کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆسرەت ڕەسول لە ژێر چەترى ڕێكەوتنامەى ستراتیژی دا

Thursday, 14/05/2009, 12:00


لەدواى ڕاپەڕینەوە شەڕى ناوخۆ مۆتەكەى كوردستان بو, ژیانى سیاسى و كۆمەڵایەتى خستبوە ژێر هەمو مەترسیەكەوە, وڵات دواكەوتبو, ئاسەوارى ئەو شەڕە بەسەدان ساڵى تر دەمێنێتەوە, بەو بارودۆخەش یەكێتى و پارتى وێنەی نمونەیەكى ناشیرینى حكومەتدارى كوردیان بە دونیاى دەرەوە پیشان دا, كەچى كەس نازانێ, ئەو شەڕە بۆ كرا و لەپێناو چى دا كرا, جگە لەوانەى بڕیاریان لێیدا.
ئەوەى ئێستا بەهەمان شێوەى شەڕى ناوخۆ مەترسى لەسەر كوردستان دروست كردوە, ڕێكەوتنامەى ستراتیژى نێوان یەكێتى و پارتى یە, ئەگەر بێت و لەڕوى ئاستى سیاسى و حزبى و تەنانەت كۆمەڵایەتیش دا دیراسەتى ئەو ڕێكەوتنە بكەین, بۆ ماندەردەكەوێ نە لەڕوى سیاسیەوە ئەوە ڕێكەوتنى ستراتیژى پێى دەڵین و نە لەڕووى كۆمەڵایەتى و دەرونیەوە ئاسەوارەكانى كەمترە لە شەڕى ناوخۆ, بەڵكو تەنها شێوازیكە لە جێگیر كردنى حوكمى پاشایەتى و بنەماڵەى كە ئەو نمونەنانە لەزۆربەى وڵاتە دواكەوتوەكانیش دا چونەتە نێو مێژوەوە.
كەچى بەهەمان شێوە كەس نازانێ ئەم ڕێكەوتنە ستراتیژییە, ناوەڕۆك و بنەما یاساییەكانى چییە و لە ئاست پرسە حزبى و كۆمەڵایەتى و سیاسیەكان دا تا چەند بەدەستكەوت دەشێكێتەوە؟
ڕێكەوتنامەى ستراتیژى جگە لەوەى لە ئاست زۆربەى جەماوەر و ڕۆشنبیرانى گەلەكەمان بە خاڵى دواكەوتن و بەشكردنى دەسەڵات لەنێوان دو بنەماڵەدا سەیر دەكرێ, بوە ناكۆكى نێوان هەندێ ئەندامانى مەكتەب سیاسی یەكێتى وە, بەپێچەوانەى پارتیەوە كە زیاتر لەمەوە بنەماڵیكردن و خێزانكردنى ئەو حیزبە دەركەوت, ناكۆكیەكان لەسەر ئەو ڕێكەوتنە یەكێتى گەیاندە قەیران و نزیك خستنەوەى لە لێوارەكانى مەرگ, كەچى سەرۆك و هاوڕێكانى ئەم حیزبە سەرەڕاى چۆڵ بونى مەكتەب سیاسیەكەى ئامادە نەبو, لەپێناو پێاچونەوە بەو ڕێكەوتنە كە وڵاتى توشى جۆرەها دیاردەى سەیر و سەمەرەى دواكەتن و هەڵاوسانى دەزگاكانى حكومەت بە گەندەڵى و دواجار چارەنوسى یەكێتى درایە دەست مەسەلە شەخسى و تایبەتیەكان و یەكێتى بوە حزبێكى لۆكاڵى و نادامەزراوەیى,بارودۆخەكە باشبكات, وەكو باسدەكرێ تاڵەبانى وتویەتى, ئەگەر بە تەنها خۆم مابم لە یەكێتى دا واز لە ڕێكەوتنامەى ستراتیژى ناهێنم.
لەدواى دەستلەكاركێشانەوەى چوار ئەندامەكەى مەكتەب سیاسى یەكێتى, وا چاوەڕواندەكرێ لە پێش پلینۆمەوە كە وا باسدەكرێ كۆتایى ئەم مانگە ببەسترێ, پێدەچێ هەڵمەتى جێهێشتن و دەستلەكاركێشانەوە لەو حیزبە دەستپێبكات لەئاستى سەركردایەتیەوە تاوەكو خوارتر.
پرسیارەكان ئەوەیە, ئایا كاك كۆسرەت هەڵویستى چى دەبێت بۆ لەمەودا؟ هەواڵەكان پێماندەڵێت شكستى هێنا لە هەوڵەكانى بۆ گەڕاندنەوەى ئەندامە هاوڕێكانى لە مەكتەب سیاسى كە چەند مانگى پێش ئێستا پێكەوە چونە دەرەوە و بەڵام ئەو نەیتوانى بڕیارەكەى جێ بەى بكات, و بۆ دواجاریش شكستى هێنا لە گەڕاندنەوەى مستەفاى سەید قادر و عوسمانى حاجى مەحمود بۆ نێو مەكتەب سیاسیە لەرزۆكەكەى ئەو حیزبە, دەبێ كاك كۆسرەت چاوەڕوانى چى بكات و كەى بڕیار بدات, ئەم وڵاتە و حیزبەكەى بە گۆڕان لەفیكرو بەرنامەدا دێتە كایەوە نەك دانان و گۆڕینى دەموچاوەكان؟
لەكاتى پەشیمانبونەوەى كۆسرەت دا لە دەستلەكاركێشانەوەكەى, لەكەسێكى نزیكى بەڕێزییەوە بیستم ئەو سێ داواكارى هەبوە و بۆى جێبەجێكراوە و ئیدى گەڕاوەتەوە, مەعلومیش بو داواكاریەكانى چی بون, دانانى حاكم قادر لە ئاسایش و جەلالى شێخ كەریم لە وەزاەتەكەى خۆى و لادانى عومەر فەتاح, كەواتە ئیدى بۆچى كاك كۆسرەت باسى جێبەجێكردنى ڕێكەوتنێكى یانزە خاڵى دەكرد بۆ ڕاگەیاندنەكان لەگەڵ تاڵەبانى دا؟ بیرى نەكردەوە باشتروایە لایەنگرانى خۆى بەو بڕیارانە لەدەستنەدا و خۆى توشى ڕەخنەى جەماوەرى كوردستان نەكات, كە ڕۆژانێ بە دڵسۆزانیان زانیوە؟
هەمو كەسێكى بە ئاگا و كادیرەكانى یەكێتى و پارتى دەزانن جەریانى سیاسى و حكومەتداریەكەیان لەژێر بەند و بنەماكانى ڕێكەتنامەى ستراتیژى دا جێ بەجێ دەبێتن, ئەو هەوڵە ئیعلامیەى تاڵەبانى و كەسانى بنەماڵەكەى لەگەڵ كاك كۆسرەت دا دەیدەن بۆ مانەوەى لە ئێستادا ئایا بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردن نیە, كە چاوەڕواندەكرێ یەكێتى و پارتى بخاتە نێو مێژوەوە,ئایا بۆ پتەوتركردنى ڕێكەوتنامەى ستراتیژى نیە؟ با بەڕێزى دەیان حاكم قادرى تر بخاتە نێو دەزگاكانى یەكێتى یەوە, ئایا تەنها مەرجەع تاڵەبانى و بنەماڵەكەى نیە لەو حیزبەدا, ئەویش نابێتە كاراكتەرێكى چالاك بۆ بەخێزانكردنى یەكێتى و مانەوە و گەورەتر بونى كێشەكانى خەڵك؟ ئایا توڕەتركردنى جەماوەر نیە, هەوڵبدەى كەسێكى خراپتر بخەیتە شۆێنى هەستیارترەوە؟ بەڕێزى بیرى نەكردۆتەوە هەتوانى سارێڕێژكردنى برینى ئەم واقیعە مەدو جەزرى نیە بە دەورى ڕێكەوتنامەى ستراتیژى یەكێتی و پارتیدا, بەڵكو دەرچونە لەژێر ئەو چەترانەى بۆ پاراستنى هەردو بنەماڵە هەڵكراون, چارەسەر نیە؟
گریمان كاك كۆسرەت سەركردەكەى جاران نیە و گۆڕاوە و تەنها مەترسیەكان بۆ سەر بەرژەوەندیەكانى خۆى لامەبەستە, (دەخوازم وانەبێت بەداخەوە خۆزگەى من و هەزارەها وەك من نەهاتەدى)گریمان یەكێتى و پارتى لە هەڵبژاردن بردیانەوە, زەمانەتى نەتۆراندن و دەرپەڕاندنى كۆسرەت ڕەسول چیە لەو حیزبەدا , ئەمەیان بە هەنگاوێ حەتمى دادەنرێ, ئایا چ بەلایەنگەرانى دەڵێت, ئەوانەى كە دڵسۆزییان تیایە و پێانباش نیە بمێنێتەوە لەنێو یەكێتیدا, چونكە ئەوانیش دەزانن تاڵەبانى تەنها بۆ تەشریفات و سیبمبلى مانەوە و پاراستنى دەسەڵاتى بنەماڵەكەى خۆى بەكاریدێنێ, پێشتر بینیمان لەڕێگەى وروژاندنى كۆمەڵێ پرسیار لەلایەن ئاراسى شێخ جەنگیەوە كە ڕاسپێردرابو, دەیان نیشانەى پرسیارى خستە بەردەم كۆسرەت ڕەسول ەوە, بەڵام لەبەر ئەوەى بەڕێزى مەسەلە عاتیفیەكانى لامەبەستە و باكى بەوە نەماوە ئەم وڵاتە بەهۆى حیزبەكەیەوە دواكەوتوە و پێویستى بە چاكسازى بنەڕەتى هەیە, هەناسەى كورت بو, و گەڕایەوە بە چۆپیى بادانێكى تاڵەبانى.
ئەوەى ماوەتەوە بیلێن, هەمو كەس دەزانێ بەتایبەتى لەكاتى ئەم هەڵبژاردنەدا, بەڕێزى ئەركى قورسى لەسەرە, دەتوانێ بەهەڵوێستى هاوشێوەى هاوڕێكانى, ئەو گومانانەى بەدەستى خۆى لەسەر كاراكتەرى دروستكردوە بڕەوێنێتەوە.
گومان لەوەدا نیە بەڕێزى دەزانێت پاراستنى ڕێكەوتنامەى ستراتیژى مەرجى دڵسۆزى بونە بۆ یەكێتى و تاڵەبانى, ئەو ڕێكەوتنەش تەنها لەخزمەتى كورد و پرسەكانى ئێستاى نیە, ئیدى هەمو شتێكە بۆ بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى.
خۆێندنەوەكانى تر, بۆ ئەم جۆرە بارودۆخانە كە پێویستن قسەیان لەبارەوە بكرێن, هەڵدەگرین بۆ ئەو كاتانەى كە نیشانەى ڕودانى گریمانەكانمان دەردەكەون.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە