نیگه‌رانی ئێران له دابه‌شبوونی عێراق
Friday, 11/07/2014, 12:00
پێشڕه‌وییه‌کانی داعش و ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی مانشێتی هه‌واڵه سیاسیه‌کان له ماوه‌ی چه‌ن حه‌فته‌ی ڕابردوودا بووه. دوا به دوای ڕووداوه‌کانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق هیچ کات بۆ پێش داگیرکردنی موسڵ ناگه‌ڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئێران به فه‌رمی ته‌ئکیدیان له سه‌ر پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق کردووه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی سیاسی ناوچه‌که‌دا ده‌بینرێت به پێچه‌وانه‌ی خواسته‌کانی ئێرانه. داعش له هه‌وڵی پته‌وکردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی له عێراق، هه‌رێمی کوردستان به پێی لێکدانه‌وه‌ی شرۆڤه‌کارانی سیاسی هه‌نگاو به هه‌نگاو له سه‌ربه‌خۆیی نزیک ده‌بێته‌وه، سوپای عێراق توانای پاشه‌کشێ پێکردنی تیرۆریستانی نییه و له ئێستادا له خه‌می پاراستنی به‌غدادان. پرسیار ئه‌وه‌یه که ئێران بۆچ له ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نیگه‌رانه و کاردانه‌وه‌ی توندی له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌باره‌ت به‌م پرسه هه‌بووه؟
ئێران پێی وایه که سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر لایه‌نه سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێت و وره و خواستی ئه‌وان بۆ هه‌وڵدان به مه‌به‌ستی جیاکردنه‌وه‌ی ناوچه کوردییه‌کانی به‌رز ده‌کاته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێران مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه که خاکی کوردستان ببێته شوێنی ڕێکخستنی هێزه کوردییه‌کانی دژبه‌ری و ده‌وڵه‌تی کوردیش هیچ به‌رپرسایه‌تی له پێناو پاراستنی ئه‌منی سنوره‌کاندا نه‌بێت.
کاربه‌ده‌ستانی باڵای ئێران پێیان وایه ده‌وڵه‌تی داهاتووی کوردستان به هۆی لاوازبوونی له ڕاکێشانی پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستێکی سه‌ربه‌خۆی نابێت و ئه‌وه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت که ده‌زگای هه‌واڵگری وڵاتانی دیکه به تایبه‌ت ئیسرائیل له ڕێگای کوردستانه‌وه چالاکی دژ به ئێران ئه‌نجام بده‌ن. وه‌ک چۆن ئێستا ئێران به‌رده‌وام هه‌مان ڕه‌خنه ئاراسته‌ی کاربه‌ده‌ستانی وڵاتی ئازه‌ربایجان ده‌کات.
لاوازبوونی ڕۆژ به دوای ڕۆژی حکومه‌ته شیعه‌که‌ی عێراق و ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د کاردانه‌وه‌ی دیکه‌ی دابه‌شبوونی عێراقه بۆ ئێران. هه‌ل و مه‌رجی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌غدا و ده‌مشق و تارانیان وه‌ک به‌ره‌ێکی یه‌کگرتوو لێ کردووه. ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تییه ئاسته‌نگی له به‌رده‌م گۆڕانکاری ژئۆپلتیک له ناوچه‌که‌دا که به قازانجی ئه‌مریکا و ئیسرائیل بێت دروس کردووه. له ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عێراق، ئێران به تێڕوانینی خۆی زۆرتر تووشی کێشه‌ی ئه‌منی، سیاسی و ئابوری له لایه‌ن هاوپه‌یمانه لاوازه‌کانی خۆی ده‌بێته‌وه و ئه‌مه‌ش باجێکی گه‌وره له سه‌ر ئێران داده‌نێت که له ئێستادا به هۆی گه‌مارۆ ئابورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک هه‌موو کات مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له سه‌ره.
ئه‌مانه به‌شێک له نیگه‌رانییه‌کانی ئێران له دابه‌شبوونی عێراق پێک دێنن و له ئێستادا کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته پێیان وایه مانه‌وه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق به‌نده به به‌شداری کوردان له پرۆسه‌ی سیاسی و ڕێگری له ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی. هه‌ر بۆیه له میدیا ئێرانییه‌کان و له لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌وه ناو به ناو لێدوانی توند سه‌باره‌ت به مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی کورد ده‌بیسین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست