پارتی و لق و پۆپەکانی لە تاوانکاری
Sunday, 20/02/2011, 12:00
سەرەتای شانۆکە
بەدوای کۆبۆبوونەوە جەماوەری یەکەی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لە ١٧ی ئەم مانگەداو لەسەر ڕێگادا بەرەو شەقامی سالم لە نزیک مەرقەدە موقەدەسەکەی بارزانیەوە- لقی چوار، کاتێک کە خۆپیشاندەران درووشمی ئەیگۆڕین ئەڵێنەوە لەلایەن چەکدارەکانی بارزانیەوە دەدرێنە بەرشاڵاوی قسەو قسەڵۆک و ووشەی ناشیرین ، بەم هۆیەوە جەماوەری تووڕە لەدژیان هەڵدەگەڕێنەوەو ئەوانیش بۆ پارێزگاری لەخۆیان میلی چەکیان لێ دەهێننەوەو کارەساتە خوێناوی یەکە لەلایەن بارزانی پەرستەکانەوە دەقەومێنرێت....
بنەماڵەی پارتی کوردی هەروەک پیشەی هەمیشەییان جەماوەری ئازادی خوازو تووڕەیان تاوانبار کرد بە گێرەشێوێن و تێکدانی باری ئاسایشی سلێمانی و کوردستان، هەموو حیزبەکانی کوردستان و گۆڕان جگە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بێ شەرمانە چوونە بەرەی دژی خەڵک و ئازادی خوازان و هەرهەمووشیان خەڵکی وەتەنگ هاتوو شۆڕشگێڕی کوردستانیان تاوانبار کرد بە ئاژاوەچی ...
کۆبوونەوەی ڕۆژنامەگەری یەکەی نێچیرڤان بارزانی و هەڕەشەکانی پارتی
نێچیر بارزانی ئەگەرچی ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ هیچ لایەنێکی تۆمەتبار نەکرد بە تێوەگلان لەم پەلامارەی جەماوەری ئازادی خوازی سلێمانی بەڵام بەڕۆشنی ئەوەی چەند بارە کردەوە کەدەستێک لەپشتی ئەم ئەم پەلامارەی خەڵکەوە هەبووە بۆ سەر مەرقەدەکەیان و گوایە هەر زوو لایەنی پەیوەندی داریان لە مەترسی ئەگەری چاوەڕوان کراو ئاگادار کردۆتەوە..پارتی و سەرانی بەوە ناڕەحەت و قەڵس و تووڕەن کە بۆچی مقەڕێکی پارتی ڕاستەوخۆ بەر پەلامار ئەکەوێت نەک ڕشتنی بەناهەقی مرۆڤێک ! ئەوان خۆ لەوە گێل ئەکەن ، یان دەرک و هۆشیان نزمترە لەوەی کە ئەوە بێننەوە بیری خۆیان کە ئەمڕۆ بکوژو ببڕ هەرخۆیانن و خۆیان حکومڕانی شمولی سەر گۆڕەپانی کوردستانن و یەکێتی بەیەکجاری پاشەکشەی پێکراوە و ملی شۆڕ شۆڕ کردۆتەوە بۆ هەر داویەکی پارتی ، بۆیە خەڵکی ڕوو لەدەسەڵاتی لەبەرچاو و زەقی کوردستان ئەکەن کە پارتی یە و ئەو یاری کەری ئەسڵی گۆڕەپانەکەیە، بەم پێ یەش گەرەنتی ئەوە نەبووە کە خەڵکی تووڕەو ئازادی خوازان پەلاماری مقەڕو دامەزراوە حیزبیەکانی یەکێتیش نەدەن . بۆیە هەوڵەکانی ئەم شک و گومانەی نێچیر بارزانی بەپێ ی هەواڵە نا ڕەسمیەکان کەلەڕاستیدا خۆی لێ گێل دەکرد و جێگای گومانی ئەو نەبوو هەرئەوەیە کە لەلایەن چەکدارەکانی مەلا بەختیارەوە تەقە لە لقی چوارکراوە لە نێو ئاپۆڕەی خوپیشاندەرانەوە بۆیە دواجار ئەوانیش ناچاربوون وەک پیشەی هەمیشەییان خەڵکی خەڵتانی خوێن بکەن و بە شێوەیەکی هەمەجیانە تازە لاوێک لەهەناسە بخەن.. ئەو جورئەتی نەکرد کە بەڕاستی و ڕاشکاوانە ئەم هەواڵە بڵاو بکاتەوە لەبەر خاتری تێک نەچوونی زیاتری پەیوەندی کانیان لەگەڵ یەکێتیدا ..
نێچیر بارزانی و پارتی بنەماڵەکەی ئەوەندە بەحەسرەت و هێندە داخ لەدڵی ئەوەن کە گوایە تەعدایان لێ کراوە ، چونکە سومعەی پارتەکەیان شکێنراوەو پەلاماری کەناڵێکی حیزبی ئەوان دراوەو هەروا ئاسان تێ ناپەڕێت بۆیە ئەبێت بەپەلە لێپێچینەوە بکرێت لە و ڕووداوەو بۆچاوبەستنیش حەواڵەی حکومەت و یاسای ئەکەن ! بەڵام ئەوان بەدرێژایی تەمەنی ئەم جۆرە لە پارتی کوردی و ، بەدرێژایی ناسیونالیزمی کورد بێ حورمەتی و تەعەدا بەکەرامەت و بە حەیسی یەتی مرۆڤی کوردەوە ئەکەن و زۆر بێ باکانە هەمیشە خوێنی خەڵکی کوردستانیان بە ناهەق ڕشتووە لە شەڕی یەک لەدوا یەکیاندا ، هەمیشە خەڵکی کوردیان کردۆتە دوژمنی سەرسەختی یەکترو لەسەنگەری دژی یەکدا ڕایان گرتوون ..ئەنفالی یەکتری یان کردووە ، ژیان و گوزەرانیان لەخەڵکی حەرام کردووە ، قووت و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بەتاڵان بردووە ، هەمیشە بەشێکی ئەسڵی بوون لە چاوساغی و داردەستەیی کردن بۆ حکومەتە فاشیستەکانی ناوچەکە... فازیل میرانی هەروەک تاڵیبان و تیرۆریستە ئیسلامیەکان بەشمشێرەکەی بارزانیەوە ڕاوەستاوە بۆ دەست بڕین و قەتڵ و عام کردنی جەماوەری ناڕازی لە هەیکەل و بیچم و سەرو کەلە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری یانەی خێڵی بنەماڵەی پارتی کوردی .، چونکە تەعەدا لە لق و پۆپێک کراوە کە کەرامەتی خۆیانی یانی تێدا ئەبیننەوە نەک خوێنی بەناهەق ڕژاوی لاوێکی چواردەساڵە ، بۆیە لە دیدگای ئەم تاوانکارانەوە ژیان و ئازادی و خوێنی ئینسانی کورد بێ قیمەت ترین شتەو لە ئەجێندای مەنتیق و هۆشی ئەواندا جێگایەک پەیدا ناکات ... ئەوان لە بنەڕەتەوە شەرمیان نەماوە لەهەموو ئەو کارو کردەوە یەک لەدوا یەکانەی کە بە هۆیەوە خەڵکی کوردستان گەورەترین باجی قوربانی لەسەر داوەتەوەو بە هۆی ئەوانەوە بەرەوڕووی گەورەترین کارەسات بۆتەوە.. کەچی لەجیاتی ئیدانەکردن و بەدوادا چوون لە کوشتنی عەمدی تازەلاوێک کە بەدەستی پاسەوانانی لق و پۆپەکانی ئەوان لەوپەڕی بێ بەزەییدا خەڵتانی خوێن کرا ، سەرۆکەکەیان لەجیاتی ئەوەی کە وەک(سەرۆک) ووڵاتێک مامەڵەی ڕووداوەکان بکات و جگە لەوەی جارێکی تریش وەک سەرۆکی پارتی خۆی نیشاندایەوە کەچی زۆر بێ دەربەستانە خوێن ڕشتن و قەسابی کردنی جەماوەری ئازادی خوازی سلێمانی بێ نرخ و بەها هێشتەوەو وەکو پەرچەکردارێک لەلایەن لقەوە کە هەق بوو وابوایە دەست نیشان کرد .. ئەمە ئیتر دیکتاتۆری و هەمەجیەتی ئەم جۆرەیە لە پارتەکانی ناو بنەماڵەی ناسینالیزمی کوردی و ئیتر هیچ گومانێک نەماوەتەوە کە هەرچی زووترە خەڵکی کوردستان خۆیان بەیەکجاری جیا بکەنەوەو زیاتر بە ڕیزی ملیۆنی خۆیانەوە پەیوەست بن..
ئەسڵی مەسەلەکە
هات و هاواری پارتی و بەڵێ بەسەرچاوی یەکێتی لەڕەوەندی ئەم تاوانکاریانەدا لەدژی خەڵکی بە قازانجی پارتی هەرئەوەیە کە چۆن بەربە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بگیرێت تا پەلاماری خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان پەرەنەسێنێت ودای بمرکێننەوە ، ئەمە ڕووی ئەسڵی و ڕاستەقینەی ئەم پەلامارانەی پارتیە کە بتوانێت لەڕێ یەوە خۆی و یەکێتی لەخەتەری شەرارەی ئەم شۆڕشە ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرەتاکانیشی لەکوردستان هاتۆتە پێشەوە دوور بخاتەوە ..لەشکر کێشی و هێنانی لیوای حرس جمهوری (هێزی گوڵان) بە تانک و تۆپەوە بەرەو سلێمانی و چنینی بست بەبستی شەقام و کۆڵانی سلێمانی بە جۆرەها چەکداری ڕەنگاو ڕەنگ بۆ سەرکوتی ڕاستەوخۆی خەڵک کە ئەگەر دەست بدرێت بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی کوردی ئەوا لەجیاتی ڕووی لوولەی تۆپەکان بەرەو ووڵاتێکی تر خەڵکی شۆڕش گێڕێ کوردستان ئەکرێنە نیشانە و قەسابی ئەکرێن ، ئەمە ڕووی ڕاستەقینەو واقیعی ئەم پەیامەیە کە سەرانی دەسەڵاتداری کوردی ئەی نێرن بۆ خەڵکی کوردستان و ئامادەشن لەم پێناوەدا هەروەک هاوشێوەکانیان لە ووڵاتانی عەرەب سەدان و هەزاران کەس خەڵتانی خوێن بکەن.. شانۆگەری لێپێچینەوە لەو تەعەدایەی کە پارتی و یەکێتی لەدژی خەڵک باسی ئەکەن لەسەر مقەڕێکی پارتی ڕاستەوخۆ سەرکوتی جەماوەری ئازادی خوازی کوردستانە و بەرگرتنە بە پەرەسەندنی گڕی ڕق و تووڕەیی یەکانی خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی سەرکوت گەرایانەی ئەوان و لەکیس چوونی سەروەت و سامانی دزراوی خەڵکی کوردستان و تێک چوونی بالفعلی سوڵتەی شاهانەو سەکتەی دڵی ئەوانە هەروەک هاوشێوەکانیان لە ووڵاتانی میسرو ناوچەکە.. بۆیە هەر لێپێچینەوەو بەدوادا چوونێک لەم تاوانکاری یە دەبێت لەلایەن جەماوەری کورستانەوە مەحکوم و ڕیسوا بکرێتەوەو ، دەبێت ڕاستەوخۆ سەرانی گەورەو بچووکی ئەم شانۆچیانەو تاوانکارانی ئەم قەسابخانەیە بدرێنە دادگایەکی عادلانە و هەوڵەکانی ئەم دوو دەسەڵاتە لەشوێنی خۆیدا پووچەڵ و ناکام بکرێتەوە..
گۆڕان و ترس نیگەرانیەکانی
گۆڕان ١٧ی مانگ مرد . ئەوانیش هەروەک هاوشێوەکانی لە پارتی کوردی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکانی کوردستان جەماوەری ئازادی خوازی کوردستانیان بە ئاژاوەگێڕ ناساند .. ئەوانیش هەرزوو (براوە ژمە) ی خۆیان دەربڕی و هەڵوێستی ترسنۆکانەیان دووپات کردەوە کە گوایە لەگەڵ کاری ئاژاوە گێڕیدا یانی خۆپیشاندانە پڕ ڕق و توڕەیی یەکانی خەڵکدا نین کە ئاشکرایە ڕق و تووڕەیی خەڵکی وەتەنگ هاتوو هیچ سنورێک ناناسێت ..ئەوان و هاوشێوەکانیان بیریان چۆتەوە کە پارتی کوردی چەندین دەیەیە و بەتایبەت تر ئەم دوو دەیەی دوایی سەدان ئاژاوەی ترسناک و خوێناویان لە کوردستاندا نایەوە ، ئەوان تاوانکاری یەکانی پارتی کوردی بەئاژاوە گێڕی نازانن لە بەرامبەر خەڵکیدا و بۆخاتری خەتەرێک کە دێتە پێشەوە لەمڕۆ و سبەیدا بۆ هەڵپێچانی ئەوان لەلایەن جەماوەرەوە خۆیان بە خاوەنی ئەو هەموو بەڵێنانە نازانن کە ٢٥ کورسیان تێیدا بردەوەو تا بەبێ دوودڵی بە سەنگەری خەڵکەوە پەیوەست ببونایە لە جیاتی ئەوەی پاکانە بکەن بۆ پەلاماری دڕندانەی پارتی لە کوشتن و قەسابی کردنی جەماوەری خۆپیشاندەری سلێمانی .. ئەگەر ئەوان ئەیانزانی کە یەکێتی تان و پۆی پشێوی یەکی چنیووە تا پارتی بکات بە گژی بزووتنەوەی گۆڕاندا ، ئەبوایە ئەوان زۆر جوامێرانەو بێ ترس ئیعلانی ئەو شەڕەیان بکردبایە و جەماوەریشیان لەو نەخشەیە و لە خەتەرەی کە بەڕێوە ئەبێت ئاگادار بکردبایەتەوە کەبەم هۆیەوە زۆر شت یەکلای ئەکرایەوە بەقازانجی خەڵک و پەراوێز بوونی هەرچی زیاتری پارتی و یەکێتی .. نەک هەڵڕشتنی بووختان لەلایەن هەندێک لە لایەنگرانی گۆڕانەوە لە پاڵتاک و هندێک کەناڵەوە کە گوایە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تەقەی لە لقی چوار کردووەو بووەتە هۆی مایەی ئەو پشێوی یە لە سلێمانی ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست