کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆن لەوەهمەوە بۆ واقیع

Friday, 27/02/2009, 12:00


لەو وڵاتانەدا كە سیستەمى حوكمى تاڕادەیەك كراوە و دیموكراسیە, سیاسەتى تاكهێزى و یەكبڕیارى, یان دابەشكردنى سیاسەت بوونى نیە, بۆچى لەو وڵاتانەدا حیزبە سیاسیەكان ناتوانن سیاسەت تەنها بۆ خۆیان قۆرخبكەن؟ خۆ ئەگەر بۆیان بلۆى وەك چۆن لەكوردستان دا, سیاسەتكردن بووەتە حیزبایەتى و ئەویش بووەتە موڵكى خێزانەكان و ئەریستۆكراتەكانى كورد, ئاوەها لەوێش سیاسەت و حیزبایەتى قۆرخدەكرێ, هەمومان دەزانین كاتێ حیزبایەتى قۆرخكرا بۆ كۆمەڵێك بەرژەوەندى ئایدۆلۆژى بێكەڵك و سنوردار چى كارەساتێك لە نێو كۆمەڵگەدا دەكەوێتەوە, لەو وڵاتانەى كە تاڕادەیەك سیستەكانى حوكمى تیادا كراوەیە دەبینین هەموو موقەدەساتەكان بەدەستى حیزبەوە نیە, تەنانەت كەناڵى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە كانى حیزبیش ڕەنگدانەوەى سیاسەت و ئایدۆلۆژى حیزبەكان نیە, ئەو بارودۆخانەش دەتوانرێ لە كوردستان دا بهێنریتە دیى كە چەندین ساڵە نەهاتۆتە دیى و نەهێڵراوە كارى بۆ بكرێت, بەڵام دەبێت لەوەوە دەستپێبكەین, واز لە چاكسازیكردن و ڕیفۆرمكردنى حیزبى كوردى بهێنین, بۆ هەموومان دەركەوتووە ئەگەر خۆمان گیڵ نەكەین ئەوە خەیاڵێكە نایەتە دیى, ڕونترین نمونەشم ئەو هەوڵانەیە كە چەند ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە بۆ ئەوەى یەكێتى نیشتمانى نەبێتە حیزبێكى خێزانى و لەدەست كۆمەڵیك باند دەربچێ كە هەموو هەیكەلى حیزبەكەیان بۆخۆیان قۆرخكردوە, بەڵام ئەنجامەكەى بەهیچ هەنگاوێكى عەمەلى ناگات, هۆكارەكەشى ئەوەیە ئەو عەقڵیەتانەى كە حوكمى تاكڕەوانەى ئەو حیزبە دەكات, پێى گوناه و كفرە ڕەخنەى ڵێبگرىو داواى لێبكەى هەڵە نەكات, ئەو كاراكتەرانەش ئەمەندە زۆرن و حیزبەكانیان بۆ خۆیان قۆرخكردووە تا دواجار قۆرخكردن و پاوانكردنى دەسەڵات بووەتە پرەنسیپی زۆرینەى حیزبەكان و شۆِربۆوەتە خوارەوە, بۆیە چاكسازیكردن لە نێو ئەو جۆرە حیزبانەدا واتا سڕینەوە و نەهێشتنیان و دووبارە دروستكردنەوەیان, ئەمەشیان چەندەها ساڵیترى دەوێ, بەدیلى خێرا و بەكەڵك لەم كاتەى ئێستادا بتوانێ گۆڕانێك دروستبكات لانیكەم ڕێگە بگرێ لە یەكێتى و پارتى, ئیدى درێژە نەدەن بە نەزیفكردنى نەریتەكانى حیزبى سیاسى وبەفیڕۆدانى ئابوریى كوردستان, بەدەستوریكردنى هێزى ئۆپۆزسیۆنە, مادام یەكێتى و پارتى دەسەڵاتەكەى خۆیان ناو دەنێن دیموكراسى خۆدەبێت بچوكترین ڕوكنى دیموكراسى جێبەجىبكەن ئەوەش هەبوونى هێزى ئۆپۆزسیۆنە, بەڵام ئایا ئەو دوو هێزە دەسەڵات بەدەستە بۆ چى ئەمەندە وشەى ئۆپۆزسیۆنیان پێناخۆشە؟ بۆچى لەگەڵ سەرهەڵدانى نەك هێزێكى ئۆپۆزسیۆَنى یاسایى بچوكترین دەنگى ناڕەزایى لەلایەن خەڵكى كوردستانەوە بۆ داوا كردنى ئاوى خواردنەوە ناوى دەنێن دەستى لەپشتە و گێرەشۆێنە, لە وڵاتانى دیكەى دیموكراتیدا كە یەكێتى و پارتى زۆرجار نمونەى سەر زمانیانە بوونى هێزیكى ئۆپۆزسیۆنى خاوەن پرەنسیپ لە دەستورەكەیان دا ڕێگەى پێدراوە, تەنانەت لەكاتى ئەگەرە خێرا و روداوە چاوەڕونكراو و چاوەڕواننەكراوەكان دا ئەوانەى كە ڕێبەرێتى بزووتنەوەى ئۆپۆزسیۆن و گروپەكانى گوشاردەكەن بۆیان هەیە موفاتەحەى پەرلەمان و سەرەك وەزیران بكەن و بەخێرایى پەیامەكەیان بگەیەنن, ئەمە نەك پێچەوانەیە لە كوردستان دا بەڵكو چووەتە چوارچێوەى مەهزەلەوە, ئەگەر پێتبزانن بە ئاشكرا تۆ گروپى گوشارى بۆى هەیە بتكوژن یان نانبڕاوت بكەن كە ئەمەى دووەمیانە بەداخەوە خەریكە دەبێتە سیستەمێ بۆ زۆربەى وەزارەتەكان. یەكێتى و پارتى هەموو هەناسەیەدانێكى ئپۆزسیۆَنیان پێ قەدەغەیە, بەڵام زۆر جار بیریان دەچێ بەتایبەتى یەكێتى دەستەیەك لە ئەندامە باڵاكانیان سیفاتەكانى گروهى ئپۆزسێۆن وەردەگرن, ئەگەرچى خێرا بەهۆى ئیمتیازاتە مادییەكانەوە دەپوكێنەوە بەڵام لە ڕواڵەتتدا دەتوانین پێانبڵین ئپۆزسیۆنێكى كاتى, خەڵكى تر ناتوانێ بۆ ئەو ماوە كەمەش كە ئەوان دەتۆرێن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن ئەوەش بكەن, ئەوەتا خۆیان باشیلێدەزانن ئەو عەقڵیەتە كە حوكمى حیزبەكەیان و وڵات دەكات تەنانەت زۆرجار خۆشیان تەحەمولى ناكەن, ئیدى بۆچى نازانن خەڵكى لە چى نەهامەتیكدایە بەدەستى ئێوەوە. ئەگەرەكان ئەوە پیشاندەدەن ئیدى دروست بوونى ئپۆزسیۆن و گروپەكانى گوشار لە لەوەهمەوە ببێتە واقیع, بەتایبەتى وا چاوەڕواندەكرێ لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى كوردستان دا لیستى جیاوازى سەربەخۆ هەبێت, ئەمە نمونەیەكى دەگمەنە لە مێژووى حیزبایەتیكردن و هەڵبژاردنەكان دا لە كوردستان دا, بۆیە خەڵكى پێویستە لە هەموو كاتێكدا بیرى نەچێت هەبوونى هێز و گروهى خاوەن فیكر و بەرنامە لە دەرەوەى یەكێتى وپارتى پێویستە ببێتە دیاردەیەكى یاسایى و ئەمەش وەها بكات پەرلەمانێك دروست بێت كە دیار و بەرچاو بێت نۆێنەرى خەڵكە نەك نۆێنەرى حیزب و خیڵ و خێزان.



ت/ئەم وتارە لەژمارەى (502) ڕۆژنامەى هاوڵاتیدا بەناونیشانى(وەهمەكانى ئۆپۆزسیۆن)بڵاوبۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە