خەمى بەناو ڕۆشنبیرانى یەكێتى هەریسەكەیە!!!
Wednesday, 23/06/2010, 12:00
مێژوو نووسان قۆناغە مێژوویەكانی مرۆڤایەتیان بە سەر چەند قۆناغێكدا دابەشكردووە و ڕوداوگەلێكى مێژوویان كردووە بە بەردەبازى نێوان دوو قۆناغى جیاى مێژوو، هەر چەندە مێژوو نووسان خۆشیان لە سەر ئەو ڕووداوانە یەك ڕا نین، بەڵام ئەمە بابەتى ئێمە نییە و ئەوەى دەمەوێ باسى لێوەبكەم كۆنگرەى یەكێتى یە و یەكێتییەكەى بەر لە كۆنگرە و دواى كۆنگرەیە كە دەكرێ ئەم ڕووداوەش بۆ ئێمەومانان بەردەبازى نێوان دوو قۆناغى مێژووى بێت و بە بۆچوونى بەندە قۆناغى پێش كۆنگرە قۆناغى دزى و گەندەڵى و بازرگانى و باڵباڵێن و ئەو پەڕى ناعەدالەتى و ململانێو ماستاو كردن بوە و قۆناغى دواى كۆنگرەش قۆناغى مۆنۆپۆلأكردن و دەست بەسەراگرتنى یەكێتییە لە لایەن بنەماڵەى جەلال تاڵەبانییەوەو بە تایبەتى(مارى ئەتوانێت)ى یەكێتى (هێرۆ).
ئەگەر قۆناغەكانى پێش كۆنگرەو دواى كۆنگرە بۆ هەندێك كەس وەكو یەك بێتو جیاوازیشیان نەبێت ئەوە بێگومان بۆ هەندێك بە ناو ڕۆشنبیرانو ئەوانەى پێش كۆنگرە خۆیان بە (قادەى ڕەئی) پێناسە دەكردو ئامادەبوون گەورەترین گەندەڵى بنەماڵەى تاڵەبانى بە باشترین داهێنانى سەردەمو خزمەت بە هەژارانو دۆزى ڕەواى گەلەكەمانو گەڕاندنەوەى كەركوك بۆ سەر هەرێمى سلێمانى پێناسە بكەنو ئەو كارەشیان كردبێت، ئەوا قۆناغى دواى كۆنگرە بە تەواوى جیاوازەو ئەو هەموو بەرگیرى كردنەیان لەماڵى پاشاو شاژن، بەداخەوە زەڕەیەك سوودى بۆیان نەبوەو هیچ كامێكیانى نە گەیاندە دوا پلەى چنینەوەى بەروبومى ئەندامێتى سەركردایەتى، بۆیە هەر زوو بەشێك لەوانەى تا دوێنێ قەڕاوڵی دەرباربوونو هەموو ڕەشو سپییەكیان بە ڕەنگاوڕەنگ دەبینىو بە ڕەشو ڕووتەكانى ئەم وڵاتەیان دە وت: بڕۆن پسكویت بخۆن. لە ئەنجامى كۆنگرە كەوتنە تەقە و گوایە خەڵكى ڕۆشنبیر بۆ سەركردایەتى دەرنەچوونو باڵى سەربازىو ئەمنى سەركەوتنیان بەدەستهێناوە!
پێش كۆنگرە و بە تایبەتى لە دواى جیابوونەوەى باڵى ڕیفۆرم و نەوشێروان مستەفاو هەڤاڵانى، خەریك بو یەكێتى بەرەو داڕمان بڕواتو گەیشتە سەر لێوارى مەرگو باڵباڵێن هەموو كونو قوژبنێكى ئەم حیزبە ناحیزبەى تەنی بو، ئەو ڕۆشنبیرانەى ئەمڕۆ بە ئەنجامى كۆنگرە ناڕازین لە پێشەنگى بەرگیریكاران بۆن لەو سەركردانەى ئەمڕۆ بە كلاسیك و ئێكسپایەرو تەقلیدى ناویان دەبەن، كەواتە ئەنجامى كۆنگرە بەرهەمى كاروكردەوەى ئەوانە، پێش كۆنگرە ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە جگەلە پەسنوسەنای پاشاو شاژنو دەستو پێوەندەكانى دەربار كارو بەرهەمێكى تریان نەبوە، بەڵكو گشت داهێنانەكانیان لە بوارى پەسنو بەرگیرى كردن بوە لە گەندەڵى و دزیەكانو لە كاتى ئاشكرابوونى دزییەك ئەوان لە جیاتى دزە ئەسڵەكە دەكەوتنە بەرگیریكردن هەروەكو لە كاتى ئاشكرابوونى دزینى (18) ملیۆنو(750) هەزار دۆلارەكەى (عومەر فەتاح) كوڕەكانى عبداللەو هاوپیشەكانیان نوقەیان نە كردو بە پێچەوانەوە كەوتنە بەرگیریكردنو وتیان: خەمتان نەبێت پارەكە لەدەستێكى ئەمیندایەو لاى برادەرانى خۆمانە!
لێرەدا ئەو پرسیارە زۆر بەجێیە، باشە ئەگەر عەدالەت عبداللە و سلێمان عبداللەو كوڕەكانی ترى عبداللەو ئازادەكانو ئەوانەى وەكو ئەوان بیردەكەنەوە بۆسەركردایەتى سەركەوتنیان بەدەست بهێنایە، ئایا بەهەمان شێوەى ئێستادەكەوتنە تەقە لەئەنجامى كۆنگرەو گلەییان دەكرد، كە بۆچى گەنجانو خوێنى نوێ نە گەیشتنە سەركردایەتى، بێگۆمان نەخێر، بەڵام پرسیارى گرنگتر ئەوەیە ئایا كوڕەكانى عبداللەو خۆ بەڕۆشنبیرزانانى ترى ناو یەكێتى رۆژێك لە رۆژان خۆیان بەخاوەن فكر زانیوە، یاخود هەمیشە خۆیان خەریكى ململانێو دەستەو دەستەگەرىو ماستاو كردن بوونە بۆ ئەو سەركردە ئێكسپایەرانەى كە ئەمڕۆ خۆیان بە كلاسیك ناویان دەبەن؟ ئایا خۆیان چەند ڕاپۆرتیان لە سەر یەكترى نووسیوەو چەند جار لە پشتەملە هەزاران ناوناتۆرەیان بۆ یەكترى دروست كردووە، ئایا ئەو كارەى ئەوان دەیانكرد كارى ڕۆشنبیرانو كەسانى خاوەن فكر بوە، ئایا بەڕاستى ئەوان خوێنى نوێن یاخود خۆشیان ئێكسپایەر و گەندەڵترن لەو سەركردە ئێكسپایەرانەى یەكێتیان بەم ڕۆژە گەیاندووە.
جیاوازى نێوان ئەم بە ناو ڕۆشنبیرانەو سەركردە ئێكسپایەرەكان ئەوەیە، ئەگەر ئەمانە بگەیشتنایە سەركردایەتى دەیانتوانى بە شێوەیەكى زانستیانەتر دزى بكەن و كەشفیش نەبن، كەواتە شین و تەعزێى ئەم ڕۆشنبیرانەى ئاخیر زەمان بۆ هەریسەكەیە نەك بۆ حوسەین، واتە گلەییەكان بۆ گەیشتن بە سەركردایەتىو ئیمتیازەكانە، نەك گۆڕانكارى و نوێگەرى لە ناو یەكێتیدا، كەواتە ئەم گلەىو تەقەكردنەش لە ئەنجامى كۆنگرە كە پێش بەستنیشى دیار بوون، بۆ بەدەستهێنانى ئیمتیازە و هیچیتر نا، بۆیە پێموایە لەم قۆناغە نوێیەى میژوودا لە هەرێمى سەوزى پبَشووتر و مۆركەى ئێستا ئەو ڕۆشنبیرانە تاكتیكى خۆیان دەگۆڕنو لە داهاتوویەكى نزیكدا بەشێكیان لە سەر حیسابى بەشەكەى تر دەكەونە بەرگیرى كردن لە دەستو پێوەكانى دەربارو لویسى شانزەهەم و مارى ئەنتوانێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست