کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی سکولارو عیلمانی یە
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
هاتنە مەیدان و لەرزاندنی عەرشی دەسەڵاتی کوردی لەلایەن خەڵکی ئازادی خوازی کوردستانەوە لە دژی دەسەڵات و حوکمڕانی خۆماڵی کوردی نەخشاندن و چنینی تان و پۆی مێژووی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانە .. تیرۆری بەئاشکرای سەردەشت عوسمان سەرەتای ئەم مێژووە نوێ یەیە کە خەڵکی کوردستانی لە خۆشباوەری و وەهمەکانیەوە گواستەوە بۆ تۆمار کردنی داستانی ڕزگاری خۆی لەدەست زوڵم و ستەمەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی و هەوڵی جدی خۆی بۆ گۆڕینی سیستەم و شێوەی حوکمڕانی ئێستا بۆ سیستەم و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خۆی لە پێناوی کوردستانێکی باشتردا .. مێژووی پێش ١٧ شوباتی ئەمساڵ ،مێژووی خەڵکی کوردستان نەبووە بەڵکو مێژووی شێخ و مەلاو دەرەبەگ و ئێستاش مێژووی سەرمایەدارانی بۆینباخ لەملی بزووتنەوەی هارو کۆنەپەرست و دژی خەڵکی بزووتنەوەی کوردایەتی پارتی ڕەنگاو ڕەنگی کوردستانە کە ئەیانەوێت لەژێر وەهم و خۆشباوەڕی یەکانی خەڵکی کوردستاندا لەژێرناونیشانی وەهمی داتاشراوی با ئەزموونەکەمان نەکەوێتە خەتەرەوە درێژە بە ژیانی مەمرەو مەژی وە درێژە بە سەرکووتی ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بدەن و بەم هۆیەشەوەر درێژە بە ژیانی فیرعەونی خۆیان بدەن..ئەوان و ئەمانیش بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانیان بۆ مەرام و ئامانجە تایبەتەکانی خۆیان بەکار هێناوەو خەڵکی کوردیان دووچاری سەدان کارەسات و نەهامەتی ، ئاوارەیی و کوشتاری بەکۆمەڵ ، ئیعدام و ئەنفال و کیمیا باران کردۆتەوەو ، هێشتاش ئەیانەوێت خەڵکی کوردستان دەست لەسەر سنگ و شوکرانە بژێری بکەن لەبەر دەرگای پڕ لە شەرم و عاریاندا و ملیان شۆڕو شۆڕتربکەنەوە..
خەڵکی کوردستان دوو ڕێگایان لەبەردەمدایە و بەس ! یان دەبێت لەم ڕاپەڕینەیاندا سەربکەوون ، یان پاشەکشە بکەن و بەدەستی بەتاڵەوە بچنەوە ماڵی خۆیان ... ئەمە ئەسڵی ترین دوو ڕیانێکە کە بوار ناهێڵێتەوە بۆ ڕێگای سێ یەم.. ڕەتوش کردنی حوکومەت و خۆشباوەڕی بە گۆڕینی سەرو کەلەی شێخە ووردو درشتەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە سبەینێ ی ئەگەری هەر ئاڵ و گٶڕێکی ڕووکەش بە ىێ دەست بردن بۆ سیستەمی حوکم و گۆڕینی لە ڕیشەوەی ئەو سیستەمە و جۆری ئەم حوکمڕانیەی حوکومەت و پەرلەمانی کارتۆنی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی سەرەنجام خەڵکی کوردستان بەزەرەرێکی ماددی و گیانی تەواو ئەکات. ئەگەرچی داخوازی یەکانی جەماوەری خۆپیشاندەری کوردستان هەموویان ڕەواو بەرهەقن و دواجار لەژێر فشاری خەڵکدا لەتوانادا بوونی جێبەجێ بوونیان دەستەبەر ئەکات ، بەڵام بەبێ گۆڕینی ئەو سیستەمە مەحاڵە خەڵکی کوردستان بەئازادی یەکانیان بگەن . بە جێبەجی کردنی ئەو داوایانە دەسەڵاتداران ئەتوانن جەماوەر جارێکی تر لەخۆیان دوور بخەنەوە.. بۆ ئەوەی ئەم مێژووە نوێ یەی خەڵکی کوردستان لەم ڕاپەڕین و نەبەردەدا پەیام وئاکامی ڕاستەقینەی خۆی نیشان بدات و بەسەرەنجامی واقیعی خۆی بگات بەڕای من یەکێک لەم دوو ئەڵتەرناتیڤە ئەتوانێت ئاسۆی سیاسی خۆپیشاندانەکان بەرەو ئەسڵی ترین خواست وەر بگێڕێت بە قازانجی خەڵکی کوردستان و ئیتر بەیەکجاری کۆتایی ئەهێنێت بە هەژموون و دەسەڵاتی پارتی کوردی بۆ هەتایە لەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان و بە زەرەرێکی زۆر کەمتر خەڵکی دەهێنێتە دەرەوە..
یەکەم : کۆبوونەوە و پێ داگرتن لەسەر خواستی سیستەم و حوکومەتێکی سکولار و عیلمانی .. ئەمە لەئێستادا باشترین ئالگۆو ئاڵتەرناتیڤێکە کە بواری جدی دەڕەخسێنێت بۆ خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان کە زیاترو زیاتر بەرچاویان ڕوون بکاتەوە بۆ دەست نیشان کردن و نەخشاندنی چارەنووسی سیاسی لە شێوەی حوکم و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خۆی لە ناو هەموو جومگە ماددی و مەعنەوی یەکانی کۆمەڵگای کوردستان و کۆتایی هێنان بە مێژووی بنەماڵەی سەرووخەڵکی پارتەکانی کوردایەتی بۆ هەتایە.. لەم سیستەمەدا چەمکی هاووڵاتی بوون وەکو یەک و تائاستێکی لەبەرچاو ئەگەڕێتەوە بۆ تاکی کوردی و هەموو یەکسان ئەوەستنەوە لەبەرابەر یاسادا .. لەم سیستەمەدا ئازادیەکان پارێزراو ئەبن و پێشێل کاریەکان و دەستی حیزب لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگا بەیەکجاری کۆتایی پێ دێت .. مەرجی سەرکەوتوویی ئەم ئەڵتەرناتیڤە پاراستنی ئازادی تاکە کەسە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا تا ڕادەیەکی لەبەرچاو ، بەم هۆیەوە ئیرادەی ڕاستەقینەی تاکی کورد بۆ یەکەم جار زیندوو دەبێتەوە تا ئەو ئاستەی بەجۆرێک کە ئەتوانێت بڕیار لەسەر ژیان و ئایندەو چارەنووسی خۆی بەرەو باشتر بدات..
ڕێگای دووەم : ڕاوەستان و چەق بەستن لەسەر خواستی جیا بوونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی عیلمانی غەیرە ناسیونالیستی .. ئەمە خواستی ڕەواو لەمێژینەی خەڵکی کوردستانە و دەیان ساڵە لەژێرناوی مافی چارەی خۆنوسیندا سەدان هەزار کەس لەخەڵکی کوردستانیان کردە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندی یەکانی دەسەڵات و پارتی ڕەنگاو ڕەنگی کوردی .. دەسەڵاتداران بە بیانووی ئەوەی کە هەل و مەرجەکان بەقازانجی ئەم دۆزە نین و چواردەورمان تەنراوە بە دەوڵەتانی فاشستی ناوچەکە و خەتەرەکانی زیاترن توانیویانە لەساو پەنای ئەم بیانووەدا مۆنۆپۆلی بازاڕو کۆنترۆڵی ژیان و قووتی خەڵکی کوردستان بکەن و خەڵکی کوردستان لەم ئاسۆ ئینسانیە بێ هیواو دەستەپاچە بکەنەوە .. لە کاتێکدا ووڵاتانی ناوچەکە هەرهەموویان گیرۆدەی دەردو گرفتەکانی ناوخۆو دەرەوەی خۆیانن و بەهیچ پێودانگێک توانای بەرەنگاربوونەوەیان نیە و هەل و مەرجی نێو دەوڵەتیش کە لە ساڵی ٩١ وە دەرگای خستە سەر پشت بۆ هێنەمەیدانی ئەم ئیرادەیە و پارتی کوردی نەک هەر لەباری برد بەڵکو خەڵکی دەستەوسان ڕاگرت لە بەرابەریدا وئێستاش لەم ساتەوەختە حەساسانەدا نەک هەر ناتوانن پاشەکشە بەم خواستەی خەڵکی کوردستان بکەن بەڵکوهەل ومەرجەکانی ناوخۆی دانیشتوانی خەڵکی کورد لەهەریەکێک لە پارچەکانی تردا ئەوەندە لەبارو گونجاوە کە توانای ئەم ئاڵ وگۆڕەی هەبێت و زلهێزەکانی دنیاش ناچار بەم خواستە ڕەوایە بکات .. جیابوونەوەی باشوری سودان نموونەی ئەم لەتوانادا نەبوونەی فەرزکرد بەسەر دەوورو پشت و جیهانی دەرەوەداو نەک هەر نەیان توانی کرچ و کاڵ و ناکامی بکەنەوە ، بەڵکو دواجار و بەناچاری لەبەرامبەر خواستی ملیۆنیدا هەموویان چۆکیان دادا.. ئەم خواستە بەیەکجاری و بۆهەتایە پارتی کوردی لەهەناسە ئەخات و کۆتایی دێنێت بە هەژموون و دەسەڵاتی ئەوان لەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست