کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عێراقى سەیر سەمەرە و كوردى بێچارە

Saturday, 04/12/2010, 12:00


هەر لە سەرەتایى دروستبوونییەوە كە عێراق وەكو وڵاتێك پێكەوە لكێنرا، لەسەر بنەمایى سەیر وسەمەرە بونیات نراوە و یەكەم كەسیش كە حوكمى عێراقى كردووە لە دەرەوە هێنراوە بۆ ئەوەى حوكمى عێراق بكات، ئەمە لەوانەیە سەرەتایى كێشەكان بێت، بەڵام خودى كێشەكە لە پێكەوە لكاندنى ئەو هەموو ئاین و نەتەوە و مەزهەبانە بوو كە زۆر قورسە پێكەوە بگونجێن و بژین بە تایبەتى لەم ئاستەى تێگەیشتن و ڕۆشنبیرییەى تائێستەش هەیانە.
بۆیە كاتێك سەیرى مێژووى دەوڵەتى عێراق دەكەین جگە لە كوشتن و بڕین و حوكمى ئاگر و ئاسن شتێكى ترى تێدانییە و لە ساڵى (1921) بۆ ساڵى (1958) كە حوكمى پادشایى ڕوخێنرا و دواتریش تا ساڵى (2003) كە ئەمریكا سەدام حسێنى لە كورسى دەسەڵات هێنایە خوار، هەر كەسێك دەسەڵاتى گرتبێتە دەست، تەنها بە كوشتن لە كورسى دەسەڵات هاتۆتەخوار، دەنا ئامادەنە بوە بەهیچ شێوەیەك دەستبەردارى كورسى حوكم بێت، بە پێچەوانەوە تەنانەت نزیكترین هاوڕێ و دۆست كە گەیشتوونەتە كورسى دەسەڵات خیانەتیان لە یەكترى كردووە، هەروەكو سەدام حسێن خیانەتى لە ئەحمەد حەسەن بەكر كرد و نزیكترین دۆستى خۆیشى كوشتووە.
لە دواى ساڵى (2003)وە سەردەمى كوشتن و كودەتا سەربازییەكان بەسەر سەرۆك كۆمار و پادشاكاندا لەم وڵاتەى ناونراوە عێراق كۆتایى هاتووە بەڵام سەردەمێكى ترى فرە كوێخایى و ڕاوەڕوت و مانەوە لە سەر كورسى حوكم بەناوى هەڵبژاردن و دیموكراسیەوە دەستى پێكردووە، كە لە هەموو لایەكەوە عێراق ڕیكۆردەكانى شكاندووە، دواى (9) مانگیش لە هەڵبژاردن تا ئێستەحكومەت پێكنەهێنراوە و كە باسى پێكهێنانى حكومەتیش دەكرێ، باس لە سەرۆك كۆمار و (3) جێگر و سەرۆك وەزیران و (3) جێگر و حكومەتێكى (43) وەزیرى دەكرێ!! هەروەكو لە پرسى پێكهێنانى حكومەتدا عێراق ڕیكۆردى شكاند بە هەمان شێوە لە ڕووى ژمارەى وەزیر و گزیر و ژمارەى جێگران و موچەى لێپرسراوان و گەندەڵی و بێدادیش چەندین ڕیكۆردى شكاندووە.
بۆیە بە پێى هەموو لۆژیكێك پاشەڕۆژى عێراق نادیارە و شێوەى حكومەتەكەشى دەبێ بگەڕێتەوە بۆ دكتاتۆریەت، كەچى ئەو دز و گەندەڵانەى خۆیان ناو ناوە سەركردایەتى سیاسى كورد، دڵیان بەم عێراقە خۆش دەكەن و لە جیاتى هەوڵدان بۆ نەهێشتنى دزى و گەندەڵى لە ناو دام و دەزگاكانى حكومەتى هەرێم و بەهێزكردنى بنەما و ژێرخانى ئابورى و سیاسى هەرێم و لە یەك نزیككردنەوە و ئاشت كردنەوەى جەماوەر و حكومەتى هەرێم كە بەهۆى دزى و گەندەڵى و بێدادى ئێستە خەڵك بە حكومەتى خۆى نازانێت، مەسعود بارزانى و جەلال تاڵەبانى خەریكى ڕێكخستنەوەى بەغدان و عەرەبەكان ئاشت دەكەنەوە و ئاگایان لە كوردستان و خەڵكى كوردستانیش نەماوە و بەم كارە بێعەقڵیەى خۆشیان دەڵێن هەوڵى دیپلۆماسى و گوایە توانیویانە ئەو كێشمەكێشەى پێى دەڵێن پرۆسەى سیاسى عێراق لە قەیران دەر بكەن.
پرسیارەكە ئەوەیە ئێستە جگە لە خۆیان و بنەماڵەكانیان كێى تر لە گەلى كورد سود لەو كردەوانەى تاڵەبانى و بارزانى دەبینێ، هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بە سەرۆك كۆمار و بێدەگ بوونى مالیكى لە دزینى نەوتى هەرێمى كوردستان لە لایەن هەردوو بنەماڵەى مافیایی هەرێمەوە، چ قازانجێكى میللەتى تیایە؟
تاڵەبانى لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا بە دوو جێگرەوە نەیتوانیوە هیچ بكات و هیچیشى پێنەكراوە، ئەى ئێستە كەخۆى داوایى سێ جێگر دەكات دەتوانێ چى بۆ كورد بكات؟!
ئەمە لە كاتێكدایە لە مالیكییەوە بگرە تا دەگاتە حەكیم و عەلاوى و جەعفەرى و هاشمى و نوجەیفى.. و . هەر هەموویان یەك بۆچوونیان بەرامبەر بە مەسەلەى كوردو مافەكانى هەیە و كەسیان ئامادەنین دان بە كەمترین مافى كوردا بنێن، ئێستەش كە هەندێكجار بەرامبەر هەندێك مەسەلەى بچووك بێدەنگن، لە بێدەسەڵاتى و نەبوونى دەرفەتە، دەنا هەر ئەم مالیكییەى دۆستى تاڵەبانى و بارزانى بوو كە لە هەڵمەتى هەڵبژاردنى پارلەمانى عێراقدا ووتى: ئەگەر جەعفەرى پۆستەكەى لە سەر كەركوك دانا بێت،من ئامادەم سەریشم لە سەر كەركوك دابنێم. واتە ئەگەر بە مەرگى خۆیشى بێت ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەك كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان. باشە ئەگەر ئەمە بۆچوونى مالیكى بێت، ئەى تاڵەبانى و بارزانى لە سەر چ بنەمایەك بەشدارى لە حكومەتەكەیدا دەكەن؟! ئەى بارزانى و تاڵەبانى چۆن هەوڵ دەدەن سونە و شیعە ئاشتبكەنەوە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە