کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانى لە نێوان دكتۆر كامەران مەنتك و عەدالەت عەبوڵاد

Tuesday, 02/11/2010, 12:00


ڕۆژنامەى هاوڵاتى لە ژمارە (675)ى چوارشەممەى ڕۆژى (27/10/2010) دا بابەتێكى بەڕێز دكتۆر كامەران مەنتك، لە ژێر ناوى (خەونى تاڵەبانى و خەونى كورد) بڵاوكردوتەوە، كە وەڵامدانەوەیەكى پڕ بەپێستى تاڵەبانییە بەرامبەر ئەو لێدوانە بێتامانەى ماوەیەكە وەكو داهێنانێكى گەورەى سیاسى جەنابى تاڵەبانى بە ڕاگەیاندنەكانى دوژمنان و داگیركەرانى كوردستانى دەدات و دەڵێ: دەوڵەتى كوردى خەونى شاعێرانە!!!!
دیارە ئەم لێدوانەى تاڵەبانى یەكەمجار نییە و ئەمە چەندەمین جارە ئەم قسە بێتامەى دووبارە دەكاتەوە و ئەم وتەبێنرخە بوەتە بینێشتەخۆشەى ناودەمى، بۆیە كەسێكى وەكو دكتۆر كامەران مەنتك ناچار بوە وەڵامێكى توندى بداتەوە و بڵێت: هیچ سەركردەیەك نییە بەم شێوەیەى تاڵەبانى و هاوكوفەكانى هەموو تواناكانى خۆى و میللەتەكەى بۆ بە هێزكردنەوەى دەوڵەتێك سەرف بكات، كە لە ماوەى نەوەد ساڵدا ئەركى لە ناوبردن و سڕینەوەى نەتەوەكەى ئەو بووبێت.
پاشان دەڵێ: نمونەى ئەم جۆرە سەركردەیە زۆر دەگمەنە، مەگەر نیرۆن ئەمەى كردبێت! بۆیە ئەمە بە نیرۆنییەتى نوێ دەكرێت لە قەڵەم بدرێت!
بێگومان دكتۆر كامەران ڕەخنەى زۆرى لە تاڵەبانى گرتووە، بەڵام من نامەوێ تەواوى قسەكانى نەقڵ بكەمەوە، بەڵكو پێم خۆشە هەندێك قسەى خۆشم لە سەر وتەبێنرخەكانى تاڵەبانى و پارێزەرە بێنرخەكەشى بكەم، بەڵام با هەندێك لە وەڵامى كوڕەكەى عەبدوڵاش بۆ دكتۆر كامەران وەرگرین، كە وەكو پارێزەرەكەى تاڵەبانى وەڵامى داوەتەوە بەڵام هیچى پێنەبووە و تەنها دەڵێ: تاڵەبانى بە بێئەوەى پێویستى بە شایەتى هەبێت، وەك هەر بوونەوەرێكى كۆمەڵایەتى تر، خاوەن خەسڵەت و مۆركى تایبەتى خۆیەتى، ئەو پیاوێكە، زۆرجار، بەخۆشحاڵیەوە تەنانەت نوكتەى عەرەب و فارس و هاوڵاتیانى كوردى خۆشمان لەسەر خۆى بۆ میوانەكانى دەگێڕێتەوە، كەسێكە گیانێكى فوكاهى و زمانێكى سوعبەتى كوردەواریانەى تێدایە......
من نازانم ئەم قسانەى كوڕەكەى عەبدوڵا كەى وەڵامى ئەو ڕاستییە مێژووییانەى دكتۆر كامەران مەنتكن؟! خۆ ناكرێ پێمان بڵێى: تاڵەبانى بۆ سوعبەت و گاڵتە دەڵێ: دەوڵەتى كوردى خەونە!!
جەناب قسەى خۆت و تاڵەبانى عەرز و ئاسمانى فەرقە تاڵەبانى وەكو جەنابتان دەڵێن: سەرۆكى وڵاتێكە و گوایە سەركردە و سیاسسەتمەدارێكى كوردیشە، نەك تەنها وەكو جەنابت ڕۆژنامەنووسێكى بەكرێگیراوە یاخود تەنها هاوڵاتییەكى ئاساییە و كەس قسەكانى بەهەند وەرناگرێ.
جەناب، تاڵەبانى خۆى بە نوێنەرى هەرچوار پارچەكەى كوردستان و سەرۆكى هەموو كورد دەزانێ، بەڵام وەكو كۆیلەیەكى ئیمامى زەمان، لەوكاتەى سەرۆكى وڵاتێكیشە لە بەغداوە بەرەو (تەوێڵە) دەكەوێتە ڕێ بۆ بینینى نوێنەرێكى ئیتلاعاتى ئێران!! ئایا ئەمە سیفەتى سەرۆكى نەتەوە و وڵاتێكە؟! یاخود سیفەتى بچووكترین جاسوسە؟ تاڵەبانى بە چاوى خۆى و كەسایەتى و فەلسەفە و بیركردنەوەى خۆى تەماشاى هەموو كورد دەكات بۆیە پێى وایە دەوڵەتى كوردى خەونە، بەڵێ منیش دەڵێم گەر هەموومان وەكو تاڵەبانى بیر بكەینەوە و بەكرێگیراوى داگیركەران بین دەوڵەتى كوردى خەونە، بەڵام بەداخەوە خەڵكێكى وەكو تۆ گوایە ڕۆشنبیرن! وەكو بەكرێگیراوێك بەرگیرى لە هەموو كردەوە نا پەسەندەكانى تاڵەبانى دەكەن، لەكاتێكدا جەلال تاڵەبانى سەركردەى هەر وڵات و نەتەوەیەكى تر بوایە مناڵە وردكە بە بەرد شاربەدەریان دەكرد، كەچى بەداخەوە خەڵكى وەكو جەنابت دیفاعیشى لێدەكەن و بەهانەشى بۆ دەهێننەوە.
جەناب، ئەم بیركردنەوەیى تاڵەبانى وەكو بیركردنەوەى ئەو كوردە بەعسیانەیە كە تەنها بەڕەچەڵەك كورد بوون و تەنانەت كوردستانیشان بەخەون دەزانى، نەك دەوڵەتى كوردى.
تۆ بەرگیرى لەچى دەكەى پێتوایە خەڵكى هەڵدەخەڵەتێنى؟ گومانت نەبێ خەڵكى نە خوێندەواریش هەموو ڕاستییەك دەزانێ و تاڵەبانى كەڵكى ئەوەى نەماوە ئێوە بەرگیرى لێ بكەن، بەڵكو ئەوەندە خڵەفاوە خەڵك قسەكانى بەقسەى پیاوى شێت دەزانن، نەك سیاسەتمەدار و سەرۆكى وڵاتێك!!
كەچى جەنابیشت تازە بەتازە بەتەمایى پێمان بڵێى تاڵەبانى بۆ گاڵتە و گەپ دەڵێ: دەوڵەتى كوردى خەونە!
پێموایە لێدوانەكانى تاڵەبانى ئەوەندە ئاشكران پێویست بە شیكردنەوە و بەهانە هێنانەوە ناكات و ئەم پیاوە بڕوایى بە دەوڵەتى كوردى نییە و بە حەیاتیشى هەوڵى نەداوە بۆ رزگاركردنى كوردستان، بەڵام ئێستە هەموومان دەزانین دەیان ساڵە تاڵەبانى لە پێناو هیچ كوڕى كوردى بە كوشت داوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە