بەجەهەنمم كردنى یاسا, هەندێ لە داو دەزگاكانى حكومەت لە گەرمیان وەك نمونە!!
Thursday, 15/07/2010, 12:00
لەسەردەمى یۆنانى كۆن دا, كاتێك گروپێكى بزۆزى تیژگوتار و زمانپاراو قسەزان لەژێر ناوى سۆفیستایەكان دا پەیدا بوون وەك مامۆستا شاربەشار و گوند بەگوندى یۆنانى ئەو كات دەگەڕان وخەڵكییان فێرى ڕەوانبێژى و مەعریفە و كۆمەڵیك شتى تر دەكرد, ئەمانە بازاڕى خۆیان گەرمكردبوو لە پاڵ ئەوەدا ئەو ئەركەى خۆیان ڕادەپەڕاند بەڵام مەبەستى سەرەكى ئەوان هەوڵدان بوو بۆ بەكارهێنانى یاسا وەك جەهەنم لەدژى ئەوانەى كە خەڵكییان هۆشیار دەكردەوە لە خراپەكارییەكانى ئیمپراتۆرى یۆنانیەكان, ئەوان بیانویستایە بەهۆى ڕەوانبێژى و قسە زۆرییەوە بەكەیفى خۆیان خەڵكیان تاوانبار دەكرد بەبێ هۆ, واى لێهاتبوو ژیان و مردن بەدەستى ئەوان بوو, زۆر لەسەر كەسێكیان بخۆێندایە لەدادگاى كارتۆنیەكانى ئیمپراتۆرەوە حوكمى مەرگ دەردەچوو, مەرگ سەپاندن بەسەر سوكراتى فەیلەسوف دا, باشترین گەواهییە و هەروەها تاوانێكیشە تا وەكو ئێستا نەیتوانیوە سۆفیستاایەكان پاك بكاتەوە لەو تاوانانەى كە دەیانكردن هەرچەندە خەڵكێكى زۆر خۆى سەرقاڵكردوە بێگوناهى و پاكیزەى ئەو تایەفە مامۆستایە بسەلمێنێت بەڵام هیشتا نەیانتوانیوە و دڵنیاشم ناتوانن, ئاشكراشە تاوانى سوكرات تەنیا ئەوە بوو ووتى" چیتر پێویست ناكات فەلسەفە لە ئاسمان دا بێت دەبێت بێتە خوارەوە" كاتێكیش فەلسەفەى هێنایە خوارەوە بۆسەر زەوى هۆشیارى لاى گەنجەكان دروستكرد كە هۆشیارى دروست بوو ئەوانیش ووتیان ئێوە چین حوكمى ئێمە دەكەن؟ شایستەمان نین! ئەوەبوو یاساكانى ئیمپراتۆر لە سوكرات كرایە جەهەننم و شەرابى مەرگى نۆشكرد.
سەردەمى سۆفیستایەكان گەلێك دورو درێژە لە ئێستاوە, بەڵام ناوى ئەوان لە جیهانى فەلسەفەدا بەدناوە تا ئەو ڕادەیەى وەك قێزەون و جنیێو بەكەسانى بێویژدان بەكاردەهێنرێت و بەو جۆرانە دەڵێن (هەى سۆفیست), كەسانێك هەوڵیاندابێت یاسا بكرێتە بەهەشت لە كۆمەڵێك خەلكى و بۆ هەندێكى تر جەهەننم دەبێت چارەنوس و ناوبانگیان چ بێت؟
زۆر هەبون و هەن لەو دەسەڵاتانەى دواى ئیمپراتۆرى یونانى و ڕۆمانیەكان هاتن و چون و چەندەها مامۆستاى سۆفیستیان هەبوو بەهەمان شێوە كاریان دەكرد و مرۆڤایەتیان توشى جۆرەها دەردێسەرى و كێشەى گەورە كرد بەڵام لە مێژوودا ناویان بەدناوە و وەك نمونەیەكى ناشیرین سەیردەكرێن.
كردنى یاسا بەجەهەننم كارى ئەو حیزب و دەسەڵات و دەوڵەتەیە كە لەسەر یەك ئایدۆلۆژیاى داخراو بیناكراوە, ئەو سەردەمەش بەسەرچووەكە لەوڵاتانى تردا جگە لەهەندێ وڵاتى ڕۆژهەڵات دا نەبێت بەكار دێت, ئەویش تەنیا بۆ كێشە و دیاردە سیاسیەكان بەكارەهێنریت تەنانەت لە رۆژهەڵاتیشدا جگە لە كوردستانەكەى خۆمان نەبێت, ئەگینا بۆ كێشە مرۆییەكان هەرگیز ئایدۆلۆژیاى لە خشتەبردنى مرۆڤ و ئازادییەكانى ڕوونادات بۆیە دەبینین هەندێ وڵات تەنیا بۆ دەرەوەى خۆى دیكتاتۆرە هاوڵاتیانى خۆى خۆشگوزەران و بێ كێشە و ڕەخنەن, بەپێچەوانەوە بەدرێژى دەسەڵاتدارێتى یەكێتى و پارتی لە كوردستان دا مرۆڤ قوربانى ئایدۆلۆژیا و بەرنامەكانى ئەوان بووە, ماوەیەكە فێربوونە لەم سەردەمى كرانەوە و گەڕانەوەى ڕیز و حورمەت بۆ یاسا كەچى ئەوان نەك پێشیلى دەكەن بەڵكو وەك جەهەننم بۆ خەڵكانى بیر ئازاد و سەربەخۆ بەكارى دێنن یان لەدژى ئەوانەى دەیانەوێ ئەم وڵاتە باشبكرێ لەوەزیاتر موقەدەراتى ئەم گەلە نەكرێتە قوربانى بەرژەوەندى چەند كورسییەكى مەترسى بۆ خەونەكانى تاكى كوردى.
بۆنمونە ,كاتێك گوێمان لێدەبێت هاوڵاتیەك لەسەر دزینى دوو دەبە بەنزین, یان كێشەى مقەڵیەك چەند ساڵێك بەندكراون و یاسا بونى هەیە و دێتە مەیدان, بەڵام ئایا بۆ یاسا بێدەنگ و سەركزە و دەنگى نیە لەئاست دیارنەمانى هەژدە ملێون دۆلار و كەسیش نازانێت بۆ كوێ چووە و لە كوێیە بەڵام هەموو كەسیش دەزانێت ئەو پارەیە قوتى خەڵكە؟
ماوەیەك پێش ئێستا بەرپرسێكى پۆلیس سكاڵاى لەسەر برادەرێكى ڕۆژنامەنوسم تۆماركردو بانگ كرا لە دادگا بەهۆى ئەوەى ڕاپۆرتێكى لەیەكێك لە گۆڤارەكان دا, بڵاو كردبوەوە لەسەر كێشە و دیاردەیى چەك هەڵگرتن و چارەسەر نەكردنى كێشە و دیاردە زۆرەكان كە هاوڵاتى ئەو شارۆچكەیە لێى نیگەرانە و ئەو ژیانە بەشایەنى خۆى نازانێت و داواى گەڕانەوەى ئیعتبارى بۆ دەكات وەك كائینێكى كۆمەڵایەتى كە زۆرجار لێیزەوتكراوە, كەچى بەڕێزى دادوەر پێى دەڵێت تۆێژەرە كۆەڵایەتیەكەش بانگى داداگا دەكەین چۆن وەها قسەى كردووە لەڕاپۆرتەكەت دا؟ لەكاتێكدا ئەو برادەرە تەنیا ئیشى لەسەر كۆكردنەوەى بیروبۆچون و قسەى ئەو بەڕیزانە كردوە كە پێشتر لە كۆڕو كۆبونەوەكان دا ڕایانگەیاندوە, ئەم ڕوداوە دیوێكى وەك حیكایەت بۆ مێژوو دەمێنێتەوە, بەڵام دیوەكەى ترى وەك حەقیقەتێكى كۆمەڵایەتى دەردەكەوێ كە یاسا وەك جەهەننم بەكار دێت لەم وڵاتەدا,لەلایەكى ترەوە پێكەنین دەخاتەسەر لێوى ئەوانەى كە بینەرى شانۆكەن و مەهزەلەیەكى زیاتریش هەندێجار غەمەكان دەڕوێنێتەوە, و دواجار ئەم پرسیارانەش كە لەخوارەوە دەیانكەین دەچنە نەستى نەوەیەكەوە كە بڕواى بە دۆگماى عەقڵ نیە و كۆتەكان دەشێكنێت و قەبوڵى نابێت یاسا بكرێتە پارێزەرى تابۆكان و بەهەشتەكەیان پاریزارو بێت و بكرێتە جەهەننم بۆ ئەوانەى كە دەیانەوێ وڵات باشبكرێت! لە كوێ دونیادا هەیە هەڕەشەى بردنى توێژەرێكى كۆمەڵایەتى بكرێ بۆ لێى پرسینەوەى لە دادگا, لەكاتێكدا تۆێژەرى كۆمەڵایەتى و دەروونى وەك پزیشك وەهایە چۆن نەخۆش دەپشكنێت و چارەسەریشى بۆ دادەنێت, دەكرێت نەخۆش بە دكتۆر بڵێت نابێت و تۆ تاوانبارى و وەها نابێت ئەمە كەى چارەسەرە و مەمپشكنە؟ئەگەر وابڵێت ئەدى پزیشك بۆ پێویستە؟ لە كوێ دونیادا هەبووە توێژەر لەسەر دەربڕینى بیرۆبۆچونەكانى كە داینامیكین و دەبێت شیكردنەوەكانى سنورى سوورى نەبێت بۆ ئەوەى ئەو كۆمەڵ بینییەى پێیگەیشتووە سودى لێوەر بگیردرێت بۆ چارەسەرى كێشە و نەخۆشیە كۆمەڵایەتیەكان, هەڕەشەى سانسۆر خستنە سەر دەبڕین و شیكردنەوەى كێشەكانى لێبكرێت, ئەگەر ئەو دادوەرە بەڕێزە بڕواى بە مەهامى توێژەرى هەبوایە, لە دادگاكەى دا هەوڵى دامەزراندنى چەندین توێژەرى ئەدا بۆ ئەوەى,لایەنە دەرونى و كۆمەڵایەتیەكانى ئەو خەڵكانەى كێشەیان هەیە و دەچنە بەردەمى فەرامۆش نەكرێت, چونكە جەنابى دادوەر دەبێت بیرى نەچێت ئەو تەنیا وەكیلى جێبەجێكردنى كۆمەڵێك دەقى قانونیە؟
لەكاتى تیرۆركردنى ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا, خەڵكى بەویژدانى ئەم وڵاتە نەیتوانى لەوە زیاتر ئەو زوڵم و زۆرەى كە لە هاوڵاتیانى ئەم وڵاتە دەكرێت لە سزاى جۆر بە جۆرو خوڵقاندنى هەزارەها كێشەوە تا گەیشتن بە تیرۆركردن, بێدەنگ بێت و بێچەپێنێتە نەستیەوە بۆیە دەنگى ناڕەزاى بەرز كردەوە, بەڵام بینیمان لەلایەن سۆفیستەكانى دەسەڵاتەوە, ئەوانەى كە مامۆستاى مەرگ وژیانن لەشاشەكانەوە چۆن بە ئاشكرا شەرعیەتیان بە مەرگ دەدا, مەرگى فیزیكى و مەعنەوى, كاتَیك یەكیكان ووتى ئەم ڕۆژنامەیە لە سەر تیرۆركردنى دكتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف نوسیویەتى و بەرگرى لێدەكا, ئێ مەگەر ئەو بەعسى نەبوو؟كەواتە سۆفیستایەكانى ئەو حزبە دەریخست كە عەبدولستار تاهیر شەریف كێ كوشتویەتى! هاوڵاتى ئەم وڵاتە هۆشیارە و دەپرسێت ئەدى بۆچى یاسا بۆ كوشتنى گەورە بەعسیەكان نیە كە داڵدەدراون و دەستیان بە خوێنى چەندەها ڕۆڵەى ئەم میلەتە سوورە؟ئایا ئێستا یاسا خەریكى دۆزینەوەى بكوژە یان بێدەنگە بەرامبەرى؟ دەیەوێ كێ توشى كێشە بكات؟
ماوەیە پێش ئێستا برادەرێكى ڕۆژنامەنوسم كە ئازایانە دەنوسێت, دواى ئەوەى لە هەوڵێكدا بۆ تیرۆركردنى ڕزگارى بوو, شۆڤڵى شارەوانى دەچێت خانووەكەى باوكى كە بۆ بەخێوكردنى هەندێك ئاژەڵ دروستى كردبوو دەیڕوخێنێت, باوكەى دوو كوڕ شەهید كاتێك دەپرسێت بۆ دەیڕۆخێنن لەلایەن قایمقامیەت و شارەوانییەوە پیێدەڵێن قانونە و بۆ هەموو ئەوانەیە زیادەڕەویانكردەووە دەیانگرێتەوە, كەچى برادەرەكەم واى چەند ڕۆژێك پێیووتم دەزانێت قانونەكەیان تەنیا خانووەكە باوكمى گرتەوە؟
یاسا بۆچى خانووە زیادەڕۆكانى زلەكان و تێربوانى بودجەى خەڵكى ناڕوخێنێت؟بۆ سزاى لێپیچینەوە لەگەڵ ئەوانەدا ناكات كە ماڵ و موڵكى حكومەت بۆ حەزى شەخسى خۆیان بەكار دێنن؟ یاسا بۆ كێ بەهەشتە و بۆ كێ جەهەننم؟ سۆفیستایەكان كەى بەخەبەر دێن كێ كەرامەتى مرۆڤى لەژێر پێخستووە و كێ ناڕازییە لەو پرۆسە بەدناوە؟
كاتێك چوومە بەڕێوەبەرایەتى یەكێك لەپەروەردەكان, بۆ پرسیارى گواستنەوەى هاوسەرەكەم كە باوكى ئەنفالە و پار دامەزراوە و پسپپۆڕى هەیە لە یەكێك لە زانستە دەگمەنەكان, لەكاتى دامەزراندنى دا بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەیى گەرمیان پێى دەزانێت وەك ئەو بیر ناكاتەوە و بژى بۆ سەرۆك و گەندەڵچیان و دزان ناكات و تێكۆشەرانە پەروەردە بووە, فرسەتى هێنا وەك دەستكەوتێك بۆ خۆى سزایەكى سیاسى بەسەرى دا جێبەجێكرد بۆئەوەى ئەمیش بچێتە سەر كارەكانى ترى و پەروەردە توشى پۆخڵەوات بكات و دڵى مەڵبەند و چەند كاكێكى تر ڕازى بكات واشدەزانێت و تێگەیشتوە سیستەمى پەروەردەیى بە هێشتتنەوەى خۆى لەسەر كورسیەكەى پێشدەكەوێ, ئەو ئیجرائات و داهێنانى سزاى سیاسى و خەرقكردنى سیستەمى نوێ پەروەردە و توشكردنى چەندەها كەس بە كێشەوە كارێكە زەمەن و ئایندە وەڵامى دەداتەوە, بۆیە جەنابى بەرێوەبەرهاوسەرەكەمى نارد بۆ قوتابخانەیەك لە دێیەكى دوور بۆ ئەوەى واز لە دەوامەكەى بهێنێت و ڕەنجى چەندین ساڵەى خوێندنى كۆلێژى بەهەدەر بڕوات, لەكاتێكدا ئەو قوتابخانەیە بە پێى یاساكانى سیستەمى نوێ نە قوتابیەكانى ئەوەندەیە یاساى كردنەوە بیگرێتەوە(پۆلى حەوت و هەشتى) تا مامۆستایەكى پسپۆڕى كیمیاى بۆ دابینبكرێ كەلەشاردا زۆر پێویستە, نە بەڕێوەبەرى ئەو قوتابخانەیەش یاساى بەڕێوەبەربوون دەیگرێتەوە و نە كارو بەرنامەكانیشى وەك بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك و ئەركێكى پەروەردەییانە ئەنجام داوە, كەچى جەنابی بەڕێوەبەرى گشتى لەم حاڵەدا ووتبووى یاسا جێ بەجێدەكەین, و موشریفە بەڕێزەكەشى وا دەزانێت ئێمەومان بەشێوەیەك پەروەردەكراوین و دەستكورتین لە ڕووى مەعریفیەوە تا ڕازى بین ئەبجەدیانە بانگمان بكاتە ژوورەكەى كەچى خۆیشى ناقانونى بكات بەرامبەر نەوەیەكى ئەنفال و دواجاریش پێى دەڵێت بۆ نەوەى ئەنفال چییە؟ تا نەچێتە لادێ دەوام بكات؟ بۆ پیازى بان چاون, ئێمەیش پێیدەڵێن جەنابى موشریفى حیزب نەك پەروەردە, بۆچى هاوپیشەكەى ئەو كە پسپۆڕى كیمیاى هەیە گواستەوە لە هۆرێنەوە بۆ ڕزگارى؟ ئەمەیان لە ژێر كاریگەرى تەلەفۆنى مەكتەب سیاسیەكان دا بوو, وەك جەنابى بەڕێوەبەرى گشتى شاگەشكە دەبێت پێى كاتێك باسیدەكات وا دەزانێت ئانیشتاین و ماندیلا و كسینجر ئەمرى پێى فەرمووە, یان لەژێر كاریگەرى خزمایەتى دا ئەم كارەت كرد؟ لەكاتێكدا تۆ بیرت نەكردەوە ئافرەتێك خێزاندار و خاوەن منداڵ بێت یاساى پەروەردەى ڕێگە بە گواستنەوەى دەدات لەبەر باروزروفى خێزانى؟ بەهەر حاڵ جارێ ئەم پرسیارانەمان هەیە ئەوانى تر بۆ كاتێكى تر! ئێمە لەجەنابى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە دەپرسین, بڕوانامە بڕبڕەى پشتى وەزارەكەى ئەو بەڕێزەیە, با داواى لیژنەى دیوانى چاودێریى بەشى لێكۆڵینەوەى بڕوانامە بكات, و بینێرێتە سنوورى بەڕێوەبەرایەتیەكەى,تا بزانێت چەندین كەس لەوانەى بە بەڕێوەبەرى قوتابخانە یان مامۆستا دامەزراون , بڕوانامەكەیان ناموعتەریفە بۆ مامۆستایبوون یان تەزویرە؟ هەر بۆ ئەو كێشەیە ئەگینا ئەوانى تر جارێ با بێدەنگ بین و هیچ نەڵێن!
ئایا یاسا لەم حاڵەدا كێ دەگرێتەوە, ئەوانەى شایستە نین و یاسا و سیستەمى نوێیان بۆ دەشكێنرێت یان ئەوانەى بەڕەنجى شانى خۆیان و شەوننخونیان كۆڵیژیان تەواوكردوە؟ كامەیان پێویستى سزایە؟جەنابت یاساى بەرپرسێكى حزبى جێبەجێدەكەى كە لاى من وەك فلسێكى قەڵبە و ڤایرۆسە بۆ كایەى پەروەردە یان دەقەكانى سیستەمى نوێ كە خۆت پێشێلى دەكەى؟
یاسا بۆ كێ كرابێتە بەهەشت و بۆ كێ بەجەهەننمیش ڕەوڕەوى مێژووى ناوەستێت و ڕۆژێك دێت یاسا ئازاد بكرێت و بۆ هەموانییش وەك یەكبێت.
[email protected] تێبینى: ئەم وتارە لەڕۆژنامەى هاوڵاتى, ڕێكەوتى ڕۆژى(30/ 6/ 2010) بەناونیشانى (یاسا بەدیوە جەهەنمییەكەى دا) بەكەمێ دەستكارییەوە بڵاو كراوەتەوە.
.ئەم بابەتانەش وەك درێژكراوەى بابەتى بەجەهەنمكردنى یاسا درێژەى دەبێت. لە ئایندەیەكى نزیكدا ئەم نوسینانە لە ڕۆژنامە ئەهلیەكان بەدواى ئەو بابەتەدا دێن.
1_ئاسەوارە نیگەتیڤەكانى بڕوانامەى تەزویر, شیكردنەوەیەكى سایكۆپەروەردەى؟
2_ڕۆلى داوكارى گشتى لەگەرمیان دا, خوێندنەوەیەكى بەراوردكارى!
3_سزاى سیاسى و كاریگەرییەكانى لە سەر سیستەمى نوێى پەروەردە, لەگەرمیان وەك نمونە.
4_پەروەردە لەنێوان دۆگماكردنى عەقڵ و ئازادكردنى تاك دا, دیكۆمێنتەكان كامەیان هەڵدەبژێرێت؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست