ئەگەر عیماد ئەحمەد ئاگادار نییە، ئێمە ئاگادارین
Saturday, 07/08/2010, 12:00
دواى ئاشكرابوونى دزینى نەوتو بەرپابوونى هەرایەكى گەورە لە شەقامى كوردىو دروستبوونى كەمپەینى ڕێگرتن لە دزینى نەوتى كوردستان لە شارى سلێمانى، عیماد ئەحمەد كە گوایە ئەندامى (م،س)ى یەكێتى یە،شەوى 6/8 لە شاشەى كوردساتەوە و لە میواندارى تێكدانى هەوالأ (هەر چەندە ناوى لێكدانەوەى هەواڵە) جەختى لەوە دەكردەوە كە یەكێتى ئاگادارى ناردنەدەرەوەى نەوت نییەو گلەیشى لە حكومەتەكەى بەرهەم ساڵح كرد كە بۆ تا ئێستا ڕوونكردنەوەى پێویستى بە خەڵك نەداوەو چۆنیەتى ناردنەدەرەوەى نەوتى بۆ خەڵكى روون نەكردۆتەوە!
بەڕاستى سەیرە، بەڕێزم مافى ئێوەیە خۆتان بە گێل و شێت و تەنانەت كەریش بزانن، بەڵام مافى ئەوەتان نییە، ئێمەش لە ڕیزى خۆتان حیساب بكەنو پێناسەى گێلێتى بە سەر خەڵكیشدا دابەش بكەن، پێتان وایە ئێستاش خەڵكى بڕواتان پێدەكەنو بەدرۆكانتان هەڵدەخەڵەتێن! بەڕێزم تانكەرەكان خۆیان شاهیدنو پێویستى بە هێنانەوەى بەهانە ناكات، لە خوا بەزیادبێت خۆ چاڵە نەوتیەكانیشتان دابەشى دوو كردووە، ئێستاش حكومەت بە سەر هەردوو ڕەنگى زەرد و سەوز دا دابەشكراوەو بەرهەمە بێبەرهەمەكەشتان توانایى ئەوەى نییە ئەمر بە سەر فەڕاشێكى ناوچەى ئیدارە زەردەكەى پێشودا بكاتو پارتیەكانیش لە ناوچەى ئێوە هەر میواننو تەنها لە مەسەلەى دزینی سەروەت و سامانى خەڵكى ڕەشو ڕووتى ئەم وڵاتە ئێوە هاودەنگن، بەڵام لەم لێدوانەى جەنابتان وادیارە خەریكە لە سەر دەسكەوتى دزی نێوانتان تێكدەچێ.
جەنابى ئەندامى(م،س)جەلال تاڵەبانى زۆر بەداخەوە ئێوە چۆن تا ئێستا نەتانزانیوە بە پێى لێدوان و بڕیارى پێشوترى ئەو دكتۆر بەرهەمەى جەنابت گلەى لێدەكەى كە بۆچى خەڵكى لە چۆنیەتى ئاودیو كردنى نەوت ئاگادار نەكردووە. گوایە پاراستنى بیرەنەوتیەكانى لە هێزى دژە تیرۆر وەرگرتووەو لەمەو بەدوا هێزەكانى پۆلیس و ئاسایش ئەو ئەركە دەگرنە ئەستۆ! خەمت نەبێت من بڕوا دەكەم جەنابت ئاگات لە دزینى نەوت نەبێت، چونكە هێزى دژە تیرۆر هێزى بنەماڵەییەو بەرژەوەندى بنەماڵەى تاڵەبانى دەپارێزێو بۆتان نییە تەنانەت ناویشیان بێنن!
لە ئیدارەى زەردى ڕوو زەردیش بە هەمان شێوە هێزى تایبەت سەرچاوە نەوتیەكان دەپارێزن، بەڵام خۆ ئێوە ناتوانن چاوى خەڵكى بگرنو دەروازەكان شاهیدن كە ئێوە چۆن خەریكى دزین، سەرەڕای هەموو شتێك، لە لێدوانەكەتانەوە دیارە هەردوو بنەماڵەى زەردو سەوز تا ئێستاش لە سەر پەردەپۆشكردنى ئەم دزییە گەورەیە نە گەیشتوونەتە رێككەوتنو ئەمەش بەڵگەى كەرێتیتانە، چونكە بە پێى ئەقڵى خۆتان حیسابتان بۆ میللەت كردووە. بەڕاستى ئێوە كەرن ئەگەر میللەت بە كاڵفام بزانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست