کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عه‌فرين و ڕووداوه‌کانی ئه‌مڕۆی سوريا

Wednesday, 11/04/2018, 22:58


ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌يه‌کی خێرا بکه‌ين بۆ ڕووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دوایی سوريا و ناوچه‌که ، به‌تايبه‌تی دوای گرتنه‌وه‌ی غوطه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و دواتريش شارۆچکه‌ی " دۆما " له ڕيفی ديمه‌شق له‌لايه‌ن سوپای سوريا و هاوپه‌يمانه‌کانيه‌وه بۆمان ده‌رئه‌که‌وێت شه‌ڕ و وێرانکاريه‌کانی غوطه زۆر گه‌وره و فراوانتر بوون له‌وه‌ی له دۆما ڕوويان دا ، ئايا بۆچی ئه‌مريکا و هاوپه‌يمانه‌کانی له‌سه‌ر دۆما هاتنه‌ ده‌نگ و کردويانه‌ته هۆکار بۆ هه‌ڕه‌شه‌ کردن له ڕژێمی سوريا ؟ئايا به‌ڕاستی ڕژێمی سوريا چه‌کی کيمياوی به‌کار هێناوه له دۆما و نه‌ياره‌کانی بايی ئه‌وه‌نده به‌هێز بون تا پێويست بێت به‌و چه‌که لێيان بدرێ ؟
 ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه بۆ چه‌ند مانگێ پێش ئێستا ، تايببه‌تتر بۆ سه‌ر و به‌ندی ئاماده‌کاريه‌کانی سوپای ڕژێمی تورکيا بۆ داگيرکردنی عه‌فرين به ئاسانکاری و هاندان و دنه‌دانی ڕژێمی پۆتين وه‌ڵامی زۆر پرسيارمان ده‌ست ئه‌که‌وێ ، ڕووسيا نه‌ك هه‌ر ڕێی به تورکيا دا عه‌فرين داگير بکات ، بگره هاوکاری زۆريشی کرد.
دياره کورد وه‌ك خۆی له دوور مه‌ودادا ڕه‌نگه زۆر گرنگ نه‌بێت بۆ ئه‌مريکا ، به‌ڵام حاڵی حازر کورد ئه‌و ده‌ستکێش و مه‌دخه‌له‌يه که جۆرێك له شه‌رعيه‌ت و به‌هانه‌ی بۆ بونی ئه‌مريکا و ئه‌وروپا له‌سه‌ر ئه‌رز ڕه‌خساندوه.
ئه‌مريکا و خۆرئاوا بڕياری خێرا و هه‌ڵه‌شانه ناده‌ن و به‌و نه‌فه‌س ته‌نگی و په‌له‌ په‌له‌ی کورد ده‌يه‌وێ هه‌نگاو نانێن ، دياره يه‌کێك له سيفه‌ته‌کانی زلهێز بوونيش پشوو درێژی و پيلانی وورده که له ساتی پێويست دا مه‌لاميحه‌کانی ده‌رئه‌که‌ون.
ئه‌مريکا و فه‌ڕه‌نسا له يه‌که‌م چرکه‌وه دژی داگير کردنی عه‌فرين بون و له پشت په‌رده‌وه زۆريان هه‌وڵ دا که تورکيا ئه‌و کاره نه‌کات ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مريکا و ناتۆ به گشتی نايانه‌وێت تورکيا بچێته هاوپه‌يمانێتيه‌کی ستراتيجيه‌وه له‌گه‌ڵ ڕووسيا له حاڵی حازردا ، به‌ڵام ياری کردنی تورکيا له‌سه‌ر زياد له په‌تێك هاوکێشه‌کانی تا ڕاده‌يه‌ك ئاڵۆز کردوه و ڕووسيا ئه‌مه‌ی قۆزته‌وه بۆ لێدانی گورزێك له بونی ئه‌مريکا له ڕێی دنه‌دانی تورکيا و ده‌رگا واڵاکردن بۆی بۆ داگير کردنی " عه‌فرين " وه‌ك چۆن پێشتريش له جه‌رابلوس و باب هه‌مان کارئاسانی بۆ تورکيا کردبوو.
دياره هێزه‌کانی سوريای ديموکرات ته‌مسيلی نفوزی ئه‌مريکا ده‌که‌ن و ئازاردان و شکست پێهێنانيان لێدانه له به‌رژه‌وه‌ندی و بوونی ئه‌مريکا له سوريادا،
له‌دوای داگيرکرانی سه‌نته‌ری عه‌فرينه‌وه تێبينی ئه‌کرێت که ئه‌ردۆغان تووشی غرورێکی زۆر بوه و به ڕاست و چه‌پدا هه‌ڕه‌شه ده‌کات و چاو له هه‌موو جيهان سور ده‌کاته‌وه. له‌پشت ئه‌م غروره‌وه هه‌ست به ده‌ستی ڕووسيا و تا ڕاده‌يه‌کيش ئێران ئه‌کرێت.
به‌ڵام ئێران ووردتر و به ئاگايانه‌تر له ڕووسيا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تورکيا ده‌کات و له سه‌روبه‌ندی هێرشی تورکيا بۆ سه‌ر عه‌فريندا ڕای ئێرانيه‌کان وا بوه که ڕێ نه‌درێ عه‌فرين بکه‌وێت و باشتر بوه لايان بکرێته زه‌لکاوێك بۆ تورکيا تا پێوه‌ی سه‌رقاڵ بکرێت، ناردنی هێزه‌کانی به‌رگری ميللی شيعی بۆ عه‌فرين به‌شێك بوه له‌و سياسه‌ته‌ی ئێران ، به‌ڵام پۆتين دژی ئه‌م وويسته‌ی ئێران وه‌ستايه‌وه و ڕێی نه‌دا سوريا و ئێران به فراوانی يارمه‌تی کورد بده‌ن ، بگره ئاسانکاری زۆری کرد تا تورکيا به زووترين کات عه‌فرين بگرێت.
لێره‌وه ناکۆکی نێوان ئێران و ڕووسيا ده‌رده‌که‌وێت ، ئێران پێی وايه ئه‌ردۆغان ياری به ڕووسيان ده‌کات و ته‌نها ده‌يه‌وێت زۆرترين خاکی سوريا داگير بکات و له داهاتوويه‌کی نزيکدا خۆی ده‌هاوێژێته‌وه به‌ره‌ی ئه‌مريکا و خۆرئاوا.
هه‌رچی ئه‌مريکايه ده‌يه‌وێت کورد و تورکيا هه‌ردووکيان له به‌ره‌ی ئه‌ودا بن بێ ئه‌وه‌ی هيچ لايه‌کيان ئه‌و سنوره ببه‌زێنێ که ئه‌مريکا بۆی دياری ئه‌کات و بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی يه‌کدی بکه‌ن. ڕووسيا ئه‌م هاوکێشه‌يه‌ی له ئه‌مريکا تێك دا و شه‌ڕی کورد و تورکيای درووست کرد، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ئه‌مريکا له سوريا ده‌ربکات.
ڕووسيا پێی وايه‌ ئه‌مريکا و ناتۆ له هيچ بارێکدا به شێوه‌ی سه‌ربازی ڕوو به‌ ڕووی تورکيا نابنه‌وه ، بۆيه‌ده‌کرێت تورکيا ڕۆژئاوای کوردستان داگير بکات و هێزه کورديه‌کانی لێ ده‌ربکات و به‌م جۆره‌ش جێ پێ بۆ ئه‌مريکا له‌وێ نامێنێته‌وه. دياره ئه‌مه موجازه‌فه‌يه‌کی زۆر بێ ئه‌قڵانه‌ی پۆتينه ، چونکه گه‌ره‌نتی نيه که ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوويدا ئه‌ردۆغان نه‌گه‌ڕێته‌وه باوه‌شی هاوپه‌يمانه کۆنه‌کانی و پشت نه‌کاته‌وه ڕووسيا و ئه‌مجاره به‌هۆی بونی ڕاسته‌وخۆی تورکياوه له ناو قوڵایی خاکی سوريادا ئاسانتر ده‌توانرێت هاوکێشه‌کان به‌سه‌ری ئێران و ڕووسيادا هه‌ڵبگێڕدرێنه‌وه ، ئێران زۆر باش درکی به‌م خه‌ته‌ره کردوه و لێی تۆقيوه ، هه‌ر بۆيه‌شه ڕۆحانی له کۆبونه‌وه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووی ئه‌سته‌نبوڵ نێوانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان زۆر ناخۆش بوو وه داوای کرد تورکيا عه‌فرين بداته‌وه ده‌ست سوپای سوريا، ده‌زگاکانی ڕاگه‌ياندن هه‌موو هه‌ستيان به گرژی نێوانی ڕۆحانی و ئه‌ردۆغان کرد.
ئێستا ئيتر کاتی به ئاگا هاتنه‌وه‌ی ڕووسيايه به‌ڵام دره‌نگ ! ڕووسيا تێده‌گات که ته‌سليم کردنی عه‌فرين و پێشتريش باب و جه‌رابلوس و ئيدلب به ئه‌ردۆغان هه‌ڵه‌ی کوشنده بون و ده‌بێت باجه‌که‌ی بدرێت.
له پێشهاتێکی زۆر سه‌يردا دوێنێ ١٠ ی ئه‌پڕيل لاڤرۆڤی وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسيا داوای له تورکيا کرد عه‌فرين بداته‌وه ده‌ست سوريا ، هه‌ر زوو ئه‌ردۆغان هاته‌ سه‌ر خه‌ت و به زمانێکی زبر و تووند داواکه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه، بگره هاوئاوازانه له‌گه‌ڵ ترامپ و خۆرئاوا داوای سزادانی به‌رپرسانی کيميابارانی شارۆچکه‌ی دۆمای کرد ، ئه‌مه ڕێك سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌يه که ئه‌ردۆغان چاوه‌ڕێيه ترامپ گورزێك له سوريا بدات تا ئه‌ميش بگه‌ڕێته‌وه به‌ره‌ی ئه‌مريکا ، پۆتينيش هيچ به ده‌سته‌وه.
ئه‌مريکا و ئه‌ورپا بۆچی هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی سوريا ده‌که‌ن ؟
ڕووسيا ده‌بێت باجی زياده‌ ڕه‌ويه‌کانی بدات ، تورکياش ده‌بێت خۆی يه‌کلایی بکاته‌وه، ده‌بێت هه‌ڕه‌شه‌کردن له نفوز و پێگه‌ی ئه‌مريکا له سوريادا بوه‌ستێت و کۆتایی بێت، ئه‌مريکا نايه‌وێت جه‌نگێکی جيهانی به‌ڕپا بکات له‌گه‌ڵ ڕووسيادا ، هه‌روه‌ك چۆن ناشيه‌وێت به‌ره‌و ڕووی تورکيا ببێته‌وه، بۆيه به چه‌ند شێوه‌يه‌ك ڕوو به ڕووی ڕووسيا ده‌بێته‌وه و مايسترۆ ئاسا ڕۆڵه‌کان ته‌وزيع ئه‌کات ، له ڕێی به‌ريتانياوه که‌يسی ژه‌هراوی کردنی سکريباڵی سيخوڕی جوڵاند و سه‌دان ديپلۆماتی ڕووسی له ئه‌مريکا و سه‌رجه‌م ئه‌وروپا ده‌رکران ، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسته هاوبه‌ش و هاو ئاهه‌نگه‌کانی ئه‌مريکا و هاوپه‌يمانه ئه‌وروپيه‌کانی دووباره هاتونه‌ته‌وه سه‌ر شانۆ پاش  ماوه‌يه‌کی زۆر له په‌رتی و جياوازی له بۆچوندا ، که ئه‌مه‌ش غيره‌تی به پۆتين و ئه‌ردۆغان به‌خشيبوو په‌ل بهاوێژن و که‌متر حساب بۆ ناتۆ و ئه‌مريکا بکه‌ن ، يه‌کگرتووی هه‌ڵوێستی ئه‌مريکا و ئه‌وروپا زه‌نگێکی به‌هێزی ئاگادار کردنه‌وه ده‌بێت بۆ ڕووسيا و تورکيا.
ئيتر هه‌ڕه‌شه کردن به به‌کارهێنانی هێز وا ده‌کات ڕووسيا له بری بير کردنه‌وه له ده‌رکردنی ئه‌مريکا له سوريا ، زياتر له خه‌می مانه‌وه‌ی هاوپه‌يمانه‌کانيدا بێت .
ئایا ئه‌مريکا شه‌رعيه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پێيه بۆ لێدانی سوريا ؟
پاش ئه‌وه‌ی بڕياره‌کانی نه‌ته‌وه يه‌کگرتوه‌کان سه‌باره‌ت به غوطه که عه‌فرين و سه‌رجه‌م سوريای ده‌گرته‌وه له لايه‌ن ڕژێمی تورکيا و ڕژێمی سورياو هاوپه‌يمانه‌کانيه‌وه پێشێل کرا و ڕێزی لێ نه‌گيرا ، ئيتر که‌متر باسی شه‌رعيه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری سوريا ده‌کرێ و ئه‌مريکا ئازادانه‌تر ده‌توانێت گورزی خۆی بوه‌شێنێت،
ئه‌مريکا به جوڵاندنی که‌شتيه‌ جه‌نگيه‌کانی و ده‌ستپێکردنی شه‌ڕێکی ده‌روونی جديه‌تی به نيه‌تی لێدانی سوريا به‌خشيوه ، قه‌باره‌ی هێرشه‌که ديار نيه ، به‌ڵام پێ ده‌چێ ئازاری زۆری ڕووسيا بدات ، بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ڕووسيا به ئامانج بگيرێت ، هێرشه‌که سوپای سوريا و هێزه‌کانی ئێران و حزب الله ده‌کاته ئامانج ، ، پێ ده‌چێت فه‌ڕه‌نسا و به‌ريتانياش به‌شداربن ، وه دوور نيه ئيسرائيليش به جۆرێك و به بێ خشپه‌یی به‌شداری بکات.
ئێستا ئيتر ڕووسيا تێده‌گات که ڕاده‌ستکردنی عه‌فرين و هه‌ڕه‌شه کردن به گرتنی مه‌نبج و خۆرهه‌ڵاتی فوڕات باجه‌که‌ی زۆر قورسه و ده‌بێت بدرێت .
ئه‌گه‌ر هێرشه‌که نه‌کرا چی ؟
زۆر قورس و خراپ له‌سه‌ر ئه‌مريکا و هاوپه‌يمانه‌کانی ده‌که‌وێت و هێنده‌ی تر له قاڵب ده‌درێن و دوور نيه هه‌ر له سورياش دا بکرێنه‌ ده‌ره‌وه به يه‌کجاری
به‌نده پێم وايه گورزه‌که ده‌وه‌شێندرێت و له ئان و ساتدايه ، ئه‌مريکا و ئه‌وروپا ته‌حمولی دانی باجی زياتريان نه‌ماوه و ده‌بێت سنورێك بۆ ڕووسيا و ئێران و تورکيا دابنێن ، ده‌بێت ئه‌وه به جيهان بڵێن که ئه‌مريکا و هاوپه‌يمانه‌کانی به‌هێزن و ده‌توانن مه‌رج و وويستی خۆيان به هێز بسه‌پێنن 
هه‌رچی تورکياشه له کۆتايدا به له‌قاڵبدراوی و لاوازی ده‌برێته‌وه ژێر باڵی ناتۆ و ده‌کرێته‌وه به عه‌بده گوێڕايه‌له‌که‌ی جارانيان 
ڕووسيا ده‌بێت باجی ڕاده‌ست کردنی عه‌فرين بدات
باران - هۆڵه‌ندا 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە