کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئامانج بابانی و ده‌زگا ئه‌منيه‌کانی سلێمانی

Sunday, 20/10/2019, 22:35


ئەم نووسینەێ خوارەوە ، کە بەو ناوەخوازراوەوە کەسێک نووسیوێتی، راو و بۆچوونی کوردستانپۆست نییە، ئێمە وەکو کوردستانپۆست بەردەوام لە کۆکردنەوەی زانیارییداین و لە کاتی گونجاودا  ئەگەر پێویستی کرد راپۆرتێکی لەسەر دەنووسین، بەڵام ئیستا بەهۆی رووداوەکانی رۆژئاواوە لێی بێدەنگین.
------------------------------------

ڕووداوی گيان له ده‌ست دانی ئامانج بابانی پێشکه‌شکار و خێزان و مناڵه‌که‌ی ڕووداوێکی زۆر ناخۆش و به ئازاربوو که هه‌موو سلێمانی و کوردستانی ڕاچڵه‌کاند.
ئه‌م ڕووداوه وه‌ك هه‌ر ڕووداوێکی کۆمه‌ڵايه‌تی يان جينائی ئاسایی تێپه‌ڕ نه‌بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م ئامانج و هه‌م لانه‌ی خێزانی دوو که‌سی ڕاگه‌ياندکار بوون و له دوو ده‌زگای ته‌له‌ڤيزيۆنی کاريان ئه‌کرد که ئاڕاسته و سياسه‌تی کارکردنی ئه‌و دوو ده‌زگايه زۆر پێچه‌وانه‌ی يه‌که ، لای که‌م وه‌ك ڕووکه‌ش.

بۆچی دوای ڕووداوه‌که يه‌کسه‌ر گومانه‌که‌ن سه‌ريان هه‌ڵدا ؟

گومانه‌کان له سێ سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵئه‌قوڵێن و دنه ئه‌درێن :

گروپی يه‌که‌م : ئه‌و ده‌زگا ڕۆژنامه‌وانی و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ن که خۆيان شايه‌تحاڵی ده‌يان ڕووداوی تيرۆرکردن بوون که قوربانيه‌کانی که‌سانی ڕۆژانامه نوس يان ڕاگه‌ياندکار بوون و مافی ته‌واوی خۆيانه گومانيان هه‌بێت له ده‌سه‌ڵاتدارانی پشت ده‌زگا ئه‌منيه‌کان وه له شێوازی لێکۆڵينه‌وه و دروستی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌رئه‌خرێن.

گرووپی دووهه‌م : پارتی و نه‌وه‌ی نوێ و تا ڕاده‌يه‌کيش گۆڕان ، له ڕێگای ده‌زگا ڕاگه‌ياندنه ڕه‌سمی و نا ڕه‌سميه‌کانی خۆيانه‌وه به کۆمه‌ڵێك مه‌به‌ست هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له ئێستا و له داهاتووشدا که کوژران يان مردنی هه‌ر به‌رپرسێك يان ڕۆژنامه‌نوسێك گوماناوی بکه‌ن به حوکمی ئه‌و شه‌ڕه ڕاگه‌ياندنه‌ به‌رده‌وامه‌ی هه‌يانه.
پارتی ده‌يه‌وێت له‌م ڕووداوه‌وه به خه‌ڵك بڵێت ئه‌وه هه‌ر من نيم ڕۆژنامه نوس و ڕاگه‌ياندکار تيرۆر ده‌که‌م ، ئه‌وه‌تا يه‌کێتيش هه‌مان کار ده‌کات. پارتی له ڕاگه‌ياندنی ڕه‌سمی خۆيه‌وه هێرش و په‌يامه‌کان ده‌گه‌يه‌نێت.
نه‌وه‌ی نوێش به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ يه‌کێتی شير و تير له يه‌ك ئه‌سون و به حوکمی ئه‌وه‌ی زياتر له ده‌زگايه‌کی ڕاگه‌ياندن ئه‌چن تا حزب ، بۆيه ئاساييه گومان له هه‌موو شتێك بکه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن به سودی خۆيان بيقۆزنه‌وه و بيکه‌نه خاڵی لێدانی به‌رامبه‌ره‌که‌يان.
هه‌رچی گۆڕانيشه له پاشا گه‌ردانيدايه و به‌رده‌وام له هه‌وڵی ده‌نگ کۆکردنه‌وه دايه‌و له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك حه‌مله‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌ست پێده‌کات که به ڕاستی کارێکی زۆر ناشرينه ، ئه‌مانيش هاوشێوه‌ی نه‌وه‌ی نوێ سه‌دان په‌يجی سێبه‌ريان هه‌يه که کاريان سيناريۆ هۆنينه‌وه‌يه و گومرگيان له‌سه‌ر نيه.

گروپی سێهه‌م : هاوڵاتيانی ئاسایی کوردستان
هاوڵاتيان که بينه‌ری که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌ياندنن و بێ شك شه‌ڕه ده‌نوك و ته‌حليلاته‌کانی ئه‌و سێ لايه‌نه‌ی تر کاريگه‌ری زۆر ڕاسته‌وخۆی هه‌يه له‌سه‌ريان لێره‌وه به‌شێك له گومان له مێشکياندا ده‌چه‌سپێت ، هه‌رچی سه‌رچاوه‌کانی تری گومانه‌ لای هاوڵاتی له‌وه‌وه سه‌ر ده‌گرێت که چ يه‌کێتی و چ پارتی له ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆيان و هه‌ندێك له ناو زۆنه‌کانی يه‌کتريشدا ده‌ستێکی ڕه‌ش و قێزه‌وه‌نيان هه‌يه له ئه‌نجامدانی کاری زۆر به‌د ڕه‌وشتانه و قێزه‌وه‌نانه و تاوانکارانه به‌رامبه‌ر هاوڵاتيان و ڕۆژنامه‌نوسان.
واتا به‌ريه‌ککه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی چه‌ندين ساڵيان هه‌يه له‌گه‌ڵ تاوانکاريه‌کانی ئه‌و دوو هێزه.

ده‌زگائه‌منيه‌کانی سلێمانی و هه‌ڵمه‌تی پاکانه و به‌رگری له خۆکردن !
ئه‌وه‌ی زۆر جێی سه‌رنجه هه‌ر له‌ يه‌که‌م ساتی ڕووداوه‌که‌وه ده‌زگا ئه‌منيه‌کان که‌وتنه پاکانه و به‌رگری له خۆ کردن ، هه‌وڵه‌کانيان هه‌مووی چڕکرايه‌وه له‌سه‌ر نيشاندانی ڕووداوه‌که به ڕووداوێکی کۆمه‌ڵايه‌تی. دياره من وه‌ك خۆم نازانم ڕووداوه‌که کۆمه‌ڵايه‌تيه يان تيرۆره ، به‌ڵام هۆکاری ئه‌م به‌رگری له خۆ کردنه‌ی ده‌زگا ئه‌منيه‌کان ئه‌کرێت دوو هۆکاری له پشت بێت ، يه‌که‌ميان ئه‌وه‌يه که ڕووداوه‌که تيرۆره و ده‌ستێکی باڵای له پشته و ئه‌مر به‌ ئه‌مان کراوه به‌ڵگه‌کان بشێوێنن و ده‌ستکاری بکه‌ن و ڕاستيه‌کان بگۆڕن !
يانيش ڕووداوه‌که کۆمه‌ڵايه‌تيه ، به‌ڵام سومعه‌ی خراپی ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی و ده‌زگائه‌منيه‌کانيان وای کردوه ، ڕووداوی کۆمه‌ڵايه‌تيش به گومانه‌وه ته‌ماشا بکرێت و مرۆڤ يه‌کسه‌ر تيۆری پيلانگێڕان له مێشکيدا زه‌نگ لێ بدات و چه‌ندين گومانی لا دروست بێت.

کێ به‌رپرسه له نه‌بونی متمانه به هێزه ئه‌منيه‌کان ؟
بێ گومان ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و هێزه ئه‌منيه‌کان هه‌ر خۆيان به‌رپرسيارن له‌م بێ متمانه‌ييه ، له ڕابردودا چه‌ندين ڕووداوی قێزه‌وه‌نمان بينيوه که هه‌ر يه‌کێك له‌م دوو حزبه خۆی تاوانێکی ئه‌نجام داوه و هه‌ر خۆشی په‌رده پۆشی ڕووداوه‌که‌ی کردوه و سيناريۆی لاواز و ناشرينی بۆ په‌رده‌پۆشکردنی تاوانه‌که داتاشيوه، کۆمه‌ڵێك له‌و تاوانانه‌تان به بير دێنينه‌وه :

تيرۆرکردنی عه‌لی بۆسکانی له‌لايه‌ن يه‌کێتيه‌وه سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان که زيانی بۆ مێشوله‌يه‌ك نه‌بوه له‌ سلێمانی و بگره خوێندنگا و باخچه‌ی ساوايان و چه‌ندين پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشکه‌شی شار کردوه ! که‌س نه‌يزانی بۆچی و له‌سه‌رچی تيرۆريان کرد.
تيرۆرکردنی زاهيری حاجی ئه‌حمه‌دی بازرگان به فيتی چه‌ند به‌رپرسێکی يه‌کێتی و پاشان ڕزگارکردنی بکوژه‌که‌ی له په‌تی سێداره.
تيرۆرکردن و ده‌ست درێژی کردنه سه‌ر دوو کچی خه‌ڵکی سلێمانی به ناوی " جوانه و مهاباد " که خوشك بون و له لايه‌نه به‌رپرسێکی يه‌کێتی به ناوی ساڵح موزه‌ڵيه‌وه ئه‌م تاوانه کرا و ناوبراو ته‌واوی تاوانه‌که‌ی به‌سه‌ردا ساغ بۆوه ، به‌ڵام جه‌لال تاڵه‌بانی به زۆر له سێداره و سجن ڕزگاری کرد و به شه‌ق ته‌نازوليان به که‌سوکاری دوو کچه‌که کرد.
تيرۆرکردنی نه‌جمی ده‌لاك " خاوه‌ن سه‌رتاشخانه‌ی زاگرۆس له بازاڕی خه‌فاف " ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك جوێنی به مه‌لا مسته‌فا دابوو.
تيرۆرکردنی به‌کر عه‌لی شاعير به ڕۆژی ڕوناك و به ئاشکرا.
تيرۆرکردنی خاڵه‌ حاجی ، جێگری سکرتێری حزبی سۆسياليست
تيرۆرکردنی کاوه گه‌رميانی که بکوژ ناسراوه و که‌س تا ئه‌م ساته‌ش ناوێرێت له گوڵ کاڵتری پێ بڵێت
تيرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و داتاشينی سيناريۆيه‌کی زۆر ناشرين بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌که
تيرۆرکردنی ويداد حسێن له شاری دهۆك و ڕێ گرتن له کێکۆڵينه‌وه له تيرۆرکردنه‌که‌ی
تيرۆرکردنی عه‌بدول ستار شه‌ريف له شاری که‌رکوك
تيرۆرکردنی له‌يلای پێشکه‌شکاری کوردسات و داتاشينی سيناريۆيه‌کی ناشرين بۆ په‌رده‌پۆشکردنی تاوانه‌که
تيرۆرکردنی " زانای قائيمقام " له ناو خودی ده‌زگای ئاسايشدا و دروستکردنی سيناريۆيه‌کی زۆر مناڵانه و گاڵته‌جاڕانه بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌که ، شايه‌نی باسه سه‌رجه‌م ده‌زگاکانی ڕاگه‌ياندن کۆك بون له‌سه‌ر زوو شاردنه‌وه‌ی ئه‌م تيرۆره به‌هۆی بونی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موان له نه‌مانی زانا و ئاشکرانه‌بونی هۆکاره‌کانی کوشتنی.
تيرۆرکردنی " سه‌روه‌ت " پاسه‌وانی تايبه‌تی مام جه‌لال ! ئاخر دز بزانێت ماڵێك ده‌مانچه‌ی هه‌يه ناوێرێت بچێته‌ سه‌ری ! ماقوڵه دز زات بکات بچێته سه‌ر ماڵی پاسه‌وانی مام جه‌لال ؟ ئه‌مه‌ش له سيناريۆکه‌ی زانا بێ ماناتر بوو.
تيرۆرکردنی محێدين ڕه‌حيم له هه‌ولێر
ده‌رمانخواردکردنی جه‌وهه‌ر ناميق و ئه‌رده‌ڵان به‌کر و فه‌له‌که‌دين کاکه‌یی و گومانه‌کان بۆسه‌ر پارتی
تيرۆرکردن و سوتاندنی فه‌ره‌يدون جوانڕۆیی
ئه‌مانه مشتێکن له خه‌رواری ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ زۆرانه‌ی که ئه‌م دوو حزبه به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته ئه‌نجاميان داوه و سه‌دان و هه‌زاران تاوانی تريان هه‌يه که ڕه‌نگه ئێمه نه‌يزانين.

لێره‌وه ده‌توانين بڵێين خه‌ڵك مافی خۆيه‌تی به که‌يسی تيرۆر و تاوان ته‌ماشای ڕووداوی گيان له ده‌ستدانی ئامانج و لانه و منداڵه‌که‌يان بکات و تا به‌ڵگه‌ی کۆنکرێتی و حاشا هه‌ڵنه‌گر پێشکه‌ش نه‌کرێت گومانه‌کان هه‌ر ئه‌مێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە