ئەو هەژدە ڕۆژەی ناوچەکەی لەرزاند لەپەراوێزی سەرکەووتنی شۆڕشی میسردا

Sunday, 13/02/2011, 12:00


ئاڵو گۆڕە شۆڕشگێڕانەکان لە تونس و میسرو هەڵاتن و بەجێ هێشتنی عەرشی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەلایەن سەرۆکی هەردوو ووڵاتەوە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستەوە سەر ڕێگای شۆڕشگێڕانە بۆ ژێرەو ژوور کردنی حکومەت و دەسەڵاتدارانی فاشست و سەرکوت گەری ناوچەکە.. ئەم شۆڕش و پەیامە زیاتر مرۆڤ دۆستانەیە ئاکام و سەرەنجامەکانی بەرەو هەرکوێ یەک بێت نەک تەنها فۆرم و مەنتیقی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم ناوچەو ووڵاتانە بەیەکجاری ئەگۆڕێت ، بەڵکو کێرڤ و جوگرافیای سیاسی ناوچەکەو جیهانیش بەدوای خۆیدا کێش ئەکات.. پاش نزیک بە ٦٠ ساڵ میسر وەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆری گرنگ بۆ ئەمریکاو غەرب لە ناوچەکە و بەدوای ٣ حکومەتی دیکتاتۆری یەک لەدوا یەکدا شۆڕشی ٢٥ فبرایەری جەماوەری وەتەنگ هاتووی میسر کۆتایی هێنا بە دیکتاتۆریەت و تان و پۆی سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی بوو بۆ گێڕانەوەی حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ ، بۆ وەدەست هێنانی ئازادی لەتەواوی ووڵاتانی ناوچەکە.. پەیامێکی گرنگ بوو بۆ گێڕانەوەی هەست کردن بە هێزو توانای تاک لەبەرەنگار بوونەوە لە دژی هێزە سەرکوت کەرەکان ، ڕەواندنەوەو لە گۆڕ نانی هەموو ئەو وەهم و خۆش باوەڕی یانە بوو کە گوایە بەبێ ووڵاتانی زلهێز لەتوانادا بوونی بەرەنگاربوونەوە بۆڕاماڵێنی دیکتاتۆرەکان کارێک بوو مەحاڵ ، ڕەواندنەوەی ترس و تۆقاندن ، مل کەچی و مل شۆڕی بوو بۆ حکومەت و دەسەڵاتداری خۆماڵی ، کۆتایی هێنان بوو بە بت پەرستی و کۆتایی هێنان بوو بە سەروەری یەکانی بنەماڵە ، دەرسێکی گرنگ بوو کەچۆن لەدەوری یەکتری و لەدەوری داخوازی یەکان بەڕیزی ملیۆنی خۆمانەوە پەیوەست بین..ئەشێ زیادە ڕەوی نەبێت گەر بڵێین ئەبێت جیهان لەو شۆڕشەوە و لەدەرس و تەجروبەکانی ئەو شۆڕشەوە فێر ببن..
ئەگەرچی کۆمۆنیزم وەک بزووتنەوەیەکی زیاتر ئینسانی غائیب بوو لەهەردوو ووڵاتی میسرو تونس و سەرەنجام چینی کرێکاری میسر بە بێ حیزب و ئۆرگانە سیاسی یەکانی خۆیان چوونە ناو پرۆسەی تێک شکاندنی حکومەتی هاری موبارەکەوە و بەیەکجاری باڵانسی هێزی گۆڕی بە قازانجی شۆڕشی میسر.. سەرەڕای ئەوەی ئاسۆی ڕاستەقینەو واقیعی ئەم شۆڕشە بۆ ژیانێکی باشترو بێ چەوساندنەوە وونە لە ناو شەپۆلی مەزنی ئەم شۆڕشەدا و سەرەنجام لایەن و پارتەکانی بنەماڵەی بۆرژوازی ئەتوانن کەم تازۆر شۆڕش بە هەندێک ڕیفۆرمەوە کە جێ متمانەی جەماوەری میسر بێت ناکام و بەتاڵ بکەنەوە لە پەیامە ئینسانیەکەی .
هەموو بینیمان کە جەربەزەیی و لەخۆبردوویی جەماوەری شۆڕشگێڕی میسر چەندە فیداکاریان نواند لە پێناوی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی موبارەک.... گوێ نەدان و ئیهمال کردنی لایەنە ئیسلامیەکان کە لەڕاسیتدا لایەنی هەرە سەرکەووتووی ئەم شۆڕشە بوو ، بەڵام نقوم بوونیان بە خۆش باوەڕی بە ناسیونالیزم و پارتەکانی لەناو خرۆشانی ڕیزی ملیۆندا بە یەکجاری تێکەڵ و ئاوێزان بووە . هەموو بینیما کە پارتە سیاسیەکان هەر لە ئیخوان موسلیمینەوە تا هەموو پارتە ناسیونالیستەکانی تر لەژێر سایەو سێبەری ئەم شۆڕشەدا چۆن بەشوێن دەست کەوت وئیمتیازاتەکانی خۆیانەوە بوون و بانگەشەی فرۆشتنەوەی شۆڕش بوون بە جەماوەرو لەهەڵپەی وەدەست هێنانی بەشی شێر بوون لەدەسەڵاتی سبەینێ یاندا ، جەماوەریش خەریکی پێشڕەوی زیاتر بە بێ ئەوەی بۆشایی یەکانی دوای خۆی پڕ بکاتەوەو خەتی سیاسی و فیکری خۆی دەست بەجێ جیا بکاتەوە لە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان کە ئەمانە بۆخۆیان فاکتەری واقیعی زوعفەکانی ئەم شۆڕشەن ، بەڵام بوومەلەرزەی ئەم نەبەردە مەزنە ، ئەم شۆڕشە هەمەگیرە کەلە پێناوی گێڕانەوەی حورمەت و کەرامەتی مرۆڤی عەرەبیدا بۆیەکەم جار مێژووی زەلیل بوونی عەرەبی شڵەقاند لەگەڵ خۆیشیدا دیکتاتۆریەت و فاشیزمی ئەم ووڵاتانەی ناوچەکە بەیەکجاری پاشە کشە پێ ئەکات ، سەرەنجام باڵانسی عەرەب-ئیسرائیل ئەگەر کۆتایشی پێ نەهێنێت ئەوا بەیەکجاری لەئاستێکی فراواندا ناکام ئەکاتەوە .. سەرەڕای ئەوانەش ئەو زەلکاوە بۆگەن کردووەی چەندین ساڵە کە ئیسلامی سیاسی تیایدا گەشەی ئەکرد ، کە لەسەر خوێن و ژیان و حورمەتی خەڵکی عەرەب و ناوچەکە وەکو ڤایرۆس ئەژیاو گەشەی ئەکرد ئیتر ووشک و ڕەق ئەکاتەوە بە پێستەکەی خۆیەوە و تا ئاستێکی فراوانتری کۆمەڵایەتی تەنگە نەفەسی ئەکات و گەشەی سست و لاوازتر ئەکاتەوە... سەرەتاکانیشی وا دەستی پێ کردووە.
ئەم شەپۆلە مەزنەی شۆڕش تیشک و چەخماخەی هەموو جێگایەکی گرتۆتەوە ، شەپۆلی خۆشحاڵی و هەست کردنی مرۆڤ بوو بە بوونی خۆی و گێڕانەوەی ئیرادەو تین و تاوێك بوو کە ئەگەر مررۆڤەکان ئارەزوو بکەن و بیانەوێت ئەتوانن ژیان و گوزەران و هەل و مەرجەکانی بەرەو ژیان و ئایندەیەکی باشتر ، بەرەو دنیای بێ چەوساندنەوە وەربگێڕن ... شەرارەی شۆڕشی میسرو تونس حکومەت و دەسەڵاتی ڕەنگاو ڕەنگی دیکتاتۆری ناوچەکەی تووشی هستریایەکی لەڕادەبەدەر کردووە کە بە ناچاری خەریکی پینە پەڕۆو ڕەتوشی دەسەڵاتەکانیانن تا بەهەر نرخێک بووە بەر بە پریشکی ئەم ئاگرە مەزنە بگرن کە ئەمڕۆ یان سبەی ئەوانیش هەڵ دەقرچێنێت ..
جێگای خۆیەتی جارێکی تریش پیرۆزبایی لەخەڵکی تونس و میسر بکەینەوە بۆ پەرپا کردنی یەکێک لە مێژوویی ترین شۆڕشی ناوچەکە و ڕووخاندنی یەکێکی تر لە دیکتاتۆرەکانی کە ڕووناکی بەخشێکی بێ وێنە بوو لە ڕەوینەوەی ئەو وەهم و دوودڵی یانەی کە بوو بوونە هۆی مل کەچی و زەلیلی مرۆڤی ئەم ناوچەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەدژی دیکتاتۆرە ووردو درشتەکان .. پەیامی شۆڕشەکانی هەردوو ووڵات بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان هەرئەوەیە کە بەڕیزی ملیۆنی خۆمانەوە پەیوەست بین لەژێر چەتری ئامانجە ئینسانیەکانمان بۆ ژیان و ئایندەیەکی باشتر، بۆ گێڕانەوەی ئیرادەی پێشێل کراوی مرۆڤی کورد بۆ دەستی خۆی ، بۆ کۆتایی هێنان بە نابەرابەری و نایەکسانی ، مەرجی بەئاکام گەیشتنی ئەم نەبەردە مرۆڤ دۆستانەیە بەرەو ئاسۆی ڕاستەقینەی خۆی لە کوردستان بەندە بە خۆ جیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە پارتی ناسیونالیستی کوردی و ڕەوتە ئیسلامیەکان و کۆتایی هێنان بەدەسەڵات و هەژموونی ئەوان لەسەر چارەنووسی خۆیان و دامەزراندنی سیستەم و حکومەتێکی سکولار.. ئەمە ئاسۆیەکە تا سەر ئێسقان مرۆڤ دۆستانەیەو ، شۆڕشی میسرو تونس فێری کردین کە ئەگەر بمانەوێت و ئیرادە بکەین دەتوانین ووڵات بەقازانجی خۆمان بگۆڕین و ئیتر خۆمان حوکمی خۆمان بکەین .. هەربژی شۆڕشی میسر ، وا شەپۆلی تسونامی یەکەت کە بەڕێوەیە...
١٢ ی فبرایەری ٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە