كوردستانو مافى مرۆڤ...

Saturday, 12/12/2009, 12:00


بە ڕۆژانە بینینى ئەو چەندین پێشێلكارى، توندوتیژى، ڕفاندن، قۆڵبەستكردن، بە مانا فراوانەكەى تیرۆر لە جیهان بە گشتى ئەكرێ پێودانگیكى تەوقیتكراو بۆ ئەو هەریەك لەوانە لە هەرێمى كوردستانەوە بخوێنینەوە.
بۆیەش لە ڕۆژى جیهانى مافى مرۆڤدا كە بە چاوێكى تیژترەوە توندوتیژى بەرامبەر مێینە، لە ئاستێكى بەرزو ڕێگرىو چاوسووركردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان بە هەمان ئاست تا دەگاتە ڕفاندن، بێگومان كاریگەرى ئەو چەند تەوەرەیە لە سەر داهاتووى هەرێمى كوردستان بە تۆخى دەرئەكەوێت.
چەند ڕاپۆرتێكى یۆنامىو هیومان رایتس وۆچ ئاماژەیان داوە كە نشینگەیەكى لەبار بۆ پێشیلكارى مافى مرۆڤ لە كوردستاندا خەریكى تەشەنەسەندنە.
پێش ئەوەى نوێترین ڕاپۆرتى چاودێرانى مافى مرۆڤ تایبەت بە كوردستانەوە جارێكیتر پەخش بكرێت، ئەكرێ دەسەڵاتى سیاسى كوردستان لە ڕۆژى جیهانى مافى مرۆڤدا 10ى دیسامبەر، خۆى جوان بكاتەوە، بە مانایەكیتر لێڵییەكانى سەرى سپى بكاتەوە...
بە ڕاى من بەشێكى زۆر لەو بۆلوانەى كە كوردستانى كردۆتە قاوغى نەبوونى مافى مرۆڤ، تیژى بینىو بەدگومانى دەسەڵاتە بەرامبەر بە تاك، خێزان، تەنانەت ئەو حزبانەش كە لە سیاسەتەكەدا لە گەڵیدان، بۆیەش واى خواستووە كە شەقامێكى بێزار بكەوێتەوە.
لە كاتێكدا كە دیموكراسییەكەى دەسەڵات لە پەرەدایەو مافى مرۆڤ ترۆپك ئەكا، دوو كادیرى كۆمەڵى ئیسلامى ڕفێنرانو بەدواداچوونەرانى مافى مرۆڤ هیچیان پێنەكرا، چەند ڕۆژنامەنوسێك دەسگیركرانو تۆقێنرانو چاویان لێسووركرایەوەو سۆرانى مامە حەمەش تیرۆر كرا ... تاد.
ئەگەر ئەوە بیانوو بێت كە ستەمى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى بەعس پاشماوەیەكى بۆگەنى جێهێشتووە كە ئەكرێ بەوەش تاكەكانى كۆمەڵگەى كوردى ناهۆشیاربن بەرامبەر مافى مرۆڤ، شەرىِ براكوژیش كەمى نەهێناوە لەو ئاستەدا، بەم هەڵسەنگاندنانەشەوە هێشتا بیانووى نەخوازراو بە بوونو نەبوونیشە بەرچاو ئەكەون.
با بۆ داهاتوو دەسەڵاتى كوردى لە برى گرتووخانەى پێشكەوتوو، دەرگاى ئازادییەكان پتر واڵا بكاو بە دڵنیاییشەوە پێویستى بە دەزگاى هەواڵگرى نابێتو ئیتر پێویست ناكا لە نیوە شەوەكاندا خەڵك بڕفێنێتو ڕۆژنامەنووسەكانیش لە خۆى تووڕە بكات، بوارى ئازادى زیاتر بۆ تاك تاكەكانى كۆمەڵگەى كوردى ئەوە بۆ دەسەڵات ئەخاتەوە كە ناكرێ بە گومانێكەوە پەلكێشى تاریكخانەكان بكاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە