پێگە وەك مۆتەكە یان خزمەتكردن؟ سكرتێرى پێشووى ئەنجومەنى ناوەند وەك نمونە.
Friday, 02/07/2010, 12:00
دەگێڕنەوە لە سەردەمى حوكمى عەبدولكەریم قاسم دا , واڕێكدەكەوێ ڕۆژێك خۆى دەچێتە فڕنێكى سەمونەوە بۆ ئەوەى سەمون بكڕێت, كاتێك سەیر دەكات وێنەیەكى حۆى بەگەورەى هەڵواسراوە و ئەو سەمونەشى كە دەفرۆشرێ تیایدا زۆر بچوكەو بەرامبەر ئەو پارەیە نیە كە بۆ سەمونێك وەردەگیردرێت, ئەویش سەیرێكى وێنەكەى خۆى دەكات و دەڵێت" ئەو وێنەیەم بچوك بكەنەوە بەڵام سەمونەكان گەورە بكەن و بیكەنە ئەو قەبارەیەى كە بەرامبەر پارەكە بێت".ئەو سەرەڕاى هەندێك بۆچونى تر لەسەرى لەلایەنى مرۆییەوە سەرۆكێك بوو ئاوا بیرى دەكردەوە پێگەكەى خۆى نەكردبووە كارتێكى بازرگانى تا فشارى پێدروست بكات, هەربۆیە بەعسیەكان نەیانهێشت گۆڕێكى بۆ دروستبكرێ و بناسرێ بۆیە فڕێاندایە ڕووبارى دیجلەوە تا نەبێتە سومبلێك,ئێستا چەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا تێپەڕدەبێت و لەسەردەمی قاتوقڕى و گرانیدا, لەسەردەمى نائارامى و ناڕونى ئایندەى وڵات دا سەرۆكێك ئاوەها بیرى كردۆتەوە و ڕەفتارەكانیشى دەرهاوێشتەیەك بوون بۆ بیروباوەڕى, بەڵام ئەوانەى حكومى ئەم وڵات و ئەم هەرێمە دەكەن ئایا دەبێت چۆن بن؟ پێگەكانیان بەكاردێنن بۆ خزمەتكردنى خەڵك یان برسی كردنى؟ پێگەى حزبى تێكەڵ بە حكومەت و كارى خەڵك دەكەن یان خاوەن ویژدانێكن بە دووریان دەگرێت لەو ڕەفتارانەوە؟ ئەوانەى وێنەى سەرۆكەكان هەڵدەگرن و هەڵدەواسن زۆرینەیان چین و كێن و بۆ وادەكەن و وێنەى چەند سەرۆكیان هەڵگرتوە و خاوەنى چین و چۆن بونە خاوەنى؟ پرسیارەكان هەرچیەك و چۆنێكبن وەڵامەكەى لە ڕووى پەڕەى ڕۆژنامە سەربەخۆكاندایە. لەم ڕۆژانەدا هەواڵێكم خۆێندەوە لە ڕۆژنامەى (هاوڵاتى)دا, باسى بردنى كارەبا دەكات بە ڕێگاى نایاسایى لەلایەن بەرپرسى ئەنجومەنى ناوەندى یەكێتیەوە,ئەو هەواڵە ئەگەرچى لە ڕوكەش دا وەك دیاردەیەكى ئاسایى لێهاتووە و ڕۆژانە بەدەیان ڕوداوى لەمجۆرە ڕودەدەن لەلایەن ئەوانەى خۆیان كردۆتە ساحێبى پلەو پایە, بەڵام لە گەوهەردا ئەم حاڵەتانە قابیلى ئەوەیە سكرتێرى ئەو حزبە دیراسەتێكى وردى سیاسەتەكانى خۆى بكات, كە بەرپرسێكى لەمجۆرەى فرێداوەتە نێو دەڤەرێكى وێرانەى وەك گەرمیانەوە(بەبەراورد بەو دەستكەوت و سامانەى كە لێیەوە هەڵدەلوشرێت, وێرانەیە) و كردویەتییە بار و گرانى بەسەر خەڵكى بەشمەینەتەوە, ئەگەر سیاسەتى حیزبەكەى ئەو بەرپرسە كە ڕوناكى ماڵەكان بۆ شوێنى حەوانەى خۆى دەبا و تاریكى بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە, ناردنى كاراكتەرى لەمجۆرە بێت بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى خەڵك و حكومەت ئەوا جگە لەخەیاڵێكى خۆش هیچى تر نیە و ئەو حزبە دەبێت بزانێت و مەلەف بۆ بەرپرسەكانى خۆى بكاتەوە بە تایبەتى ئەوانەى كە هیچ ماندونین و ڕوناكى خەڵكى دەبەن بۆ شوێنى حەوانەوە و یارى بە موڵكى گشتى دەكەن,خەڵك قەبوڵیى نیە و من وەك هاوڵاتیەك بیروباوەڕم وایە ئەوانەى موڵكى خەڵك دەبەن بۆ خۆیان بچن لە شوێنە حزبیەكاندا پشوبدەن باشترە نەك بە كارەباى خەڵكى خۆیان فێنك و دیدەیان ڕوناك بكەنەوە, سەیرە قوربانیەكانى میلەت بەرچاوى بەرپرسانى لەمجۆرە ڕوناك ناكاتەوە بۆ خزمەتكردنیان كەچى دەیانەوێ بەو كارەبا ناتەواوە كە بەهەزارەها منەت دەدرێ پێیان بەردیدەیان ڕووناك بێت.جێى خۆیەتى بشپرسین ئەوانە چۆن وا زوو ماندووبون و تەنیا بەدواى خۆشكردنى شوێنى حەوانەوەدا دەگەڕێن؟ خۆ هێشتا ئەم دەڤەرە شەكەتە بە كارەساتە گەورەكان وپاشماوەكانى لەژێر ئەو هەناسە قورسانەدان و چاوەڕێیان دەكرد, ماندوبون و قوربایى ئەوان نەكرێتە كارتێكى بازرگانى و خەڵكى ترى لەپاڵ دا پێى بحەسێتەوە.
بەرپرسى حكومى نیە لەم وڵاتەدا باسى ئەزمۆنەكانى دیموكراسى ڕۆژئاوا نەكات, كەچى بەس بۆ خۆڵكردنە چاوى خەڵكییەوەیە, ئەگینا لە چ وڵاتێكى دیموكراتى و تەنانەت دواكەوتوەكانى وەك وڵاتانى سێیەمیش دا هەیە بەرپرسیكى حزبى بە ئاشكرا كارەباى خەڵكى بۆ خۆى ببات, وەڵامى لایەنى پەیوەندیداریش ئەوەبێت پێناچێت لەبەر پێگەكەى ئیجرائاتى لە گەڵدا بكرێت!! لەو وڵاتانەش كە ئەوان نمونەكانى باسدەكەن و بە بیانى و خەڵكانى ئەم وڵاتەى دەفرۆشنەوە لەبەر میزكردنێك سزاى شەست دۆلار بۆ هاوڵاتیەك بڕاوەتەوە.
ڕوداوى لەمجۆرە ئاماژەیەكى ترسناكە ڕۆژانە بوەتە دیاردە لەپاڵ ئەوەدا قابیلى هەڵوەستەى لایەنى پەیوەندیدارە, هەقوایە داواكارى گشتى بۆ ئەم دیاردانە لەوەز زیاتر بێدەنگ نەبن لێى چونكە لە ڕووى سایكۆلۆژییەوە ڕەشبینیەكى خراپ لاى كۆمەڵگە و تاكەكانى دروست دەكات بە تایبەتى كاتێك كە دەبیسن و دەبینن لایەنى پەیوەندیدار دەڵێت لەبەر پێگەكەى ناتوانرێت هیچ ئیجرائاتێكى لە گەڵ بكرێت, ئەمە لەو وڵاتانەدا ڕووبدات كە ئەوان سیستەمى حوكمى كوردستانى پێى بەراوردەكەن و بەخەڵكى دەفرۆشنەوە, سەرۆكى وڵات دەستلەكارنەكێشێتەوە هەڵویستێكى دەبێت منداڵێكى ئەو وڵاتە ڕەخنەى لێى نەبێت.
پێگەیەكى حزبى دەبێت چ سودێكى هەبێت بۆ كۆمەڵگە, چ پەیوەندییەكى هەبێت بەژیانى خەڵكەوە؟ دەبێت ئەمە لە چ وڵاتێكدا ڕویدابێت؟ لانیكەم ئەگەر میوانێك و كابرایەكى پرۆفیشناڵى ببیانى هێنرابا بۆ چاككردنەوەى سیستەم و كێشەى كارەبا قەیدى نەبوو ئێمەومانان قوتى خۆمانمان پێدەبەخشى ئەگەر حكومەتە هەژارەكەشمان نەیتوانیبا پاداشتى بكا, ئەگەر پزێشكێكى پسپۆڕ و بەویژدان و بەتوانا بهاتایە بكۆڵیتەوە و شیكارى نەخۆش بكات لەم دەڤەرە كاولەدا قەیدى نەبوو ڕوناكى ماڵانى بردبا چونكە هەر سودێكى دەگەیاند, ئەگەر كۆمەڵێك ئەندازیارى شارەزا لە شارو وڵاتەكانى ترەوە هێنرابان بۆ داڕشتنى نەخشەى زانكۆى گەرمیان و دانانى پلانێكى چارەسەر بۆ كێشەى نیشتەجێبون و چاككردن و قیركردنى ئەو كۆڵان و بازاڕە كۆنانەى گەرمیان كە لەسەردەمى عەبدولكەریمەوە قیرى نەبینیەوە قەیدى نەبوو, ئەگەر كۆمەڵێك ئەكادیمیست و پسپۆڕى ئابورى هێنرابان بۆ گەرمیان و شوێنى حەوانە و كارەباى ماڵانیان بۆ خۆیانیش بردبا قەیدى نەبو, چونكە ئەوان هەر پلانێكیان دەبوو بۆ ئەوەى داهاتى نەوت و داهاتەكانى گومرگ و شتەكانى تر بۆ خەڵك سەرفبكرێ نەگ بچێتە گیرفانى ئەوانەوە كە هەر بەدواى شوێنى حەوانەوە وێڵن نەك غەمى خەڵكى!!!
پێگە وەك مۆتەكە بەكاردێت لەم وڵاتەدا. نەك بۆ خزمەتكردن, ئەمەشە وامان لێدەكات بڵێن وڵاتێك تاسەر ئێوە حوكمى ناكەن, تا سەر ئێسكیش تێكوپێكى مەدەن, كە ناتوانن ئاوەدانیشى بكەنەوە.
تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى سبەى دابەزیوە,كاك سامان گەرمیانى هێشتا سكرتێرى ئەنجومەنى ناوەندبوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست