى كوردى و عێراقی دا, بەڵام سەرۆكێك چاك بزانێت خەڵك بەخەبەر هاتوە و لێى توڕەیە و هێشتا ئازادكردنى فڕۆكەوانەكە و دەیان كارەساتى تر لەپێشچاون چۆن دەتوانن بڕوا بكەن تۆ نوێنەرى خواستى گەلى؟
ئێستا چەند ساڵیك بەسەر ڕوداوى دروستبونى جەلالیزم دا تێپەڕ دەبێت و ڕێبەرەكەش لەهەرەمى دەسەڵاتى وڵاتێكدایە, لەڕووى جەسەدیەوە ئەم سەرۆكە هیچ كێشەیەكى نیە و ئەگەر هەشیبێت ئەوا بەگوڕەو و دەربەست نایەت و بەلەشێكى تەندروستەوە خۆى پیشاندەدا دواى ئەوەى ڕزگارى بوو لە تەوژمیێك نەخۆشى زۆر كە چاوەڕواندەكرا بەتەواوى پەكى بكەوێ, بەڵام ئایا ئەو ڕێبازەى كە خۆى لەسەرى دامەزرا ئێستا بەچییەوە خەریكە و چۆن وەڵامى میلەتەكەى دەداتەوە, چاودێران وایبۆدەچن تاڵەبانى بە پێویستى نازانێت وەڵامى میللەتەكەى خۆى بداتەوە, چونكە ئەمجارەیان بە پشتیوانى وڵاتانى تر دەبێتەوە سەرۆك كۆمار, ئێستا گرنگترین سیاسەتى تەندروست و كوردانە لاى تاڵەبانى دژایەتیكردن و تاوانباركردنى هاوڕێكانى خۆیەتى كە وەك ئەو بیرناكەنەوە و دەیانەوێ سنورێ بۆ بەهەدەردانى هەوڵى كورد دابنرێ و بارودۆخى وڵات باشبكرێ, لەجیاتى دروشمەكانى كەركوك قودسى كوردستانە, كۆمەڵێك شیعاراتى كۆن و پەرچەكردارى سەیرو كەوتنەوەى ڕوداوى سەیرلەو دیاردەیە و حزبەكەى لەسیاسەتى سەردەمى تاڵەبانى و گروپەكەیەتى.
جەلالیزم و كۆنگرەى سێیەمى حیزبەكەى
بەدرێژاى زاڵبونى جەلالیزم وەك سیستەمێكى حزبى و سیاسى بەسەر یەكێتى دا, دەزگاى ڕاگەیاندنەكەى وا لێكردوە لەسەر ڕەش و سپى , بەهەشت و جەهەنم , بەرز و نزم , و مەلائیكە و شەیتان ئیش بكات, پێش دەشتپێكردنى كۆنگرەى سێیەمى ئەمجارە, دەزگاى ڕاگەیاندنى حزبەكەى دەیویست مێشكى تاك و كۆمەڵگەى كوردى بە گۆنگرەى نوێبونەوە و گۆڕان و ئاوەدانى و گەنجان و ژنان و......قانگبدات, بەڵام دەرئەنجامەكە وادەرنەچوو, ئەوانەى كە ئەو تەپڵەیان لێیدەدا و دەیانگوت ئەمە سەردەمیترین گۆنگرە دەبێت بەپێى هەواڵى ڕۆژنامە ئەهلى و ئازادەكان, خەریكى دروستكردنى گروپبن بۆ هەڵوێست وەركرتن لە ئەنجامەكانى كۆنگرە و هەڵویستى تر, ئەو هەڵویست و گروپانە هەرچییەك بن ناتوانن یەكێتى نیشتمانى لە قۆناغى گۆڕانى بۆ حزبى بنەماڵە ڕزگار بكەن.

[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە