سەندیكاى پزیشكان یان خەفاندنى پزیشكان

Wednesday, 22/06/2011, 12:00


هەروەك پیشەوەرەكانى دیكە، پزیشكان سەندیكایەكیان هەیەو مانگانە بڕێك پارە بەناوى ئابوونەوە لەسەرجەم پزیشكان وەردەگرێتو تەنانەت هەندێكمان خەبەردارنین لە بەخشینى ئەم پارەیەو راستەوخۆو بەشێوەیەكى خۆنەویستانە لەمووچەكانمان دەبڕڕێتو گوایا بۆ خومەتكردنى خۆمانەو ئەركى سەرەكىو مەبەستى بنجى سەندیكاكە بەرگریكردنە لەپزیشكانو دابینكردنى مافە رەواكانیانە. بەڵام بەداخەوە، ئەگەر چاوێك بەرووداوەكانى ئەم چەند ساڵەى دوایدا بخشێنینەوە، دەبینین ئەم سەندیكایە نەك تەنها داكۆكیكار نەبووە بۆ دەستەبەركردنى مافە رەواكان، بەڵكو بەربەستێكى نەپساو رێگرێكى لەڕێ لادراوبووە لەبەردەم پزیشكانو قەڵغانێكى گولەنەبڕیش بووە بۆ ئەوكەسانەى كە ویستوویانە ئەم مافانە زەوتبكەن.
كاتێك بڕیاردەدرێت كە پزیشك بە (گرێبەست) لەنەخۆشخانەكاندا دابمەزرێنرێت بۆئەوەى بوارى خزم خزمێنەو حیزب حیزبێنە فراوانتر بكرێتو باشتر ئەو چینەى كۆمەڵگا بكرێتە كۆیلەى حیزب كە تا ئێستا كەمێك لوتبەرزى نواندووە، سەندیكا لەبرى دژوەستانەوەى ئەم بڕیارە دەبێتە پارێزەرى پلانى حیزبە دەستەڵاتدارەكانو لەبرى ئەوان بەحەوت ئاواز دەخوێنێت! كاتێك پزیشكێك لەكاتى دەوامى ئاسایى خۆیو لەنەخۆشخانەدا لەلایەن كاربەدەستێكەوە هێرشى كرایەسەرو سوكایەتى پێكرا، پاشان پزیشكان وەك هەڵوێست وەرگرتنێك مانیان گرت، خەمى سەرەكى سەندیكا سەندنەوەى مافى ئەو پزیشكە نەبوو كە چەندین ساڵە ئابوونەى لێوەردەگرێتو باڵەخانەى پێدەكاتەوە! بەڵكو شكاندنى مانەكەبوو! بێگومان ئەم هەڵوێستەشى لەبەر چاوى كاڵى هاوڵاتیان نەبوو، بەڵكو بەڵێنى هێوركردنەوەیان دابوو بەگەورەكانیان. ئەو گەورانەى كە پێویستیان بە دڵنەوایى بوو، چونكە ماندوو بووبوون لەتێهەڵدانى پزیشكو سوكایەتى پێكردنیان!
لەكاتى لەشكركێشییەكەى دەستەڵات بۆسەر شارى سلێمانىو پاشان رفاندنى یەكێك لەپزیشكە ماندووەكانى ئەم شارە، ئەمجارەیان سەندیكا لەبەرگە تەماوییەكەى خۆى هاتەدەرەو لەبەرئەوەى یەكەمجارى بوو، بەزمانێكى لەرزۆكەوە ناڕەزایى خۆى دەربڕى، ئاهێك بەبەرى هەمووماندا هاتەوەو پێمانوابوو سەندیكا هەنگاوێكى گەورەى ناوە كە توانیوییەتى ئەمجارەیان دەنگێك دەربڕێت كە لەقورگى حیزبەوە نەهاتووەتەدەرەوە! كەچى زۆرى پێنەچوو داواى لێبووردنیان لەو هەڵە گەورەیە كردو حاشایان كرد لەو بەیاننامەى كە بەپەنجەكانى خۆیانو لەبەرچاو دەیان پزیشكدا تایپیان كردبوو! رۆژانە لە نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستییەكانى دەرەوەى شاردا هێرشدەكرێتە سەر پزیشكو لە شوێنەكەى خۆى دەردەپەڕێنرێت، كەچى سەندیكایەكمان نەبینى بەیاننامەیەك دەربكاتو تەنها نارەزایى خۆى دەربڕێت بەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژیانەى كە ئەندامەكانى خۆیى پێ دەچەوسەنرێتەوە! واى دەبینم هۆكارى سەرەكى ئەم سەنگەرگرتنەى سەندیكا لەپزیشكان هەمان ئەو دەستە حیزبیانە بێت كە سەرجەم دارە رێكەكانى ئەم كۆمەڵگایەى بە تەرى چەماندووەتەوەو كردوویەتى بە گۆجانو قاچە ئیفلیجەكانى خۆى لەسەر وەستاندووە.
نزیكەى دوو ساڵ لەمەوبەرو بەبڕیارێكى سەرۆكایەتى هەرێم، نزیكەى 30 دۆنم زەوى بۆ پزیشكە گەنجەكان تەرخان كرا، ئەوانەى كە سروشتى كارەكەیان رێگەنادات هیچ كارێكى دیكە بكەنو موچەكانیشیان بەشى بژێوى ژیانیان ناكاتو بڕوانامەكانیشیان یارمەتییان نادات تا بتوانن لەدەرەوەى دامەزراوە حكومییەكان كارى پزیشكى بكەن. دواتر بەبیانووى پێویستى شارەوانى حەوت دۆنمى لێكرایەوەو تا ئێستاش سەندیكا ئەم زەویانەى لاى خۆى هێشتووەتەوەو ماوەى ساڵێكە كردوویەتى بەناوى خۆییەوەو كەس نازانێت بەنیازى چییەو بەتەمایە لەگەڵ كام كۆمپانیادا میراتبەشى بكات! بەپێویستى دەزانم پزیشكان بێنەسەر خەتو چیتر ئەم ستەمە قبولنەكەنو بەلایەنى كەمەوە ئەو پێناسەى كە سەندیكا پێى فۆشتوون، بەبێ وەرگرتەنەوەى پارەكە بیگەرێنەوە بۆیانو سەربەخۆى خۆیان رابگەیەننو دەمى ئەو كولانەیە لادەن كە چەندین ساڵە تێیدا خەفێنراون.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە