کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانى داوا لە موبارەك ئەكات، كەشوێنێكى دەسكەوت خۆى و بارزانیش لە بیر نەكات

Thursday, 03/02/2011, 12:00


بەپێى هەواڵێك كەئاژانسى(شەرقولئەوسەت)بڵاویكردەوە، جەلال تاڵەبانى لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنیدا، متمانەى خۆى پیشانداوە كە حوسنى موبارەكى دكتاتۆرى میسر، ئەتوانێ بارودۆخى ئێستاى وڵاتەكەى تێپەڕێنێ و كۆتایى بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەى میسر بێنێ..
ڕۆژنامەكە باس لەوەش ئەكات (موبارەك و تاڵەبانى) دۆستایەتییەكى بەهێزیان هەیە و لە زۆر ڕِووداو بۆنەدا پرس و ڕا بە یەكترى ئەكەن و پیرۆزباییش لە یەكترى ئەكەن..
بێگومان هەبوونى پەیوەندى دپلۆماسى لە نێوان دوو وڵاتدا و نامەگۆڕینەوە و پرس و ڕا بە یەكترى كردن لە نێوانیاندا پێویستییەكى ئەم سەردەمەى سیاسەتى نێودەوڵەتییە و زۆربەى وڵاتانى دونیا هەوڵ ئەدەن زۆرترین پەیوەندیى دیپلۆماسیان لەگەڵ زۆرترین وڵاتانى دونیا هەبێت، بەڵام لە سەر بنەمایى بەرژەوەندى هاوبەش، لە گشت ڕوەكانەوە، بەڵام ئەوەى جێى سەرنج و تێڕامانە ئەم پەیوەندییەى جەلال تاڵەبانى بە دكتاتۆرەكەى میسرەوە لە كاتێكدایە كە ماوەى زیاتر لە (10) ڕۆژە گەلى میسر دەستى بە خۆپیشاندانیى جەماوەرى گەورە كردووە بۆ كۆتایى هێنان بە دەسەڵاتە دكتاتۆریەكەى حوسنى موبارەك و تا ئێستا بە دەیان كەس لە ڕۆلەكانى گەلانى میسر گیانى خۆیان لە پێناو نەهێشتنى دەسەڵاتەكەى حوسنى موبارەك كردووە بە قوربانى.
لە هەمان كاتدا كە (تاڵەبانى) بە هیوایە حوسنى موبارەك بە سەر خۆپیشاندانى گەلانى میسر دا سەركەوێ سەركردەكانى زۆربەى وڵاتانى جیهان بە ئەمەریكا و یەكێتى ئەوروپاشەوە داوا لە موبارەك دەكەن كورسى دەسەڵات جێبهێڵێت و پشتیوانى لە داوا ڕەواكانى گەلانى میسر ئەكەن، كەچى تاڵەبانیش تەمەنایى ئەوە ئەكات دكتاتۆرییەتى موبارەك بە سەر ئیرادە و داواكارى گەلانى میسر دا سەركەوێ؟ ئەمە چ مەنتقێكە جگەلەوەى دكتاتۆرێك تەمەنایى تەمەن درێژى بۆ دكتاتۆرێك ئەكات كە (30) ساڵە بە ئاگر و ئاسن و حوكمى عورفى و ناكاو، وڵات بەڕێوە ئەبات و بە هەمو شێوەیەك هەوڵى داوە دەنگەجیاوازەكان لە ناوبەرێت.
سەیر لەوەدایە ڕاگەیاندنە ڕووزەردەكەى تاڵەبانى كە سوپایەكى گەورە لە ناویا كار ئەكات و دەزگایى هەمەجۆر و زەبەلاحیان لە بەر دەستایە، باسى ئەم پەیوەندییەى تاڵەبانى و موبارەكیان نەكردووە و وخۆیان بێدەنگ كردووە، پێیانوایە ئەگەر ئەوان باسى نەكەن ئیتر كەس پێی نازانێت و بە بێدەنگى تێ ئەپەڕێت.
هەر چۆنێك بێت پێموایە ئەم پەیوەندییە بۆ دوو مەبەست بووە:
یەكەم: پێدەچێت تاڵەبانى داواى لە موبارەك كردبێت، ئەگەر تەنگاو بووە خۆى بگەیەنێتە كوردستان و داڵدەى ئەدات، هەروەك چۆن داواى لە كچەكەى سه‌دامی دكتاتۆر كردبوو بێتە، كوردستان بەڵام ئەو قبوڵى نەكرد و داواكەى تاڵەبانى ڕەت كردەوە.
دووەم: یاخود تاڵەبانى داواى لە موبارەك كردووە ئەگەر پەنایى بۆ شوێنێك برد و جێگەى بووەوە، ئاگایى لە مامەخەپە و كاكە سەر سۆر بێت، چونكە لەوانەیە لە كوردستانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایى جەماوەر دەست پێ بكات و ئەوانیش بە ماڵ ومناڵەوە ناچارى ڕاكردن بن.
ئیتر خوا ئەزانێ تاڵەبانى و بارزانى و موبارەك لە دۆزەخێك بە یەكترى شاد ئەبــن.. بەهیواى ئەو ڕۆژە خۆشەم...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە