کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارودۆخى كوردستان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت

Wednesday, 08/09/2010, 12:00


ئەگەر هەر چاودێرێكى بێلایەن لە نێوان پارتى و یەكێتى بەوردى لە بارودۆخى ئەمڕۆى كوردستان بنواڕێت هەست بە مەترسیى دەكات كە ڕەوشەكە بەرەو نا ئارامییەكى هێواش هەنگاو دەنێت، ماوەیەكە لە سلێمانى كۆمەڵێك ڕۆژنامە و گۆڤار بە توندى هێرش دەكەنە سەر پارتى و لە هەولێریش ژمارەیەك ڕۆژنامە و بڵاوكراوە هێرش دەكەنە سەر یەكێتى، هاوكات لێپرسراوانى هەردوولاش لەملاولەولا لێدوانى ژێربەژێرى دژ بە یەكترى دەدەن.
بێگومان شەڕى ساردى نێوان یەكێتى و پارتى لە دیدارەكەى (لڤین) لەگەلأ (قانعى فەرد)ەوە دەستى پێنەكردوە بەڵكو پێشتریش بە شێوەى جیا جیا لە دواى شەڕى گەرمى نێوانیان لە ساڵى (1998)ەوە هەر بەردەوامە و جارجار گەرم بوە و جاروباریش لەبەر هەندێك هۆكارى دەرەكى و ناوخۆى كاڵبوونەوەى پێوە دیاربوە، بەڵام هیچ كاتێك كۆتایى نەهاتوە و ئەم دوو لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەى ئێستاى ئەم سێ پارێزگایەى هەرێمى باشورى كوردستان هەمیشە لە سەنگەردان بۆ پیلانگێڕان دژ بەیەكترى و لە ساڵى 1963 وە بێ پچڕان بەردەوامە، كە ئەمەیان بەڕاستى جێى داخ و مەترسیشە بۆ پاشەڕۆژى ئەم ئیدارە كوردییەى بەففتى ففتى لە نێوان هەردوولادا بەڕێوە دەبرێ.
بەپێى ئەو نووسینانەى لە ڕاگەیاندنە سێبەرەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە هەست بەوە دەكرێ ململانێى نێوان پارتى و یەكێتى نەك تەنیا لە نێوان خۆیانە بەڵكو تەنانەت دەستى دەرەكیشى لەگەڵدایە و یەكێتى و پارتى شەڕى بریكارى دەكەن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت هەر كاتێك ئەو لایەنانە بیانەوێ شەڕەساردەكەى نێوان هەردوولا دەكەن بە شەڕى گەرمیش.
دیدارەكەى لڤین لەگەلأ قانعى فەرد و ئاشكرابوونى ناوەڕۆكی كتێبەكەى قانعى فەرد (بیرەوەریەكانى جەلال تاڵەبانى) سەرەتایەكى نوێییە لە گەشبوونى پشكۆكانى شەڕەساردەكەى نێوان یەكێتى و پارتى، كاتێك (محمدى مەلا قادر) دەڵێ (دكتۆر بەرهەم تەنیا دوو سالأ سەرۆكى حكومەتى هەرێم دەبێت) ئەمە قسەیەكى سەرزارەكى نییە و پێشتر لە لایەن پارتییەوە دیراسەكراوە چونكە هەموومان دەزانین پارتى لە ڕووى دیسپلینى ڕێكخستن و حیزبایەتییەوە وەكو یەكێتى نییە و ئەندامانى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى ناتوانن لە خۆیانەوە لێدوان بدەن بە تایبەت لە بابەتێكى وا گرنگ، ئەگەر بە ئاشكرایى یەكێتى حیسابیشى بۆ نەكات ئەوە لە ژێرەوە دیراسەى دەكات و هەنگاوى پێویست دەگرێتەبەر، چونكە بە ئاشكرا هەست بە بێمتمانەى نێوان هەردوو لا دەكرێ و ئێستاش حكومەتى هەرێم دوو ئیدارەیە و بە سەر زەرد و سەوزدا دابەشكراوە. كە یەكێتى وەڵامى ئەم لێدوانەى پارتى دەداتەوە هەست بەوە دەكرێ یەكێتیش پلانى خۆى هەیە بەڵام كاتى ئاشكراكردنى نەهاتوە، وتەبێژى مەكتەب سیاسى یەكێتى باسى ڕێككەوتنى ستراتیژى دەكات و گوایە گرنگ نییە ئەگەر حكومەتیش بیدەنەوە بە پارتى، ئەم قسەیەش هەموو كەسێك دەزانێ وانییە، بەڵام ئێستا ناچارە و لە دواى جیابوونەوەى (گۆڕان) یەكێتى هەست بەلاوازییەكى گەورە و شەرمەزارى دەكات بەرامبەر بە پارتى و لە هەڵبژاردنەكەى پەرلەمانی عێراقیش بە دیاركەوت ژمارەى كورسییەكانى پارتى ئەگەر بە تەزویریش بێت، دووقاتى ژمارەى كورسییەكانى یەكێتییە چونكە لە كۆى (47) كورسى لیستى كوردستانى پارتى زیاتر لە (30) كورسى بردەوە.
كاتێكیش خودى نێچیرڤان بارزانى داخ و پەژارەى خۆى دەردەبڕێ كە بۆچى ئیمزاى مام جەلال لەسەر كتێبەكەى قانعى فەردە، سەرەتا مام جەلال و دواتریش (نازم عومەر)ى نوێنەرى یەكێتى لە تاران، كە یەكێك بووە لە سەرپەشتكارانى لە چاپدانى كتێبەكەى قانعى فەرد ئینكارى دەكەن و دەڵێن قانعى فەرد ئیمزاكەى مام جەلالى تەزویركردووە و ئەوە ئیمزاى مام جەلال نییە، بێگومان بەم قسەیە یەكێتى نەك ناتوانێ پارتى هەڵخەڵەتێنێ بەڵكو ناتوانێ بڕوا بە كەس بكات كە قانعى فەرد ئیمزاى مام جەلالى تەزویر كردووە، تا ئێستاش كە قانعى فەرد وەڵامى مام جەلالى نەداوەتەوە ئەوە كۆمارى ئیسلامى ئێرانە قانعى فەردى بێدەنگ كردووە، نەك ناوبراو ئیمزاكەى تەزویركردبێت بۆیە خۆى بێدەنگ كردووە.
كاتێكیش هەفتەنامەى دەستوور یادى 31 ئاب دەكاتەوە، وتەبێژى مەكتەبى سیاسى یەكێتى جارێكى تر زۆر شەرمنانە وەڵامیان دەداتەوە و بەهانە دێنێتەوە كە ئێستا كاتى ئەوە نییە ئەم بابەتانە بڵاو بكرێنەوە، نەك بە یەكجارى بڵاو كردنەوەیان ڕەت دەكاتەوە، بەڵام كاتێك ڕۆژنامەى (ڕووداو) ڕەخنە لەوە دەگرێ بۆچى ئیمزاى مام جەلال لەسەر كتێبەكەى قانعى فەردە؟ وتەبێژەكەى یەكێتى زۆر بەتوندى وەڵامى دەداتەوە و بە گێرەشێوێن و ڕاگەیاندنكارى نزیك لە پارتى ناویان دەبات، ئەمەش نیشانەى ئەوەیە پارتى و یەكێتى لە ژێرەوە تا چ ئاستێك دژایەتى یەكترى دەكەن و پیلان لە یەكترى دەگێڕن.
هەندێك دەزگایى ڕۆژنامەوانى سەر بە پارتى زۆر بە پەرۆشەوە بە دواى ئەو هەواڵانەدا دەگەڕێن كە باس لە نزیك بوونەوەى گۆڕان و یەكێتى دەكەن، چونكە پارتى زۆر لەوە دەترسێ كە یەكێتى و گۆڕان یەكبگرنەوە و بەرەیەكى دژ بە پارتى پێكبهێنن و تا ئێستاش پارتى جیابوونەوەى نەوشیروان مستەفا لە یەكێتى بە پیلانى جەلال تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفا دەزانێت بۆ لاوازكردنى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، بڕواهێنان بەم چیرۆكەش بۆ پارتییەكان شتێكى زۆر ئاسانە چونكە وەكو وتم ئەوان هەر لە سەرەتاوە جیابوونەوەى (نەوشیروان مستەفا)یان بە پیلانێكى یەكێتى زانیوە و زۆریش دەترسن تەنانەت دەستى ئێرانیش لەم پیلانەدا هەبێت بۆ لێدان و لە ناوبردنى پارتى و بە تایبەتى بنەماڵەى بارزانى، دوا بەڵگەش كە ئەم بۆچوونەم پشتڕاست دەكاتەوە نووسینێكى بەدران ئەحمەد حەبیبى ڕاوێژكار و كەسى نزیكى نێچیرڤان بارزانییە كە لە نووسینێكدا مەترسى خۆى پیشانداوە و دەڵێ ئەگەر گۆڕان و یەكێتى یەكبگرن ئەوە دەتوانن كودەتایەكى دیموكراسیانە بە سەر پارتیدا بكەن، چونكە كورسیەكانى یەكێتى و گۆڕان لە ناو پەرلەمانى كوردستاندا بەیەكگرتنەوەیان دەبێتە (54) كورسى و لەبەرامبەر دا (29) كورسى بۆ پارتى دەمێنێتەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا پارتى قبوڵ دەكات یەكێتى و گۆڕان یەكبگرن، یاخود بە ڕاگەیاندنى یەكگرتنەوەیان مەسعود بارزانى وەكو سەرۆكى هەڵبژێردراوى هەرێمى كوردستان كە لە لایەن خەڵكەوە هەلبَژێردراوە و وەكو لە دەستوورى پێشنیار كراوى هەرێمى كوردستانیشدا هاتوە حاڵەتى ناكاو لە هەرێم ڕادەگەیەنێت و پەرلەمان و حكومەت هەڵدەوەشێنێتەوە؟ ئایا هەڵوێستى یەكێتى بەرامبەر بە بڕیارێكى لەو شێوەیەى مەسعو بارزانى چی دەبێت؟ تاڵەبانى پێش هەموو كەسێك هەستى بە مەترسییەكان كردووە، بۆیە هەمان ئەو وەفدەى دیدارى لەگەلأ نەشیروان مستەفا كردبوو ناردییە لاى مەسعود بارزانى و هەوڵیدا دڵنیاى بكاتەوە كە هیچ مەترسییەك لەسەر پارتى نابێت، بەڵام ئایا بارزانى بڕوا بەم قسانەى تاڵەبانى دەكات؟؟؟ بێگومان نەخێر...
مەترسییەكى ترى یەكێتى لە پارتى مەسەلەى پشتگیرى نەكردنى تاڵەبانییە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆكایەتى كۆمارى عێراق، دەمێكە یەكێتى لەوە دەترسێ مەسعود بارزانى لەم مەسەلەیە سازش بكات و واز لە پێداگیرى وەرگرتنى پۆستى سەرۆكایەتى كۆمار بێنێت، بۆیە كەسێكى وەكو دكتۆر مەحمود عوسمان كە لە سەر پارتى هەژمار دەكرێ، لە لێدوانێكیدا دەڵێ، دەكرێ كورد قسە لە سەر مەسەلەى سەرۆكایەتى كۆمار بكات، واتە دەكرێ كورد داواى سەرۆكایەتى كۆمار نەكاتەوە كە ئەمە هاوكات داوایەكى ئەمەریكاشە لە كورد، ئەمەش بۆ جەلال تاڵەبانى خراپترین ئەگەرە و ئەستێرەى بەختى تاڵەبانى ڕوو لە ئاوابوون دەكات.
بەڵام ئایا ئێران ڕێگا بە پارتى و بارزانى دەدات ئەم هەنگاوە بەرامبەر تاڵەبانى بنێت؟ ئەمەشیان بەشێكى زیندووى كێشەكەیە، تاڵەبانى ڕووى لە ئێران و مالكییە و بارزانیش ڕووى لە عەلاوى و وڵاتە عەرەبیەكانە، تەنانەت كەسێكى بەعسى وەكو مەشعان جەبوریش دەڵێ: بڕوام بە جەلال تاڵەبانى نییە، بەڵام بڕوام بە مەسعود بارزانى هەیە، بێگومان بۆ كەسێكى وەكو مەشعان جەبورى تاڵەبانى و بارزانى یەكێكن، بەڵام ئەوەى ئەم قسەیە بە مەشعان جەبورى دەكات سیاسەتى هەرێمى بارزانى و تاڵەبانییە، كە یەكێكیان بەرەو ئێران و ئەویتریان بەرەو سعودیە هەنگاو دەنێ.
دواپرسیارم ئەوەیە ئایا تالەبانى و بارزانى بەرژەوەندى میللەت دەخەنە پێش بەرژەوەندى شەخسى خۆیان و بنەماڵەكەیان یاخود بە پێچەوانەوە ئەمجارەش میللەت دەكەن بە قوربانى خۆیان؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە