ئاسیاسێڵ نایەڵێت گەنجان تێر خەوبن
Friday, 02/04/2010, 12:00
لەدواى كاتژمێرى 12ى شەوەوە نرخى یەكەى قسەكردن تا 9ى سەر لەبەیانى،بەناوى هیڵی گەنجانەوە لەلایەن كۆمپانیاى ئاسیاسێڵەوە داشكێنراوە،ئەمەش كەسانێكى توڕە و نیگەران كردوە و گلەیی لە كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ دەكەن و پێیانوایە ئەو خزمەتگوزارییانە هەراسانكردنى گەنجانە، نەك خزمەتى گەنج.هاوكات ئەو كەسانە ئاماژە بەوەش دەكەن،لەبەرامبەر ئەو كارەى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بێدەنگ نابن.
ئاسار كەریم،ئافرەتێكى دانیشتووى شارى كەلارە،جەخت لەوە دەكاتەوە، كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بەو كارەى هیچ خزمەتێك بەگەنجان ناكەت،لەبەر ئەوە هەراسانكردنى گەنجانە نەوەك داشكاندنى نرخى یەكەی قسەكردن"،گوتیشی"ئێمە گەنجەكانمان رۆژ تا ئێوارە یا بەكرێكارییەوە یان لە قوتابخانە سەرقاڵن،بەڵام ئەى بۆ شەوەكەى ئیسراحەتێ نەكەن؟.
مەلا تەحسین گەرمیانى،بەرپرسی مەڵبەندى "حسك"ى گەرمیان،پێیوایە ئەو جۆرە داشكاندنەى نرخى یەكەى قسەكردن،كە لە 12 شەوەوە دەست پێدەكات،ناتەندروستەو لەگەڵ بار و گوزەرانى گەنجانى ئەم وڵاتە ناگونجێت،ئەو دەڵێت"چۆن دەبێت گەنجى ئێمە، بەرۆژ ڕاكەراكە بەدواى ژیان و شەویش بەهۆی نرخى داشكاندنەوە نەخەوێت".ناوبراو ئاماژەى بەوەیش دا،ئەو كارەى كۆمپانیاكە زۆر جار بووەتە مایەى كێشە بۆ خێزانەكانیش.
دەربارەى خزمەتگوزارییەكانى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بۆ داشكاندنى نرخى یەكەى قسەكردن لە 12شەو بۆ 9ى بەیانى، پەرلەمانتارى لیستى یەكگرتوى ئیسلامى(ناسك تۆفیق) بۆ سڤیل گوتى" ئەوەى ئێستا ئاسیاسێڵ ئەنجامى دەدەات،دەكرا بە رۆژ بووایە،چونكە ئێمە لە كوردستاندا تا ئێستا سیستەمى رۆژ بۆ ئیشكردنەو شەویش بۆ خەوە،كاتێك 12شەو دایدەشكێنێت بۆ گەنجان،تەنها هیلاككردنى گەنجە،بۆیە ئەم كارە ئەگەر خزمەت بووایە كۆمپانیاكە لە رۆژ دایدەشكاند.جا بەڕاستى ئەمە پرسیارە و گومانیش دەخاتە سەر هەموو خزمەتگوزارییەكانى دیكەى ئەو كومپانیایە".
پەروین ئەحمەد دوو كوڕى هەرزەكارى هەیە و ئەوەشی نەشاردەوە، كە هەموو شەوێك چاودێری كوڕەكانى دەكات، بۆ ئەوەى تووشی كێشەى كۆمەڵایەتى نەبن،گوتیشی"لەو كاتەوەى نرخى قسەكردن داشكاوە، شەوان خەوم نەماوە،بۆ ئەوەى كوڕەكانم تووشی هەڵە نەبن،چاودێریان دەكەم"،ئەو ئافرەتە لاشی وایە زۆربەى ئەو كێشە كۆمەڵایەتیانە لە كوردستان دەكرێت،هۆكارى سەرهەڵدانى كێشەكە مۆبایلە،دەشڵێت"ناكرێت لەبەرامبەر ئاسیاسێڵ بێدەنگ بین،چونكە ئەو بۆ پەیداكردنى زۆرترین داهاتێتى"هەر وەك پەروین ئەمەی بەكارێكى بازارگانى ناوبرد و داوایش دەكات لەحكومەت كە رێگری لە كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بكات.
بەرپرسەكەى مەڵبەندى "حسك"ى گەرمیان گوتیشی"ئەمە وا دەكات لە گەنجان لە ژێر بەتانیدا شەو تا بەیانی نەخەون"،ناوبراو داواكاریش بوو لە خزمەتگوزاریەكانى ئاسیاسێڵ ئەو داشكاندنە بخرێتە چەند كاتژمێرێك پێش 12ى شەوەوە.
لەبارەى زیانگەیاندنى بەگەنجان و نەخەوتنیان لەدواى 12ى شەوەوە،(عەباس محمود)سەرۆكى لقی گەرمیانى كۆمەڵناسان و دەرونناسان بۆ (سڤیل) ،ئاماژەى بەوەدا كە ئەو هەنگاوەى كۆمپانیاكە، كاریگەرى گەورەش لە ڕووى تەندروستیەوە دەكاتە سەر گەنجان،گوتیشی"ئەم كێشەیە بووەتە باوێك لەلاى زۆربەى گەنجان، بیستومە دەڵێن كاتژمێر دوو تێلم بۆت كردووە، كە كەسی دیكەت لەگەڵدا بووە یان (مەشغول بووە)،شەوان لەلای ئەو گەنجانە بووەتە رۆژ،بۆ دەربڕینى حەزە سێكسیەكانیان".
دەربارەى بێدەنگى رێكخراوەكانى لاوان و گەنجان ناوبراو ئەوەشی گوت،" كێشەى كۆمەڵایەتى دەروونى گەنج ئەوەندە قوڵبوەتەوە،نازانم رێكخراوەكانى گەنجان و لاوان دەوریان چییە؟یان هۆشیاریان نییە ئیشی بوبكەن،رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى خۆیان سەرسام بوونە نازانن كام بابەت هەڵبژێرن،ناكرشكرێت رێكخراوەكانى گەنجان تا سەر بێدەنگبن،چونكە ئەمە خواستى راستەقینەى گەنج نییە".
بە پێچەوانەى ئەم رایانە،گەنجانێك پێیانوایە ئەوە یارمەتیدانێكى گەنجانە،بۆ ئەوەى لە گەڵ خۆشەویستەكانیان رازەكانیان بگۆڕنەوە.
دەربارەى هێڵی گەنجان و داشكاندنى لە دواى 12 شەوەوە سڤیل پەیوەندى كرد بە سەرۆكى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ (فاروق مەلا مستەفا)،هەموو پەیوەندیەكان بێئەنجام مانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست