بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەیى گەرمیان و یادى كارەساتى بەدناوى ئەنفال, سەرۆكى حكومەت كامەیانى لامەبەستە ؟ (شیكاركردنى چەند ڕەهەندێك)
Wednesday, 21/04/2010, 12:00
زۆرجار, لە شیكار و بۆچونە ڕۆژنامەوانیەكانم دا لەگەڵ هاوبیران و ئەوانەى بیروڕامان جیاوازە لە یەكتری یەوە, كاتێك باسى ئەم بێسەرو بەرى و گەندەڵى و خروقاتانە كراوە كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا دروستبووە, هەندێ لەو پۆلێنە هاوپیشەیەم لەڕۆژنامەنوس و نوسەر و لێكۆلیار و شرۆڤەكاران, لە ناوەندەكان و نزیك لە ناوەندەكانى دەسەڵات, لە ئۆپۆزسیۆن و دەروەى حیزب, هۆكارى ئەو فەوزا قێزەوەنەیان گەڕاندۆتە بۆ نەبونى سیستەمێكى گونجا و لەبار, بەڵام من یەكێك بووم لەوانەى هاوڕا نەبووم لەگەڵ هەندێ لەو هەڤاڵانەم دا كە لەسەرەوە باسمكرد,پێموابووە تەنیا نەبونى سیستەم بەس نیە و هۆكار نیە بۆ هەموو ئەو دیاردە نایاسایى و سەیرو سەمەرانەى كە ئەمڕۆ بەداخەوە ڕویان لەم حكومەتە كردوە كە ئێَستا تەنیا خەریكى سزاى ئەوانەیە كە قوربانیان بۆ داوە.بۆ پشتیوانى ئەو بۆچونەم كە پێموایە چەندە سیستەمى خراپ و فاشیل ڕۆڵى هەیە لە تێكوپێكدانى كارى دەزگاكانى حكومەت و هێنانە كایەی بیرۆكراتیەتێكى نەخوازراو بێتام كە دواجار تەنیا كێشەى كۆمەڵایەتى و داتەپینى داهاتى تاك دروست دەكات, هۆكارە شەخسیەكانیش ئەوەندە بەشدارن لەو تێكدانە, ئێمەى ڕۆژنامەنوسان و توێژەرانى كۆمەڵایەتى و ڕاگەیاندنكاران, بە حوكمى پیشەكەمان كە كاردەكەین بۆ ناساندن و تەشخیسكردنى ئەو دیاردانە و دواتر دیراسە كردن و دیاریكردنى چارەسەرێكى گونجاو, خەڵكانێكى زۆر زانیاریمان دەدەنێ و لەو دیاردانە ئاگادارمان دەكەنەوە كە باسمان لێوەكردن, هەندێجاریش خۆمان لە ناو ڕوداوەكانداین و دەیانبینین, هەر بۆنمونە كاتێك باسى دیاردەكانى نێو كایەى پەروەردە دەكرێت لەكوردستان دا كە لەم ڕۆژانەشدا جەرەیانى ئەو پەرچەكردارە حیزبیانە دەبینرێ لەو كایەدا و بەتایبەتیتر میزاج و حەزو بەرژەوەندی كەسانى حزبى بە ئاشكرا دیارە تێكەڵ بەو كایە بووە, بۆیە چاوەڕێ دەكرێ شەقام قەرەبالغًتر بێت وەك لەوەى ئەمڕۆ خوێندكاران پێى هەستاون, با ئەو غوبنەى كە توشى مامۆستیان كراوە لەلایەن حیزب و كەسایەتیە گەندەڵەكانیانەوە زیاتر بخرێتە ڕوو لە كەناڵەكان دا ئەو كات مامۆستا و ڕەگەزەكانى ترى نێو ئەو كایەیە دەیسەلمێنن كە ئەوانن داواى بونیاتنانى كۆمەڵگەى تەندروست دەكەن بۆیە قەبوڵیشى ناكەن كەسانى حزبى و نا ئەكادیمى و ناشایستە تێكەڵ بە ڕەوتى پەروەردە بكرێت.
ئەگەر بگەڕێمەوە لاى ئەسڵى مەبەست كە پەیوەندى بە یادى كارەساتێكى گەورەى وەك ئەنفالەوە هەیە و دواتر دەپرسین, هۆى چى بوو ئەم ساڵ بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەیى گەرمیان نەیتوانى هەستێ بەڕێكخستنى كاتێكى دیاریكراو جگە لەپێشوازى كردنى سەرۆك و خۆ ئامادەكردن و بەخێرهاتنى, ئەوانەشى كە كاتێكیان دیاریكردوە یاخود هەستاون بە ئەنجام دانى چالاكیەكى هونەرى ومرۆیى, لە هەڵویستى ئەخلاقى خۆیانەوە بوە و لە دەرككپێكردنیانەوە بووە بۆ ئەوەى بۆ ساتێكیش بێت ڕابوەستن و كەمێك زاكیرەیان تیژتربكەن و بیرى نەوەى نۆى بیهێننەوە كە ئەنفال چیە و بۆ ڕووى دا؟ و چۆن ڕووى دا؟ و تاوانبارەكان كێ بوون و كێین؟ و تاوانبارە ناوخۆی و یان ڕونتر بڵێین تاوانبارە كوردەكان(جاش و موستەشارەكان) بۆ بەشداریان لە ژینۆسدكردنى میلەتى خۆیان دا كرد؟ و ئێستا بۆ دادگاى ناكرێن و پەنادراون؟ و نەوەى ئەنفال تاچەندە چەوسێنراونەتەوە لەلایەن یەكێتى و پارتى یەوە؟ ئەمانەو دەیان شیكردنەوە و هەڵویستى تر, پێویست بوو لەسەر مامۆستا و قوتابخانەكان بە نەوەى نوێ بگەیەنن بەتایبەتى لە گەرمیانى داینەمۆى ئەنفال دا, ئەمانە پێویست بون بۆ ئەوەى نەوەى ئێمە بزانێت و ئامادە بێت بۆ بەرگرى كردن لەمێژووەكەى و تێگەیشتن لە ڕوداوەكانى نێوى لە پاشەڕۆژدا, وەك چۆن منداڵێكى جولەكە كاتێك تازە دەخرێتە بەر خۆیندن و دەچێتە قوتابخانە, پرسیارى لێ بكە و بڵێى هۆڵۆكۆست چیە, خێرا لەچەند ڕوویەكى سیاسى و فەرهەنگى و سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژییەوە پێناسەىبۆت دەكات , ئەوكات تۆش تێدەگەى ئەو مەنهەج و میتۆدانەى لەو وڵاتەدا دانراوە لەپاڵ ئەوەدا مرۆڤ پێشدەخات و تێیدەگەیەنێ لە جێهان, تێشیدەگەیەنێ كە كارەساتە نەتەوەیەكان لە پەروەردەوە گرنگى پێدەدرێ, نەك لە ڕاپۆرتى نەخوێندەوارە حیزبیەگەندەڵە بێكەڵكەكانەوە, وەك چۆن لەوڵاتى ئێمە دا هەیە, كابرا بە كوتلە بازى پۆستێكى حیزبى یا حكومى وەرگرتوە, لەڕوانگەى كوتلەو سەرۆكە دیكتاتۆرەكەیەوە باسى كارەساتەكان دەكات.
ئێمە دەزانین لەسیستەمى پەروەردەی قوتابخانەكانەوە, كارەساتى بەدناوى ئەنفال نەخراوەتە نێو مەنهەجەوە وەك پرەنسپیى پەروەردەى و وەك پرۆژەیەكى عەقڵانى بۆ ئەوەى نەوەى داهاتومان تێبگا كە ئەنفال چییە؟
لەهەمان كاتدا وەك سیستەمە پەروەردەیەكەمان خەوشدارە لەو ڕووەوە, حیزب ئەمەندە كارى لەسەر تێكدانى پێكهاتەكانى نێو كۆمەڵگە كردوە و دواتر پێكهاتەى دەروونى تاكى ئاڵۆزاندوە بۆ ئەوەى بەزەحمەت بتوانێ كارى حكومەت و حیزب لێكجودا بكاتەوە, چەندەها كەسى فڕێداوەتە نێو كایەى پەروەردەوە ئەمەندە فەرمان و بەرنامەى كوتلەبازى و ئەندام زۆركردن و پفاندانى كۆبونەوە حزبیەكانى لامەبەستە ئەوەندە كایە و بڕیارە پەروەردەیەكانى لامەبەست نیە كە هەندێ جار بڕیار و پرۆژەى باشیش هەیە, هەر بۆنمونە پەروەردەى گشتى گەرمیان چۆن بتوانێ بەشێوازێكى ئەكادیمیانە وەك هەڵوێستێكى ئەخلاقى و نەتەوەییانە یادى ئەنفال بكاتەوە؟لەكاتێكدا بەڕێوەبەرەكەى لە لێدوانێكى سایتى ئاوێنەدا كە هاوڕێم ڕۆژنامەنوسى ئازا(ئیحسان مەلا فوئاد) لەگەڵى ئەنجامى داوە,بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارى بۆ پەروەردەیى گەرمیان ئەمساڵ یادى ئەنفالى پشتگوێخست؟ بەڕێزى دەڵێت"یادەكە هەر لەسەرەوە نەكرایەوە, لەبەرهاتنى سەرۆك حكومەت نەپەرژاینە سەر ئەوەى بەو یادە هەستین, هاوكات بە بەڕێوەبەرى قوتابخانەكانم ووتوە لە كاتژمێرى یەكەمى دەوام دا یادەكە بەرز ڕابگرن"
ئەگەر لێكدانەوەیەكى سۆسیۆسیاسى بۆ ئەو لێدوانەى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەیى گەرمیان بكەین, دەبێت داوا بكەین سەرۆكى حكومەت دەست لەكاربكێشێتەوە, دەبێت چ حیكمەتێكى فەلسەفى لە كارەكانى سەرۆكى حكومەت دا بێت حیزبە شمولیەكەى وا بكات بەڕێوەبەرێكى پەروەردە ئامادەبێت لەبەر هاتنى سەرۆك حكومەت یادێكى كارەساتبار لەبیر بكات و هەندیجار كە ڕویداوە بێدەنگ بێت لە ڕاوەستانى دەوامى فەرمى و بردنى هەموو فەرمانبەرەكانى دەزگاكەى بۆ كۆبونەوەى نیو هۆڵەكانى مەڵبەن لەلایەن مەڵبەندى كەلارەوە؟ چۆن بتوانین گومان لەبەڕێوەبەرێكى پەروەردە نەكەین, كاتێك دەڵێت یادەكە لەسەروە نەكرایەوە, ڕونى نەكردۆتەوە سەرەوە كۆی یە؟ ئەگەر مەبەستى وەزارەتى پەروەردە بێت خۆ ئەو یادە وەكو عورفێكى یاساى لێهاتووە هەموو مرۆڤێكى بەویژدان ناتوانێت ئەو كارەساتەى بیر نەكەوێتەوە و هەڵوەستەیەكى لەسەر نەكات, ئەوەى ئاگاداریش بین وەزارەتیش ئەو یادەى بەرزنرخاندوە. بەڵام پلانى پەروەردە گشتیەكانى دەوێت.
دەبێت بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى گەرمیان لەسەرەوە مەبەستى كێ بێت؟ بلێى مەبەستى ئەو مەرجەعانەى بێت كە لەژێر فەرمان و دەستێوەردانى ئەواندا سزاى سیاسى و دیاردەى ناپەروەردانەى تێكەڵ بە پەروەردە كرد, وەك چۆن كاتێك سامان گەرمیانى ڕایگەیاندبوو من بە مامۆستا مستەفام ووت دەبێت مامۆستا دابین بكەى بۆئەو قوتابخانەیە, خودى بەڕێوەبەریش دواتر دركاندبوى كە سامان گەرمیانى ئەمرى پێدەكات, جێى خۆیەتى بپرسین, ئەمە چ حزبایەتى و حكومەتدارێتیەكە, بەڕێوەبەرێكى گشتى ئەمەندە بكەوێتە ژێر كاریگەرى كەسێكى نەخوێندەوارەوە بە واتا فیكرى و پرەنسپیە پەروەردەیەكان تا ئەویش بیرى لاى ئەوە بێت تەنیا دڵى كاكى بەرپرس ڕازى بكات, ئیدى سیستەمى پەروەردە چى لێى بەسەردێت و كێ بەر ئەو داهێنانە خراپەدەكەوێت بۆ ئەوەى داواى كەسێكى حزبی بەدى بێت , كاتێكیش بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە دەزانێت مامۆستایەك ئامادەیە بۆ دامەزراندن و ناوى گەڕاوەتەوە بۆ دامەزراندن بە فرسەتى دەزانێت لەپێناو نەڕەنجاندنى دڵى ئەو كادیرە نانبڕەدا ئەمر دەفەرموێت بە موشریفەكان دەبێت مامۆستا بنێرینە ئەو قوتابخانەیە, ئیدى لاى ئەو بەڕێزە گرنگ نیە لەسەر چ بنەمایەك و چۆن, كاتێكیش ئەو بەڕێوەبەرە گشتیە دەزانێت ئەو مامۆستایە بیروڕاى جیاوازى لاپەسەندە لەگەڵ حزبەكەى جەنابى بەڕێوەبەردا نیە, ئیدى باكى نابێت ئەو مامۆستایە نەوەى پاشماوەى ئەنفالە و پسپۆڕیەكەى دەگمەن و پێویستە بۆ شوێنە قەرەباڵغ و نزیك شارەكان, نەك فڕى بدرێتە دیێەكەوە كە تەنیا كاك سامان مەبەستێتى, ئەگینا بۆچى ئەم بەڕێوەبەرە بەڕێزە بیرى نەكردەوە كاك سامان كێ یە تا ئەمرەكەى جێبەجێبكات؟ ئەى بۆ جەنابى بەرگرى ناكات لە قوتابخانەكانى خان ڕۆستەم و كانى ماران و دێكانى تر كە دەیان كێشەیان هەیە؟ باشە جەنابى بەڕێوەبەر بۆ ئەمەندە دەترسێت لەو كادیرە حیزبیە؟ ئەى بۆ نەیپرسی ئەو پارانەى كە لەحزبەكەتەوە وەریدەگرى بۆ ئاوەدان كردنەوەى گەرمیان بۆ سەرفى ناكەى بۆ ئاوەدان كردنەوەى قوتابخانەیەك ؟ هەرچەندە من هیچ شتێك ناخەمە ئەستۆى ئەو كادیرە حیزبیەوە وەك خۆیشى پێیووتم " خۆ من نەموتوە هاوسەرە باوك ئەنفالەكەى تۆ بنێرێتە ئەو دێیە" وتومیشە سكاڵات لەسەر دەكەم ئەگەر نەینێرێ". دەبێت بەڕێزى جگە لەهۆڵە حیزبیە داخراو بێتامەكانى بتوانێ سكاڵا لاى كێ بكات ؟ ئەمەیە میزاج و بەرژەوەندیە كەسیەكان وا دەكات كاروبارە گشتى و مەدەنى و حكومیەكان تێكوپێكبدرێ و بیرۆكراتیەتێكى قێزەوەن دابهێنرێ, خۆ ئەگەر لەم حاڵەتەیان دا سیستەم وەك خۆى جێبەجێبكرێ ئەوكات كارەسات و دیاردەى خراپ ڕونادات. ئەوەتا دەبینین بەڕێوەبەرێكى گشتى ئەمەندە مەبەستێتى دڵى كادیرى حیزبى ڕازى بكات چۆن دەتوانێ كار بەسیستەم بكات؟ چۆن دەتوانێ لەپێناو بیننى سەرۆك حكومەتدا كە دڵنیام كێشەو گیروگرفتە پەروەردەیى و نەهامەتیەكانى مامۆستا و خوێندكار باسناكات لەسنوورى پەروەردەكەى دا , دەبینین چۆن یادى كارەساتى ئەنفال پشتگوێ دەخات و بە دانپێدانانى خۆیشى دەڵێت نەمانپەرژایە سەر ئەو یادە بەبۆنەى هاتنى سەرۆك حكومەتەوە!!!!
جێى خۆیەتى لەسەرۆكى حكومەت بپرسین وەك چۆن لە بەڕێز وەزیرى ئەنفال پرسیمان, حیكمەت چیە سەرۆك بەڕێوەبەرێكى پەروەردە لەپێناو هاتنى تۆدا یادێكى كارەساتبار فەرامۆش بكات؟ ئەدى جەنابت بۆچى هاتى؟ بۆ شاردنەوەى یادەكە یان بۆ بەشداریكردن لەغەمەكانى پاشماوە؟ من دڵنیام تۆ پێتباش نیە هەندێ كەس بونەتە بار بەسەر دەزگاكانى حكومەتەوە پێتیش باش نیە كەسانێك لەژێر ناوى سزاى سیاسى و داهێنانى هەندێ دیاردەى ناشیرین لەلایەن هەندێ كەسانى نابەرپرسى یەكێتیەوە كە دایانهێنا بۆپاراستنى كورسیەكەیان بەڵام نەیانزانى میلەت ڕیسوایان دەكات, جێبەجێبكرێ بەتایبەت نەوەى پاشماوەى ئەنفال بگرێتەوە, لەلایەن بەڕێوەبەرێكەوە ئەوەتا یادێكى گەورەى بیرچووە و تەنیا بینین و خێرهاتنى تۆى لامەبەستە, دڵنیاشم دواى خوێندنەوەى ئەم بابەتە و بەتایبەتى دواى بڕیارە بوێرانەكەت بۆ نەهێشتنى سزاى سیاسى لە جەنابى بەڕێوەبەر دەپرسیت حیكمەت چیە لەسزادانى مامۆستایەكى باوك ئەنفال و بەگاڵتەكردنەوە پێى دەڵێى دەبڕۆ تۆش باوكت ئەنفالە و ئەو لادییەش ئەنفالن خزمەتیان بكە, ئەگەر ناشچى فەرموو بچۆ منداڵەكانت بەخێو بكەو بچۆرە ماڵەوە, من دڵنیام كاتێك بەڕێزت ئەمەت سەپاندوە و هێناوەتەتە نێو پەروەوەردە لەژێر كاریگەرى هەندێ كەس دا بووە لەپاشەڕۆژدا خۆیان لێتدەشارنەوە و تەنیا تۆ بەبەرپرس دەزانن, وەكچۆن خەریكە سەرەتاكەى دەردەكەوێ!!
كامەیە خراپى سیستەم لێرەدا جگە لە ئەشخاسەكان هۆكارن بۆ داهێنانى هەندێ دیاردە, جەنابى سەرۆكى حكومەت دە بپرسە بەڕێوەبەرێك ئامادە بێت سزاى نەوەى قوربانیان بدات كامەیە ئەكادیمیبون و پەروەردەى تەندروست؟
ئیدى چۆن یادێكى گەورە فەرامۆش ناكرێت و لەژێر ناوى نەپەرمانپەرژا لەبەر پێشوازى جەنابت, ئایا تۆ پێتباشبوو خەڵكانێك بەخۆیان و دەزگاكانیانەوە ئامادەبن تەنێ بۆ پێشوازیت و یادەكە فەرامۆش بكەن؟ یان تۆ باكت نەبوو تاكە كەسێك لەپێشوازیتان بوەستێ و خەڵكى و بەتایبەت دەزگاى پەروەردە لەگەرمیان دا سەرقاڵى بەرز ڕاگرتنى یادەكە بن؟ ئەگەر یەكەمیانە چاوەڕێى چیدەكەى و بۆ دەست لەكارناكێشتتەوە, ئەگەر دووەمیانە چ پێویست دەكات كەسێك لە شوێنێكى هەستیارى پەروەردەی دا بێت تەنیا مەبەستى بەخێرهاتنى تۆ بێت و بەس؟ ئیدى چۆن سزاى نەوەى پاشماوەى ئەو كارەساتە نادات كە لەبەرهاتنى تۆ نەیپەرژاوەتەسەر یادكردنەوەى یادەكە؟ , ئێمە پێمانوانیە تۆش دەبێت لەمەودوا نەتپەرژێتە سەر ئەوانەى تەنیا پاراستنى كورسیەكەیان مەبەستە, بەڵكو دەبێت هەوڵبدەى ئەو كارانەى ئەنجامێانداوە وچاكیان بكەیتەوە و لێانبپرسى لەسەر چ بنەمایە سزاتان داهێناوە؟
وەك چۆن بەڕێز وەزیرى ئەنفال ئەگەر بەڵینەكانى خۆى بباتە سەر و بەڕاست بیەوێ كورسى وەزارەتەكەى بەكاربێنێت, وەك بە هاوسەرەكەمى ڕاگەیانبوو بەدواداچون بۆ ئەو حاڵەتانە دەكات.
لەهەمان كات دا چاوەڕێش دەكەین ئەو نامەیەى لەڕێگەى چەند كەناڵێكى جیاواز و چەند هاورێ و یەكسانیخوازێكەوە ناردومانە بۆ بەڕێز سەرۆكى هەرێم, تەنیا وەڵامى پرسیارێك وەریبگرینەوە, بۆچى و لەپێناو چى سزاى نەوەى پاشماوەى ئەنفال دەدرێت؟ دواى بەتاڵكردنەوەى ئەو سزایانە لەلایەن بەڕێز سەرۆكى حكومەتەوە ئەوانە كە سزاكەیان جێبەجێكردوە و ئەو كەسە گەندەڵانەشى لەپشت داهێنانى ئەو سزایەوە بوون ئایا دادگای دەكرێن؟
لەكۆتایشدا پێمانوایە سەرۆكى حكومەت وەڵامى ئەم پرسیارە ش دەداتەوە, باشتروایە لەدواى بیست ودووساڵ كەڵچەرى ڕێزگرتن لە قوربانیان دابهێنرێ و كار بكرێ بۆ ساڕێژكردنەوەى برینى ئەنفال, یان داهێنانى دوبارە سیاسەتى ئەنفال كردن و درێژكردنەوەى نەهامەتیەكانیان؟ بە ئەنجام دانى سیاسەتى فاشیستانەى نانبڕین و سزاى سیاسى و كردنى شەڕى دەروونى لەگەڵ نەوەى پاشماوەى ئەنفال دا؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست