باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ که‌سێك هێنده‌ی شێخ و مه‌لای سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێته‌کان زیانی به‌ ئیسلام گه‌یاندبێت ...

Wednesday, 05/08/2009, 12:00


ئه‌م ووتاره‌م له‌ئنته‌رنێته‌وه‌ به‌رچاو که‌وت ، خوێندمه‌وه‌ زۆر به‌لامه‌وه‌ جوان بوو بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی کورد که‌زمانی عه‌ره‌بی نازانن بێبه‌ش نه‌بن لێ ی که‌مێکیش خه‌نده‌ بخاته‌ سه‌ر لێوانیان،وه‌ر‌مگێڕایه‌ سه‌ر زمانی کوردی داوای لێ بوردنیش له‌ خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ئه‌که‌م چونکه‌ ناوی نووسه‌ره‌که‌یم ده‌ست نه‌که‌وت.
وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بی یه‌وه‌: جه‌مال بابان
2ی ئۆگه‌ستی 2009


باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ که‌سێك هێنده‌ی شێخ و مه‌لای سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێته‌کان زیانی به‌ ئیسلام گه‌یاندبێت ... ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ئاڵا هه‌ڵگری جیهادی میکرۆفۆن وپارێزگارانی مرۆڤایه‌تی داناوه‌، به‌وپێ یه‌ی که‌ ئه‌و شتانه‌ی جیهان ئه‌یدۆزێته‌وه‌ له‌ ئامڕازی‌ گه‌یاندنه‌کان بۆ سوود گه‌یاندن به‌ به‌شه‌ریه‌ت لای ئه‌مان ته‌نها شانۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی کینه‌و به‌ربه‌ره‌کانێی به‌ده‌ست هێنانی خه‌ڵاتی نه‌زانیی ودواکه‌وتنه‌ وه‌کو بزه‌ ناشرینه‌کانیان وهاواره‌ جاڕسکه‌ره‌کانیان و هه‌ستکردنیان به‌ نه‌بوون وایه‌... وه‌ له‌سایه‌ی سه‌ری ئه‌مانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی موسوڵمانان به‌ به‌شه‌ریه‌ته‌وه‌ ڕێك بووه‌ به‌ گاڵته‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی به‌تاڵ و دابارینی نه‌فره‌ت به‌سه‌ر غه‌یره‌ موسوڵماناندا به‌پێ ی، یه‌که‌م: بۆ ئه‌و وه‌کاله‌ته‌ی که‌ خوای گه‌وره‌ کردویه‌تی به‌ناومانه‌وه‌ بۆ ناردنی ئه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌وێن بۆ دۆزه‌خ وبه‌هه‌شتیشمان تاپۆ کردوه‌ له‌سه‌ر خۆمان ، دووه‌م: ئه‌و سه‌ڵاحیه‌ته‌ی که‌ له‌باوباپیرانمانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ بۆ دابه‌شکردنی جیهان به‌سه‌ر ووڵاتی کافران (که‌نیوه‌ی زۆرتری ووڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کانن) و ووڵاتی ئیمان که‌ ئه‌و ووڵاتانه‌یه‌ که‌ سێ به‌شی دانیشتوانه‌که‌ی ڕه‌و ئه‌کات لێ یان بۆ خاکی ووڵاتانی یه‌که‌م گرووپ بۆ خۆڕزگار کردن له‌ده‌ست نه‌زانی، نه‌خۆشی، هه‌ژاری، گه‌نده‌ڵی، وه‌ کولتووری ڕق له‌خه‌ڵکی تر که‌له‌ ووڵاتانی ئیمان دان ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ و هه‌موو نیفاقه‌ی که‌سه‌رلێون پێی که‌ به‌شی دروست کردنی هه‌زاره‌ها له‌ پارته‌ ئایینیه‌کان ئه‌کات له‌مارکه‌ی ((تۆڵه‌ی خودا،، سه‌ربازانی خودا،، و،، خوا شیفاتان بدات))


چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێ له‌ شێخه‌کانم دی که‌ داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌مریکی ئۆباما ئه‌کرد بۆ هاتنه‌ ناو ئیسلام و ئه‌یووت " ئۆباما موسوڵمان به‌ سه‌لامه‌ت ئه‌بیت '' .. ئاوا به‌و ئاسانی یه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ خۆی کردوه‌ به‌ ئه‌میر ئه‌لموئمیمنین و ئه‌یووت " به‌ناوی ئومه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی به‌هێزه‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی هه‌میشیی ئه‌منجومه‌نی ئاسایش له‌به‌ر ده‌میا له‌ترسا هه‌ڵئه‌له‌رزن '' ... زۆر به‌ناشرینی ئه‌یفڵتاندو ئه‌یڕست '' نازو نیعمه‌ت له‌ئیسلامدایه‌و ڕه‌زالاتیش له‌غه‌یری ئیسلامدا ''... کام نیعمه‌ت ؟ بۆ سه‌یری ئه‌ورووپی وئه‌مریکیه‌کان ناکه‌ی چۆن له‌ڕه‌زاله‌تان وعه‌ره‌بیش له‌نازو نیعمه‌تـــــدا !! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ که‌یه‌کێك له‌دانیمارك یان هۆڵه‌ندا شتێك ئه‌کات دژی ئاینه‌که‌مان ناوی ئه‌نێین سووکایه‌تی ، ئه‌و براده‌ره‌ دێت و به‌یه‌ك ووشه‌ ئه‌یبڕێنێته‌وه‌و ئه‌ڵێت: ئاینی هه‌ق ئاینی ئیسلامه‌و بێجگه‌ له‌و ئاینی گاڵته‌بازاڕو هیچه‌ وته‌نها کۆپیین !!!! .. . دوای ئه‌وه‌ش داوای دیالۆگی ئاینه‌کان ئه‌که‌ین .. دیالۆگی چیمان له‌گه‌ڵ ئه‌که‌ن که‌ئێمه‌ ئاینیان به‌ هیچ بزانین؟؟ ئه‌وماوه‌یه‌ی که‌ ئه‌و مه‌خلوقه ته‌نها‌ ڕق وکینه‌ ئه‌ڕشایه‌وه‌ ، په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ڕاستی به‌رز ئه‌کرده‌وه‌و دای ئه‌گرت وهۆشداری ئه‌داو په‌یمانی ئه‌داو هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌کرد و ئه‌یووت" بزانه‌ چی نه‌هامه‌تیه‌ك به‌سه‌ر دوژمانی ئوممه‌تی محه‌ممه‌د دێ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ چرچ وخوارو خێچی ده‌م وچاوه‌ ڕه‌ازا گرانه‌که‌ی که‌ ئاگرو جاڕسی لێ ئه‌باری ئه‌تووت مایه‌سیری یه‌که‌ی ئازاری ئه‌دات ، له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت..
که‌سێکی تر هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌و بیردۆزانه‌ شه‌ڕ به‌ پیپسی کۆلا ئه‌فرۆشێت و ئه‌ڵێت ووشه‌ی پیپسی به‌ئینگلیزی بریت یه‌ له‌ پیته‌ یه‌که‌مه‌کانی ڕسته‌ی :
Pay Every Penny to Save Israel
به‌مانای هه‌ر فلسێك بده‌ بۆڕزگارکردنی ئیسرائیله‌ ... ئیسرائیلێك که‌ده‌وڵه‌تی خۆی له‌ 1948 دامه‌زراندوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کۆمپانیای پیپسی ساڵی 1903 دامه‌زراوه‌ .. ئاخ له‌م یه‌هوودانه‌ خوایه‌ ، چۆن به‌رگری له‌ئیسرائیل ئه‌که‌ن به‌ر له‌په‌نجا ساڵ له بوونیان !!!
کاره‌ساته‌ مه‌زنه‌که‌ له‌وه‌دابوو که‌ یه‌کێ له‌ موجاهیده‌کان قسه‌ی بۆ حه‌ماس ئه‌کرد له‌فه‌له‌ستین و مژده‌ی ئه‌دانێ وئه‌یووت: " فتوحاتی بڵاکردنه‌وه‌ وسه‌ربازی هه‌موو پایته‌خته‌ جیهانی یه‌کان ئه‌گرێته‌وه‌ .. وه‌به‌م زووانه‌ ئینشائه‌ڵڵا ڕۆما ئه‌گریین چۆن قسته‌نتینیه‌مان گرت " ... به‌خوا ئاوا به‌م ده‌قه‌ قسه‌ی بۆ نوێژکه‌ران ئه‌کرد .. بێ گومان ئه‌وانیش هاواریان ئه‌کرد " الله اکبر دوای هه‌ر مژده‌یه‌ك که‌کاکی پێش نوێژ ئه‌یدانێ . بێ ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵی هیچ کامیاندا بێت که‌ بپرسن ئه‌م سوپای فتوحاته‌ له‌کوێ یه‌؟ وکێ مه‌شق وراهێنانیان پێ ئه‌کات؟ کێ سه‌رکردایه‌تیان ئه‌کات بۆ ڕۆما ؟ .. كێ قه‌زافی یان عومه‌ر ئه‌لبه‌شیر یان ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ؟ ئه‌ی له‌کوێوه‌ ڕوه‌و ئامانجه‌که‌یان مل ئه‌نێن ؟ له‌ ده‌ریاوه‌ یان ووشکانی؟؟ ئه‌م ((زۆر زوو)) ه‌ که‌یه‌ ؟ دوومانگ .. دوو ساڵ.. ده‌ ساڵ ؟؟ ئه‌ی گرتنی ڕۆما به‌رله‌ ئازادکردنی جۆلان وقودسه‌ یان له‌پاشدا؟ ئه‌ی باشه‌ بۆ ڕۆما ؟ ئه‌ی دوژمانی ئیسلام ئێوه‌ ناڵێن ئه‌مریکاو به‌ریتانیاو ئیسرائیله‌ ؟؟ بۆ ئه‌وان واز لێ ئه‌هێنیت وهه‌ڵئه‌تیزێنیت بۆ ڕۆما ؟ یان کردارێکی ته‌کتیکیه‌ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دوژمن وپێکانی ئامانجه‌ ؟ به‌ڵی وابزانم ئه‌مه‌ هۆکه‌یه‌تی ((هه‌ڵگرتنی به‌ردی زل نیشانه‌ی نه‌هاوێشتنیه‌تی... وه‌رگێڕ))
من قسه‌کانم به‌ره‌و ڕووی ئه‌و ووتاربیژه‌ هه‌زه‌لیانه‌ی سه‌ره‌وه‌‌ ئه‌که‌مه‌وه‌ و پێ یان ئه‌ڵێم : من بنی پێم ته‌خت ولووسه‌ وله‌خزمه‌تی سه‌ربازی بووراوم. تکایه‌ کاتی گرتنی ڕۆما حسابی من مه‌که‌ن، به‌ڵام بێ زه‌حمه‌ت ئه‌کرێت له‌گه‌ڵ تاڵانیه‌‌کانتانا به‌ڵکو تی شیرتێکی یانه‌ی ئه‌نته‌رمیلانم له‌گه‌ل ده‌ستی خۆتانا بۆ بهێنن ؟؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە