پرسە وەك هێمایەك بۆ ئاشتى
Sunday, 17/06/2012, 12:00
بارودۆخى كوردستان لە ماوەى هەژدە ساڵى راِبردووى حكومەتى هەرێمدا زۆربەى كات نەخوازراو و نالەبار بووە بۆیەش تێكڕاى كایەكانى ژیان كاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر مەیدانە سیاسییەكە و چۆنیەتى سیاسەتكردنى لایەنە سیاسییەكان هەبووە و زۆر جار بابەتە كۆمەڵایەتى و ئاشتەواییە عەشایەرییەكان لە ڕێكەوتننامە ستراتیجییەكان زیاتر ڕێزیان لێگیراوە و كاریگەرى زیاتریشیان هەبووە, هەڵبەت بە ڕەچاوكردنى پێكهاتەى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگەى كوردى كە كۆمەڵگەیەكى ئاخنراوە بە داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
ساڵى ڕابردوو كاتێك پەیوەندییەكانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەوپەڕى ئاڵۆزیدابوون, لە گەڵ كۆچى دوایى (حەمایلە خان) دایكى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم و بەشداربوونى سەركردەكانى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن لە پرسەكەدا ئاوێكى سوكنایى بە سەر بارودۆخەكەدا كرا و دواتر نەك تا ئاستى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەكانى نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەڵكۆ لە هەندێ حاڵەتدا فۆرمێكى بەهێزی پەیوەندییەكانیشى وەرگرت و دانیشتنە پێنج قۆڵییەكان و دواتر دوو قۆڵییەكان دەستیانپێكردەوە.
لە ماوەى ڕابردووشدا پرسەى (حاجى باپیر وەتمان) باوكى م. عەلى باپیرى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى و پرسەى (روناك خان) دایكى د. بەرهەم ساڵح جێگرى سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان و بەشداربوونى لایەنە سیاسییەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە وچانێكیترى دا بە پەیوەندییە ناوخۆییەكانى لایەنەكانى كوردستان.
بە پێچەوانەشەوە بە پێى شرۆڤەى هەندێك لە میدیا ناوخۆییەكانى كوردستان بەشدارنەبوونى نەوشیروان مستەفا ڕێكخەرى بزووتنەوەى گۆڕان لە پرسەى هەر یەك لە باوكى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى و دایكى جێگرى سكرتێرى گشتى یەكێـتى نیشتیمانى كوردستاندا ساردوسرییەكى خستۆتە نێوان دوو لایەنەكەى ئۆپۆزسیۆن (كۆمەڵ و گۆڕان) و هیوابڕكردنى لایەنگرانى (یەكێتى و گۆڕان) كە هیوایان بە بەرەوپێچوونى پەیوەندییەكانیان هەبوو.
بۆیەش بە وردبوونەوەیەكى زیاترى ئەم بابەتە و ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكانى (پرسە) دەگەینە ئەو ڕاستیەى كە هەرێمى كوردستان هێشتا نەبۆتە دامەزراوە و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بێ جیاوازى نەیانتوانیوە پەیوەندییە سیاسییەكانیان لە چوارچێوەى پەیوەندى ستراتیجى و دیبلۆماسیدا رێكبخەن, هەروەك چۆن دەسەڵاتى سیاسیى كوردستان لەگەڵ وڵاتان و پارتە ئیقیلیمیەكانیش نەیتوانیوە نوختە بخاتە سەر كاغەز (!) و پەیوەندییەكى تەندروستى بەرژەوەندیخوازانە پەرە پێبدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست