کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى یان ده‌سه‌ڵاتى تاڵانچێیه‌تى

Thursday, 05/11/2009, 12:00


ماوه‌یه‌كه‌ بڕیارم داوه‌ هیچ نه‌نوسم وهیچ نه‌ڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ى ناو ده‌سه‌ڵاتى حزب وحكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ بێ عارو نه‌خوێنده‌وارن، نه‌ك ره‌خنه‌كانى سه‌رییان ناخوێندنه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ر هیچ ناخوێندنه‌وه‌ وباكیان به‌هیچ نیه‌و هه‌رچیكیان پێ ده‌ووترێ وده‌نوسرى ده‌ڵێن بوختان ودرۆیه‌و ئه‌وانه‌ داخى دڵیانه‌.
به‌ڵام خه‌رج كردنى بڕى(52) ملیۆن دینار بۆئه‌ندامانى په‌رله‌مانى خولى پێشو به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌بونه‌ته‌وه‌ به‌ئه‌ندام په‌رله‌مان ناچارى كردم كه‌له‌و بڕیاره‌م په‌شیمان ببه‌مه‌وه‌ بڵێم:
یه‌كه‌م :خه‌رج كردنى ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ناوى پاداشتى كۆتایى ڕاژه‌یه‌ بۆماوه‌ى شه‌ش مانگ به‌كام یاسا....؟
*له‌وڵاتانى دنیاى پێشكه‌تودا ئه‌ندام په‌رله‌مان مافى موچه‌ى خانیشینى نیه‌.... نه‌ك پاداشتى كۆتایى ڕاژه‌ .. ته‌نها له‌م شوێنه‌ دواكه‌توه‌ مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵانه‌ى لاى ئێمه‌ نه‌بێت.... زه‌لامێكى هیچ له‌ بواردا نه‌بوو به‌ڕێكه‌وت ده‌هێنن وئه‌كه‌ینه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و دواتریش به‌حیمایه‌ وچه‌ندین ئیمتیازاته‌وه‌ خانه‌نشینى ده‌كه‌ن.
*ئه‌ومووچه‌ى شه‌ش مانگه‌ى كه‌ناویان ناوه‌ پاداشت....ناوى پاداشت نیه‌ به‌ڵكو موچه‌ى مۆڵه‌تى ئاسایى كه‌ڵه‌كه‌یه‌ (رواتب الاجازات الاعتیادیه‌ المتراكمه‌) . كه‌به‌پێ ى یاساى راژه‌ى شارستانى (قانون الخدمه‌ المدنیه‌ العراقیه‌) كه‌تائێستا هیچ راستكردنه‌وه‌یه‌كى بۆ نه‌كراوه‌ و وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌.. كه‌تیایدا مۆڵه‌ته‌كانى فه‌رمانبه‌رى دیاریكردوه‌. له‌وانه‌ مۆڵه‌تى ئاسایى كه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك (36) ڕۆژ مافى مۆڵه‌تى ئاسایى هه‌یه‌ له‌ساڵێكدا له‌ كاتى وه‌رنه‌گرتنیدا بۆماوه‌ى (180) ڕۆژ كه‌ ده‌كاته‌ (6) مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ (تدویر) ده‌بێته‌وه‌ وله‌كاتى خانه‌نشینكردنیدا مووچه‌ى (اسمى) بۆماوه‌ى (6) مانگ بۆخه‌رج ده‌كرێت... به‌پێ ى ئه‌و یاسایه‌ چه‌ند ڕۆژى كه‌متر بێت له‌ (180) ڕۆژه‌كه‌ له‌و مووچه‌ى شه‌ش مانگه‌كه‌ ده‌بردرێت... هه‌رچه‌نده‌ ئێستا په‌یڕه‌وى نه‌ك ئه‌م یاسایه‌ هیچ یاسایه‌ك ناكرێت وهه‌ریه‌كه‌ به‌ئاره‌زووى خۆى لێكدانه‌وه‌ى یاسایى ده‌كات و ئه‌م شه‌ش مانگى مووچه‌ى مۆڵه‌ته‌ نانراوه‌ پاداشت... به‌هه‌رحاڵ وه‌ك ده‌ڵێن (عوزر له‌قه‌باحه‌ت خراپتر) ئه‌مان ده‌یانه‌وێ ئه‌م به‌رتیل وتاڵا نیه‌ بخه‌نه‌ چوارچێوه‌ى یاساوه‌... به‌ڵام هه‌رچۆن پاڵى پێوه‌ بنرێت نابێت به‌و یاسایه‌ ، چونكه‌ پشوو ده‌وامى په‌رله‌مانتاران به‌جۆرێك ڕێكخراوه‌ ئه‌وسایه‌ به‌هیچ جۆرو شێوازێك له‌كه‌ڵیاناگونجێت ... په‌رله‌مان خۆى له‌ساڵێكدا (4) مانگ پشووى فه‌رمى هه‌یه‌ وكار ناكه‌ن جگه‌ له‌وه‌ى له‌هه‌فته‌یه‌كد ئه‌و په‌رى (2-3) ڕۆژ كۆبونه‌وه‌یان هه‌یه‌ وكارى لیژنه‌كان ده‌كه‌ن وله‌نوسینگه‌ى شاره‌كانیشدا ئاماده‌ ده‌بن وه‌كو میوانیه‌ك (1-2) سه‌عات به‌سه‌رده‌به‌ن... به‌واتایه‌كى كه‌ ئه‌و پاساوه‌ یاساییه‌ ئیدیعاى ده‌كه‌ن دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌.
* سۆزانى تازه‌ سیاسى یاسا نه‌زان كه‌له‌ میدیاكانه‌وه‌ باس له‌یاسا وپسپۆرى ده‌كات بۆ ئه‌و (52) ملیۆنه‌ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌ بڵێت خۆ من خانه‌نشین نیم نه‌ك بۆمن بۆهیچ ئه‌ندامێك ره‌وان نیه‌ و یاسایى نیه‌، وه‌ك سه‌رۆكى لیستى كوردستانى به‌شیروان حیده‌رى (پسپۆرى یاسا كه‌ هه‌موو درێژایى ته‌مه‌نى چركه‌یه‌كى بۆكوردایه‌تى نه‌بووه‌) ناڵێت تۆ یاساناسى وسه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانێت بۆ هه‌ردووكمان عه‌یب وناشرینه‌ و پێویسته‌ ره‌تى كه‌ینه‌وه‌ ..... به‌ڵام توخوا سۆزانى كورد په‌روه‌ر چۆن دڵێ دیت واز له‌(52) ملیۆن دینار بهێنیت...؟؟؟
* به‌هه‌مان شێوه‌ كوێستانى سه‌رۆكى لیستى گۆڕان به‌ به‌رده‌وامى له‌ كه‌ناڵى (KNN) ه‌وه‌ باس له‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كات و دژى گه‌نده‌ڵى ئه‌دوێت و هه‌ره‌شه‌ى گۆڕان ده‌كات و به‌ناو بۆته‌ داكۆكیكارى مافه‌كانى خه‌ڵك..... ئه‌ى ئه‌م ئۆپوزسیۆنه‌ به‌جه‌رگه‌ بۆچى له‌په‌رله‌ماندا هه‌ڵوێستى نیه‌و بڵێت ئه‌مه‌ یاسایى نیه‌و ناعه‌داله‌تیه‌و بۆچى ئه‌ندام په‌رله‌مانێك جگه‌ له‌و مووچه‌ زۆره‌ خۆراییه‌ (52) ملیۆن دینارى بۆخه‌رج بكرێت....؟ ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ باس له‌دادپه‌روه‌رى ویاساو یه‌كسانى ده‌كه‌ین تا ده‌گاته‌ به‌ر ده‌رگاى ماڵه‌كانمان و دواى ئه‌وه‌ هه‌موو شتێك بۆخۆمان ڕه‌وایه‌... كوێستان خان وانیه‌....؟؟؟
دووهه‌م: زۆر كه‌س به‌خۆشمه‌وه‌، ده‌ڵێین ئه‌و مووچه‌و پاره‌یه‌ى بۆئه‌ندام په‌رله‌مانى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت زۆره‌و له‌پاى چى به‌و بێ ئیشى وبێ به‌رهه‌میه‌وه‌ ئه‌و مووچه‌و ئیمتیازاته‌ زۆره‌یان هه‌بێت.. كه‌مووچه‌ى مانگانه‌ى هه‌ریه‌كێكیان به‌پێ ى ئه‌و (52) ملیۆنه‌بێت بۆ شه‌ش مانگ، ده‌كاته‌ (8666000) هه‌شت ملیۆن وشه‌ش سه‌د وشه‌شت وشه‌ش هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكه‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر (500000) پێنچ سه‌دهه‌زار دینار، كه‌مووچه‌ى كارمه‌ندێكى ناوه‌ندى خاوه‌ن بكالوریس ونزیكه‌ى (8-10) سالأ راژه‌ى هه‌بێت، ده‌كاته‌ مووچه‌ى (17) كارمه‌ند كه‌له‌هه‌فته‌یه‌كدا پێنچ ڕۆژو هه‌ر ڕۆژێك (7) سه‌عات كارده‌كات، به‌مه‌رجێك ئه‌و كارمه‌ندانه‌ زۆر زیاتر ماندو ده‌بن و زیاتریش خزمه‌تى مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن له‌هه‌ر بوارێكدا بێت.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نه‌سرییه‌ى حمایه‌و شۆفێرو ئۆتۆمبیل..... هتد كه‌خه‌رجى هه‌ریه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان بۆیه‌ك مانگ ده‌كاته‌ (10) ملیۆن دینار كۆى گشتى ئه‌ندامان (111) واته‌ مووچه‌ى یه‌ك مانگى په‌رله‌مانتاران ده‌كاته‌ (11000000) یه‌ك ملیارو سه‌دملیۆن دینارر وه‌ به‌ مووچه‌و نه‌سرییه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌یه‌ك ملیارودووسه‌د ملیۆن دینار ..... باشه‌ بابپرسین بۆچى ئه‌مانه‌ چى بۆ گه‌لى كوردو مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن له‌كوردستاندا.....؟ تائه‌م هه‌موو پاره‌یه‌یان تیادا خرج بكرێت .... كه‌ئه‌وبڕه‌ پاره‌یه‌ ته‌رخان بكرایه‌ بۆ پڕۆژه‌ى به‌رهه‌م هێنه‌رو خزمه‌تگوزارییه‌ جۆراو جۆره‌كان و به‌تایبه‌تى ناوچه‌كانى ئه‌نفال وكیمیاباران كراوه‌كان ئێستا كوردستان ببوه‌ به‌هه‌شتى سه‌ر زه‌مین.
وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ روون و ئاشكرایه‌ ... دیاره‌ ئه‌م پاره‌ به‌شینه‌وه‌ یه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران بێ هۆو له‌خۆرایى نیه‌و... هیچ شتێك بێ به‌رامبه‌ر نیه‌- ئه‌ى هه‌رئه‌ندامێكى مه‌كته‌ب سیاسى وحزبه‌كان شه‌رى ئه‌وه‌یانه‌ كه‌كه‌سانى ئه‌ڵقه‌ له‌گوێى و كۆنترۆڵى خۆیان هه‌بێت له‌په‌رله‌ماندا... ئه‌ى په‌رله‌مانییان بۆچیه‌...؟ ته‌نها بۆ شه‌رعیه‌ت پێدانى بڕیارو كارى حزبه‌كان نه‌بێت ....؟ یان بۆبه‌ر هه‌ڵسكارى راى به‌رامبه‌ر نه‌بێت به‌چاك و خراپه‌وه‌......؟ به‌ده‌ په‌نجه‌ مۆركردنى هه‌ر بابه‌تێك حزب ده‌یخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان... زیندووترین به‌ڵگه‌ى ئه‌م ڕاستیانه‌ش میواندارییه‌كه‌ى ئاشتى هه‌ورامى بوو كه‌ هه‌موو لیستى كوردستانى به‌یه‌ك ده‌نگ ووتیان ئۆ بالأ به‌ ئه‌ستۆمان ئاشتى و كاكه‌دزینن و بوختانیان بۆده‌كه‌ن.... هه‌روه‌ها به‌دورى مه‌زانن ماوه‌یه‌كى كه‌به‌هه‌مان شێوه‌ په‌رله‌مان میواندارى عمر فتاح بكات و هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ بڵێن (اشهد بالله‌) عمرو داده‌ى دزییان نه‌كردووه‌ وله‌پێناو چاككردنى كاره‌بادا بووه‌ (18) ملیۆن دۆلارییان ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ كردووه‌...به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتیان نیه‌و كۆمپانیاكه‌ وه‌همى بووه‌...
دیاره‌ ئه‌م عه‌قل و بیرو بۆچون و ویژدان وهه‌ڵوێست فرۆشتنه‌وه‌یه‌ وبه‌ توتى بونه‌ ده‌بێ نرخێكى باش بكات. هه‌رچه‌نده‌ حه‌رامیش بێت... بۆیه‌ پێویست ناكات پێیان بڵێین به‌ حه‌رامییان بێت.... چونكه‌ خۆى له‌خۆیدا له‌هه‌موو رویه‌كه‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ریده‌گرن حه‌رامه‌و دزیشه‌ له‌خه‌ڵك و وه‌كو چلكى سه‌گ بێ یان حه‌رامه‌.... باهه‌رخۆیان به‌خاوه‌ن پله‌و پایه‌ بزانن به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌ڕاى گشتى و كه‌سه‌ به‌ئه‌مه‌ك و خاوه‌ن كه‌رامه‌ته‌كان دا سفرى دواى فاریزه‌ش نین...
سێهه‌م : له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى كابینه‌ى شه‌شهه‌مدا بڕیاردرا به‌ڕێژه‌ى(10%) مووچه‌ى وه‌زیرو پله‌ تایبه‌ته‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كه‌م له‌و هه‌موو مووچه‌یه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ هه‌ر هیچ نیه‌و وه‌ك ده‌ڵێن پۆش له‌كابژاردنه‌وه‌ دووهه‌میش له‌په‌ناوه‌ دووئه‌وه‌نده‌ى تر به‌خشیش وئیمتیازاتى تریان بۆ ئه‌دۆزنه‌وه‌..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە