یادى كوردستانى نوێ و هەڵپەڕكێى جوندیانى
Thursday, 13/01/2011, 12:00
سبە بۆنەى(20)ساڵەى دەرچوونى یەكەم ژمارەى ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ، مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكێتى ئاهەنگێكى هەڵپەڕكێى ڕێكخست و كارمەندە هەڵپەڕكێزانەكانیش تێروپڕ هەڵپەڕین!
ئێمە پێمانوابوو لە دواى 19 ساڵ لەكارى بێ بەرهەم و بە هەدردانى ملیۆنان دۆلار بۆ چاپكردن و پاداشتكردنى ئەو پەسن نووسانەى ڕۆژانە كۆمەڵێك درۆ و دەلەسە لە لاپەڕەكانى كوردستانى نوێ دەنووسن، مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكێتى پێداچوونەوەیەكى جدى دەكات بەو كارە بێ بەرنامانەى ڕابردوویدا و هەوڵ دەدات لەجیاتى ڕێكخستنى ئاهەنگى هەڵپەركێ و گۆرانى، چەند لێكۆڵینەوەیەكى ئەكادیمیانە لە سەر كارەكانى ڕابردووى كوردستانى نوێ ئامادە بكات و بەرنامەیەك دابڕێژن بۆ ئەوەى ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ لەمەو بەدوا سیفەتى ڕۆژنامەیى هەبێت و خەڵك بتوانێ بخوێنێتەوە.
من گشت مێژووى ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ كەڕەتى سفر ناكەم و پێموایە لە ڕۆژگارێكدا ئەم ڕۆژنامەیە توانیویەتى بۆشاییەكى ڕۆژنامەگەرى پڕبكاتەوە، بەڵام كێشەى سەرەكى سەركردایەتى یەكێتى و گشت دام و دەزگاكانى یەكێتى بە ڕاگەیاندن و ڕێكخستنەوە، ئەوەیە ئێستاش بە سەردەمى خەباتى چەكدارى و شاخ لێدەخوڕن و پێیانوایە ئێستاش بێجگە لە خۆیان كەسیتر ئاگایان لە ڕووداوەكان و گۆڕانكاریەكان نییە و ئیتر ئەوان چۆن دەیانەوێ بەو شێوەیە لێدەخوڕن و خەڵكیش ناچارە هەم بڕوایان پێ بكات و هەمیش بە هەموو درۆ و دەلەسەیەكى حیزبیش بڵێن ئامین، بۆیە كێشەى سەرەكى لە ناو یەكێتیدا و بە تایبەتى لە ناو ڕاگەیاندنى یەكێتیدا ئەوەیە كە نایانەوێ و هەوڵیش نادەن لە واقیع تێبگەن بەڵكو گشت هەوڵێكیان بۆ چەواشەكردنى خەڵكە لەگەلأ خۆیان، ئەمە لە كاتێكدایە دەمێكە ڕاگەیاندنى یەكێتى و بە تایبەتیش ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ لە ناو ناوەندە ڕۆشنبیرییەكانى هەرێمى كوردستاندا نەك هەر مسداقیەتی لە دەست داوە بەڵكو ئێستا تەنانەت ئەندامانى حیزبیش كوردستانى نوێ ناخوێننەوە و لە هەر سێ پارێزگاكەى هەرێمى كوردستان تەنانەت (100) دانە لە ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ نا فرۆشرێن بەڵكو هەمووى بە خۆڕایى دابەش دەكرێ و بە خۆڕایش كەس نا خوێنێتەوە، ئەگەر جوندیانى و مەكتەب سیاسى یەكێتى بڕواش ناكەن دەتوانن سەیرێكى ئاهەنگى یادى (20) ساڵەى كوردستانى نوێ بكەن كە چۆن كارمەندانى خودى ڕۆژنامەكەش لەو بۆنەیەدا ئامادە نەبوون بە تكا و رەجاش چەپڵە بۆ ئازاد جوندیانى و ستران عەبە لێ بدەن.
لە كۆتاییدا دەڵێم بە ئاهەنگ و هەڵپەركێ و گۆرانى كوردستانى نوێ نابێ بە ڕۆژنامە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست