ئێمە گێرە شێوێــــــنین یان ئێـــــــــــوە !!

Thursday, 24/02/2011, 12:00


پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتدارانی ڕەنگاو ڕەنگی کوردستان تووشی هیستریاو سەرەگێژەیەکی تووندو بێ وێنە هاتوون لەئەنجامی هاتنە مەیدانی بەرفراوانی جەماوەری ئازادی خوازو ڕاپەڕیوی کوردستان و ترسی گەورەیان بۆ هاتۆتە پێشەوە هەروەک هاوشێوەکانیان دەسەڵات و عەرشی خەللافەتیان بۆ هەمیشە بهێنرێتە خوارەوە و کۆتایی بەدەسەڵاتیان بهێنرێت ..ئەم شەپۆلە مەزنە پەیامی ئاڵ و گۆڕی ڕیشەیی پێ یە ئەگەر لەدەووری پلاتفۆرم و بەرنامەیەکی ئینسانی بەرەو کوردستانێکی بێ هەڵاواردەو ئازاد کۆبێتەوە .. کوردستانێک کە مەرجی سەرکەوتن و سەقامگیربوونی ئازادی و ئازادبوونە لە خۆرافاتی نەتەوەیی و دینی ، تا بتوانێت ژیان و هەل و مەرجەکانی ژیان بە ئاقارێکی زیاتر ئینسانی وەربچەرخێنێ تا خەڵکی کوردستان لەساو پەنایدا بتوانێت هەناسەیەک خاوێن بداتەوە .....
ئەگەر کەسێک یا نووسەرانێک کە تادوێنێ و پێرێ و تەنانەت ئەمڕۆش خەریکی ڕەتووش کردنی بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانیان ، یان هێشتاش پێ یان وابێت لایەنێک لە لایەنەکانی دەسەڵاتی ئەم حیزبانە نووزەکی ئینسانی تێدا ماوە ، یان ڕەتووشی جۆری دەسەڵات و حکومڕانی کاربەدەستانی کوردستان ئەکەن و بە ئەزموونی ساواو گەنج و خۆماڵی کوردی ئەزانن و بەڕیفۆرم کردنی هەندێک جومگە لەلایەن دەسەڵاتەوە دواجارئەوان پاسیفیزم هەڵ دەبژێرن ئەوا خەڵکی کوردستان بەم هاتنە مەیدانەیان وەڵامی دەست بەجێ ی ئەمجۆرە لەڕۆشنبیری کوردی دایەوەو لەسەر چۆکی خۆی داینانەوە.. پینەپەڕۆکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی کوردی لەڕاستیدا خۆ خڵەتاندن و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە.. مێژووی بنەماڵەی ئەم جۆرە لە حیزبی کوردی ساڵەهایە خەڵکی کوردستان بە ئێسک و پروسکەوە لە مەحەکی داوون ئەمڕۆش کڕیارێکی بۆ پەیدا نابێت ...
دەسەڵاتدارانی کوردستان شان بەشانی ژورنالیزمی نۆکەری هاتنە مەیدانی جەماوەری ئازادی خواز بە گێرە شێوێن و دەستی دەرەکی تاوان بار ئەکات تا لەم ڕێگایەوە قەتڵ و عام کردنی خەڵکی بێ چەک و سڤیلی کوردستان شەرعیەت پێ بدات و سڵ لە هیچ پرەنسیبێکی ئینسانی نەکاتەوە لە دژی خەڵکی ڕاپەڕیوو هەروا ئاسان خەڵکی ئەم ووڵاتە ڕەش پۆش بکات ، یان لە باشترین حاڵەتدا داخوازی یە بنەڕەتیەکانی خەڵک ناکام و مایە پووچ بکاتەوە .. ئەوان کوشتنی عەمدی و دەست ئەنقەستانە لەدژی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی لە بارەگای پڕ شەرم و عاریاندا و هەڵقرچاندنی جەرگ و دڵی دایک و کەس و کاری قوربانیەکانی ئەم تاوانکاری یە مەحکوم ناکەن و هێشتا خوێنی ئەو گەنج و بریندارانە ناکاتە نرخ و بەهای جامە تاریکەکانی لق و مەڵبەندەکانی دەسەڵاتداران و هەموو بەیەک ئاواز باس لە تەعەدا کردنێک ئەکەن کە گوایە لێ یان کراوە ، بەڵام ئەوان بیست ساڵە نەک هەر تەعەدایان لەخەڵک کردووەو ئەیکەن بەڵکو بەدێژایی تەمەنی ئەم حیزبانەی کوردایەتی جگە لە بێ هودە کردن و بێ هیوا کردنی خەڵک ، جگە لە شەڕو کێشەی نەبڕاوەیان لەدژی یەکترو بە کوشت دانی ئەندام و لایەنگرانی یەکتر ، جگە لە تیرۆری پەنهانی و ئاشکرای نووسەرو ڕۆژنامەنووسان ، جگەلە چاوساغی بۆلەشکر کێشی ووڵاتانی دڕندەو هاری ناوچەکە و لەدەست دانی هەزاران کەس لەم پێناوەدا بۆ خاتری (نوگ الشجاعە) یەک کە بیدەن لە یەخەی خۆیان لەبەردەم مخابەراتی ئەو ووڵاتانەدا ، جگەلە کۆنترۆڵ کردنی بازاڕو سەرمایە گوزاری لە لایەن مشەخۆرانی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵی یەوە و بەهەدەر دان و دزی و ئاودیوو کردنی موڵک و ماڵی گشتی و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەکانیان ، جگەلە ڕاگرتنی ئاستی نزمی گوزەرانی ژیانی خەڵک و وەڵام نەدانەوە بە داخوازی و موعاناتە بەرفراوانەکانی خەڵک ، جگەلە داگیر کردن و قۆرخ کردنی هەموو جومگە ئابوری و مادی یەکانی کۆمەڵگاو غەرق بوونیان لە فەساددا لە ئاستێکی بەرفراواندا ، جگەلە موزایەدە کردن بە مەسەلەی چارەنووسی کوردستان و خەڵکەکەی لەگەڵ شۆڤێنیستەکان و جڕو جانەوەرانی ئیسلامی لەمڕۆی حکومەتی تایفەو عەشائیرەکانی عێراقدا و بوار ڕەخساندن بۆ تەراتێن کردنی موخابەراتی ووڵاتانی ناوچەکە و خستنە ژێر چاودێری نەیارانی سیاسی و حیزبە بەرهەڵست کارەکان ، چی تریان بەدیاری بۆ خەڵکی کوردستان هێناوە لەماوەی دوودەیەی ڕابردوودا ؟ مەگەر ئەمانە گێرەشێوێنی نیە لەبەرابەر خەڵکی کوردستان و مقدەراتەکانیدا ؟ مەگەر پەلامارو خەڵتانی خوێن کردنی گەنجانی ئەم شارو ووڵاتە کە لەدژی گوزەرانی نالەباریان هاتونەتە دەنگ گێرە شێوێنی نیە ؟ مەگەر پێشێل کاریەکانتان لەسەر ژیان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان هێشتا بە گێرە شێوێن و مایەی ئاشوب نازانن ؟ بەڕاست ئێمە خەڵکی کوردستان گێرەشێوێنین یان ئێوە ؟!
ئێمە ئەمانەوێت کوردستانێک بنیاد بنێینەوە کە هەموو ئازاد و یەکسان بین ، بەرابەر بین .. ئەمانەوێت بەئارامی و دوور لەهەر شەڕو شۆڕو ماڵوێرانی ژیانمان بگوزەرێنین ، ئەمانەوێت لەجیاتی فیشەک و تانک و تۆپ ، لەجیاتی تیرۆرو قرچە هەستان لە دڵ و هەناوی دایکان و باوکان کوردستانێک بنیاد بنێینەوە کە لە ژێر سایەی داو لەژێر سیستەمێکی ئینسانیدا ئیتر بێ خەم پاڵی لێ بدەینەوە.. کوردستانێکمان ئەوێت کە هەموومان تێرو تەسەل بین ، ئیتر بێ کارەباو ئاوو بێ خانەو لانە نەبین .. ئەمانەوێت لە جێگای ئەم دەسەڵاتە سەروو خەڵکی و دژە خەڵکی یە دەسەڵاتی ڕاستەقینەو ئینسانیانەی خۆمان دامەزرێنین و هەموومان بە بێ هەڵاواردن و بەیەکسانی لەژێریدا کۆبینەوە و دوور بین لە ئاژاوەوگێڕی و شەڕفرۆشی و پەلامارەکانتان .. ئەمانەوێت کوردستان لەدەست دزی و تاڵانکاری یەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی ڕزگار بکەین و تەواوی داهاتی ئەم ووڵاتە بخرێتەوە خزمەتی دانیشتوانەکەیەوە .. کاتی ئەوە هاتووە کوردستانێک دروست بکەینەوە کە حورمەت و کەرامەتی ئینسانی بگێڕینەوە بۆ تاکەکانی ، بۆ ئازادی و ئازادی یەکان .. بۆ کوردستانێکی باشترو چارەنووس و ئایندەیەکی گەشاوەو ئینسانی تر ..بۆ کوردستانێکی بێ چەوساندنەوە .. کاتی ئەوە هاتووە کوردستان بە قازانجی خۆمان و نەوەکانی داهاتوو ، بە قازانجی هەموو ئەوانە بگۆڕین کە بۆ پارووی شێوی موحتاجە و شەو نیە بێ خەم نەتلێتەوە .. کوردستانێک بنیاد بنێێنەوە کە ڕووی گەش و پێکەنین بگێڕینەوە بۆ سەر لێوو دڵ و هەناوی تاکەکانی .. ئێمە کوردستانێکمان ئەوێت کە ئیتر هەژاری و بێ دەرەتانی ، ژن کوژی و ئینسان کوشتن بۆ هەمیشە لە قامووسەکەیدا بسڕینەوە .. ئەو کوردستانە هەر ئەمڕۆیەو هاتنە مەیدانی خەڵکی ئازادی خواز بۆ جۆرێکی ترە لە کوردستانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵی کوردی .. ئێمە هەقمانە داوای ئەو کوردستانە بکەین و بۆ ئەم پێناوەش هاتووینە مەیدانەوە تا خۆمان بەدەستی خۆمان ئەو چارەنووسە دیاری بکەین ....

٢٣ی فبرایەری ٢٠١١




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە