کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەى لەوە، ئەنجوومەنى دادوەرى دیفاع لە خیانەتکاران دەکات !

Saturday, 16/10/2010, 12:00


ئەگەر بڵێم پێشتر ناوى (ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم)م نەبیستووە، لە وانەیە ڕاست بێت چونکە ئەم ئەنجومەنە بەڕێزە تا ئێستاش لە سەر هیچ بابەتێک کە پێویست بووە قسەى لە سەر بکات نەهاتووە دەنگ و دەکرێ بڵێین لە جیاتى ئەنجومەنى دادوەرى،زیاتر ئەنجومەنى شاردنەوەى ڕاستى و گەندەڵیەکان بووە.
بەڵام پرسیارى بێ وەڵام بۆ ئێمە ئەوەیە کە چۆن تا ئێستا دامودەزگا فەرمیەکانى هەولێر، بە ئەنجومەنى دادوەریشەوە ئاگایان لەوە نەبوە کەسێک هەیە ناوى (قاسم ئاغا)یە و تاوانبارە بە شەهیدکردنى سەدان کەس و دادگایى (کۆیە) بڕیارى دەسگیرکردنى بۆ دەرکردووە و هەر بە بڕیارى دادگایى کۆیە دەستیش بە سەر ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەی قاسم ئاغادا گیراوە و لە دادگایى باڵاى تاوانەکان لە بەغداش داواکراوە و لە سەردەمى سەدام حسین دا چەندین جار نیشانەى ئازایەتى (نوت الشجاعە)ى وەرگرتووە؟!!! گەر ئاگاتان لەم هەموو شتە نەبێت، ئەى چۆن کە کەسێک سوکە رەخنەیەکتان لێدەگرێ و هەندێک لە دزى و گەندەڵیەکانتان بە ناوێکى خوازراویشەوە بڵاودەکاتەوە بە دوایدا دەچن و هەرزوو دەیدۆزنەوە و هەولڕ دەدەن تیرۆرى بکەن؟!!! ئەى چۆن ئاگاتان لە ڕابردووى قاسم ئاغا نییە؟
من چۆن بڕوا بکەم ئێوەى یاسا ناس و دادوەر لە سەردەمى باوکى عودەى ڕۆژنامەکانى هاوکارى و سەورە و گۆڤارى ئەلفبا و ڕەنگین و بڵاوکراوەکانیترى ڕژێمى سەدامتان نەخوێندووە و سەیرى تەلەڤزیۆنەکەى عێراقتان نەکردووە؟ و وێنەى قاسم ئاغا و ئەبو عودەیتان پێکەوە نە بینیوە.
خۆ ئەگەر بڵێن پێشمەرگە بوون و ئاگاتان لە بڵاوکراوەکانى سەردەمى ڕژێم نەبوە، پێشمەرگە زیاتر لە هەر کەسێک ئاگایان لە کردەوە دزێوەکانى جاش و موستەشارەکانى سەرجەم ناوچەکانى کوردستان بووە و تۆمارى کردەوە دزێوەکان و خۆفرۆشیەکانیان لە بەردەستى پێشمەرگە بووە.
کاتێک جەنابى موبارەکى پارێزگارى هەولێر دەڵێ: ئاگادارى تاوانەکانى قاسم ئاغاو شکایەتەکان وفەرمانى دەسگیرکردنى نیم، پێویست ناکات بە تەڵاق و قورئان سوێند بخوات، چونکە هەر هەموومان دەزانین ئەو زاتە ڕاست دەکات و درۆى نە فەرموە!!! ئیتر پێویست بە سوێند ناکات.. جا کەى ڕەعیەت دەتوانێ قسە لە ڕووى ئاغاکەى بکات؟.
بەڵام کاتێک حاکم عبدالباست فەرهادى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا بەهانە بۆ پارێزگار دێنێتەوە و دەڵێ: بەهۆى دوو ئیدارەییەوە نەتوانراوە تاوانبار قاسم ئاغا دەسگیر بکرێ و گوایە لە کاتى خۆى فەرمانى دەسگیر کردنى نە گەیشتووە بە دەزگاکانى هەولێر و لە هەمان کۆنگرەى ڕۆژنامەنوسیشدا دەڵێ: لە ساڵى (2003) (42) سکاڵا لە دژى قاسم ئاغا تۆمارکراوە و دواتر لە (19) دۆسیەدا ڕێکخراون. نازانم بەتەمایە کێ لە خشتەبەرێ و چ مناڵێک هەڵخەڵتێنێ؟ ئێمە یاخود خۆى؟!
پارێزگار وەکو کلکى دەسەڵات و بەرپرسى دەرباسکردنى قاسم ئاغا، مافى بەرگیرى کردنى پێدەدەین و مافى درۆکردنى هەیە، بەڵام ئێوەى یاساناس و دادوەر بە چ حەق وپێوەر و بەندێکى یاسا بەرگیرى لە تاوانباران دەکەن و بەهانەیان بۆ دەهێننەوە.
گریمان ئەم قسانەى (فەرهادى) ڕاستن و فەرمانى دادگایى (کۆیە) بۆ دەسگیرکردنى قاسم ئاغا نە گەیشتۆتە هەولێر، بەڵام ئایا بۆ دەسگیرکردنى تاوانبارێکى وەکو قاسم ئاغا هەولێر پێویستى بە فەرمانى دادگایى کۆیە هەبوە یاخود ئەم ماستە گوریسێکى گەورەى تێدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە