کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەسعەد جەبارى: ئازاد جوندیانى پاشماوەى چێشتخانەكان دەباتەوە

Monday, 23/08/2010, 12:00


كاتێك بابەتە ماستاوئامێزەكەى ئەسعەد جەباریم لە سەر ئازاد جوندیانى لە كوردستانى نوێ خوێندەوە كە گوایە پاشماوەى خواردنى چێشتخانەى هەڵگرتۆتەوە و بردوویەتى بۆ ماڵەوە و بەو پەڕى تەوازوع ناوى دەبات، خوێندنەوەى كتێبێكم بیركەوتەوە كە لە ساڵانى هەشتاكانى سەدەى ڕابردوو لە سەر بزوتنەوەى زایۆنى خوێندوومەتەوە، كاتێك یەكێك لە سەركردەكانى بزوتنەوەى زایۆنى كە هاوكات پزیشك و ملیۆنێرێكى گەورەى ئەو سەردەمەش بوە (بەداخەوە نە كتێبەكەم ماوە و نە ناوى ئەو بەڕێزەشم لە بیرماوە) كاتێك بە ژنەكەى دەڵێ چیمان هەیە بۆ ئێوارە؟ ژنەكەش باسى دوو جۆر خواردنى بۆ دەكات، كە یەكێكیان خواردن لێنراوە و ئەگەر نەخورێ تێكدەچێ و ئەویتریان خواردنى وشكە و هیچى لێ نایەت، پیاوەكەش بە ژنەكەى دەڵێ: باشە ئەوەى تێكناچێ با بۆ بەیانى بێت و ئەوەى تریش بۆ ئێستا، پارەى ئەو خواردنەش كە دەبوایە بەیانى بیكڕین بۆ براكانمان لە ئیسرائیل دەنێرین..
وتم تۆ بڵێى ئازاد جوندیانیش وەكو ئەو سەركردە جولەكەیە بیرى كردبێتەوە و خواردنە زیادەكەى بۆ ئەوە بردبێت كە ئێوارە دووبارە پارەى خواردنى چێشتخانەیەكى تر نەدات و بە ئەندامانى ترى مەكتەب سیاسی حیزبەكەشى بڵێت: ئێوەش لەمەوبەدوا ژەمێكى خواردن كەم بكەنەوە بۆ ئەوەى ئەو پارە و خواردنەى پاشكەوت دەكرێ بۆ ئەو خێزانە هەژارانە بینێرین كە ڕۆژانە لە سەتەلایتى گەلى كوردستانەوە پیشانى خەڵكى دەدرێن و سەرەڕایى برینداركردنى ئەو خێزانانە، دڵى ئێمەى بینەریش پڕدەكەن لەغەم و پەژارە، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو، دواى خوێندنەوەى بابەتەكە بۆم دەركەوت ئەمە داهێنانێكى تازەى ڕۆژنامەنووس ئەسعەد جەباریە كە گوایە ڕۆژنامەنووسە و ئەگەر بە قسەى خۆى و سەتەلایتى گەلى كوردستان بێت، چاودێرى سیاسى و شرۆڤەكار و شارەزایى بوارى مێژوو و جیۆپۆلیتیك و.... هەمووشتێكە و دەم لە هەموو شتێك وەردەدات، كەچى لە شاهدیەكى بێوێنەدا باسى ئەوە دەكات كە گوایە لەگەلأ جوندیانى سەردانى كەركوكیان كردووە و بۆ نانى نیوەڕۆش پێكەوە لە چێشخانەى (موحسین) نانیان نۆشى گیان كردووە، سەیر ئەوەیە كاكە ئەسعەد هەوڵ دەدات پێمان بڵێت: كاكە ئازاد ئەوەندە سەركردەیەكى خاكى و متەوازوعە، بە شاگردى چێشخانەكەى وتووە: خواردنە زیادەكەم بۆ بپێچەرەوە و وتویەتى: یان بۆ مناڵەكانى دەبەینەوە یانیش خۆمان ئێوارە دەیخۆین!!!
من لەوە تێناگەم بۆ ڕۆژ بەڕۆژ دزى و گەندەڵى و ماستاو كردن لە ناو ریزەكانى یەكێتى دا زیاد دەكات و كەچى هەمووشتان سەرى زمان و بنى زمانتان چاكسازى و پاكسازییە، پێم سەیرە ئەوانەى خۆیان بە ڕۆشنبیر و خوێنەوار و موحەلیلى سیاسى دەزانن و لە ناو دەزگایى ڕاگەیاندنى یەكێتى كار دەكەن، لە خەڵكانى تر زیاتر خەریكى ماستاو كردنن، باشە حیكمەت چییە لە بڵاوكردنەوەى بابەتێكى وا بێناوەڕۆك و بێمانا؟! كاكى براى خۆ ئێوە منالأ هەڵناخەڵتێنن، لە جیاتى ئەوەى جوندیانى پاشماوەى خواردنى چێشخانەى (موحسین) بباتەوە بۆ مناڵەكانى با هەوڵ بدات هیچ نەبێت دزى و گەندەڵى لە ناو دەزگایى ڕاگەیاندن نەهێڵێ كە خۆى بەرپرسیارێتى... نەك لە ژێرەوە دزى و گەندەڵى و لە سەرەوەش خۆ بە فریشتە پیشاندان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە